نەمروود

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەیەکی نەخشێندراوی نەمروود

نەمروود[١] لەنێو ئەو چوار پاشایەی حوکمی سەر زەوییان کردووە یەکێکیان نەمروودە ، لەهەمان کاتدا خراپترینیانە.

دەسەڵاتەکەی بەتەنیا بابلی نەگرتبووەوە ، بەڵکو بەفراوانی سەر زەوی دەسەڵاتی بڕی دەکرد ، یەکەم کەسە تاجی کردووەتە سەری ، یەکەم کەسیش بووە بانگەشەی خودایەتی کردووە. بەدرێژایی ٤٠٠ ساڵ بە ئاگر و ئاسن دەسەڵاتی سەر زەوی بەڕێوە دەبرد

لەدایکبوون[دەستکاری]

نەمروود مێژووی لەدایکبوونی دیار نییە بەڵام چەند نوسراوێکی کۆنی عێراقی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ، لەساڵی (٢٠٥٣ی پێش زایین) لە بابلی شارستانییەتی ئور ، شارستانیەتی (وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە) لەدایکبووە ، بە ڕەچەڵەک دەگەڕێتەوە سەر نوح پێغەمبەر (د.خ). بەڵام مێژوونوسان لەوەدا جیاوازن کە وەچەی کام کوڕەی نوحە ، سام یان حام ?!.

هەندێک ناوەکەی وەها دێنن: نەمروودی کوڕی کەنعانی کوڕی کوشی کوڕی حامی کوڕی نوح ، یان نەمروودی کوڕی فالخی کوڕی عابری کوڕی شالخی کوڕی ئەفەخشەذی کوڕی سامی کوڕی نوح ، بەڵام زۆرینەی مێژوونوسان چوونەتەوە سەر کتێبەکەی (ئیبن کەسیر) ⇐《البدایة والنهایة》، دەڵێن لەنەوەی (سام)ە.

کارەکانی[دەستکاری]

نەمروود ناوێکی ئاسایی نەبوو ، پاشایەک بوو زۆرینەی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە لێی دەترسان ، شارستانییەتی عێراقی دامەزراند و بۆماوەیەکی زۆر بە زەوی نەمروود ناوی دەهێنرا، (٨) شاری گەورەی دروست کرد، (٤)یان لە بابل، (٤)یشیان لە ئاشوور ، ئەو شارانە کۆمەڵگانشینی بچووک و ئازاد بوون ، بەڵام نەمروود گۆڕینی بۆ شانشین و ئیمپراتۆریەت ، بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشی کردبوون: ١-کۆمەڵەی باشوور (بابل و ئارک و ئاکد و کالنێل) ٢-کۆمەڵەی باکووریش (نەینەوا _ کە پایتەختی بەناوبانگی ئیمپراتۆریەتی ئاشوور بوو لەگەڵ ڕۆحۆبۆت و کەلح و ڕەسن) .

یەکەم کاری نەمروود دروستکردنی سوپایەکی سەربازیی زەبەڵاح بوو، سوپاکەی هێندە بەهێز بوو ، بەهەر ناوچەیەکدا دەڕۆیشتن زەوی ئەو ناوچەیە دەلەرییەوە. بورجی بابلی دروستکرد کەتاکو ئێستاش شاکارێکی مێژوویی و شوێنەوارێکی بێ وێنەی جیهانە.

زانیاری زیاتر دەربارەی[دەستکاری]

ئەوەی زانراوە دەربارەی نەمروود ڕاوچی دێو و درنج بووە، بەڵام دواتر بووەتە ڕاوچی مرۆڤ، لەڕێی کوشتن و خوێنڕێژییەکی زۆرەوە بووەتە دەسەڵاتدار. ئارەزووی بۆ دەسەڵات کردبووی بە دڕندە ، خۆبەزلزانییەکەی وایلێکرد بوو کە بڵێت من خودای سەر زەوی و ئاسمانەکانم، داوای کرد خەڵک بیپەرستن. ستەم و زۆردارییەکەی هێندە بێئەندازە بوو ، خودای لە خۆی تووڕە کرد.

لە شەوێکی تاریکدا نەمروود خەوێکی بینی: {مانگێک لە ئاسماندا دەرکەوت ، هەموو ڕووناکی خۆری بۆ خۆی برد و هیچ ڕووناکییەکی نەهێشتەوە} ، ئەستێرەناسەکان لە لێکدانەوەی خەونەکەدا وتیان: (لەم ساڵەدا مناڵێک لەدایک دەبێت ئەو منداڵە تۆ لەناودەبات) ، نەمروود فەرمانی کرد هەر منداڵێک لەدایک بوو کۆتایی بە ژیانی بهێنن، لەو ساڵەدا ئیبراهیم پێغەمبەر (د.خ) لەدایک بوو ، دایکی لەترسان لەچاوی خەڵک دووریخستەوە ، ڕۆژ هات و چوو ئیبراهیم گەورە بوو ، گەنجێکی لێهاتوو بوو، بووە گەنجێک وەک خەڵکەکەی تر بتی نەدەپەرست، داوای لە خەڵک کرد واز لە پەرستنی نەمروود و بتەکانیان بهێنن و خودای تاک و تەنیا بپەرستن، سەرەتا کەس وەڵامی نەدایەوە. ڕۆژێک لە ڕۆژان خەڵک لە دەرەوەی شار خەریکی ئاهەنگ گێڕان بوون، ئیبراهیم تەواوی بتەکانی شکاند جگە لە هەرە گەورەکەیان نەبێت، بۆئەوەی بۆیان بسەلمێنێت کە بت توانای ئەوەی نییە پارێزگاری لە خۆیشی بکات، دواتر تەورەکەی لای گەورەکەیانەوە داناو گەڕایەوە ماڵەوە، کاتێک خەڵکەکە گەڕانەوە بینیان بتەکان هەمووی شکێنراون، پرسیاریان لێکرد کێ بتەکانی شکاندووە ? ئەویش وتی گەورەکەیان ، ئەگەر بڕوا ناکەن دەتوانن پرسیاری لێ بکەن.. ، دواتر بەخۆیاندا چوونەوە و وتیان: (چۆن پرسیار لە بەردێک بکەین کە نە قسە دەکات نە دەبینێت?) زانیان ئەم بتانە هیچیان پێ ناکرێت بەڵام لەبەر خۆبەزلزانییەکەیان زۆر تووڕەبوون، بەفەرمانی نەمروود ئاگرێکی گەورەیان کردەوە و ئیبراهیمیان تێ فڕێدا ، وە خوای گەورە فەرمانی بە ئاگر کرد: (ئەی ئاگر سارد ببەرەوە و بێ زیان بە لەسەر ئیبراهیم)، نەمروودیش زۆر سەری سووڕما! ، چۆن ئیبراهیم لەم ئاگرە مەزنە ڕزگاری بوو? ، و لەبەردەم خەڵکەکەیدا دەربارەی خودا لەگەڵ ئیبراهیم کەوتە گفتوگۆ، نەمروود پرسیاری لێکرد: (خوداکەت چی دەکات?) ئیبراهیم وتی: (خودا مرۆڤ دەژیێنێت و دەیانمرێنێت)، نەمروود وتی:(منیش خەڵک دەژیێنم و دەیانمرێنم)، فەرمانی بە پاسەوانەکانی کرد دوو زیندانی بۆ بهێنن کە فەرمانی مردنیان بۆ دەرکرابوو، یەکێکیانی ئازاد کرد و ئەوی تریانی هەر لەوێدا کوشت، ئیبراهیم پێی وت: (ئەگەر ڕاست دەکەیت و تۆ خودایت ئەوەی کە کوشتت زیندووی بکەرەوە) ، نەمروود بێ دەنگ بوو، پاشان پرسیاری کردەوە (خوداکەت چی تر دەکات)، ئیبراهیم فەرمووی: (خودای من ڕۆژ لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێنێ و لە ڕۆژئاواوە ئاوای دەکات، ئەگەر تۆ خودای پێچەوانەی بکەرەوە.) نەمروود نەیتوانی قسە بکات و وەڵام بداتەوە.

پاش ئەم ڕووداوە ئیبراهیم داوای لە نەمروود کرد باوەڕبهێنێت، بەڵام هەموو جارەکان ڕەتیکردەوە.

مردن[دەستکاری]

بەیانییەک نەمروود و سوپاکەی هاتنە دەرەوە، خودا مێشوولەی ناردە سەر سوپاکەی و تەنیا ئێسقانەکانیان هێشتنەوە بەڵام نەمروود مێشوولەیەک لە لووتییەوە چووە ناو کاسەی سەری و بە فەرمانی خودا ٤٠٠ ساڵ لەمێشکیدا مایەوە، لەبەر ئازار بە نەعل و دار لەسەری خۆی دەدا، ئازارەکەی ناچاری کرد فەرمان بە پاسەوانێکی بکات بە شمشێر لە سەری بدات.

سەرچاوە[دەستکاری]

  1. ^ نەمرود ئەو دەسەڵاتدارەی حوکمی سەر زەوی کرد و مێشولە کوشتی (بە ئینگلیزی), retrieved 2021-12-29

وەرگیراو لە پێگەی فەرمی Chaw media لە یوتیوب: https://youtube.com/c/ChawMedia