محەممەد ساڵح دیلان

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
لەدایکبوون ١٩٩٠ - ١٩٢٧
نەتەوە کورد
پیشە نوسه‌ر و مەقام بێژ
شار سلێمانی

محەممەد ساڵح دیلان (١٩٢٧ - ١٩٩٠)، کوڕی‌ مەلا ئەحمەدی‌ کوڕی‌ مەلا ساڵحی‌ کوڕی‌ مەلا قادرە. ساڵی‌ ١٩٢٧ لە گەڕەکی‌ (گۆیژە)ی شاری‌ سلێمانی‌ لەدایکبووە. سەرەتاکانی قۆناغی خویندنی لە ‌مزگەوتی‌ بابەعەلی‌ بەسەر بردووە و دواتریش لە ‌قوتابخانەی‌ خالدییە قۆناغی‌ سەرەتایی‌ بڕیوەو درێژەی بە خوێندن داوە و تا پۆلی سێی‌ ناوەندی‌ خوێندووە.دواتریش لە ساڵی ساڵی‌ ١٩٤٧ لە ‌فەرمانگەی‌ تووتن دامەزراوە و وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی ڕۆژانی تەمەنی بەڕێکردووە و سەرقاڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانی بووە.

ژیان[دەستکاری]

دیلانی شاعیر لە تەمەنیکی زووی لاوێتیدا ئارەزووی نوسینی شیعر و مەقام بێژی لا دروست بووە و لە ‌تەمەنی‌ بیست‌ و یەک ساڵیدا شیعری‌ بڵاوکردۆتەوەو جێدەستی خۆی لە ئەدەبیاتی کوردیدا بەجێهێشتووە. لە ‌دوای‌ گۆران ی شاعیر بەسەرتۆپی‌ نەوەیەکی‌ نوێی شیعری کوردی‌ لەقەڵەمدەدرێت. دیلانی شاعیر هەر لە لاوێتییەوە خۆی و بەرھەمە ئەدەبیەکانی تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنی‌ کێشەی‌ گەلەکەی‌ و دژایەتیکردنی ‌کۆنەپەرستان‌ و بەکرێگیراوان. لە ‌ساڵی‌ ١٩٤٨ تا ١٩٦٦ نۆ جار زیندانی‌ کراوە و گەلێک‌ جاریش دوورخراوەتەوەو تووشی‌ ئازارو ئەشکەنجەدان‌و نانبڕین بووە.

هەستی نەتەوایەتی[دەستکاری]

شیعرە نیشتمانییەکانی‌ دیلان رۆڵێکی‌ گەورەیان گێڕا لە ‌بەرزکردنەوەی‌ ئاستی‌ هوشیاری‌ تاکی کورد و هاندەرێکی سەرەکی بوون بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمنە داگیرکەرە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو سەردەمە کە وەک مۆتەکەیەک باڵیان بە سەر وڵاتەکەیدا گرتبوو.دیلان نمونەی شاعیریکی چەوساوە و تێکۆشەرێکی بێ وچانی نەتەوەکەی بوو ، هەر ئەوەش بوو بووە هۆی ئەوەی دیلان وەک مەشخەڵێکی درەوشاوەی سەر ڕێبازی کوردایەتی لە قەڵەم بدرێ و ناوی لە تەک شاعیرە هەرە باڵاکانی کوردا بهێنرێت.ئەم رۆشنبیرە گەورەیە ساڵی‌ ١٩٥٤ بەبێ‌ مۆڵەتی‌ دەوڵەت بەشداریدەکات لە ‌کۆنگرەی‌ ئاشتی‌ و ھاوکاری‌ گەلان-دا کە لە ‌شاری‌ (ڤییەننا)ی‌ پایتەختی‌ نەمسا ساز کرا، لەسەر ئەم بەشداریکردنە کە گەڕایەوە رەوانەی‌ زیندان کرا و بۆ ماوەیک دەستبەسەر کرا.

مەقام[دەستکاری]

دیلان لە دوا قۆناغەکانی تەمەنیدا

دیلان جگە لەوەی‌ کە شاعیرێکی‌ گەورەو تێکۆشەرێکی‌ خاوەن ھەڵوێست بوو، دەنگخۆشێکی‌ کەموێنەو ئاوازدانەرێکی‌ دەگمەنیش بوو ، کە هەمیشە جۆش و خرۆشێکی بێ وینەی لای گوێگرانی دروست دەکرد و شیعرەکانی پی زیندووە دەکردەوە .گۆرانیی‌ و مقامە‌ بەسۆزەکانی‌ دیلان کە شیعری‌ زوربەیان نووسینی‌ خۆیەتی‌ و تا ئێستاش ھەر زیندوون و لە زۆربەی زۆری بۆنە نەتەوایەکاندا بەر گوێ دەکەون. هەندێک لە دیارترین کارەکانی دیلان-ی‌ شاعیر‌ و ‌هونەر‌مەند بریتین لە (مامە کوڕنوو)، (ئەی‌ نازەنین)،( شێخ مەحمودی‌ زیندوو) و چەندینی تریش لە بەرهەمی ناوازە و کەم وێنە.

شیعر[دەستکاری]

دیلان و چەند هاوڕێیەکی

ژیری دیلانی مەقام زان و جوان ناسی تەبیعەت هەمیشە هۆکارێک بووە بۆ پۆشینی ھۆنراوەکانی بە پەردەیەکی تەنکی ڕۆمانسیەت و تێکەڵەیەک لە جوانیەکانی سروشت و نیشتمان ، بۆ زێدە بەدەرخستنی ناسکی و جوانی شیعرەکانی. بێجگە لە بەهرەی چرین و جوان ناسی ، بە ڕوونی فەلسەفە زانی و خواستی قوڵبوونەوەی ئەدەبی لە شیعرەکانیدا بەدی دەکەون و ئاماژەیەکی روونن بۆ بە گرێدانەوەی ناوەرۆکی شیعرەکانی بە مانایەکی قوڵی فەلسەفییەوە.دیلان خەباتگێڕێکی دڵسۆزی میللەتەکەی و دەنگێکی ڕەسەن و ناسکی ھۆنراوەی نوێی کوردی بوو، شاعیرێکی نوێکاری ڕێبازی ڕیالیزمی نوێ بوو لە وێژەیی کوردیدا.

ئەگەر بەوردی سەرجەم دیوانی ھۆنراوە ناسکەکانی بخوێنیەوە، کە لە ساڵی ١٩٨٧دا بە ھەوڵ و کۆشش و لێکۆڵینەوە و پێشەکی مامۆستا عەبدوڵڵا ئاگرین چاپکراوە، ھەست دەکەین لەباسی ناسکانەی سروشتی نیشتمانەکەی ئەوەندە بەجوانی و ناسکی و ڕازاوەیی دەربڕیوە، مەگەر ھەر مەولەوی مامۆستای و "گۆران"ی شاعیر سروشت و جوانی دەستەڵاتیان بەسەردا شکابێ.شاعیرێکی یەکجار بەتوانا بووە و زۆر لە سەر‌خۆ چووەتە نێو ئەو جیھانە ئەفساوناوییە و بەرھەمی جوان و پتەوی لە ھۆنراوەی ناسک و ناوەڕۆک قووڵی پێشکەش کردووین و سەرنجی ھۆنراوە دۆست و ڕەخنەگرانی ڕاکێشاوە لەبواری ھۆنراوەی نەتەوەیی و نیشتمانیشدا خانی و حاجی قادرێکی سەردەمە، بە تەکنیکێکی نوێ دەربڕینی ناسکی واتا قووڵی خوڵقاندووە و دڵسۆزیی خۆی بۆ خاک و نەتەوەکەی دەربڕیوە، ھەروەک لە ھۆنراوەیەکیدا بەناوی ڕەز ئەمەی کردووە و گوتوویەتی:

ئای کێ بێ بانگ و ھاوار و پەیام
بگەیەنێتە گوێی گۆڕەکەی (خەیام)
بڵێ ھەی سەرشێت کوشتەی گڕی تەڕ
گەر تێتا ماوە یەک تۆز نرخ و فەڕ

تۆ لەسەر باکەی شووشەکەی شکان
لەگەڵ‌ خودادا کردت بە زۆران!
ھەڵسە بەرەو ئەم ناوە ھەڵتووتێ
نەک شووشە شکا وا ڕەز ئەسووتێ!

شاعیر ئەم ھۆنراوەیەی کاتێک داناوە، کە ڕژێمی بەعس ڕەزی مێو و ھەموو جۆرە دارێکی بەردار و بێ بەریان دەسووتاند و خەڵکەکەیان ئەنفال دەکرد.

دیلان لە ھۆنراوەی باسیشدا، شاعیرێکی مەزنی سروشت و جوانییەو وەک وێنە کێشێکی ھونەرمەند ڕوودەکاتە دیمەنی جوانی گوڵزاری ڕازاوەی نیشتمانەکەی تاکو تابلۆی نایابیان بە ھۆنراوەی ناسک بکێشێ و ھۆنراوەی بە ھێز و پێزمان پێشکەش بکات.

باسەرنجێک بدەینە ئەم چەند دێرە ھۆنراو‌ەیەی تاکو بزانین چۆن وێنەی ھۆنراوەی جوانی بۆ کێشاوین و با لە ھۆنراوەیەکی بە ناوی "سروودی وڵات" ورد بینەوە کە دەڵێ:

ساڵ پایزە، گەرمەی گەڵا ڕێزانە،
ڕێز بارانە، شێوەی ساڵی جارانه!
گەڵای ڕژاوی دار مازووی چیای بەرز
ملوانکەکەی ئەئاڵانە ملی وەرز
ڕووباری شین، سوور ھەڵگەڕاو بەلافاو
جارێ بێ دەنگ، جارێ بەھاژەو بەتاو

سەیری کەن دیلان چۆن باسی پایزە و گەڵاڕێزان دەکات و دیمەنی ئەو گەڵا زەردە وەریواە چەند بەجوانی دەکێشێ و دەیکات بە دیمەنی زێڕباران، ئەمەش خوڵقاندنی جوانی ھۆنراوە لەشتی کەم بایەخی وەک گەڵای وەریوی کاتی گەڵاڕێزان ئینجا شاعیر باسی ئەو گەڵا ڕژاوان دەکات و دەیانکاتە ملوانکە و لە دێڕی دوایشدا باسی ڕووباری شینی سوور ھەڵگەڕاو بەلافاو دەکات، کە جارێ بێ دەنگە و جارێکیش بەتاو دەڕوات و ھاژەی دێت.

دیلان لە ھۆنراوەی ئەفسانەیی چ خۆماڵی بێ چ بیانی زۆر سەرکەوتووە و ئەفسانەی بیانی بە ئەفسانەی بیانی بە ئەفسانەی کوردی بەستۆتەوە و گوتوویەتی:

کە پزیشکی خوێنی زەردی (نێرۆن) پژا
کە چەرمەکەی قرچ ھەڵگەرا لە دەم کەژا
بەشیرینی ھەچ گوڵێ دەم دەکاتەوە
لەم وڵاتە ... (فەرھاد)مان بیر دەکاتەوە

شاعیر ئەفسانەی ڕووداوەکانی "نێرۆن"ی ئیمپڕاتۆری "ڕۆمان" تێکەڵ بە ئەفسانەکەی "شیرین و فەرھاد"ی کوردی دەکات و بەجوانی لە کارەکەی سەردەکەوێت.

کۆچکردن[دەستکاری]

شاعیری نوێکاری کورد و مەقامزانی بلیمەت محەمەد ساڵح دیلان لە ١٩٩٠.١٠.٢٨ دا لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە وێژە و لە ھونەر و کورد و کوردستان کرد و ناو و خزمەتگوزاریی بۆ میللەتەکەی تا ھەتایە بەنەمریی مانەوە [١].

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. [www.xozga.com]