ڕووپێوی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕووپێوێک «مەساح» لە کاتی ئیشکردن بە ئامێری تۆتەل ستەیشن کەتایبەتە بە ڕووپێوی

ڕووپێوی یان مەساحی (بە ئینگلیزی: Surveying، بە عەرەبی: مساحة) زانستی دەستنیشانکردنی وردبینانەی شوێن و ھەڵکەوتەی شتەکان و ھەروەھا ئەندازە و دووری و گۆشەی نێوانیانە. ڕووپێو یان مەساح ئەو کەسەیە کە شارەزای تەکنیکەکانی ئەم زانستەیە و یاساکانی بیرکاری (ئەندازە و سێگۆشەزانی) و فیزیک و ئەندازیاری و مافناسی بەکار دێنێت بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی و دروستکردنی نەخشە.

سەرەتایەک لە ڕووپێوان[دەستکاری]

ڕووپێوان بریتییە لەو زانست و تەکنیکەی کە تایبەتمەندە بە دۆزینەوە و دیاریکردنی وردبینانەی شوێن و هەڵکەوتەی سێ دووری (3D)، هەر خاڵێک لەسەر ڕووی زەوی و پێوانی گۆشە و دووری لە نێوان ئەو خاڵە و هەر خاڵێکی تر لەسەر ڕووی زەوی. ئەم پڕۆسانە ئەنجامدەدرێن لەلایەن کەسانی تایبەتمەند بە ڕووپێوی کە پێیان دەوترێت ڕووپێو یان مەساح، وە لەلایەن کەسانی شارەزا لە بوارەکانی ئەندازیاری.

ڕووپێوەکان زانستەکانی ماتماتیک (ئەندازە و سێگۆشەزانی) و و فیزیک و ئەندازیاری و مافناسی بەکار دێنن بۆ جێبەجێکردنی کارەکانییان

ڕووپێوەکان بریتین لەوکەسانەی کە بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک ئامێری تایبەت (EDM , Level , theodolite , GPS... ) کۆمەڵێک داتا لەبارەی شێوازی سرووشتی سەر ڕووی زەوی کۆدەکەنەوە و دواتر بە بەکارهێنانی چەند پڕۆگرامێکی تایبەتی ئەندازیاری (Engineering Software) و تەکنیکی ئەندازیاری ئەم داتایانە دەگۆڕن بۆ شێوازێکی سوودبەخش بە ئامانجی بەکارهێنانیان لە بوارە جیاجیاکانی بنیاتنان و ئەندازیاریی شارستانی.

بەشەکانی ڕووپێوان[دەستکاری]

ڕووپێوی تۆپۆگرافی[دەستکاری]

ڕووپێوی تۆپۆگرافی (Topographic Surveying): ئەو ڕووپێویەیە کە ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی پێشاندانی شێوازی سرووشتی ناوچەیەک لەسەر نەخشە. ئەنجامی ئەم پڕۆسەیە بەکاردێت بۆ درووستکردنی نەخشەی تۆپۆگرافی ناوچەکە.

ڕووپێوی تۆمارنامەی زەوی[دەستکاری]

ڕووپێوی تۆمارنامەی زەوی (Codastral or boundary Surveying): ئەو بەشەیە لە ڕووپێوان کە کاری دیاریکردن و پێناسەکردن یان دووبارە پێناسەکردنی سنووری موڵکی تایبەتە بە دیاریکردنی گۆشەکان (Corner)ەکانی ئەم موڵکە بە پێی یاسا شارستانییەکان (Civil law) و بە گوێرەی دامەزراوە حکوومییەکانی تایبەتمەند بەو بوارە. ئەم داتایانە بەکاردێن بۆ درووستکردنی نەخشەی شارستانی شار و شارۆچکەکان، وە ئەم سنوورەی کە لە بەڵگەی موڵکداری (تاپۆ)ی هەر هاوڵاتییەک (موڵکدارێک) دەچەسپێنێت لەلایەن بەڕێوبەرایەتی تۆماری خانووبەرە.

ڕووپێوی ڕێگاوبان[دەستکاری]

ئەم ڕووپێوییەیە کە لە پڕۆژەکانی بنیاتنان و درووستکردنی (ڕێگاوبان، توونێلەکان، هێڵی شەمەندەفەر، ئاو و ئاوەڕۆ، هێڵی کارەبا، ...) بەکاردێت.

ڕووپێوی هایدرۆگرافی[دەستکاری]

ڕووپێوی هایدرۆگرافی بریتییە لەو ڕووپێوییەی کە بە مەبەستی دیاریکردن و نەخشەکێشانی (سنوور، کەنار، قووڵایی، شێوازی تۆپۆگرافی ژێرەوە)ی هەر حەوزێکی ئاو (ڕووبار، دەریا، ئۆقیانووس، ...) بەکاردێت بۆ مەبەستی دەریاوانی Navigation ، ئەندازیاری، بەڕێوبردنی سامانە سرووشتییەکان و هیتر...

ڕووپێوانی کانزاکاری[دەستکاری]

ڕووپێوانی کانزاکاری (سامانە کانزایییەکان) بریتییە لەو ئاڕاستەکردن و دیاریکردنی قەبارەی کاری هەڵقۆڵینی کانە کانزایییەکان، بیرە نەوتییەکان، هیتر ...

ڕووپێوی سەربازی[دەستکاری]

ڕووپێوی سەربازی (Military Surveying) بریتییە لەو ڕووپێوانەی کە ئەنجام دەدرێت بۆ زانینی شێوازی جوگرافی و هایدروگرافیی ناوچەیەکی دیاریکراو بۆ مەبەستی سەربازی.

ڕووپێوی ژینگە[دەستکاری]

ڕووپێوەکان ڕۆڵییان هەیە لەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجامدەدرێن بۆ مەبەستی چاودێریکردنی گۆڕانکارییە ژینگەیییەکان وەک (گەرموبوونی زەوی Global Warming، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی ئاستی دەریاکان، ...)

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]