مەزھەر خالقی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە مەزھەر خالەقیەوە ڕەوانە کراوە)
  ئەم وتارە سەبارەت بە مەزھەر خالەقی نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە خالقی (ڕوونکردنەوە).
مەزھەر خالقی
لەدایکبوون٩ی ئەیلوولی ١٩٣٨ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە (تەمەن ٨٥ ساڵ)
سنە لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
پیشەمۆسیقاژەن، گۆرانیبێژ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
شێوازمۆسیقای فۆڵک لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە

مەزھەر خالقی (لەدایکبووی ٩ی ئەیلوولی ١٩٣٨ لە سنە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان) گۆرانیبێژێکی کوردە؛ بەناوبانگە بە میوزیکی فۆلکلۆری کوردی.

ژیان[دەستکاری]

خالقی (ڕاست) لەگەڵ شێرکۆ بێکەس (چەپ)، ٢٠١٢

لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری سنەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لەدایک بووە. لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایییەوە، دەستی بە کاری ھونەری کردووە و لە لای ڕۆستەم مۆقەدەس فێری سۆلفێچ و مەقامی فارسی کراوە، ساڵانی دواتر لای حەسەن کامکار پەرەی بە زانستی گۆرانی و مەقامات داوە، ھەروەھا لە چالاکی شانۆیی و وەرزشی قوتابخانەکەیدا، بەشداری کردووە و لەلایان بەڕێوبەری پەروەردەی سنەوە خەڵات کراوە. تا ساڵی ١٩٥٦ ھەموو ڕۆژانی چوارشەممەیەک، لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی ڕادیۆ سنەدا، گۆرانی پێشکەش کردووە، گۆرانییەکان تەنھا بڵاو بوونەتەوە و تۆمار نەبوون، کە لەلایەن سێ ئۆرکیسترای ئەو سەردەمەی ڕادیۆ سنە (خوێندکاران، سوپا، ڕادیۆ سنە- کە ئەمەی دواییان بە سەرپەرەشتیی حەسەن کامکار بووە) کاری موزیکیان بۆ کراوە. ساڵی ١٩٥٧ بۆ ماوەیەک لە شاری سەقز مامۆستای ناوەندی بووە. ساڵی ١٩٥٨ شاری سنەی بەجێ ھێشتووە و لە زانکۆی تاران وەرگیراوە و لە ھەمان زانکۆدا بەکالۆریۆسی لە فیزیک و دواتریش ماستەری لە بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازیدا، بەدەست ھێناوە. لەگەڵ چوونی بۆ زانکۆی تاران، لە ڕادیۆی تاران وەک وەرگێڕ و ڕێپۆرتەر و بێژەر و دواتریش لە چەند بوارێکی تری ڕاگەیاندندا کاری کردووە. لە ڕادیۆ تاران لەگەڵ مامۆستایانی بەناوبانگی موزیکی کورد و ئێرانی وەک: حەسەن یوسف زەمانی، حسەین یوسف زەمانی، موجتەبا میرزادە، مورتەزا حەنانە، مستەفا کەسرەوی، حسەینعەلی مەللاح، عەلی ئەسغەر بەھاری، فەرەیدوون ناسری، عەلی تەجویدی، پەیوەندی پەیدا کردووە و لەگەڵ ئۆرکێستراکانی: سەمفۆنیک گەورەی ڕادیۆ ئێران، وەزارەتی ھونەرە جوانەکان، و ئۆرکێستراکانی تری ئەو سەردەمەی ئێران، دەیان ئاواز و گۆرانی تۆمار کردووە. ساڵی ١٩٦٦ لەسەر داوای خۆی ڕووی لە عێراق کردووە و لەبەشی (پەروەردەی سەفارەتی ئێران) وەک مامۆستا دەستبەکار بووە، ساڵی ١٩٦٧ بەرەو ئێران گەڕاوەتەوە. سەرەتای حەفتاکان، وەک بەڕێوەبەری گشتیی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ناوچەی خۆراوای ئێران دەستنیشان کراوە، دوای شۆڕشی ئێران و تا ساڵی ١٩٨٢ لە کاری ڕاگەیاندن لە شاری تاران بەردەوام بووە. دامەزرێنەری ئینستیتیوتی کەلەپووری کوردە لە شاری سلێمانی.

لە ئەورووپا[دەستکاری]

ساڵی ١٩٨٣ بەھۆی باری نالەباری ئێران، ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و لە ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناوچەی سەرگەڵو-بەرگەڵودا ماوەتەوە، پاش شەش مانگ وەک پەنابەر ڕووی لە ئەورووپا کردووە. ساڵانی ١٩٨٥–١٩٨٦، دوو کاسێتی لە لەندەن بڵاو کردووە، کاری موزیکی ئەم دوو بەرھەمە، لەلایەن ھونەرمەند بابەک ڕادمەنش ئامادە کراون. ساڵانی ١٩٨٦–٢٠٠٢ لە شاری لەندەن ژیاوە و ئەندامی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد بووە، بۆ ماوەی سێ خولیش وەک سەرۆکی ئەو ناوەندە کەلتوورییە، بە خۆبەخش خزمەتی کردووە.

گەڕانەوە بۆ کوردستان[دەستکاری]

خالقی لە نیوەی دووھەمی ساڵی ٢٠٠٢دا، کاتێک بارودۆخی باشووری کوردستان تا ڕادەیەک جێگیر بووبوو، گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان. سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣، ناوەندی ئادانی لە شاری سلێمانی کردەوە، کە دواتر بوو بەئینستیتیوتی کەلەپووری کورد، خالقی ویستی لە کوردستان بەم جۆرە درێژە بە کاری کەلتووری و ھونەری بدات. لە پێناوی فراوانکردنی ئەرک و ئامانجی ڕێکخراوەکەی، لە شاری دھۆک سەنتەرێکی تر و لە شاری کەرکووکیش ئۆفیسێک و چەندین نوێنەرایەتی لە باشوور و پارچەکانی تری کوردستاندا، کردەوە. کار و چالاکییەکانی ئینستیتیوت، چەند بوارێکی کەلتووری کورد و کەمەنەتەوە و پێرەوانی ئایین و ئایینزاکانی کوردستان، بە کۆکردنەوە و پاراستن و بڵاوکردنەوەی فۆلکلۆرو کەلەپووری دەگرێتەوە. ئینستیتیوت دەیان کتێب و ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە، کە بۆ ئێستا و داھاتووی کورد دەبنە سەرچاوەیەکی باوڕپێکراو، جگە لە جەندین چالاکی کەلتووری، کە ھەندێکیان لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە بە کاری ناوازە و داھێنان دادەنرێن. لە مێژووی ڕۆشنبیری کوردیدا، یەکەم جارە بە شێوەیەکی زانستی و مۆدێرن، ناوەندێک بەم شێوەیە بایەخ بە کەلتووری زارەکی بدات و وەک کەلتوورێکی نوێ، بۆ کۆمەڵگەی جیھانی بناسێنێت[ژێدەر پێویستە].

گۆرانییەکانی خالقی[دەستکاری]

ھونەرمەند مەزھەر خالقی لە نێوانی ساڵانی ١٩٥٨–١٩٧٩دا، نزیکەی ٢٠٠ بەرھەمی تۆمار کردووە، گۆرانییەکانی دوای ١٩٥٨ لە ڕادیۆکانی سنە، تەورێز، کرماشان و تاران تۆمار کراون، ھەر لە ئەرشیڤی ڕادیۆکاندا ماونەتەوە و زۆربەیان، بە شێوەیەکی ئاسایی بڵاو نەبوونەتەوە و ھەندێکیان، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران، ئاکامیان نادیارە. ساڵی ٢٠٠٥ ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد بڕیاری دا ئەلبوومی یادگارییەکان ئامادە بکات، وەک پرۆژەیەک لە پێناوی کۆکردنەوە و زیندووکردنەوە و نوێ کردنەوەی بەرھەمی ھونەرمەندانی ھەر چوار پارچەی کوردستان. ساڵی ٢٠٠٧ بە کۆششی چەند دۆستێک و داواکاریی شەیدایانی دەنگی ئەم ھونەرمەندە، بڕیاری ئامادەکردنی ئەلبوومی مەزھەر خالقییش درا، ئەلبوومەکە سیپارەیەک و ١٢ سیدییە و ١٢٨ بەستە و چەند مەقامێکی تێدایە، کە کۆکراوەی ئەرشیڤی چەند دۆستێکی ھونەرمەند و خەڵک و تۆمارگەکان بوو. مەزھەر یەکەم ھونەرمەندی کوردە، کە گۆرانی فۆلکلۆری لەگەڵ ئۆرکێسترای سەمفۆنیک و ئۆرکێسترا گەورەکانی ئەو سەردەمەی ئێراندا، بە شێوازێکی مۆدێرن تۆمار کردبێت، بە مەرجێک گۆرانییەکان ڕەسەنایەتی و مۆرکی میللییان نەشێوێت. ھەوڵی داوە دیارترین شیعری شاعیرانی کلاسیک و ڕۆمانسی و ھاوچەرخی کوردی ھەڵبژێرێت و ھەر یەکەیان لەگەڵ ئاوازی گونجاودا بەکاربھێنێت، ھەندێکیانی لەگەڵ ھۆنراوە و ئاوازی فۆلکلۆریدا، بە شێوەیەکی ناوازە ئاوێتە کردووە. ھۆنراوەی گۆرانییەکانی، ھی شاعیرانی وەک: وەفایی، نالی، کوردی (ھۆنراوەنووس)، مەولەوی، بێسارانی، ئەدەب، بێخود، قانع، دڵدار، شەریف، گۆران، پیرەمێرد، ئیبراھیم ئەحمەد، محەممەد ڕەسووڵ ھاوار، شێرکۆ بێکەس... ھەروەھا چەند شاعیرێکی تری خۆرھەڵاتی کوردستان، کە ھاوکار و ھاوڕێی بوون و بە تایبەت ھۆنراوەیان لەسەر ئەو ئاوازانە داناوە، کە م. مەزھەر داوای لێ کردوون: د. عابد سراجەدینی، عوسمان ئەحمەدی، د. محەممەد سدیق موفتی زادە، سوارە ئێلخانی زادە.

ڕێزگرتن لە خالقی[دەستکاری]

(بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ) ڕۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠١٢ لە ھۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، مەراسیمێکی ڕێزلێنانی بۆ ئەم ھونەرمەندە ساز کرد و چەند خەڵاتێک و کۆمەڵێک چالاکی پێشکەش کران.

گۆرانییە بەناوبانگەکان[دەستکاری]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ھاواری دڵ، گۆرانییەکانی مامۆستا مەزھەر خالقی، ئا: بوار نوورەدین سابیر، چاپی پێنجەم، سلێمانی، چ (شڤان)، ٢٠٠٧.
  • ئەلبوومی یادگارییەکانی مەزھەر خالقی، ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئنستیتیوتی کەلەپووری کورد، ھەولێر، چ (ئاراس)، ٢٠٠٧.
  • مەزھەر خالقی- سروشت لە زایەڵەی میلۆدییەکدا، ئا: ژاوێن شاڵی، بڵاوکراوەی بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ- بە بۆنەی بەخشینی خەڵاتی ڕٍێزلێنان لە ھونەرمەندی گەورە (مەزھەر خالقی)، سلێمانی، چ (حەمدی)، ٢٠١٢.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]