نۆکەندی سوێز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەی نۆکەندی سوێس کە لە ڕێگای مانگی دەستکردەوە گیراوە.

نۆکەندی سوێس (بە عەرەبی: قناة السويس‎) ڕێڕەوێکی ئاوی دەستکردی وڵاتی میسرە، درێژایییەکەی ١٩٣ کیلۆمەتر دەبێت کە دەکەوێتە نێوان ھەر دوو پارێزگای پۆرت سەعید لەسەر دەریای ناوین و پارێزگای سوێس، لەسەر دەریای سوور. ھەروەھا خاکی میسر دوو کەرت دەکات و نیمچەدوورگەی سینا لە خاکی دایک (بەشە خاکی گەورەی میسر) جیا دەکاتەوە.

نۆکەندەکە ڕێگەیەکی قەدبڕ و کورتە و ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتی و پاپۆڕی ھاتوو لە وڵاتەکانی ئەورووپا و ئەمریکا دەدات تاکوو بگەن بە وڵاتەکانی ئاسیا بێ ئەوەی ڕێگای دوورودرێژی باشووری ئەفریقا بەکاربێنن بۆ گەیشتن بە ئاسیا کە لە کاتی خۆیدا و بەر لە دروستکردنی سوێس دەیانگرتە بەر کە ھەم کاتێکی زۆر و ھەم خەرجییەکی زۆری دەویست تا دەگەیشتنە ئاسیا.

دروستکردنی ڕێڕەوەکە ١٠ ساڵی خایاند (١٨٥٩ – ١٨٦٩)، کە دانانی نەخشەکەی لە لایەن ئەندازیارێکی فەڕانسییەوە بوو بە ناوی «فێردیناند لیسامپس» (بە فەڕەنسی: Ferdinand De-lessemps).