چوارینەکانی خەیام

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

چوارینەکانی خەییام کۆمەڵە شیعرێکە لە عومەر خەیام کە بە شێوەی چوار خشتەکی لە سەدەی ٤ و ٥ دا بە زمانی فارسی ھۆنڕاوەتەوە. ئەم کۆمەڵە شیعرە زۆرتر سەبارەت بە فەلسەفەیە. بە بۆنی نەبوونی دیوانێک کە لەیان خەییام یان کەسێکی دیکەوە کە لە ساڵانی کزیکی ژیانی خەییام نووسرابێت، ئاگادارییێکی زۆر سەبارەت بە ژمار و راسیەتی ئەم شیعرانە نیە. ئەم کۆمەڵە شیعرە بە زمانەکانی کوردی، لاتین، ئینگلیزی، فەڕانسەوی، ئاڵمانی، ئیتالیایی، دانمارکی، ڕووسی، چینی، ھیندی، عەرەبی، ئەرمەنی، و ... وەرگێڕاوە. ھەژار، گۆران، و چەند کەسی دیکە ئەم کۆمەڵە شیعرەیان کردوە بە کوردی.

چەند پارچە لە چوارینەکانی خەیام[دەستکاری]

چەند پارچە لە چوارینەکانی خەیام بە کوردی، وەرگێڕانی ھەژار

تیرێژ کە بە ڕۆژ و پێل بە دەریا دریا
لەو ڕۆژەوە گوڵ پێکەنی، بولبول گریا
خوا نووسی لە چارەی ڕەشی ئێمەش بەشمان
ژینێکی ھەژاری پڕ لە خۆزیا و بریا

بێھوودەیە بیر و خەم، دڵت خۆش کە برا
پرسیار نەکرا، بەشت درا ھەرچی درا
تۆ ھێشتە نەھاتوویە جیھان ڕۆژی بەرێ
ئەو ڕۆژە دەبوو بچیتە دەر، دیاری کرا

بیستوومە بەھەشتێ ھەیە حۆری تێدا
ڕووباری شەڕابی پاکی دەڕوا پێدا
من لێرە مەی و یارێ پەیاکەم چ دەبێ؟
دەسکەوتەکە ھەر یەکن بە ھەر دووک ڕێدا

گۆیا لە جەھەندەمن ئەڤیدار و مەست
بەم واتەیە پێکەنیم و گۆستی خۆم گەست
جێی چەند کەری کوڵکنە ئەگەر وابێ بەھەشت
یان چۆل و بیابان و کپە وەک لەپی دەست

مەیگێڕ دەوەرە بەخێری چاوی کاڵت
دڵ تینووە جەرگم ڕەشە چەشنی خاڵت
وا تۆبە بەسەر یەکا شکا وەک پرچت
بۆم تێکە مەیەک لە ڕەنگی کوڵمی ئاڵت

ئەی شووشە بنازم بە دڵی خاوێنت
تاوم بدەرێ بە ئاوی خەم تاوێنت
دەستم بەر ئەدەم لە ئارەزووی دوور و درێژ
مەیگێڕ لەوەلا دەستی من و داوێنت

لەش ناسک و لاوچاکی وەھا ھەن کچ و کوڕ
گوڵ دڕکە بەرانبەری بکەی، بێکەسە دوڕ
گەردوون کە بە دانستە دەیانکا وەک شێت
تێکیان ھەڵ دەشێلێت و دەیان کاتەوە قوڕ

ئەم گۆزە وەکوو من بووە، دڵدار و ھەژار
جارێکی دڵی خۆش بووە، سەدجار خەمبار
ئەو ھەنگڵ و دەسگرەی لە ملیا دیوتە
دەستێ بووە زۆر خراوەتە سەر ملی یار


لەم بێخەبەری خۆمە کەساس و ماتم
بێھوودە دەبوورێ، دەم و سات و کاتم
من ببم و نەبم جیھان وەکوو خۆی وایە
مەیگێڕ دەوەرەلێکی دەوە من بۆ ھاتم

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوە[دەستکاری]

  • ماڵپەڕی گاگەش