مێژووی کۆمپیوتەر

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە رەوتی گەشەسەندنی مادی و شارستانی دا پێویستی بە ژمارە و پێوانە بووە، بۆ دروستکردنی ئەو ئامێرانەی کە بۆ ئەم مەبەستە بە کەڵک دێن زۆری ھەوڵداوە. لە چورتکە کەیەکەم ئامێری ژمێریاری بووە تا دەگاتە کۆمپیوتەر مێژوویەکی ھەزاران ساڵی ھەیە. ماوەیەکی دوورەدرێژ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نەیدەتوانی یان نەیدەزانی ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەدا دەگوزەرێ بیکاتە ئەرشیف و ھەڵیگرێ و تا لە پاشاندا کەڵکی لێوەرگرێ. ئامێرێکی ژمێریاری کۆن سەرەڕای ئەوە سێ ھەزار ساڵ بەسەر تەمەنیدا تێپەڕ دەبێ کەچی ھێشتا لە زۆر شوێنی دونیادا باوی ماوە و کەڵکی لێوەردەگیرێ.


داھێنەری کۆمپیوتەر کێیە[دەستکاری]

ئامێری چورتکە Abacus
مەکینەی پاسکالاین
وێنەی ئامێرەکەی ژاکارد

زۆرکەس ئەم پریسارە دەکات و وەڵامەکەی دیاریکراو نیە، چۆن ئەم ئامێرە گرنگە ( کۆمپیوتەر ) پەرەی سەندووە کە لە ژیانی ڕۆژانەمان بەکاری دەھێنین ئەو ئامێرەی کۆمپیوتەر کە ئێستا بەکاری دەھێنین لەسەر کۆمەڵێک ھەنگاو داھێنراوە یان پەرەی پێدراوە بەدرێژایی سەدان ساڵ، وە ئەم پەرەسەندنانە بەپێی پێداویستیەکانی مرۆڤ بووە لە ھەر ھەنگاوێک لە ھەنگاوە جیاکانی ژیان.بیرۆکەی کۆمپیوتەر دەگەڕیتەوە بۆ ئەو پەرەسەندنە سەرەتاییانەی ژماردن (الحساب) کە مرۆڤ بۆ ئاسانکردنی کارەکانی ژمێرکاری لەو سەردەمەدا بەکاری دەھێنا


لە سەردەمی کۆندا "چورتکە" ئاباکوس Abacus وەک یەکەم ئامێر بەکارھێنراوە وەک ئامرازیک کە کاری ژماردنی بەئەنجام دەگەیاند، لە ساڵی ١٦٤٢ بلایز پاسکال Blaise Pascal گەنجێکی ماتماتیک زانی فەرەنساوی یەکەم مەکینەی ژمارەیی میکانیکی داھێنا بۆ ژماردن ناوی لێنرا پاسکالاین Pascaline ، ئەم ئامێرە ژمارەکانی کۆ/کەم دەکرد بەلام نرخەکەی زۆر گران بوو بۆیە بەرێژەیەکی زۆر بڵاو نەبوەوە. خاڵێکی گرنگ لە ئامێرەکەی پاسکال ئەوە بوو کە دەیتوانی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ھەتا دە ژمارەیی کۆ کاتەوە، بەڵام کردارەکانی ئەو ئامیرە سنووردار بوو و تەنیا دەیتوانی کردارەکانی کۆکردن و کەمکردن ئەنجام بدا.


لایب نیتز Libnitz ماتماتیک زانی بە توانای ئەڵمانی توانی ئامێرێک دروست بکا بە ناوی ئامێری ژمێریاری (حاسوب) (Calculator). ئەو ئامێرە لە توانای دابوو سەرەڕای کۆ و کەمکردن بەشێوەی ئامێرەکەی پاسکال دەیتوانی جاران و دابەشکردنیش ئەنجام بدا. پاش ئەم ئامێرەی لایب نیتز ھەولدان بۆ ئامێری ژمێریاری درێژەی پێدرا و سەرکەوتنی بەرچاویش لەم بوارەدا ھات دی.


وە لەساڵی ١٨٠٤ جۆزیف ماری ژاکارد Joseph Marie jacquard ئامێرێکی داھێنا لەسەر کارتی کونکراو کاری دەکرد (Punched Cards) کە زانیاری و وێنەکان بەشێوەی کونکراو لەسەر کارتەکە دروست دەکرێت و دواتر مەکینەکە کونەکانی سەر کارتەکە دەخوێنێتەوە و لەسەر قوماشێک وێنەکە جێبەجێ دەکات.

سەرەتای دروستبوونی کۆمپیوتەرە سەرەتاییەکان[دەستکاری]

چارلز باباج (Charles Babbage) باوکی کۆمپیوتەر:

مەکینە میکانیکیەکەی باباج


لە ساڵی ١٨٣٣ ، زانای ئینگلیزی چارلز باباج یەکەم مەکینەی میکانیکی داھێنا، بە یەکەم کۆمپیوتەر دادەنرێت ، لەبەر ئەوە نازناوی "باوکی کۆمپیوتەر" ی لێنرا، مەکینەکەی باباج وەک ئامێرێکی ژمێریاری کاری دەکرد، وە دواتر پەرەی پێدا بۆ ئامێرێک کە بە ھەڵم (بخار) کاربکات، بەڵام ئەم ئامێرە جیاوازە لەگەڵ ھەموو ئامێرەکانی تری پێشوو لەبەر ئەوەی زۆر ھاوشێوەی کۆمپیوتەری ئێستایە، چونکە ئەم مەکینەیە توانای ئەوەی ھەیە فەرمانەکان جێبەجێ بکات (وەک پرۆگرامۆکەی بچوک) وە بیرگە میمۆری تێدابو وە دو یەکەی ھاوردن و ھەناردنی زانیارییەکانی تێدابو وە ھەروەھا یەکەی لێکدەرەوە و ڕێنماییەکان، ھەر یەکەیەک جیابوو لەگەڵ ئەوەی تریان کە ئەمەش یارمەتی دەرێک بوو لەسەر پەرەسەندنی یەکەکان، بەھەمان شێوەی ئێستا کە لە ئامێرەکانی کۆمپیوتەری سەردەم دەبیندرێت.

لەو سەردەمەدا ناوی کۆمپیوتەر (Computer) دروست بوو، بەھۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا یان لەو کاتەدا ئەو کەسانەی کاری ژمێریارییان ئەنجام دەدا پێیان دەوترا (Computers) کە ئەو ووشەیە لە Compute وەرگیردراوە بە مانای ژمێریار دێت.

وە ھەروەھا لە ماوەی سەدەی نۆزدەھەمدا لە جیاتی سیستەمی ژمارەیی دە دەیی کە پێکھاتووە لە ژمارە سفر ھەتا ٩ سیستەمی ژمارەیی بنەمای دوو پەرەیپێدرا واتا سیستەمێک گشت ژمارەکان تەنیا لەسەر ژمارە سفر و یەک پێک دێن، سوود وەردەگرن. وە دواتر ئەم سیستەمی بنەمای دوو بەکارھێنرا بۆ دیزاینکردنی بازنە کارەباییەکانی کۆمپیوتەر، کە سەرجەم زانیارییەکان پێکدێت لە شێوەی ژمارەکانی (١،٠). وە ئەم سیستەمی ڕێژەییە دیزاینکردنی بازنە کارەباییەکانی ئاسان کرد لەبەر ئەوەی ژمارە ١=ڤۆلتی بەرز وە ژمارە ٠=ڤۆلتی نزم ، وە تاوەکو ئەمرۆش ھەموو زانیارییەکانی ناو کۆمپیوتەر لە شێوەی سفر و یەک پێکدێت.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم دا وە لە سەرەتای سەدەی بیستەم گەشەسەندن و پەرەسەندنی کۆمپیوتەر دەستیپێکرد، ھەر لەو کاتەدا دکتۆر ھێرمان ھۆلریپ Herman Hollerith کە پسپۆرێک بوو لە نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکادا، شێوەیەکی میکانیکی داھێنا کە ئەم شێوازە ٨ جاران خێراتر بوو لە جارەکانی پێشووتری Tabulating machine, چۆنیەتی ئیش کردنی ئەم ئامێرە بەم شێوەیە بوو کە ھەر زانیارییەک کە دەدرایە ئامێرەکە لە خاڵێکی تایبەتی لە شریتی کاغەزەکەدا کونێک دروست دەکرا و ئماێریکی دیکە دەیتوانی بە یارمەتی وەرگرتن لە بازنەی ئەلکترۆنی ھەست بەو کونانە بکا. ھەرچەندە بەکارھێنانی ئەم کارتە کارتۆنیانە بۆ یەکەمجار لەلایەن (ژاکارد) کە ھاووڵاتیەکی فەرەنسی بوو بۆ مەبەستی کۆنترۆڵی ئامێرەکانی پارچە چنینەوە بە کار دەھات. لێرەدا واژەی تاقانە کار Unit- Record بۆ ئەو ئامێرانەی کە کاروباری بازرگرانی ئەنجام دەدەن وەک واژەیەک ھاتە ناو فەرھەنگەوە، پاش ماوەیەک (ھۆلریپ) ئامێرەکانی خۆی بۆ کاروبارەکانی بازرگانی پەرە پێدا. لە ساڵی ١٨٩٦ کۆمپانیایەکی بۆ دروست کردن و فرۆشتنی داھێنانەکانی دامەزراند. پاشان ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ جەند کۆمپانیای دیکە تێکەڵ بە یەک بوون و کۆمپانیای گەورەی IBM, International Business Machines بە واتای کۆمپانیای ئامێرە بازرگانییە نێودەولەتیەکان یان پێک ھێنا.

یەکەم ئامێری کۆمپیوتەری ئەلیکترۆنی ژمارەیی لە Durham Center, زانکۆی ئەیوا ی ئەمریکا

وە لە ساڵی ١٩٣٩ دکتۆر جۆن ئەتاناسۆف Dr. John V.Atanasoff لەگەڵ یاریدەرەکەی کلیفۆرد بێری Clifford berry لە زانکۆی ئەیوا ی ئەمریکایی یەکەم ئامێری کۆمپیوتەری ئەلیکترۆنی ژمارەیی دروست کرد، ئەم ئامێرە بە یەکەم کۆمپیوتەری ڕاستەقینە دادەنرێت لەبەر ئەوەی بێشکەی دواین پەرەسەندنە لە بواری کۆمپیوتەری ئەلیکترۆنیدا، چونکە ئەم ئامیرە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی داڕێژرابوو کە بریتین لە:-

  1. بەکارھێنانی سیستەمی ژمارەیی بنەما دوو بۆ نواندنی ژمارەکان و زانیارییەکان (٠و١)
  2. ئەنجامدانی کارەکانی ژمێریاری بە بەکارھێنانی بازنەی ئەلیکترۆنی لە بری ڕەورەوەکان و کلیلە میکانیکیەکان
  3. دروستکردنی سیستەمێک پەیوەست بوو لەسەر جیاکردنەوەی کارە ژمێریارەکان لە بیرگە Memory

وە لە ساڵی ١٩٤١ کۆنراد تسوز ی ئەڵمانی (Konrad Zuse) یەکەم ئامێری کۆمپیوتەری خستە بەر دەست کە دەتوانرا پرۆگرام بکرێت بۆ چارەسەرکردنی لێکدانەوە ژمێریاریە ئاڵۆزەکان. کۆمپیوتەری ئەلیکترۆنی بەردەوام بوو لە پەرەسەندن تاوەکو زمانەکانی پرۆگرامسازی پەرەی سەند و توانرا پرۆگرامەکان بە زمانێکی ھاوشێوەی زمانی ئینگلیزی دابڕێژرێن و کۆمپیوتەر لە زمانەکە تێبگات و جێبەجێی بکات (پڕۆگرام بریتیە و پێکدێت لە کۆمەڵێک فەرمان(

سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو پەرەسەندنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، کە کۆمەڵێک زانا لە کۆمپانیای ئینتێل (Intel) یەکەم لێکدەرەوەی ناوەندیی چارەسەری، مایکرۆپرۆسیسۆر (Microprocessor) یان داھێنا، کە بە دڵی سیستەمی کۆمپیوتەر دادەندرێت، وە تواندرا ئەم ناوەندیی چارەسەرییە پرۆگرامبکرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دیاریکراو کار بکات.

وە لە ساڵی ١٩٧٥ بیل گەیتس Bill Gates لەگەڵ پاول ئالێن Paul Allen یەکەم پرۆگرامیان دروست کرد کە پڕۆگرامەکە کاری وەرگێڕانی زمانی پرۆگرامسازی بەیسک (Basic) ی ئەنجام دەدا لەسەر ئامێری کۆمپیوتەری مۆدێل Altair ٨٨٠٠ . لێرەدا کۆمپانیای بەناوبانگی مایکرۆسۆفت Microsoft دروستبوو، کە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت سەرکەوتنی بەدەست ھێنا لە فرۆشتنی یەکەم سیستەمی کارپێکردن (Operation System) کە سیستەمی دۆس بوو DOS. Disk Operating System ، وە لێرەدا سەرەتایەک بوو لە بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی کۆمەڵێک پرۆگرام وەک پرۆگرامی نوسین و ژمێریاری، وە ھەروەھا سیستەمی کارپێکردنی ویندۆز (Windows) کە یەکەم وەشانی لە ساڵی ١٩٨٥ دەرچوو، وە دواتر ھەردووک کۆمپانیای بەناوبانگ مایکرۆسۆفت و ئای بی ئێم کەوتنە بەربەرەکانی لە دەرھێنانی سیستەمی کارپێکردن و پرۆگرامی وێنەیی لەسەر پیشانگەری ڕەنگاوڕەنگ Graphical User Interface بۆ ئاسانکردنی کارەکانی بەکارھێنەر لەگەڵ کۆمپیوتەر. بەم جۆرە لەگەڵ بەردەوامبوون و پەرەسەندنی ئەلیکترۆنی قەبارەی ئامێری کۆمپیوتەر بچووک بوەوە کۆمپیوتەری کەسی Personal Computer دروست بوو، کە ھەموو کەسێک بتوانێت ببێتە خاوەنی کۆمپیوتەرێکی تایبەت بەخۆی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

http://en.wikipedia.org/wiki/Charles_Babbage

http://en.wikipedia.org/wiki/History_of_computing_hardware

http://en.wikipedia.org/wiki/Konrad_Zuse

http://en.wikipedia.org/wiki/Herman_Hollerith

http://en.wikipedia.org/wiki/John_Vincent_Atanasoff

http://en.wikipedia.org/wiki/Microsoft

http://www.computerhistory.org

http://www.hitmill.com/computers/computerhx1.html