میتۆدی زانستی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

میتۆدی زانستی یان پێڕەوی زانستی ئاماژە دەکات بە کۆمەڵێک ڕێکار بۆ پشکنینی دیاردەکان، وەدەستخستنی زانینی نوێ، یان دروستکردن و یەکپارچەکردنی زانینی پێشوو. بۆ ئەوەی کە میتۆدێکی پرسینەوە وشەی زانستی بخرێتە پاڵی، پێویستە بەڵگەی ئەزموونی و شایەنی لێڕوانین و شایەنی پێواندن کۆبکاتەوە.[١] پێڕەوێکی زانستی داگری ئەمانەیە: کۆکردنەوەی دراوە لەڕێگای تاقیکردنەوە و ڕوانین، فورمووڵڕێژی و ئەزموونکردنی گریمانەکان.

ئەگەرچی لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی تر ڕەوتی کارەکان یەکجۆر نییە، بەڵام پێڕەوی زانستی ھەندێک جیاکەرەوەی تایبەتی ھەیە کە لە میتۆدەکانی دیکەی بەدەستھێنانی زانین جیای دەکاتەوە. زانستیاران بۆ ڕاڤەکردنی دیاردەکان گریمانە پێشنیاردەکەن و بۆ ھەڵسەنگاندنی گریمانەکان لێکۆڵینەوەی تاقیگەیی دادەڕێژن. بۆ ئەوە کە پێشبینیکردنی ئاکامەکانی داھاتوو جێگەی متمانە و دڵنیایی بێت، پێویستە ئەو قۆناغانە (پێشنیارکردنی گریمانە و ھەڵسەنگاندنی گریمانە) شیاوی دووپاتەبوونەوە بن. ھەندێک تیۆری ھەن کە ھەرێمێکی بەرینتری کۆڵینەوە داگیردەکەن؛ ئەوانە ڕەنگە ژمارەیەکی زۆر گریمانەی سەربەخۆ لە یەک پێکھاتەی یەکپارچەدا کۆبکەنەوە و پێکەوە گرێیان بدەن. ئەمە بە نۆبەی خۆی دەتوانێت گریمانەی نوێ بخولقێنێت یان گریمانەکان لە یەک بەستێندا خڕبکاتەوە.

ڕوانینێكی گشتی[دەستکاری]

شێوازی لێکۆڵینەوەی زانستی ئێستا پشتدەبەستێت بە (نموونەی دەرئەنجام) کە لە سەدەی بیستەم دا هاتۆتە کایەوە، هەرچەندە لەو کاتەوە زۆر پێداچوونەوەی بۆ کراوە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:[٢]

جێبەجێ کردن[دەستکاری]

بەشێوەیەکی گشتی بریتییە لە بنیادنانی خەمڵاندن، دواتر داتاشینی پێشبینی لەو خەمڵاندنانە وەك دەرئەنجامی ژیرانە و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەر ئەو پێشبینیانە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە سەچاوەی خەمڵاندنەکە ڕاست بووە یان نا.[٣] مەرج نییە لە هەموو کردەیەکی زانستی دا هەموو هەنگاوەکان بەهەمان رێژە و ڕیزبەندی جێبەجێ بکرێت. بەڵام وەك زانا و فەیلەسوف (ویڵیەم وێڵ ١٧٩٤- ١٨٦٦) تێبینی کردووە کە "داهێنان، زیرەكی و بلیمەتی" دەبێت لە هەموو هەنگاوێك دا بوونیان هەبێت.

دروست کردنی پرسیار[دەستکاری]

دەکرێت وروژاندنی پرسیارێك ڕێ خۆشکەر بێت بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتێكی دیاریکراو. بۆ نموونە، پرسیاری: ئاسمان بۆچی شینە ؟ یان دەکرێت پرسیارێکی بێ وەڵام و ناکۆتا بێت، وەك: چۆن دەتوانرێت چارەسەرێکی پزیشکی دروست بکرێت بۆ نەخۆشییەکی دیاریکراو. ئەگەر وەڵامی پرسیارەکە زانراویش بێت ئەوا پرسیارەکە هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە بەمەبەستی بەرەوپێشبردن و باشترکردنی بوارەکە. کاتێك ڕێگەی زانستی جێبەجێ دەکرێت لەسەر لێکۆڵینەوەیەك ئەوا زۆر سەختە دیاریکردن و هەڵبژاردنی پرسیارە تەواو و گونجاوەکە چونکە ئەو پرسیارەیە کە دەرئەنجام و داهاتووی لێکۆڵینەوەکە دیاری دەکات.

ئەگەر[دەستکاری]

ئەگەر بریتییە لە پێشبینی کردنێك کە بەندە لەسەر ئەو زانیاریەی لە کاتی پرسیارکردن دا بە دەست گەیشتووە کە دەکرێت ڕوونکەرەوەی هەر هەڵسەوکەوتێکی دیاریکراو بێت. ئەگەرەکە دەکرێت زۆر دیاریکراو بێت، بۆ نموونە: بنەمای یەکسانی ئەنیشتاین، بیردۆزی DNA و RNA فرانسیس کریك. یان دەکرێت ئەگەرەکە بوارێكی فراوان بگرێتەوە، وەك: ئەو جۆرە جیاوازانەی ئەژەڵان کە لە قوڵاییە جیاوازەکانی دەریادا دەژین.[٣] ئەگەری ئاماریانە ژمارەیەکی دیاریکراو دەگرێتەوە لە بوونەوەرەکان، وەك: ڕێژەی تووشبووی دانیشتوان بە نەخۆشییەکی دیاریکراو.

پێشبینی کردن[دەستکاری]

ئەم هەنگاوە دیاریکردنی دەرئەنجامە ژیربێژیەکانی ئەگەرەکە لەخۆدەگرێت و دواتر پێشبینییەك یان زیاتر هەڵدەبژێردرێت بۆ تاقیکردنەوەی زیاتر.

تاقیکردنەوە[دەستکاری]

ئەم هەنگاوە هەڵسەنگاندنێکە کە ئایا دونیای ڕاستی وەك پێشبینی ئەگەرەکە مامەڵە دەکات. زانایان و خەڵکی ئەگەرەکان هەڵدەسەنگێنن لەڕێی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لەسەریان وە مەبەستی تاقیکردنەوەکە دیاریکردنی ئەوەیە کە ئایا بوارەکانی دونیای ڕاستی دەگونجێن لەگەڵ پێشبینییە داتاشراوەکان یان ڕەتی دەکەنەوە.

هەڵسەنگاندن[دەستکاری]

ئەم هەنگاوە بریتییە لە دیاریکردن و ڕوون کردنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکە و بڕیاردان لە هەنگاوی داهاتوو. دواتر زانیارییەکان بەراورد دەکرێن لە نێوان ئەگەر و ئەنجامەکە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە کامیان ڕوونتر و زانستانەتر دراوە تاقیکارییەکە ڕوون دەکاتەوە. لەو بارانەی کە چەند جارێك تاقیکردنەوە دووبارە دەکرێتەوە ئەوا هەڵسەنگاندنێكی ئاماری پێویستە بکرێت.

دووبارەکردنەوە[دەستکاری]

ئەگەر تاقیکردنەوەیەك توانای دووبارەکردنەوەی نەبێت بۆ دەستکەوتنی هەمان ئەنجام ئەوا مانای ئەوەیە کە ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی یەکەم هەڵە بوون لە سەرەتاوە. بۆیە کردەیەکی باوە کە تاکە تاقیکردنەوەیەك چەند جارێك دووبارە بکرێتەوە بۆ دڵنیابوونەوە.

پێداچوونەوەی دەرەکی[دەستکاری]

بریتییە لە پرۆسەی پشکنین و پێداچوونەوە لەلایەن دەستەیەکی شارەزا لە بوارەکەدا کە ئاماژە بە ڕاوبۆچوونەکانیان دەکەن بەبێ ئاشکراکردنی کەسایەتی و ناوەکانیان.

تۆمارکردنی زانیاری و بڵاوکردنەوە[دەستکاری]

زاناکان زۆر وریان لە تۆمارکردنی زانیارییەکان هەرچەندە ئەمە پێویستی نییە بەڵام لەوانەیە ئەو زانیارییانە داوابکرێت لەلایەن ئەو زانایانەی دی کە هیواخوازن تاقیکردنەوەکە دووبارە بکەنەوە یان زیاتر لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ یاساکان بۆ لێکۆڵینەوەی فەلسەفەی سروشتی، ئیساک نیوتن، پرەنسیپە بیرکارییەکانی فەلسەفەی سروشتی، کتێبی ٣، سیستەمی جیهان.
  2. ^ Achinstein, Peter (2004). General Introduction. Science Rules: A Historical Introduction to Scientific Methods. Johns Hopkins University Press. pp. 1–5. ISBN 978-0-8018-7943-2.
  3. ^ ئ ا Thurs, Daniel (2011). "12. Scientific Methods". In Shank, Michael; Numbers, Ronald; Harrison, Peter (eds.). Wrestling with Nature: From Omens to Science. Chicago: University of Chicago Press. pp. 307–36. ISBN 978-0-226-31783-0.