ڕێدۆزی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

لە تۆڕەکاندا، ڕێدۆزی بریتییە لە پێواژۆی ھەڵبژاردنی ڕێچکە بۆ ناردنی ترافیکی تۆڕ پێڕا. ڕێدۆزی لە زۆرێک لە تۆڕەکاندا ئەنجام ئەدرێ، بۆ نموونە لە تۆڕی تەلەفۆن (سویچینگی خولگە)، لە تۆڕە ئەلەکترۆنیکەکانی داتا (وەک ئینتەرنێت) و، لە تۆڕەکانی گواستنەوەدا. ئەوەی لە پلەی یەکەما لەم وتارە گرنگیی پێ ئەدرێ ڕێدۆزی لە تۆڕە ئەلەکترۆنیکەکانی داتایە بە بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیای سویچینگی پاکەت.

لە تۆڕەکانی سویچینگی پاکەتدا، ڕێدۆزی بریتییە لە کاری دیاریکردنی ڕێگەی دەربازبوون بۆ ئەو پاکەتانەی کە ئەیانەوێ لە سەرچاوەکەیانەوە بەرەو دوایین شوێنی مەبەستیان بڕۆن بەڵام ھیچ ڕێگایەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان سەرچاوەکەیان و شوێنی مەبەستیاندا بوونی نییە؛ بۆیە ناچارن لە ژمارەیەک گرێی ناوبژییەوە تێپەڕن. گرێکانیش دەزگاکەلێکن وەکوو ڕێدۆز، پرد، دەرەڕێ، ئاگرەدیوار، یا سویچ. کۆمپیوتەرە سادەکانیش ئەتوانن کاری ڕێدۆزی بکەن بەڵام لەبەرئەوەی کە ڕەقەواڵەی ئەوان بۆ ئەو مەبەستە دروست نەکراوە لەوانەیە پێرفۆرمانسیان لە خوارەوە بێ. پرۆسەی ڕێدۆزی بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی ڕێگەی شیاو سەیری زانیاریی ناو خشتەی ڕێدۆزی ئەکا. خشتەی ڕێدۆزی لە بیرگەی ڕێدۆزەکەدا ڕائەگیردرێ و ڕێگەی گەیشتن بە گەلەک تۆڕی جیاوازی تێدا دیاری کراوە.

ڕادەستکردنی پەیامەکان [دەستکاری]

شێوازەکانی ڕێدۆزی لە چۆنیەتیی بەدەستەوەدان و ڕادەستکردنی پەیامەکاندا (پاکەتەکاندا) جیاوازییان ھەیە:

  • یوونیکەست (unicast) پەیامەکە ڕادەستی یەک گرێی تایبەت ئەکا.
  • برۆدکەست (broadcast) پەیامەکە ڕادەستی ھەموو گرێکانی ناو تۆڕ ئەکا.
  • موڵتیکەست (multicast) پەیامەکە ڕادەستی ئەو کۆمەڵەیە لە گرێکان ئەکا کە ئاماژەیان پێ کراوە.
  • ئێنیکەست (anycast) لەناو کۆمەڵەیەک لە گرێکانەوە، پەیامەکە ڕادەستی ئەو گرێیە ئەکا کە لە نزیکی سەرچاوەکەوەیە.
  • جیۆکەست (geocast) پەیامەکە ڕادەستی کۆمەڵێک گرێی ھەڵکەوتوو لە ناوچەیەکی جوگرافیاییی تایبەت ئەکا.