ناسر ڕەزازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ناسر رەزازیەوە ڕەوانە کراوە)
ناسر ڕەزازی

لەدایکبوون
ناسر محەممەد ساڵح[١]

(١٩٥٥-٠٦-٢١) ٢١ی حوزەیرانی ١٩٥٥ (تەمەن ٦٨ ساڵ)
نەتەوەکورد
پیشە
ناسراوە بەگۆرانیبێژی
حیزبی سیاسیکۆمەڵە (پێشوو)
ئایینیارسان
ھاوسەرمەرزیە فەریقی (ھاوسەرگیری ١٩٧٨؛ ٢٠٠٥)[١]
ئێران
پیشەی مۆسیقی
چەشنەکانفۆلکلۆری کوردی
ئامێرەکاندەف
ساڵانی چالاکبوون١٩٦٨–ئێستا


ناسر ڕەزازی (لەدایکبووی ٢١ی حوزەیرانی ١٩٥٥ لە سنە) یەکێک لە گورانیبێژەکانی کوردە کە توانیویەتی بە ھەموو زاراوەکانی کوردی گۆرانی بڵێت. لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری سنە لەدایکبوو و ھەر لەوێدا دەستی بە گۆرانیوتن کرد. لە تەمەنی گەنجیدا دا چەند کاسێتی تۆمار کرد و تاکوو لە ئێران شۆڕش کرا و ناسر بوو بە ئەندامی کۆمەڵە و دوای ماوەیەک چوو بۆ ئەورووپا و لەوێ لەسەر ئیشی ھونەریی بەردەوام بوو. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام گەڕایەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.[٢]

مەرزیە فەریقی گۆرانیبێژی کورد، ھاوسەری ناسر ڕەزازی بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە نەشتەرگەرییەکی دڵدا گیانی لەدەستدا. لە دوای مەرزیەوە، ناسر ژنێکی تری ھێناوە بە ناوی ئێران کە دانیشتووی مەریوان بوو.

ناسر دوو کوڕ و کچێکی ھەیە بە ناوەکانی: کاردۆ، ماردین و دڵنیا. دڵنیاش ئێستا گۆرانیبێژە.

کورتەی ژیان[دەستکاری]

ناسر ڕەزازی ھاوینی ١٩٥٥ لە سنە لە بنەماڵەیەکی دەستکورت و قەرەباڵغدا لەدایکبووە. لە ٦ ساڵیدا دەچێتە خوێندنگای ھیدایەتی سنە. ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ مەرزیە فەریقی زەماوەند دەکات. لە دوای وەرگرتنی دیپلۆمی وێژە دەکرێ بە مامۆستای سەرەتایی بەڵام پێش ئەوەی کارەکەی دەست پێبکات، ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی ئێران ڕوو دەدات پاشان دەخرێتە زیندان. لە دوای ڕزگار بوونی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا دەچنە شاخ و دەبن بە پێشمەرگەی کۆمەڵە. ساڵی ١٩٨٥ لە دوای وازھێنان لە پێشمەرگایەتی لەگەڵ مەرزیە و دوو منداڵەکەی دڵنیا و ماردین پەنا دەبەن بۆ وڵاتی سوید. لەوێ دەبن بە خاوەنی کوڕێکی تر بە ناوی کاردۆ. ساڵی ٢٠٠٤ دەگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان و لە شارۆچکەی دووکان نیشتەجێ دەبن. ھاوینی ساڵی ٢٠٠٥ مەرزیە لە بەر سەرکەوتوونەبوونی نەشتەرگەرییەکەی لە سویددا مالئاوایی لە ژیان دەکات.[ژێدەر پێویستە] دوای ماوەیەک ژنێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی ئێران خانم دێنێت. ئێستا لە شارۆچکە ی دووکان دەژین.

ژیانی ھونەری[دەستکاری]

ناسر ڕەزازی لەگەڵ ئەحمەد هەردی و کامەران موکری.

ساڵی ١٩٦٨ لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بۆ یەکەمجار چووە سەر شانۆ و گۆرانیی «دەسماڵێ و دەسماڵێ» بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆی شاری سنە تۆمار کرد.

یەکەم بەرھەمی کاسێتی بڵاو کراوەی بریتی بوو لە چەند گۆرانییەکی لاسایی گۆرانیبێژە کوردەکان، بۆ وێنە گۆرانیی «ئای چەندەم خۆش ئەوێی»ی عەلی مەردان مەقامی بەیات تورک؛ بەڵام ناسر ڕەزازی لە مەقامی ماھووردا خوێندوویەتی. یەکەم کەسێک کە لە ژیانی ھونەری دا یارمەتی داوە تۆفیق ڕەزایی گۆرانیبێژی شاری سنەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە شاری سنە تیپی مۆسیقا نەبوو، ناچار دەبێ پەنا بباتە شاری سەقز لە فەرھەنگ و ھونەری ئەو شارە لەگەڵ ڕەشید فەیزنژاد و حەبیبوڵڵا نیکبین و چەند کەسێکی دیکە درێژە بە ھونەری گۆرانیوتن بدا و لەگەڵ پەروین مۆشیروەزیری چەند کاروانی شیعر و گۆرانییان لە تەلەڤیزیۆنی شاری سنە تۆمار کرد. ناسر ڕەزازی جگە لە کاری گۆرانیوتن شارەزایی زۆری ھەیە لە ئەدەبیاتی کوردی و چەندین بەرھەمی ئەدەبی ھەیە کە بریتن لە ھۆنراوە چوارینە، و ئەمەش یەکێکە لە بەرھەمە شیعرییەکانی:

خەمم سەربەرز و شاییم بێ دەماخە
دڵم بۆیە بەشی ھەر ئۆف و ئاخە
بڵێسەی ئاگری جەرگم وەھایە
ئەڵێی کەسی مردووە، ھێندە بەداخە.

لە لایەکی تریشەوە ناوبراو توانی چەند ئاوازێک بۆ گۆرانییەکانی خۆی دابنێ، وەک: پەپوولە، دێوانەخۆم، ماچی خودایی، سەرەمەرگی ھیوا، نیشتمان.

ناسری ڕەزازی لە ژیانی گۆرانیوتنیدا لەگەڵ تۆفیق ڕەزایی، محەممەد ماملێ، عەزیز شاھڕۆخ، حەمە جەزا، جەمال موفتی، نەجمەدەین غوڵامی و مەرزیە فەریقی گۆرانیی تۆمار کردووە.

ساڵی ١٩٧٨ خۆپیشاندانی خەڵک لە ئێران و ھەروەھا لە کوردستان دژی ڕژێمی محەممەدڕەزا شا دەستی پێکرد، ڕەزازی بە سروودی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەشداری کرد، دووای ماوەیەک بوو بە پێشمەرگەی کۆمەڵە و لەگەڵ فەریبۆرز فەخاری، نەجمەدین غوڵامی، کاک کاڵێ، ڕەزا بچکۆل و مەرزیە تیپی بانگەوازیان دانا و لەو ھەلومەرجەدا توانی بەھونەری خۆی درێژە بدات.

یەکەم سروودی «ئەمڕۆ چ ڕۆژە ڕۆژی نۆرۆزە» کەھۆنراوەکەی عابدین موفتیزادە یە، سروودی دووھەم «دێم و دێم» شیعری ھێمن و پاشان چەندین سروودی دیکە لەوانە: ئەی شەھیدان، کارگەرین جەنگاوەرین، سەدەی بیستەمە، ھیوا، پێشەنگی زەحمەتکێشان، دەس لە چەکم ھەڵناگرم و ھتد.

ساڵی ١٩٨٥ ئاوارەی ھەندەران دەبێت، و ساڵی ١٩٩٠ ھاتەوە بۆ باشووری کوردستان و لەنێو خەڵک دا گۆرانی تۆمار کرد. ناسر ئەگەرچی لە سەرەتای گۆرانیوتنیدا بە لاسایی کردنەوەی دەنگی گۆرانیبێژانی کورد دەستی پێکرد بەڵام دوای ماوەیەک بوو بە خاوەن مەکتەب لە گۆرانیی کوردیدا. لە مەقامدا شێوازی مامۆستا تایەر تۆفیق، ھەروەھا قەتارەکانی محەممەد ماملێ و لە بەستەش دا زیاتر لەدەنگی حەسەن زیرەک کەڵکی وەرگرتووە.

ڕەخنەلێگرتن[دەستکاری]

ئێرانیبوونی کورد[دەستکاری]

ڕەزازی لە ٦ی ئازاری ٢٠١٢، لە بەرنامەیەکی بی بی سی فارسیدا وتی:[٣][٤][٥]

ئەو وتانە لەلایەن ناسیۆنالیزمە کوردەکان وەکوو بیروڕای پان-ئێرانیزم، دژی-کوردایەتی و دژی-سەربەخۆییی کوردانی ڕۆژھەڵات لێکدرایەوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەی زۆری لێ گیرا.

لێدوان دژی ئاوات بۆکانی[دەستکاری]

ناسر ڕەزازی لە لێدوانێک لەبارەی بەندبێژیدا گوتی:

ئەم وتانە لەلایەن ئاوات بۆکانی[٦] و ھەوادارانی کاردانەوەی لێکەوتەوە.

گۆڕاندنی ئایین بە یارسان[دەستکاری]

لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٢، گرتەیەکی دەنگی دزەپێکراوی ناسر ڕەزازی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە لەو فایلە دەنگییەدا ئاماژە بەوە دەکات ئایینی خۆی کردووە بە یارسان و ڕەخنەی لە ئایینی ئیسلام گرت، ئەم فایلە دەنگییە ڕووبەڕووی کاردانەوەی مامۆستایانی ئایینیی ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان و ھەندێک لە پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بووەوە. لە بەرامبەر ئەو ڕەخنە و سووکایەتییانە، ناسر ڕەزازی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی لەو ھێرش و سووکایەتییانە دەربڕی.[٧] لە ٩ی شوبات، سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان پشتوانی خۆیان بۆ ڕەزازی دەربڕی و داوایان کرد سووکایەتیکردنی خەڵک بەم ھونەرمەندە ڕابوەستێت و خەبات و تێکۆشانی لە خزمەت نەتەوەکەی بەھەند وەربگیرێت.[٨][٩] بەھۆی بەردەوامی کاردانەوەکان لە ١١ی شوباتی ٢٠٢٢، یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دژایەتیی خۆیان بۆ سووکایەتیکردن بە ئیسلام و پیرۆزییەکانی دەربڕی و داوایان لە ناسر ڕەزازی کرد، بەھۆی سووکایەتیکردن بە ئایینی ئیسلام داوای لێبووردن بکات.[١٠]

بەرھەمەکان[دەستکاری]

ئەلبومەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا "ناسری ڕەزازی". بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ. ٠٨-٠٦-٢٠٢٠. Retrieved 24-09-2020. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help) ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "گفتگو با ناصر رزازی، هنرمند و خواننده بنام کرد - 2003-08-19". web.archive.org. 2007-12-01. Retrieved 2021-05-03.
  3. ^ "bbc/persian" (بە فارسی).
  4. ^ "kuroshebozorg.blogsky" (بە فارسی).
  5. ^ "rasademrooz" (بە فارسی). ١٩ی شوباتی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ "aparat".
  7. ^ "ناسڕ ڕەزازی: من خزمەتی کوردم کردووە". www.awene.com. Retrieved 2022-02-12.
  8. ^ "سەندیکای ھونەرمەندانی پشتیوانی ناسر ڕەزازی دەکات". www.dabran.org. Retrieved 2022-02-12. ١٢ی شوباتی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. ^ "سەندیکای ھونەرمەندان: ناسر ڕەزازی پارێزەری سرودە نیشتمانییەکانە و پشتیوانی دەکەین". www.xendan.org. Retrieved 2022-02-12.
  10. ^ "یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان". www.zanayan.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-02-12.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]