ویکیپیدیا:خاڵبەندی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە


لە نووسینی دەقێکدا، سەرەڕای ڕەچاوکردنی کۆمەڵێ یاسا و ڕێسای نووسین، نووسەر دەبێ ڕەچاوی یاساکانی خاڵبەندییش بکات. دەقێک کە خاڵبەندی تێیدا ڕەچاو نەکرابێ، دەبێتە هۆی سەرلێشێواندن لە خوێنەر و، لە ئەنجامیشدا، بەهەڵەتێگەیشتن لە نووسراوەکە.


ئەو نیشانانەی لە خاڵبەندیدا زۆر بەکاردێن

  1. خاڵ، کە بەم شێوەیەیە: .
  2. جووتخاڵ، کە بەم شێوەیەیە: :
  3. بۆر، کە بەم شێوەیەیە: ،
  4. خاڵبۆر، کە بەم شێوەیەیە: ؛
  5. نیشانەی پرس، کە بەم شێوەیەیە: ؟
  6. نیشانەی سەرسوڕمان، کە بەم شێوەیەیە: !
  7. جووت کەوانەی بچووک، کە بەم شێوەیەیە: « »
  8. جووت کەوانەی گەورە، کە بەم شێوەیەیە: ( )
  9. هێڵ یان تەقەڵ، کە بەم شێوەیەیە: ـ
  10. سێ خاڵ، کە بەم شێوەیەیە: ...
  11. بۆشایی
  12. هێڵی لار /، \ و پیتی ر


خاڵ ( . )

خاڵ لەم شوێنانە دادەنرێت:

  • لە کۆتاییی هەموو ڕستەیەکدا، جگە لە پرس و سەرسوڕمان، وەک:
    • نەورۆز یەکەم مانگی کوردییە.
    • دوێنێ نامەکەم نووسی.
  • لە دوای یەکەم، یا یەکەم و دووەم پیتی ناوێک کە پێش ناوهێنانی پاشناوەکەی بکەوێت، وەک:
    • ع. شەرەفکەندی.
    • م. م. بەدرخان.
  • بۆ کورتکردنەوەی هەندێ پیشە و نازناو و ڕێکەوت، دوای یەکەم پیت دادەنرێ، وەک:
    • پێغەمبەر (د. خ.)؛ پێغەمبەر دروودی خودای لێ بێ
    • پ. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ؛ پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ
    • د. سۆران؛ دوکتۆر سۆران
    • مادەکان ٧٠٠ ساڵ پ. ز. (پێش زایین) سەریان هەڵدا.
  • دوای سەردێڕ خاڵ دانانرێ، مەگەر لە چەند ڕستە پێک ‌هاتبێت.

سەرنج: خاڵ، دەبێ بلکێنرێ بە وشەکەی پێشیەوە و بۆشاییی هەبێ لەگەڵ وشەی دوایدا.


جووت خاڵ ( : )

جووت خاڵ لەم شوێنانەدا بەکاردێت :

  • لە پێش ئاخاوتنێکەوە کە وەک خۆی بگێڕدرێتەوە، یان بگوترێت، وەک:
ئاسۆ وتی: «من خەڵکی کوردستانم.»
  • لە دوای وشەیەک یان باسێک، کە پێویستی بە تەفسیر و ڕاڤە و لێکدانەوە بێت، وەک:
میرنشینە کوردییەکان بریتی بوون لە: ئەردەڵان، سۆران، بادینان، بابان، هەکاری و بۆتان.
  • پێش هێنانەوەی نموونە، لە بری: «بۆ وێنە، وەکوو، بۆ نموونە...»؛ لەم دۆخەدا دەتوانرێت تەقەڵێکیش دوای جووتخاڵەکە دابنرێت، وەکوو:
ئاسمانی ئەدەبی کوردی پڕە لە ئەستێرەی درەوشاوە:-نالی، مەحوی، گۆران، هێمن و هتد.
  • زۆر جار لە نێوان کاتەکانی کاتژمێرێکدا هێمای جووتخاڵ بەکار دەچێ، وەکوو:
١:٢٨:٥٦ (کاتژمێر ١ و ٢٨ خولەک و ٥٦ چرکە)

سەرنج: جووتخاڵ، دەبێ بلکێنرێ بە وشەکەی پێشیەوە و بۆشاییی هەبێ لەگەڵ وشەی دوایدا.


بۆر ( ، )

بۆر نیشانەی پشوویەکی کورتە، لەو شوێنە دادەنرێ کە وا لە ڕستەکه بکات ئاسان بخوێنرێتەوە، ڕوون بێت و بەباشی تێ بگەیەنرێ. بۆر، چارەسەرێکی باشە بۆ ڕستەی دوورودرێژی پشووبڕ.

لەم شوێنانەدا بەکاردێت:
  • لە دوای ناوی بانگکراوەوە، وەک:
کچینە، هەوڵ بدەن، بە هەوڵدان دەگەنە ئامانج.
  • لە نێوان جێگر و جێلێگیراودا، وەک:
مەستوورەی کوردستانی، هۆنەر و مێژوونووس، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەژیا.
  • لەو شوێنانەی کە ژماردن و دووپاتبوونەوەی تێدایە، وەک:
خوێ، ڕۆن، پیاز و برنج هەموو ئەو شتانەیە کە پێویستن.
زانیارییەکی باش، باشی هەبوو.
  • بۆ جیاکردنەوەی وشەی سەرسوڕمان و وشەی بانگلێکراو لە ڕستەدا، وەک:
ئۆف، چ هەوایەک!
پێنووسەکەم بدەرێ، ئاسۆ.
  • بۆ دابڕینی زنجیرە وشەیەک لە یەکتر، کە دوو دوو و پێکەوە بەکار هێنرابن، وەک:
پێشمەرگە بە برسییەتی و تینوویەتی، بە هیلاکی و ماندوویەتی، کۆڵی لێ نادات.
  • لە دوای گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ، بۆ نموونە ئەگەر قسەکەر، قسەیەکی کۆنی خۆی بگێڕێتەوە، وەک:
خۆم وتم، "چێکردنی ماڵپەڕ زۆر ئەستەم نییە."
  • لە پێش ئامرازی لێکدەری (وە، یا، یان)ەوە، بە مەرجێک نەکەوتبێتە سەرەتای ڕستەوە، وەک:
نە تۆ هاتبووی بۆ کۆبوونەوەکە، وە نە ئاراسی هاوڕێت.
یا نامەکە بنووسە، یان پەڕتووکەکە بخوێنەرەوە.
  • لە دوای وشەی (بەڵێ، نە و نەخێر)ەوە، وەک:
بەڵێ، نامەکەم نارد.
نە، لەو کاتەدا ناتوانم بەشدار بم.
  • لە جیاتی فرمانێک بۆ ئەوەی دووپات نەبێتەوە، وەک:
من دەچم بۆ سلێمانی و ئەویش، بۆ هەولێر.
  • لە ڕستەی لێکدراودا، دەتوانرێت لە بری ئامرازی لێکدەری (و) بەکار بهێنرێت، وەک:
شنۆ ویستی بچێ بۆ شایی، جلی لەبەر کرد، خۆی ڕازاندەوە، تەلەفۆنی لە هاوڕێکانی کرد، یەکیان گرت، خۆیان گەیاندە شایییەکە.
  • دەتوانرێ لە بری (کە)ی لێکدەر لە ڕستەدا بەکار بهێنرێت، وەک:
پێم خۆشە، پێکەوە بچین بۆ سینەما.
سوپاست لێ دەکەم، سەرت لێ دام.

سەرنج: بۆر، دەبێ بلکێنرێ بە وشەکەی پێشیەوە و بۆشاییی هەبێ لەگەڵ وشەی دوایدا.


خاڵ بۆر ( ؛ )

خاڵبۆر بۆ وچانگرتنێکی درێژتر لە بۆری ساده،‌ بەکار دەهێنرێت. زۆر جار، لەو ڕستانەی کە زۆر لێک نزیکن لە باتیی خاڵ دادەنرێ، وەک:

  • لەم ساڵانەی دوایییەدا، کوردێکی زۆر پەڕیوەی هەندەران بوون؛ کوردەکان دەتوانن سوودێکی زۆر بە

گەلەکەیان بگەیەنن.


نیشانەی پرس ( ؟ )

نیشانەی پرس، دەخرێتە کۆتاییی ئەو ڕستانەی کە پرسیاریان تێدایە، وەک:

  • پێنووسەکەت چی لێ کرد؟
  • ئایا دەزانی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی چ ساڵی دەر چوو؟


نیشانەی سەرسوڕمان ( ! )

ئەم نیشانەیە هەم بۆ سەرسوڕمانە، هەم بۆ ئەمرکردن یان داواکردنە.

لە کۆتاییی ئەو وشانە، یان ئەو ڕستانەی کە سەرسوڕمان، یان پەژارەیی، یان هەستێکی دەروونیی

تێدایە،بەکار دەهێنرێت، وەک:

  • چ هەستێکی بەسۆز!
  • چەند دەنگت خۆشە!
  • ئای! ئەوە لێرەیت!
  • ئۆخەی! ئاڵای کورد هەڵکرا.
  • ئای لەو مانگە! چ جوانە!
هەندێ جار لە کۆتاییی ئەو ڕستانەی کە فرمانپێدان یان داواکردنیان تێدایە، بەکار دەبرێ، وەک:
  • بڕۆ دەرەوە!
  • دەرگاکە داخە!
  • بەجێم مەهێڵە!


جووت کەوانەی بچووک « »

هەندێ جاریش هێمای‌ " " لە جیاتیی جووت کەوانەی بچووک بەکار دەبەن. لەم شوێنانەدا بەکاردێت:
١. کاتێ بمانەوێ گرنگیی تایبەتی بدەین بە وشەیەک، یان دەستەواژەیەک، یان ڕستەیەک، دەیخەینە ناو ئەو هێمایانەوە، وەکوو:

  • زانایان «زمان» بە کۆڵەکەی نەتەوە دادەنێن.
  • من "مێژوو" بە چرای تاریکستانی داهاتوو دەزانم.
  • کاتێ بتوانین «ئەلفبێ جۆربەجۆرە کوردییەکان» بکەین بە «یەک ئەلفوبێ»، ئەو کاتە گەلێ کێشەمان چارەسەر دەبێ.

٢. وتەیەک کە ڕاستەوخۆ دەگێڕدرێتەوە و ناشکێنرێت و دەستکاری ناکرێ، دەخرێتە ئەو ناوەوە، وەک:

  • پیاوە گەنجەکە وتی: "ڕاست دەکەی، ئێمە یارمەتیت دەدەین، من ڕابین هوودم."
  • قازی موحەممەد، چاونەترس ڕووی تێ کردن: «ئێوە ئەمڕۆ قازی موحەممەدێک دەکوژن، سبەینێ لە هەر دڵۆپە خوێنێکی من، سەدان قازی موحەممەدی تر سەر هەڵدەدەن.»


سەرنج: ئەگەر ڕستەکە بە خاڵ، بۆر، هێمای پرسیار، هێمای سەرسوڕمان و هتد کۆتاییی هات، ئەوانەش دەخرێنە ناو کەوانەکانەوە.


جووتە کەوانەی گەورە ( )

جووت کەوانە بۆ ئەم مەبەستانە بە کار دێ:

١. وشەیەک، یان ڕستەیەک دەخرێتە نێوانی، کە واتایەکی تایبەتیی تری هەبێت، وەک:

  • پیرەمێرد (حاجی تۆفیق) لە وەرگێڕانی هۆنراوەدا، دەستێکی باڵای هەبوو.
  • شاری سلێمانی (کە کەوتۆتە دامێنی چیای ئەزمەڕ) سلێمان پاشای بابان بنیادی ناوە.

٢. وشەی بێگانە، وەک:

  • ئاگرەدیوار (firewall) پێش بە خۆترنجێنەران دەگرێ بۆ ناو کۆمپیۆتەرەکەت.
  • میری (حکومت) فرمانی کاولکردنی ناوچەکەی زوو دەرکردبوو.
  • بۆ نووسین بە کوردی پێویستە تەختەکلیل (keyboard)ێکی کوردی دامەزرێنی.

٣. ساڵی دەستپێک و کۆتاییی ڕووداوێ، یان ساڵی لەدایکبوون و کۆچکردنی کەسێ، وەک:

  • سنووری دەوڵەتی حەسنەوی (٩٤١ ـ ١٠١٤) که پارە و پوولیشیان هەڵکەندبوو،‌ هەمەدان، مەهاباد، کرماشان و شارەزوور بوو.
  • حەمە پاشا (١٧٨٣ ـ ١٨٤٦)، کە بە پاشای کۆرە بەناوبانگە، توانیی لە ساڵی ١٨٢٠دا سەربەخۆییی کوردستان لە ڕەواندز ڕاگەیەنێ.

سەرنجی ١: کەوان کە دادەخرێ نابێ بکلێنرێ بە وشەکەی پاشیەوە، بەڵام ئەگەر وشەکە هێشتا تەواو نەبوو دەبێ بلکێت بە کەوانەوە، وەک:

ئەمساڵ (حج)ێکی کرد.
وشەی (file)یان لە کوردیدا کرد بە «پەڕگە».

سەرنجی ٢: وشەکانی ناو کەوانەکان نابێ لەگەڵ کەوانەکاندا بۆشایییان هەبێ.


هێڵ یان تەقەڵ ( ـ )

لەم شوێنانەدا بەکاردێ:

١. بۆ جیاکردنەوەی دوو کەسی گفتوگۆکەر، بۆ ئەوەی هێندە نەنووسرێ "وتی"، وەک: سۆز ڕووی کردە ئاکۆ و وتی:
-ئاکۆ، گوێت لە سەربازەکانە؟
-بەڵێ، دیارە هەر بە دوامان دەگەڕێن.
-تۆ بڵێی بماندۆزنەوە؟
خەمت نەبێ، ناتوانن.
-ئەگەر کوژرام، دڵنیا بە لە گۆڕیشا هەر خۆشم دەوێی.

٢. دەتوانرێ لە بری ئەو کەوانە گەورەیە بەکار بهێنرێ کە لە خاڵی یەکەمی جووتە کەوانەی گەورەدا باسمان کرد، وەک:

  • پیرەمێرد ـ حاجی تۆفیق ـ لە وەرگێڕانی هۆنراوەدا، دەستێکی باڵای هەبوو.
  • دەتوانی هەرچەندە میوە ـ جگە لە مۆز ـ پێت خۆشه، بخۆی و، سەرەڕای ئەوەش کێشەکەت دابەزێ.

٣. لە نێوان ژمارە و ژمێرراودا، ئەگەر کەوتە سەرەتای ڕستەوە، هەر چەند دەکرێ خاڵیش دابنرێ، وەک:

  • هەندێ لە مەرجەکانی بڵاوبوونەوەی بابەت بریتین لە:
١-بابەتەکە دەبێ سوودگەیەنەر بێت.
٢-ڕەچاوکردنی ڕێنووسی کوردی.
٣-ڕەچاوکردنی خاڵبەندی.
٤-سەرچاوەکان دەبێ دیاری کرێن.

وەک وتمان دەشکرێ خاڵ دانێین:

١.بابەتەکە دەبێ سوودگەیەنەر بێت.
٢.ڕەچاوکردنی ڕێنووسی کوردی.
٣.ڕەچاوکردنی خاڵبەندی.

٤. لە کۆتاییی دێڕێکدا ئەگەر هەموو وشەکە جێی نەبووەوە و ویستت بەشێک لە وشەکە هەر لەو دێڕە بنووسی تەقەڵ دادەنێی، وەک:

  • .............................. ڕێباــ
    زەکان ...........................


سەرنج: لەم شوێنانە تەقەڵەکە بێ بۆشایی دەنووسرێ:

  • کاتی ئاوەڵابوون: ١٢ـ١٦.
  • لە هەفتەیەکدا ٧ـ٨ میل ڕا دەکات.


سێ خاڵ ( ... )

سێ خاڵ لە بری وشە، یان ڕستەیەک کە قرتێنراوە، بە مەبەستی کورتکردنەوە بەکار دەبرێ، وەک:

  • من سنە، کرماشان، مەهاباد، سلێمانی، کەرکووک و ...م چاو پێ کەوتووە.
  • لە کوردستاندا نەوت، ئاسن، زێڕ، زیو، گۆگرد و ... دەست دەکەوێ.
  • بیستووتە ...؟
  • فریام کەون! فریام کەون! فر...

سەرنج: ئەگەر لە نیوەی وشەکەدا پێویست بە "سێ خاڵ" هەبوو ئەوە دەلکێ بە وشەکەوە ئەگینا دەبێ سەربەخۆ بنووسرێ.


بۆشایی ( space )

بە مەودای نێوان دوو وشەی سەربەخۆ دەڵێن «بۆشایی». ئەمە زیاتر لە نووسین بە کۆمپیۆتەر و کەرەستەی نووسین زۆر گرنگە. سەیری ئەم نموونەیە بکەن:

  • (ئاڵای شەکاوە ـ ئاڵایشەکاوە)
لە یەکەمدا بۆشایی هەیە، لە دووەمدا بۆشایی نییە. دیارە ئەوەی یەکەم ڕاستە.

یان هەندێ جار لەو شوێنانەی کە پێویست بە «بۆشایی» ناکات، بۆشایی دادەنێن، وەکوو:

  • "لە گە ڵ" کە دەبێ بنووسرێ "لەگەڵ".

نووسەر دەبێ بزانێ لە چ شوێنێکدا "بۆشایی" پێویستە، یان پێویست نییە، ئەگینا وشەکان واتای هەڵە دەدەنە دەستەوە و تێگەیشتنیان قورس دەبێت. سەیری چەند نموونەیەک بکەن:

  • (باسکرا) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (باس کرا).
  • (وامەکە) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (وا مەکە).
  • (جێیهێشت) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (جێی هێشت).
  • (خۆشمدەوێی) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (خۆشم دەوێی).

سەرنج: (و)ی پەیوەندی، وشەیەکی سەربەخۆیە و دەبێ هەموو کاتێ لەگەڵ وشەکانی پێش و پاشیەوە بۆشاییی هەبێت:

  • (کرێکارو وەرزێر) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (کرێکار و وەرزێر).
  • (گڕو تین) دەبێ بۆشاییی هەبێ: (گڕ و تین).

وشەی لێکدراو نابێ بۆشاییی هەبێ، وەک:

  • (خۆل کێش) نابێ بۆشاییی هەبێ: (خۆڵکێش).
  • (وێنە کێش) نابێ بۆشاییی هەبێ: (وێنەکێش).
  • (سکاڵا نووس) نابێ بۆشاییی هەبێ: (سکاڵانووس).
  • (لە گەڵ) نابێ بۆشاییی هەبێ: (لەگەڵ).
  • (جێ ژوان) نابێ بۆشاییی هەبێ: (جێژوان).
  • (باوک مردوو) نابێ بۆشاییی هەبێ: (باوکمردوو).

لەم هۆنراوەیەی مامۆستا هێمندا، دەبینن کە دانانی بۆشایی لە (کەماڵ)دا چەندە ماناکە دەگۆڕێ:

کەماڵت بێ کەماڵت بۆ چییە لەو شارە وێرانە؟
کەماڵی دەوڵەمەندی دی، گوڵم نەیویست کەماڵی من

کە دیارە دەبێ ئاوا بنووسرێ:

کە ماڵت بێ، کەماڵت بۆ چییە لەو شارە وێرانه؟‌
کە ماڵی دەوڵەمەندی دی، گوڵم نەیویست کەماڵی من

هێڵی لار ( / )

١.بۆ نووسینی ڕێکەوت کە بە ژمارە دەنووسرێ، کەڵک لە هێڵی لاری (/) وەردەگرین، وەک:

  • شاری کەرکووک لە ١٠/٤/٢٠٠٣ ڕزگار کرا.

٢. بۆ نووسینی «دابەشکردن» لە ناو دەقێک کە پیتی تێدا بەکار چووە، کەڵک لە هێڵی لاری (\) وەردەگرین، وەک:

  • خێراییی تێشک (٣٠٠ هەزار کم\چرکه)‌دایە.

٣. پیتی (ر) له ‌ناو ژمارەدا لە جیاتیی (ممیز) بەکار دەچێ، وەک:

  • ٢٣ر٠
  • ٤٨ر١٢

ڕەچاوکردنی خاڵبەندی دەبێتە هۆی ئەوەی کە نووسەر مەبەستەکەی بەباشی بگەیەنێتە خوێنەر و خوێنەریش بە هەڵە لە مەبەستەکە تێ نەگات.


ئەمانەش ببینە

سەرچاوە

  • زانستپەروەرانی کورد [١]