ڕەوشەن بەدرخان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕەوشەن بەدرخان
لەدایکبوون١١ تەممووزی ١٩٠٩
مەرگ١ی حوزەیرانی ١٩٩٢
نەتەوەکورد
پیشەنووسەر، وەرگێڕ، مامۆستا، ڕووناکبیر
ھاوسەرجەلادەت عالی بەدرخان
مناڵ(ەکان)سینەم خان بەدرخان، جەمشید
باوان
  • مەحموود ساڵح بەدرخان (باوک)


ڕەوشەن بەدرخان (بە بەدرخانی Rewşen Bedirxan) (لەدایکبووی ١٩٠٩ لە قەیسەری – مردووی ١٩٩٢ لە دیمەشق) مامۆستا و نووسەر و وەرگێڕ و ڕووناکبیرێکی کورد و برازای بەدرخان بەگ و ھاوسەری جەلادەت عالی بەدرخان بوو، ھەروەھا ڕەوشەن خان جێگەیەکی تایبەتی ھەبوو لە مێژووی ژنانی کورد لە سەدەی بیستەمدا.

ژیان[دەستکاری]

ڕەوشەن بەدرخان لە ١١ تەممووزی ١٩٠٩ لە شاری قەیسەری لە دایک بووە؛ ئەو کاتە ساڵح بەدرخانی باوکی دوور خرابۆوە بۆ ئەو شارە، تەمەنی دوو ساڵانە بووە کە چوونەتە ئەستەمبوڵ، چوار ساڵی تەمەنی منداڵیی خۆی، لەوێ بردووەتە سەر. لە ساڵی ١٩١٣دا بەدرخانییەکان جارێکی تر کەوتوونەتە بەر شاڵاوی کاربەدەستانی تورکەلاوەکان و دوور خراونەتەوە. ڕەوشەن بەدرخان لەگەڵ باوکیدا لە دیمەشق گیرساونەوە، کەمتر لە شەش ساڵ بووە کە باوکی کۆچی دوایی کردووە (٣٠ی ئازاری ١٩١٥). دوای مردنی باوکی دایکی پێی خوێندووە و دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرتایی لە قوتابخانەی مامۆستایان (دارولموعەلیمات) خوێندوویەتی و لە دواییدا بووە بە یەکێک لە مامۆستا پێشەنگەکانی ژن لە ھەموو وڵاتی سووریادا. ساڵی ١٩٢٥ ڕووی لە ئوردن کردووە و لەوێ بووەتە بە بەرپرسی قوتابخانە، ساڵی ١٩٢٨ گەڕاوەتەوە دیمەشق و لەوێش کراوەتە مامۆستای زمانی عەرەبی و بەرپرسی چەندین قوتابخانە. ساڵی ١٩٣٤ بووە بە ئەندامی یەکییەتیی ژنان لە سووریا. ٢٢ی شوباتی ساڵی ١٩٣٥ بووە بە ھاوسەری میر جەلادەت بەدرخان و ھەڤدە ساڵ پێکەوە ژیانیان بەسەر بردووە. کاتێک ساڵی ١٩٥١ جەلادەت کۆچی دوایی کردووە، ڕەوشەن بەدرخانی بە دوو منداڵەوە بەجێ ھێشتووە. ساڵی ١٩٣٤ بووەتە ئەندامی یەکیەتیی ئافرەتانی سووری و ساڵی ١٩٤٤یش وەک نوێنەری ئەو ڕێکخراوەیە، بەشداری کردووە لە «کۆنگرەی جیھانیی ئافرەتان» لە وڵاتی میسر. ڕەوشەن بەدرخان لە بزاڤی ژناندا گەلێک چالاک بووە و ھەوڵی داوە، جگە لەوەش لە بواری نووسین و وەرگێرانیشدا ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە، زیاتر لە دە کتێبی کە یا بۆخۆی نوسیویەتی یا وەریگێڕاون لە بوارە جیاوازەکانی پەروەردە و ئەدەب و مێژوودا بڵاو کردووەتەوە. ڕەوشەن خان بەسەر پێبج زماناندا زاڵ بووە: کوردی، عەرەبی، فەرانسەوی، تورکی و ئینگلیزی. ڕەوشەن بەدرخان ساڵی ١٩٦٥ خانەنشین کراوە، تا ساڵی ١٩٧٢ لە دیمەشق بووە، دوا ساڵەکانی ژیانی لە بانیاس نیشتەجێ بووە و لە ١ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٢ کۆچی دوایی کردووە و لەسەر داخوازی خۆی لە گۆڕستانی شێخ خالیدی نەقشبەندی لە دیمەشق، لەکن مێردکەی و بەدرخان بەگ بە خاک سپێردراوە.[١]

ڕەوشەن خان و بزافی کورد[دەستکاری]

ڕەوشەن بەدرخان ژنەکوردێکی چالاک و ڕووناکبیر بووە، لە دەرکردنی گۆڤارەکانی ھاوار و ڕۆناھی یارمەتیی مێردەکەی جەلادەت بەدرخانی داوە،[٢] ڕەوشەن خان یەکەم ژنی کوردە کە لە گۆڤاری ھاوار بە کوردیی کورمانجی و ئەلفوبێی لاتین وتاری نووسیبێت؛ جیا لە نووسین بە زمانی کوردی، چەندین وتاریشی لەسەر کورد بە عەرەبی نووسیوە. ساڵی ١٩٥٦ لەگەڵ دوکتور نووری دێرسمی، حەسەن ھۆشیار، حەیدەر حەیدەری و عوسمان ئەفەندی لە شاری حەلەب، کۆمەڵەی زانست و ڕۆشەنبیرییان دامەزراندووە.[٣] ساڵی ١٩٥٧ لە کۆنگرەی دژی کۆلۆنیالیزم لە ئەتینا نوێنەرایەتیی گەڵی کوردی لە ئەستۆ بووە و بە توندی ئیدابەی دابەشکردنی کوردستانی کردووە؛ ئەوە یەکەم جار بووە ژنێکی کورد لە کۆنگرەیەکی جیھانی بەشدار بێت. ڕەوشەن بەدرخان لەسەر داخوازی مەلا مستەفا بارزانی سەردانی باشووری کوردستانی کردووە و لە ساڵی ١٩٧١دا لە حاجی ئۆمەران، یەکیەتیی ئافرەتانی کوردی دامەزراندووە؛ ھەر لەو سالەیشدا وەک ئەندامی کۆڕی زانیاریی کورد وەرگیراوە و لەسەر داخوزی ئەوان چووەتە ئەستەمبوڵ تاوەکوو کتێب و دەستنووسە کوردییەکان لە ئارشیڤ و کتێبخانەکانی تورکیا خڕکاتەوە. ڕەوشەن بەدرخان ساڵی ١٩٧٢ لە سێھەمین کۆنگرەی یەکیەتیی ئافرەتانی کورد بەشدار بووە کە لە باشوور بەڕێوە چووە.

ڕەوشەن خان بەدرخان پێی وا بووە ئەرکی ژنی کورد تەنیا کابانییەتی و منداڵبوون نییە، بەڵکوو کاری ھەرە گرینگی ئەوان بەربەرەکانی لەگەڵ نەزانین و پەروەردەکردنی منداڵە.[٤]

بەرھەمەکان[٥][دەستکاری]

بەرھەمە چاپکراوەکان[دەستکاری]

  • بیرەوەرییەکانی ژنێک (وەرگێڕان لە تورکییەوە بۆ عەرەبی) ١٩٥١
  • بیرەوەرییەکانی ژنێک (بەشی دووەم)
  • ئەوینی من و دەردی من (چێرۆک-وەرگێڕان لە تورکییەوە بۆ عەرەبی) ١٩٥٣
  • بیرەوەرییەکانی مامۆستایەک (لە سێ کتێبدا-وەرگێڕان لە تورکییەوە بۆ عەرەبی) ١٩٥٤
  • پەیامی خەڵکی کورد (ھەڵبەست و گۆرانی- لە کوردییەوە بۆ عەرەبی) ١٩٥٤ (بەھۆی بارودۆخی سیاسی نێوی ڕەوشەن خان لەسەر کتێبەکە نەنووسراوە)
  • لاپەڕەکانی وێژەی کوردی ١٩٥٤
  • نامەیەک لە میرجەلادەت بەردخانەوە بۆ مستەفا کەماڵ پاشا (وەرگێڕان لە تورکییەوە بۆ عەرەبی) ١٩٩١
  • بیرەوەرییەکانی من-سەلاح بەدرخان (وەرگێڕان لە تورکییەوە بۆ عەرەبی)

بەرھەمە چاپنەکراوەکان[دەستکاری]

  • بیرەوەرییەکانی من (دەستنووس)
  • بابم عەبدولحەمید (لە نووسینی عایشێ، کچی سوڵتان عەبدولحەمید)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "بزاڤی ژنان لە مێژووی نەتەوەی کورددا". کوردستان و کورد.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "ڕەوشەن بەدرخان". History Of Kurdistan.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ "ڕەوشەن بەدرخان". ڕەوشەن بەدرخان (بە کوردی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ "ڕەوشەن بەدرخان". www.khaktv.net.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  5. ^ "شازادە ڕەوشەن ئەو ژنەی یەکەم ھاواری بۆ بەرگری کردن بوو لە کورد". www.wishe.net.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)