محەممەد مەھدی جەواھیری

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
موحەممەد مەھدی جەواھیری
لەدایکبوون ٢٦ی تەمموزی ١٨٩٩
نەجەف، عێراق
مەرگ ٢٧ی تەمموزی ١٩٩٧
دیمەشق، سووریا
نەتەوە عێراقی
ماڵپەڕ
www.jwahri.net

موحەممەد مەھدی جەواھیری (ماوەی ژیان:٢٦ی تەمموزی ١٨٩٩ تاکوو ١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٧)، شاعیری عەرەبی عێراقییە، لەدایکبووی شاری نەجەفی عێراق، کە بە موتەنەبی سەردەم ناسراوە، چەندین جار بە سەرۆکی یەکێتیی ئەدیبانی عێراق ھەڵبژێردراوە.[١]

ژیان[دەستکاری]

مناڵی[دەستکاری]

لە رۆژی ٢٦ی تەمموز ساڵی ١٨٩٩ لە شاری نەجەف لە خێزانیکی ئایینپەروەر لەدایک بووە، ئەو شارە بەوە ناسراوە کە بنکەی ڕۆشنبیری ئایینی بووە، چەندین بازاڕی کتێب و دەزگای ڕۆشنبیری و کۆمەڵەی ئایینی و حزبی سیاسی لێ بووە، باوکی یەکێک بووە لە زانا ئایینیەکانی ئەو شارە، حەزی کردووە کورەکەشی، جەواھیری، ھەر لە منداڵیەوە لە کۆر و کۆبوونەوەی زانایان نزیک بێت و ھەوڵی داوە فێری خوێندنەوەی قورئانی بکات و پێی لەبەربکات، چەندین کتێبی بەنرخی لەبەردەم داناوە تا زوو زمانی بە گەوھەر و زمان و ڕەوانبێژی و شیعری شاعیرانی عەرەبی ببێژێت، باوکی ھەر جارێک شیعرێکی کلاسیکی پێ لەبەر بکردایە لیرەیەکی وەک پاداشت دەدایە جەواھیری، وای لێھاتبوو تەنھا بە چەند کاژێرێک شیعرێکی جاھیلیی٤٥٠ دێریی لەبەر دەکرد بێ ئەوەی لە ڕووی زمانەوانی ھەڵە بکات، باوکی حەزی دەکرد ببێت بە زانایەکی زمانزانی یان نووسەرێک، بەڵام مەیلی شیعری و حەز و خولیای بۆ شیعر پارسەنگی بۆ شیعر نووسین خوار کردەوە.

شیعر و ڕۆژنامەگەری[دەستکاری]

ساڵی ١٩١٧ باوکی کۆچی دوایی دەکات، پاش ئەو کۆستە گەورەیە محەممەد مەھدی جەواھیری بۆ زیاتر وەرگرتنی زانست و دەوڵەمەندبوونی بە چەمکی جۆرەھا مەعریفە، ڕووی کردە خوێندنەوەی کتێبەکانی فەلسەفە و جۆرەھای شیعری کلاسیک و نوێ، لە ساڵی ١٩٢٠ بەشداری لە شۆڕشی بیست دەکات، لە سەردەمی "مەلیک فەیسەڵ" شای عێراق عەمامە لەسەر دەکات و چەند وەزیفەیەک وەردەگرێ، پاشان واز لە لەبەرکردنی عەمامە و کار و ئیشی حکوومەت دەھێنێت و دەست دەکات بە کاری ڕۆژنامەگەری و نەجەف جێدەھێڵێ و ڕوودەکاتە شاری بەغدا، لەوێ چەند ڕۆژنامەیەک دەردەکات لەوانەش "ڕۆژنامەی فوڕات" و "ڕۆژنامەی کۆدەتا"، پاشان "ڕۆژنامەی ڕای گشتی"، چەند جارێکیش وەک سەرۆکی یەکێتی و سەرانی عێراق ھەڵدەبژێردرێت، لە ساڵی ١٩٢١ یەکەمین ھۆنراوەی خۆی بڵاو دەکاتەوە، یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بە ناوی "حلبە الأدب" چاپ دەکات. ساڵی ١٩٢٧ لە سەر میلاکی پەروەردەی کازمیە لە بەغدا بە وەزیفەی مامۆستا دادەمەزرێت لەساڵی ١٩٢٨ کۆمەڵە شیعرێکی دیکەی بە ناوی "بین الشعور والعافە" بڵاودەکاتەوە. ساڵی ١٩١٩ جارێکی دیکە ڕۆژنامەی فوڕات دەخاتەوە گەڕ و ٢٠ ژمارەی دیکەی لێ دەردەکات.

لە ساڵی ١٩٣٥ کۆمەڵە شیعری سێیەمی بە ناوی "دیوانی جەواھیری" چاپ دەکات. ساڵی ١٩٣٦ ڕۆژنامەی کودەتا دەردەکات. ئەو کاتەی کە "بەکر سدقی" کوودەتایەکی سەربازی ئەنجام دابوو، بەڵام زۆر بەرھەڵستکاری ئەو کودەتایەی دەکرد کە بۆی ڕوونبووەوە ئەو کودەتایە ئەو ئەنجامانە ناپێکێ کە لە پێناویدا کاری بۆ کردبوو، بۆیە لەسەر ئەو وتارانەی کە دژی کۆمەڵە کودەتاچییەکان دەینووسی سێ مانگ دەستگیرکرا و ڕۆژنامەکەشیان داخست. ساڵی ١٩٤١ پاڵپشتی خۆی بۆ "بزاڤی مارس" دەربڕی، بەڵام ئەو بزاڤە زوو شکستی خوارد و جەواھیریش لەگەڵ سەرکردەکانی بزاڤی مارس چوونە ئێران، ھەر لە ھەمان ساڵدا گەڕایەوە عێراق و ڕۆژنامەی ڕای گشتی خستە کار.

ساڵی ١٩٤٤ بەشداری لە "ڤیستیڤاڵی ئەبی عەلای ئەلموعەریی" لە دیمەشق کرد، لە ساڵانی ١٩٤٩ و ١٩٥٠ بەشی یەکەم و دووەمی لە دیوانە تازە چاپکراوەکەی بڵاو کردەوە و وەک شاعیرێکی ناسراوی دەنگ بەرز ناسرا، ھەر لە ھەمان ساڵدا بەشداری لە کۆنگرەی ڕۆشنبیری کۆمکاری عەرەبی ئەسکەندەرییە کرد و وەک نەقبی ڕۆژنامەنووسانی عێراقی و سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی عێراق دەستنیشانکرا، ساڵی ١٩٦١ دووچاری چەند کۆسپ و تەگەرەیەکی سیاسی بۆوە، بەناچاری عێراقی جێھێشت و ڕووی کردە لوبنان و لەوێش چووە پڕاگی پایتەختی چیکۆسلۆڤاکیا. لە پڕاگ ٧ ساڵ مایەوە و ساڵی ١٩٦٥ کۆمەڵەشیعرێکی بە ناوی "پۆستەی نامۆیی" لەچاپدا. ساڵی ١٩٧١ وەزارەتی ڕاگەیاندنی ئێراقی کۆمەڵەشیعرێکی تازەیان بە ناونیشانی "ئەییوھە ئەلئەرق" بۆ بڵاوکردەوە، ھەمان ساڵ سەرکردایەتی شاندێکی عێراقی کرد بۆ کۆنگرەی نووسەرانی عەرەب لە دیمەشق و ھەر لە ھەمان ساڵدا وەزرایەتی ڕاگەیاندن کۆمەڵیشیعرێکیان بەناوی "خەلەجات" بۆ چاپکرد.

ساڵی ١٩٧٣ ھاوڕێ لەگەڵ شاندێک لە نووسەرانی عێراق سەردانی وڵاتی توونسی کرد و بەشداریان لە کۆنگرەی نۆیەمی نووسەرانی عەرەب کرد، پاشان ڕووی لە ھەندەران کردوو عێراقی جێھێشت و ڕۆیشت بۆ وڵاتی سووریا و لەوێ درێژەی بە چالاکییە ھونەریەکانی خۆیدا تا ڕۆژی ٢٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٩٧، کە کۆچی دوایی دەکا.

وێنەی جەواھیری لە ڕووپەڕی سەرەکی گووگڵ[دەستکاری]

ڕۆژی ٢٦ی تەمموزی ٢٠١١ ماڵپەڕی جیھانی گووگڵ، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد مەھدی جەواھیری، وێنەی ئەم شاعیرەی لە ڕووپەڕی سەرەکی خۆی دانا.[٢] لەم وێنەیەدا کە جەواھیری کڵاوە تایبەتەکەی خۆی لەسەرە و لەسەر کڵاوەکە بە نووسراو ئاماژە بە کوردستان کراوە. ئەم کڵاوە لەلایەن ژنێکی کورد دروست کراوە و شاعیری ناوبراویش وەک خۆشەویستی بۆ ھاوڵاتیانی کوردی، ماوەکی زۆر ئەم کڵاوەی لەسەر ناوە.[٣][٤]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

ڕادیۆ نەوا - جەواھیری. (خوێندنەوەی ١٢-٠٢-٢٠٠٩)