مەلا سەید ئەحمەدی فەیلەسووف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ملا سید احمد الفیلسوف

ناوی تەواوی سەید ئەحمەدی کوڕی سەید ئەمینی کوڕی سەید موحەممەدی کوڕی سەید ئەمینی کوڕی سەید خدری کوڕی سەید بەوانی کوڕی سەید خان عەلی خانە و نازناوی (فەیلەسووف) بوو،[١] و بە مامۆستا مەلا سەیید ئەحمەدی فەیلەسوف ناسرابوو، ئەوەش لەبەر بلیمەتی و زیرەکی و شارەزابونی بە شێوەیەکی بێ وێنە لە زانستە شەرعی یەکان و فەلسەفە و عەقیدەی ئیسلامی و زانستە کانی تری وەک بەلاغەو مەنتیق و عیلمی کەلام و سەرف و نەحوی عەرەبی و فەلەک و ئوستورلاب و جوگرافیا و مێژوودا. ھەروەھا شارەزایی زۆرباشی ھەبوو لەزانستی زەوی ناسیدا.

نەسەبی[دەستکاری]

- مامۆستا مەلا سەید ئەحمەدی فەیلەسوف لە نەوەی بابا شێخ ئەحمەدی باینچۆ[٢] ی کوری سەید مەحموودی سەبزەوارییە و لە سەیدەکانی (پیرخزری) یە[٣] پشتاوپبشت دەچنەوە سەر ئیمام ڕەزا[٤] ی مەشھەد خوای لێ ڕازی بێت.

ژیان و بەسەر ھاتی[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩١١ ز بەرامبەر ١٣٢٩ک لە کەرکووک لەدایک بووە. ھەر منداڵ دەبێت و لە تەمەنی چوار ساڵیدا باوکی ئەگوێزێتەوە بۆ بەغدا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، ھەر بۆیە مامۆستا فەیلەسوف لەوێ گەورە دەبێ و پێ دەگات و ھەر لە بەغداش فێری زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی دەبێت. دوای ئەوە لە کەرکووک و ھەندێ ناوچەی دەوروبەری و چەمچەماڵ و ھەولێر ژیان بەسەر دەبات و ماوەیەکیش لە ئێران بوە. لە ژیاندا ھەژاری و کەم دەرامەتی و نەبونی زۆر بینیوە. چەند جارێک ماڵی تاڵان کراوە و ناخۆشی و دەربەدەری زۆری بینیوە و نوسراوو کتێب و پەرتووک و شیعرەکانی لەو نێوانەدا فەوتاون و لەناوچوون، تەنانەت لە ساڵی ١٩٦٣ دا کتێب و نوسراوەکانی بەر شاڵاوی تاڵان کردن دەکەوێت و چەند کتێبێکی کەم نەبێت ھیچی بۆ نامێنێتەوە و ھەندێ کەسی خەڵکی کەرکووک کە سەرباز دەبن لە باشووری عێراق بە ڕێکەوت ھەندێ لە کتێبەکانی بەدەستی منداڵی عەرەبەوە دەبینن لە شاری عیمارەو چەند دانەیەکی کەمی بۆ دێننەوە. لە ساڵی ١٩٧٩ دا سەفەری حەج دەکات و ئەو ئەرکە پیرۆزەش جێبەجێ دەکات.

خوێندنی[دەستکاری]

مامۆستا زانستە شەرعییەکان و فەلسەفە و حیکمەت و بەلاغەو مەنتیق وعیلمی کەلام و فیقھو ئوسوڵی فیقھو حەدیس و باقی زانستەکانی ئەو سەردەمەی خوێندوە.

سەرەتای خوێندنی لە شاری بەغدا دەست پێکردووە، پاشان بۆ مەبەستی بەپایان گەیاندنی خوێندنەکەی ڕووی لەکەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری وەکو لەیلان و باواو فەرقان و کردووە، دواتر زۆر شوێنی تر گەڕاوە وەکو سلێمانی و گەرمیان وخانەقین و زەھاو و چەند شوێنێکی تر.

- سەرەتا لة بەغدا دەچێتە لای (کتاب = کوتتاب)[٥] بۆ فێربوونی ئەلف و بێ ی عەرەبی، دوای ئەوە قورئانی پیرۆزی خوێندوە. پاشان دەچێتە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی و ھەندیّک حەدیس و دیوانی خواجە حافزی شیرازی و گولستان و بوستانی شێخی سەعدی شیرازی و چوار دەروێش و پەند عەتارو ھەندێک کتێبی تری فارسی دەخوێنێت، پاشان ھەندێک کتێبی تورکی و ئینگلیزی ئەخوێنیّت. ئینجا دەچێتە کەرکووک و لە مزگەوت ومەدرەسەکانی ئەو شارە دائەمەزرێت و دەست بە خوێندن دەکات. دوای ماوەیەک ڕووئەکاتە لادێ و شارۆچکةکانی دەوروبەری و ماوەیەکیش لەو شوێنانەبەسەر دەبات، دوای ئەوە ئەگەرێتەوە کەرکووک و درێژە بە خوێندنەکەی دەدات. ئینجا دەچێتە ناوچەکانی گەرمیان و خانەقین و زەھاوو ماوەیەکیش لەوێ دەمێنێتەوە و پاشان ئەگەرێتەوە بۆ کەرکووک و ئەمجارەیان لە (مەدرەسەی ئەوقافی ئایینی کەرکووک) وەرئەگیرێت. مامۆستا ئەم مەدرەسەیە بە پلەیەکی زۆر باش تەواو دەکات. ئەوەی پێویستە بوترێت لەو کاتەدا لە نموونەی ئەو مەدرەسە ئایینی یەی کەرکووک کەسەر بە وەزارەتی ئەوقاف بوو، سێ مەدرەسەی ئایینی تر ھەبوون لە ھەریەک لە شارەکانی بە غداو موسڵ و بە سرە و کەرکووک (نموونەی پەیمانگاو کۆلێژە ئایینی یەکانی ئێستا). دەرچوانی ئەو جۆرە مەدرەسانە شارەزایی یەکی زۆر باشیان ئەبوو لە زانستە شەرعی و ئایینی یەکان و بڕوانامەی دەرچونیان (تخرج) پێ ئەدرا. دواتر مامۆستا فەیلەسوف ڕووئەکاتە شاری سلێمانی و سەرەتا لە خانەقای مەولانا خالید دائەمەزرێ و ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە، دوای ئەوە چەند شوێنێکی تر دەکات ھەر لەناو شاری سلێمانی بەڵام ئەو شوێنانەی بەدلّ نابێت و لەدواییدا لە خانەقای مەحوی جێگیر دەبێت و ماوەیەکی زۆر لە خزمەت مامۆستا ئەسعەد مەحوی دەخوێنێت و ماوەیەکی باش ئەمێنێتەوەو دۆستایی یەکی زۆرباشی لەگەڵدا پەیدا دەکات. دواتر ڕووئەکاتە لادێ و ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی و ماوەیەکیش بەو شوەیە بەسەر دەبات و ئینجا بەیەکجاری ئەگەرێتەو بۆ کەرکووک و لە خانەقای مامۆستا مەلا عومەری ئۆمەرگومەتی جێگیر دەبێت و لە سالّی ١٩٣٧ دا ئیجازەی مەلایەتی وەر دەگرێت و دەبێت بە مەلا و دەست دەکات بە خزمەت کردن و فەقێ یەکی زۆری لێ کۆئەبێتەوە.

- مامۆستا بۆ خوێندن زۆر شوێنی کوردستان و عێراق گەڕاوەو ناخۆشی ژیان و ئازارو بێ پارەیی و نەبونی و غەریبی زۆری چەشتووەو تەنانەت چەند جارێک بۆ سەردانی ماڵەوەیان لە کەرکووکەوە بۆ بەغدا بە پێ ڕۆیشتوە.

کاروچالاکی یەکانی[دەستکاری]

- مامۆستا فەیلەسوف سالاّنێکی زۆر و نزیکەی شەست سالّ خزمەتی بە دین و بەژین کردووە لە زۆر شوێنی کوردستان و عێراق، لەوانە کەرکووک و ناوچەی ساڵەیی و کوبێسە و سامەڕا و چەمچەماڵ حاجی ئۆمەران ناوچەی قەڵاسێوکە و زۆر شوێنی تر. لەو ماوەیەشدا ئیمام وخەتیبی کردووەو دەرسی بە قوتابی و فەقێکانی داوە. لە زۆر شوێنەوە فەقێ ڕووی لێکردوەو لە خزمەتیا زۆر بە شانازی یەوە خوێندویانەو دەیەھاو سەدەھا فەقێ ی کورد لەسەر دەستی خوێندنیان تەواو کردوەو بوون بە مەلاو مامۆستا.

- لەسالّی ١٩٧٤ دا بەشداری لە شۆرشی ئازادی خوازی گەلەکەی کردووەو بووە بە دادوەر لە دادگای تەمیزی شەرعی لە کوردستان[بەستەری مردوو]

- نوسینی زۆری ھەبوە لەسەر زانستەشەرعی یەکان، بەلاّم زۆربەیان بەر تاڵان و سووتان کەوتون و فەوتاون، تەنھا چەند نوسراوێکی کەمی ماوە کە ھێشتا چاب نەکراون.

پلەو پایەو کەسایەتی مامۆستا[دەستکاری]

- مامۆستا فەیلەسووف زانایەکی ئایینی زۆر شارەزاو توانا بوو، زانایەکی زۆر لێ ھاتوو بوو لە فەلسەفەی ئیسلامیدا و ھەمیشە ھەوڵی ئەدا بۆ بەرپەرج دانەوەی ئەو فەلسەفە بیانیانەو ڕاو بۆچوونانەی کە دژی فەلسەفەو بیرو بۆچوونی ئایینی ئیسلام بوون، ئەم ھەوڵەشی لەکاتی وانەووتنەوەی بە فەقێ و قوتابی یەکانی دا زۆر بەروونی دیاربوو.

- شارەزایییەکی زۆر باشی ھەبوو لە زمانی عەرەبی و عیلمی کەلام و بەلاغەو مەنتیق دا.

- شارەزایی یەکی زۆرباش و زانستیانەی ھەبوو لە مێژووی کوردو مێژووی عەرەبی و ئیسلامی و تەنانەت لە مێژووی ولاّتانی ئەوروباو ئەمریکاشدا.

- زەوی ناس و ئەستێرە ناس و فەلەک زانێکی چالاک بوو.

- تواناو ئارەزویەکی زۆرچاکی ھەبوو لە خوێندنەوەدا، تەنانەت لە تەمەنی پیریشیدا ڕۆژانە نزیکەی ١٠ کاتژمێری بە خوێندنەوە بەسەر ئەبرد.

- ئەدەب دۆست وشیعر دۆست و ڕەوانبێژ بوو، شارەزایی یەکی زۆری ھەبوو لە ماناو شیکردنەوەی شیعرو ئەدەبی عەرەبی و کوردی و فارسی دا. زۆر حەزی لە شیعرەکانی مەولانا و حافز و خەیام و بابا تاھیر و مەحوی و نالی و سالم و مەولەوی ئەکرد.

مردن[دەستکاری]

- مامۆستا فەیلەسوف لة تەمەنی ٨٦ ساڵیدا و لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٧ توشی شەلەل دەبێت بەھۆی جەڵتەی دەماغەوە و نزیکەی حەوت ساڵ بەو شێوەیە لەسەر جیّگا دەکەوێت. لە ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێکەوتی ١٤ی نیسانی ٢٠٠٤ بەرامبەر(٢٤/ ٢ / ١٤٢٥ ک) لە نەخۆشخانەی فێرکاری لە شاری ھەولێر و لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا گیان پاکی بە یەزدانی مەزن دەسپێرێت و ھەر ھەمان ڕۆژ تەرمە پیرۆزەکەی ئەگوێزرێتەوە بۆ شاری کەرکووک و لە گۆرستانی ڕەحیماوە ئەنێژێت، بەو جۆرە ئەو چرایەش دەکوژێتەوە لە خوازیارانی شەرع و دین.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئەم نازناوەی پێ بەخشراوە لەلایەن یەکێک لە مامۆستاکانی یەوە لە شاری بەغدا، ئەوەش لەبەر بلیمەتی و پلەو پایەو زانیاری مامۆستا بوو لە فەلسەفەو عەقیدەی ئیسلامی و ھەموو زانستە شەرعییەکانی تردا.
  2. ^ بابا شێخ ئەحمەدی باینچۆ یەکێک بووە لە زاناو عاریفەکانی کوردستانی ئێران و مەرقەدی ئێستا لەدێی باینچۆ[بەستەری مردوو] کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شاری سنە (سنندج).
  3. ^ مەبەست لە نةوەکانی سەیید موحەممەدی زاھدە کە بە (پیرخدری شاھۆ[بەستەری مردوو] ناسراوە و مەرقەدی لە ئاوایی پیرخزرانی ناوچەی مەریوانە لە کوردستانی ئێران.
  4. ^ ئیمام ڕەزای مەشھەد کوری([ئیمام موسای کازم]ە و مەرقەدی موبارەکی لە شاری [مەشھەد]ە لە ڕۆژھەڵاتی ئێران.
  5. ^ (کوتتاب) ئەو شوێنانە بووە کە سەرەتا منداڵیان فێری خوێندن و نوسین کردووە وەکو (حوجرە) لە مزگەوتە کانی کوردستان.

١- کورتەیەک لە ژیاننامەی زانا ئایینییە کۆچ کردوەکانی سەدەی بیستەم لە ناو شاری ھەولێر. چاپی ١ ٢٠٠٤. عمر شێخ لەتیف.

٢- گۆفاری پەیامی ڕاستی. ژمارە ٧١، ٢٠٠٤.

٣-رۆژنامە ی الاصلاح ژمارە ٦٣ و ٦٤. ٢٠٠٥.

٤-رۆژنامە ی کەرکووکی ئە مرو ژمارە ٢٥. ٢٠٠٤.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]