لیۆناردۆ دا ڤینچی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە لێوناردۆ دا ڤینچیەوە ڕەوانە کراوە)
لیۆناردۆ دا فینچی
Leonardo da Vinci
لەدایکبوون
لیۆناردۆ دی سێر پیرۆ دا ڤینچی

١٥ی نیسانی ١٤٥٢
ڤینسی، ئیتالیا
مەرگ٢ی ئایاری ١٥١٩
ئامبۆیس، شانشینی فەڕەنسا
ناسراوە بەچەندین بواری گەورەی زانست و ھونەر.
کارە ناودارەکان
مۆنالیزا
دوا ژەمی ئێوارە
پیاوی ڤیترۆڤی
خانمێک بە ئێرمینێکەوە
بزاڤڕێنیسانسی بەرز

لیۆناردۆ دی سێر پیێرۆ داڤینچی؛ (بە ئیتالی: Leonardo di ser Piero da Vinci) (١٥/١٤ی نیسانی ١٤٥٢ – ٢ی ئایاری ١٥١٩) ماتماتیکزان، ئەندازیار، پسپۆڕی لەششیکردنەوە، وێنە‌کێش، پەیکەرتاش، بیناساز، گیاناس، مۆزیکزان و نووسەری بەناوبانگی خەڵکی ئیتاڵی لە ١٥ی نیسانی ساڵی ١٤٥٢ی زایینی لەدایکبووە و لە ٢ی ئایاری ساڵی ١٥١٩ کۆچی دوایی کردووە. لێوناردۆ زیاتر وەک نموونەی سەرەتایی بنیامی ڕێنێسانس دەناسن، کەسێک وا ھەستی سەرنجوردی ڕاگیرنەکراوی تەنھا بە ھێزی خۆلقێنەری سۆکنا ئەھات. یەکێک لە گەورەترین وێنەکێشەکان دەناسرێت بەڵام بە دڵنیایەوە تاکە بنیامێک بوو تا ئێستا ئەو ھەموو بەھرەی جۆربەجۆری بووە.

زیاتری ناوبانگی لێوناردۆ بۆ کێشانی دوایین شێو و مۆنالیزا بووە.

وەک مناڵێ نایاسایی (زۆڵ)، لە پەیوەندی پیێرۆ داڤینچی و کاترینا ژنێکی دێھاتی لە گوندی ڤینچی سەر بە شاری فلۆڕەنس ھاتە دونیا. لە کارگەی وێنەکێشی بەناوبانگی فلۆڕەنسی وێڕۆچیۆ (Verrocchio)، خەریک کار بوو. زیاتری ژیانی کاری تەمەنی لاوی لە خزمەت لۆدۆڤیکۆ ئیل مۆرۆ (Ludovico il Moro) لە شاری میلان ڕابرد. دواتر لە شارەکانی ڕۆما، بۆڵۆنیا و ڤێنیز کاری کرد و ساڵانی دوایی تەمەنی لە فەڕنسا و لە ماڵێک‌دا ڕابرد کە فڕانسیسی یەکەم وەک خەڵات پێی بەخشی.

لێوناردۆ لە سەردەمی خۆی وەک وێنە‌کێش ناوبانگی ھەبوو و ھەروا ئێستاش.[١] دوودانە لە بەرھەمەکانی وا لە دونیادا ناسراون مۆنالیزا (Mona Lisa)[٢] و دوایین شێو (The Last Supper)، کە بە زیاترین ژمارە لە ڕوویەوە کێشرانەتەوە و کۆپی لێ ھەڵگیراوە.[٣] ھەروەھا ئەمانە بە ئایینی‌ترین تابلۆکانی تەواوی زەمەنەکان دەزانن و تەنھا تابلۆی خوڵقاندنی ئادەم (Creation of Adam) میکێلانجێلۆ (Michelangelo) دەتوانێ بە ناوبانگیان بگاتەوە. وێنەکێشاوەکەی لێوناردۆ بە ناوی پیاوی ڤیتروڤی (Vitruvian Man) وەک شاندەری فەرھەنگ چاو لێ‌دەکرێ و لە سەر ھەموو شتێک لە یۆرۆ (Euro) تاکوو کتێبی دەرس و ت‌یشێرت، دووبارە کێشراوە. بە ھۆی جۆراوجۆر تەنھا ١٥ دانە لە بەرھەمەکانی لە پاش خۆی بە‌جێ ماوھ؛ لەگەڵ ئەو چەند کارە پاشماوە، دەفتەری نووسینە تایبەتییەکانی خۆی کە بە چەندین کێشراوە، دیاگرامی تەکنیکی، وێنە کێشاوەکانی لە سرووشت و ھێندێ لە بیرەوەرییەکانی خۆی تێدابوو، ماوەتەوە، بۆ یارمەتی‌دانی خەڵکانی سەردەمانی دوای خۆی ھەرواکە ھونەرمەندی ھاوسەردەمی مایکڵ ئانجڵۆ وای کرد.

لێوناردۆ بۆ دارا بوونی بەھرەی خوڵقێنەری زۆری ستایش کراوە. ئەو سیمایەک لە ھێلیکۆپتەر، تانک، یەکخەری تیشکی ھەتاو و ژمێرەری[٤] بۆمان کێشاوەتەوە. ھەرەوەھا تیئۆریایەکی ناتەواو لە سەر زانستی ناسینی چینەکانی زەوی خستووەتە بەر دەست. ھەڵبەت ژمارەیەکی کەم لە ئایدیا سەرەکییەکانی کاتی ژیانی خۆی ھاتنە درووستکردن بەڵام ھێندێ لە خۆڵقێنراوە بچووکەکانی وەک قڕقڕییەکی خۆکار و پێکھاتەیەک بۆ تاقی کردنەوەی ئەندازەیی درێژبوونەوەی تەل ھەر ئەو سەردەمە درووست‌کران. وەک زانا و تێگەیشتوویەک بووە ھۆی پێشکەوتنی زانست لە بوارەکانی پێکھاتەی لەش و توێکاری، ئەندازیاری درووستکردنی شار، ھایدرۆدینامیک و ئۆپتیک.

ژیان[دەستکاری]

سەردەمی میر منداڵی[دەستکاری]

خانووەکەی لیۆناردۆ بە مێرد منداڵی لە ئانچیانۆ

لێوناردۆ لە ١٥ ئەپریلی ساڵی ١٤٥٢ زایینی کاتژمێر ٣ دوای نیوشەو لە شارۆچکەی تووسکانی سەربە ڤینچی، بەشی خوارەوەی ڕووباری ئارنۆی ناوچەی فلۆڕەنس لە دایک دەبێ. وەک مناڵی نایاسایی (زۆڵ) مێسێر پیێرۆ فرۆزینۆ دی ئانتۆنیۆ دا ڤینچی (Messer Piero Fruosino di Antonio da Vinci)، بەڵگە‌نامە نووسێکی خەڵکی فلۆڕەنس و بانە خیام کچە دێھاتییەک کە گۆمان دەکرێ کۆیلە و بەکرێ‌گیراوێک لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بووە. لێوناردۆ لە کاتی لە دایک‌بوونی ناوی بنەماڵەیی نەبووھ؛ دا ڤینچی واتە da Vinci مانای of Vinci ئەدات واتە یانی خەڵکی ڤینچی. جا ھەر بۆیە ناوی تەواوی Leonardo di ser Piero da Vinci مانای ئەمەیە: «لێوناردۆ کوڕی سێر پیێرۆ خەڵکی ڤینچی».

سەبارەت بە ژیانی سەردەمی میرمنداڵی لێوناردۆ زانیاری کەم بەدەستەوەیە. ٥ساڵی ھەوەڵی تەمەنی لە گوندی ئانچانۆ (Anchiano) ڕابرد. دوای ئەوە لە ماڵی باوکی، باپیری و مامی فرانچێسکۆ لە شاری وێنیز ژیانی بەسەر برد. باوکی ژنێکی لاوی بەتەمەن ١٦ساڵی ھێنا. گەرچی ئەو ژنە لێوناردۆی منداڵی خۆش‌ئەویست بەڵام ھەر بە لاوی کۆچی دوایی کرد ئەو ژنە. لە ژیانی ئەو سەردەمی لێوناردۆ تاکە دوو ڕوودا باس کراون: کاتێ بەرزە‌حەوایلکەیەک بە ئاسمانەوە بە سەر لانکەکەیدا تێ‌دەپەڕێ دەکەوێتە خوار و پەلی بە ڕوخساری لێوناردۆ دەخشێ و برینداری دەکا. ئەوی تر کاتێکە بۆ سەیران دە‌ڕواتە کوێستان. لەوێ ئەشکەوتێک ئەدۆزێتەوە ئەگەرچی وەک منداڵ دەترسێ لە چوونە ژوورەوە لە تاریکیدا، بەڵام ھەستی کۆڵەرەوەی ھانی ئەدات تا بڕواتە ناوەوە تاکوو بزانێ چی تێدایە.

ژیانی پێشووی لێوناردۆ ھەمیشە جێگەی ئەگەر و مەزەندە بووە. وازاری (Vasari) نووسەر کە لە سەدەی ١٦دا دەژیا و ژیان‌نامەنووسی وێنەکێشەکانی ڕێنێسانس بووە، بۆمان دەڵی کە چۆن پیاوێکی لادێیی داوا لە باوکی لیۆناردۆ دەکات تا کوڕە بەھرە‌دارەکەی لە سەر لەوحێک وێنەیەکی بۆ بکێشێتەوە و لێوناردۆ لە جوابی ئەو داخوازییەدا چەن مار دەکێشێت وا ئاگر لە دەمیان فڕ دەدەنە دەرەوە. باوکی ترس دای‌دەگرێ و بە خێرایی ئەو وێنە دەفرۆشێت بە بازرگانێکی فلۆڕەنسی کەل‌وپەلی ھونەری و ئەویش دواتر دەیفرۆشێ بە دووکی میلان. لە جیاتی لوەحەکە باوکی وێنەیەک لە دڵێک و تیرێک با ناوەڕاست‌دا تێ‌پەڕیو ئەدات بە پیاوی لادێیی.

کارفێرگەی وێرۆچۆ، ١٤٦٦–١٤٧٦[دەستکاری]

لە ساڵی ١٤٦٦دا و تەمەنی ١٤ساڵی، لێوناردۆ ئەبێتە بەردەستی یەکەک لە گەورەترین ھۆنەرمەندانی ئەو ڕۆژگارە بە ناوی ئاندرا دی کیۆن (Andrea di Cione) ناسراو بە وێرۆچۆ (Verrocchio). کارفێرگەی وێرۆچۆ سەنتەری ئەدەب و ھۆنەری شاری فلۆڕەنس بوو و ئەوە زانیاری زۆری خستە بەردەست لێوناردۆی لاو. ئەو وێنە‌کێشە بەناوبانگانەی دی وا لە کارفێرگەکەدا بەش‌دار بوون یا لەوێ بەردەست بوون Ghirlandaio, Perugino, Botticellim و Lorenzo di Credi بوون. لەوێدا لێوناردۆ دەگەڵ لێگەیشتوویانی زۆر ئاشنا بوو و گەلێ شارەزایی تەکنیکی کەوتنە بەرچاوی و وادەی کەڵک وەرگرتن لەوانەی دۆزییەوە؛ لەوانە: زانستی کیمیا، زانستی دەرھێنانی و کار بە ئاسن، گەچ گرتنەوە، کارکردن بە چەرم و دارتاشین بوون و دەگەڵ ھەموو ئەمانە کە تێیدا بووە شارەزا، خۆی وەک نیگارکێش و پەیکەرتاش ناوبانگی بوو.

زۆرینەی بەرھەمەکانی کارفێرگەی وێرۆچۆ بەرھەمی فەرمانبەرەکانی بوو. وەک ئەوەی وازاری بۆمان دەڵێ، ڵئۆناردۆ بۆ کێشانی تابلۆی تەعمیدی مەسیح (Baptism of Christ) بە کێشانی ئەو فریشتە بچکۆلە وا عابای عیسای ڕا گرتووە، یارمەتی وێرۆچۆی ئەدا، بەڵام ئەو کارەی ھێند جوانتر لە وەستاکەی کرد کە وێرۆچۆ قەڵەمی دانا زەوی و چی‌تر وێنەی نەکێشا. ھەڵبەت ئەمە لەوانەیە زیادپێوەنان بێت. لە ھەڵسەنگاندنێکی وردتری وێنەکە، کەڵک وەر گرتن لە شێوازە نوێکانی بەکارھێنانی ڕەنگە چەورەکان، بەرچاوخستنی دیمەنەکانی سرووشت، ئەو بەردانەی لە بن ئاوەکەدا دیارن و ھەروەھا شێوەی ڕاوەستانی عیسا ھەموو بەڵگەن بۆ بەدی کردن دەست و پەنجەی لێوناردۆ لە کێشانی ئەو تابلۆدا.

لە ساڵی ١٤٧٢دا و لە تەمەنی ٢٠ساڵیدا لە لایەن یەکێتیی لووکای پیرۆزەوە بووە خاوەن پلەی وەستایی؛ یەکێتیی لووکای پیرۆز (Guild of St Luke) یەکێتیی ھونەرمەندان و پیزیشکان بوو. بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی باوکی ئەوی لەسە کارفێرگەکەی دانا، پەیوەندی دەگەڵ وێرۆچۆ ئەوەندە زۆر بوو کە درێژەی دا بە ھاوکارییەکانی دەگەڵ ئەو مامۆستایەی.

کۆنترین بەرھەمی خاوەن مێژووی لێوناردۆ، وێنەیەکی بە قەڵەم کێشراوە لە گوندی ئارنۆ (Arno) کە لە ٥ی ئەگۆستی ١٤٧٣دا کێشراوە. گۆمان دەکرێ لێوناردۆ خۆی دووجار بووبێتە مۆدێل بۆ وێنەکێشانی وێرۆچۆ: دانەیەکی بۆ پەیکەری بڕۆنزی داود (David) لە بارگێلۆ (Bargello) و فریشتەی میکائیل لە Tobias and the Angel.

ژیانی پێشکەوتوو، ١٤٧٦–١٥١٣[دەستکاری]

نەخشەی شاری ئیمۆلا بە دەستی لیۆناردۆ داڤینچی

پێشینەی دادگایەک لە ١٤٧٦ نیشان ئەدات لێوناردۆ و ٣پیاوی لاوی دیکە تۆمەتبار کراون بە ھێندی کاری سێکسی پێکەوە، بەڵام دواتر لەو تاوانە ڕزگار دەبن. لەو کاتەوە چی تر پێشینەیەک سەبارەت بە کارەکانی تەنانەت شوێنی بەسەر بردنی ژیانی لەبەر دەست نییە؛ ئەگەرچی وادیارە کە لێوناردۆ لە نێوان ساڵانی ١٤٧٦ تا ١٤٨١ لە شاری فلۆڕەنس خاوەن کارفێرگەی تایبەت بە خۆی بووە. لە ساڵی ١٤٧٨ کێشانی وێنەیەک لە مێحرابی کەنیسەی St Bernard و لە ساڵی ١٤٨١دا کێشانی تابلۆی The Adoration of the Magi بۆ دەیری San Donato پێی سپێردرا. گرێبەستی کێشانی ئەو وێنە گرینگانە کاتێ لێوناردۆ بۆ میلان دەڕوات ھەڵدەوەشێتەوە.

وەکوو وازاری بۆمان باس دەکات، لێوناردۆ لە بواری مۆسیقاشدا بەھرەی سەیری بووھ؛ لە ١٤٨٢دا چەنگێک لە نوقرە بە ڕوخساری سەری ئەسپ درووست دەکات. Lorenzo de’ Medici لێوناردۆ بۆ بردنی ئەو چەنگە وەک خەڵاتی مانەوەی ئاشتی دەنێرێ بۆ شاری میلان لای لۆدۆڤیکۆ ئیل مۆرۆ Ludovico il Moro، دووکی میلان. لێوناردۆ نامەیەک دەنێرێ بۆ لۆدۆڤیکۆ و باسی ئەو ھەموو شتە جیاوازە دەکات کە دەتوانێ فێریان بێت لە بواری ئەندازیاری‌دا و ھەروەھا وەبیری دەھێنێتەوە کە دەتوانێ وێنەش بکێشێت.

لە نێوان ساڵەکانی ١٤٨٢ تا ١٤٩٩ لێوناردۆ لە شاری میلان درێژەی دا بە کارەکانی. لێوناردۆ وەک وێنەکێش بە کار دەگیرێ بۆ کێشانی وێنەی Virgin of the Rocks بۆ ڕێخراوی سگپڕی پاک (Immaculate Conception) و ھەروەھا تابلۆی دوایین شێو (The Last Supper) بۆ کەنیسەی سانتا ماریا (Santa Maria delle Grazie). کاتی بەسەر بردنی ژیان لە میلان لە نێو لیستی بنەماڵەی لێوناردۆ بۆ ماڵیات، ناوی ژنێک وەک کاترینا ھاتووە کە بە مردنی ئەو ژنە و لێکۆڵینەوەی بەڵگەی خەرجی ناشتنی دەر دەکەوێ کە ئەوە دایکی لێوناردۆ بووە.

لێوناردۆ کاری لە سەر زۆر پڕۆژەی جیاواز دەکرد بۆ لۆدۆڤیکۆ، وەک: ئامادەکردنی شانۆ بۆ ھۆڵی ڕۆژە تایبەتەکان، داڕشتنی پیلانێک بۆ درووست‌کردنی گۆمبەز بۆ کەنیسەی گشتی شاری میلان و مۆدێلی ئەسب‌سوارێک بۆ بینای یادبوودی فرانچێسکۆ سفۆرزا (Francesco Sforza)، دووکی پێش لۆدۆڤیکۆ. بۆ درووست کردنی ئەوە ٧٠ تۆن بڕۆنز دارژا لەو شوێنە. ئەو بینای یادبوودە بۆ ماوەی چەن ساڵ ناتەواو مایەوە؛ ھەڵبەت ئەوە شتێکی ئاسایی بوو لای لێوناردۆ. لە ساڵی ١٤٩٢دا مۆدێلی قوڕینەی ئەسپەکە ئامادە بوو. ئەو بینایە لە قەبارەدا لە تاکە دوو بینا گەورەکەی سەردەمی ڕێنێسانس، واتە پەیکەری Gattemelata لە Padua و Bartolomeo Colleoni کاری وێرۆچۆ لە وێنیزدا، پێش کەوت و دواتر بە Gran Cavallo بە مانای ئەسپێ گەورە ناویان نا.

لێوناردۆ دەستی بە وردەکارییەکان کرد لە سەر پلانی داڕشتنی پەیکەرەکە؛ ئەگەرچی مایکەل ئانجێلۆ بڕوای وا بوو ڵێۆناردۆ ناتوانێ ئەو کارە تەواو بکات. لە نۆوەمبری ١٤٩٤دا لۆدۆڤیکۆ ھەموو بڕۆنزەکەی دا تاکوو بۆ درووست‌کردنی تۆپ بەکاری بھێنن بۆ پاراستنی شار لە ھێرشەکانی چارڵزی ھەشتەم (Charles VIII).

لە دەستپێکی شەڕی دووھەمی ئیتاڵی لە ١٤٩٩دا ھێزە داگیرکەرەکانی فەڕنسا مۆدێلە قەبارە تەواوە قوڕینەکەی ئەسب‌سوارەکە وەک نیشانە بۆ مەشقی تۆپ ھاویشتن بەکار دێنن. لەگەڵ لە دەسەڵات لاچوونی لۆدۆڤیکۆ سفۆرزا، لێوناردۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەی سالەی (Salai) و ڕفێقە ماتماتیکەوانەکەی (Luca Pacioli) میلان بۆ وێنیز بە‌جی دەھێڵن. لەوێ وەک ئەندازیار و ئەرچیتەکتی نیزامی بە کار دەگیرێ بۆ بەرخستنی ڕێگەیەک بۆ پاراستنی شارەکە لە ھێرشە دەریایییەکان.

لە ساڵی ١٥٠٠دا لێوناردۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەی دەگەڕێنەوە فلۆڕەنس و دەبنە میوانی Servite monks لە کەنیسەی Santissima Annunziata. لەوێ کارفێرگەیەکیان بۆ ئامادە دەکەن کە چۆن وازاری بۆمان باس دەکات، لێوناردۆ لەوێ‌دا کارتۆنی The Virgin and Child with St. Anne and St. John the Baptist درووست دەکات کە دەبێتە جێگەی سەرسووڕمانی ھەموان و خەڵک بە گەنج و پیرەوە لە ژن و پیاو بۆ سەیری کۆ دەبنەوە. لە ساڵی ١٥٠٢دا لێوناردۆ دەبێتە فەرمانبەری قەیسەر بۆرجا (Cesare Borgia) کوڕی پاپ ئەلەکساندری شەشەم (Pope Alexander VI) و وەک ئەندازیار و پسپۆڕ و ئەرچیتەکتی نیزامی کاری بۆ دەکات و بۆ ئەوەش تەواوی ئیتاڵی بە سەفەر بە سەر دەکات. لە ئۆکتەبری ١٥٠٣دا دەگەڕێتەوە فلۆڕەنس و دیسان ئەبێتە ئەندامی یەکێتیی لووکای پیرۆز (St Luke) و دوو ساڵ کات تەرخان دەکات بۆ کێشانی وێنەیەک لە سەر دیوار بە ناوی (The Battle of Anghiari) بۆ Signoria و دەگەڵ مایکەل ئانجێلۆ (Michelangelo) پێکەوە The Battle of Cascina دادە‌ڕێژن. لە ساڵی ١٥٠٤دا ئەندامی ئەو گرووپە بوو وا دەیانویست شوێنی پەیکەری داود (David)، دژی خواستی خولقێنەرەکەی مایکەل ئانجێلۆ، بگۆڕن.

لە ساڵی ١٥٠٦دا گەڕاوە شاری میلان. زۆرتری شاگردە سەرکەوتووەکانی لێوناردۆ یان شوێنگرەکانی ڕەگەکەی، ئەوانەی دەیانناسی یان کاریان دەگەڵ کردبوو لە شاری میلان بریتی بوون لە: Bernardino Luini, Giovanni Antonio Boltraffio و Marco D'Oggione. ئەگەرچی زۆر لە میلان نەمایەوە، لەبەر ئەوەی باوکی لە ١٥٠٤دا کۆچی دوایی کردبوو و لە ١٥٠٧ گەڕایەوە فلۆڕەنس تا تێبکۆشێ گرفتەکانی دەگەڵ براکانی لەسەر پاشماوەکانی باوکیان چارە‌سەر بکات. لە ساڵی ١٥٠٦دا گەڕایەوە میلان و لە ماڵی خۆی لە Porta Orientale و لە بەشی Santa Babila درێژەی بە ژیان دا.

دوایین خوان (١٤٩٨)—, میلان، ئیتاڵی

ڕۆژگاری پیری، ١٥١٣–١٥١٩[دەستکاری]

لێوناردۆ زیاتری کاتی خۆی لە ساڵانی ١٥١٣ ھەتا ١٥١٦ لە Belvedere لە واتیکان لە ڕۆما بەسەر برد. ئەو شوێنەی ڕافائێل Raphael و مایکەل ئانجێلۆ ھەر لەو کاتەدا خەریک تێکۆشان بوون تێیدا. لە تشرینی یەکەمی ١٥١٥دا فرانسیسی یەکەمی فەڕنسا میلانی داگیر کردەوە. لە نۆڤەمبری ھەر ئەو ساڵەدا لە دانیشتنێک بۆ چاو پێ‌کەوتنی فرانسیس دەگەڵ پاپ لێوی دەھەم Pope Leo X، لە شاری بۆلۆگنا، لێوناردۆش ئامادە بوو. لێوناردۆ بۆ درووست‌کردنی شێرێکی مەکانیکی بە کار گیرا کە بتوانێ بۆ پێشەوە ھەنگاو ھەڵگرێت و سینگی بکرێتەوە و باخەیەک گوڵی سوێسنی لێ بێتە دەر بۆ فرانسیسی پاشا. لە ١٥١٦دا لێوناردۆ ئەبێتە ئەندامی ھێزەکانی فرانسیسی یەکەم و ھەر بۆیە بەرچاوی پاشا دەکەوێت و ماڵێکی وەک کۆشکی پێ دەدرێ لە Clos Lucé و ھەروا ٣ ساڵی دوایینی تەمەنی لەوێدا بەسەر کرد. لەو ساڵانەدا سەرجەم ١٠٬٠٠٠سکوودی مووچە لە پاشا وەرگرت.

لێوناردۆ لە ٢ی مەی ١٥١٩دا لە Clos Lucé کۆچی دوایی کرد. فرانسیسی یەکەم، پاشای ئەو کات، ببوە ھاوڕێی نزیکی، تەنانەت وەک ئەوەی وازاری پێمان دەڵێ، کاتی مردن، لێوناردۆ سەری لە باوش پاشادا بوو؛ ئەگەر چی ئەمە لە لایەن ھونەرمەندان بە تایبەت فەڕنسییەکان بۆ کارە ھونەرییەکان زۆر پێشوازی لێ‌کراوە، بەڵام ئەمە زیاتر لە ئەفسانە دەچێ تاکوو ڕاستی. ھەر وازاری دەڵێ کە لێوناردۆ لە ڕۆژانی کۆتایی تەمەنی دەنێرێ بە شوێن پیاوی ئایینی‌دا تاکوو ددان بنێتە سەر ھەڵە‌کانی ژیانی تاکوو پاکی پیرۆز وەربگرێت. لێوناردۆ لە کەنیسەی Saint-Hubert لە قەڵای Amboise ناژرا. بە ئارەزووی خۆی تاکە ٦ سواڵکەر دەگەڵ تابووتەکەی ڕێگەیان پێوا. مێلزی ھاوڕێ نزیکەکەی، بووە جێبەجێکەری کارەکان دوای مردنی و ھەروا میراتگری، بۆیە پووڵ، وێنەکان، ئامێرەکان، کتێبخانە و بەرھەمە تایبەتییەکانی لێوناردۆ پاش مردنی کەوتە لای ئەو. لێوناردۆ بۆ نزیکەکانی ھەرکام شتێکی میرات دانابوو. بۆ سالای شاگرد وا کاتێکی زۆریان پێکەوە بە سەر برد و وەک ھاوڕێی بوو ھەروا پێش‌خزمەتەکەی باتیستا Battista di Vilussis ھەریەک نیوەی باخی مێوێکیان میراتی دانا. بۆ براکانی زەوی و زارێکی زۆر و تەنانەت بە ژنە خزمەتکارەکەی عابایایەکی بەنرخی بەخشی‌بوو.

پەیوەندی و کاریگەرییەکان[دەستکاری]

کەسایەتی ھونەری و پێشینەی کۆمەڵایەتی لێوناردۆ لە فلۆڕەنس[دەستکاری]

کاتێ لێوناردوو بووە شاگردی کارفێرگەی وێرۆچۆ ھاوکات بوو دەگەڵ تەواو بوونی سەردەمی ھوونەرمەندانی گەورەی وەک دۆناتیلۆDonatello مامۆستای ویرۆچۆ، وێنە‌کێش ئۆچێلۆUccello، پیێرۆ دێلا فرانچێسکا Piero della Francesca، فرا فیلیپۆ لیپی Fra Filippo Lippi، پەیکەرتاش لووچا دێلا ڕۆبا Luca della Robbia و نووسەر ئالبێرتی Alberti. سەردەمی داھاتوو تایبەت بوو بە وێرۆچۆ مامۆستای لێوناردۆ، ئانتۆنۆ پۆلیۆلۆ Antonio Pollaiuolo و پەیکەرتاش مینا دا فێزۆلێ Mino da Fiesole. سەردەمی لاوی لێوناردۆ لە فلۆڕەنسێک‌دا تێ‌ئەپەڕی وا ڕازاوە بوو بە بەرھەمەکانی ئەو ھونەرمەندانە، وەک ماساچۆ Masaccioھونەرمەندی ھاوسەردەمی دۆناتێلۆ و ئەو کەسەی کێشانی ڕۆخسارەکانی لە سەر دیوار بە‌کار گرت و بە ڕیالیزم و ھەستۆکی ڕازانییەوە، ھەروەھا گیبێرتی Ghiberti کە تابلۆی دەروازەی بەھەشتی Gates of Paradise کێشا و توانی وردەکارییەکان بخاتە بەرچاو و شێوازە جیاوازەکان پێکەوە بە کار بگرێت. پیێرۆ دێلا فرانچێسکا Piero della Francesca ئەو کەسەی وا بە وردی کاری لەسەر پێرسپێکتیڤ کرد و یەکەمین وێنەکێش بوو کە خوێندنی زانستی لەسەر بەکارھێنانی ڕووناکی کرد. ئەو زانیاریانە و ھەروەھا نووسراوەکای ئالبێرتی کاریگەری بوو لە سەر لاوانی بەھرەداری ئەو سەردەمە و بەتایبەت لەسەر لێوناردۆ، ڕوانگەی و کارە ھۆنەرییەکانی.

وەسفی ماساچۆ لە ڕوخساری شێواو و ڕووتی ئادەم و حەوا کاتی جێ‌ھێشتنی بەھەشت، دیمەنێکی خستە بەرچاو لێوناردۆوە تا لە ڕووناکی و سێبەر کەڵک وەربگرێ بۆ نیگارکردنی قەبارەی جیاوازی بنیامەکان بە شێوازێک کە بە کەڵکی چەرخی فێرکردنی وێنەکێشانەی بێت. کاریگەری بیرۆکەی ئینسانی کارەکانی دۆناتێلۆ بەتایبەت داود لەسەر ئەو وێنانەی لێوناردۆ دواتر کێشای بە جوانی دیارە بە تایبەت لە John the Baptist.

کەلپوورێکی باو لە فلۆڕەنس لەو سەردەمەدا بەکار ھێنانی وێنە یان پەیکەرەی بچکۆبۆ مێحراب بوو. لە کارفێرگەی فیلیپۆ لیپی Filippo Lippi، وێرۆچۆ Verrocchioو ھەروەھا خێزانی بە بەھرەی دێلا ڕۆبیا della Robbia ژمارەیەکی زۆر لەوانە لە شوشە و لە قوڕی سپی درووست‌دەکران. لە وێنەکانی لێوناردۆ لە مرییەمی پیرۆز وا لە سەردەمی زوودا کێشراون وەک The Madonna with a carnation و The Benois Madonna، شوێنی ئەو کەلپوورە دەبیندرێت کاتێ بەتایبەت جەخت لەسەر تاکە‌کەس دەکات و بەتایبەت سەبارەت بە The Benois Madonna، مرییەمی پیرۆز لار کێشراوە بە نیسبەت مناڵی عیساوە لە بەرامبەری‌دا. ھەر ھەمان شێواز لە وێنەکانی دواتری وەک Virgin and Child with St. Anne دەبیندرێت.

لێوناردۆ دەگەڵ بووتیچێلی Botticelli، گیرلاندۆ Ghirlandaio و پێروجینۆ Perugino ھاوچەرخ بوو، ئەگەرچی لە چاو ئەوان نەختێک کەم‌تەمەن‌تر بوو. لێوناردۆ لە کارفێرگەی وێرۆچۆ ئەوانی ناسی و پێکەوە کاریان کرد و ھەر وا لە قۆتابخانەی مێدیچی Medici. بووتیچێلی خۆشەویستی بنەماڵەی مێدیچی بوو، ھەر بۆیە سەرکەوتنی وەک وێنەکێش گەرەنتی بوو. ئەوان زۆر بەباشی ئەو کارانەی وا پێیان سپێردرابوو لە لایەن کڕیارە بەناوبانگەکانەوە، تەواویان دەکرد و ستایش دەکران بۆ ئەوانە؛ گیرلاندۆ بۆ توانای نیگارکردنی دەوڵەمەندی ھاووڵاتییە فلۆڕەنسییەکان لە دیوارکێشراوەیەکی گەورەی ئایینی و پێروجینۆ بۆ توانای نیگارکردنی فریشتەکان و پیرۆزەکان، جوانی و پاکیان لە دیوارکێشراوەدا.

تابلۆ[دەستکاری]

سەرەڕای ئەوھەموو سەرسامی و ناوبانگەی کە لیۆناردۆ وەک زانایەک و داھێنەرێک بە دەستی ھێنا، بۆماوەی زیاتر لە ٤٠٠ ساڵ وەک وێنەکێشیش ناوبانگێکی گەورەی پەیداکرد. ژمارەیەک لەو تابلۆیانەی کە داڤینشی بە خاوەنی ساغ بۆتەوە یاخود دراونەتە پاڵ ئەو، بە مەزنترین شاکارەکان دانراون. ئەم تابلۆیانەش ناسراون و بەناوبانگن بەھۆی کوالێتییەکانیانەوە کە لە لایەن چەندین زانا و ڕەخنەگری جیھانی گفتوگۆی لەسەر کراوە و چەندین قوتابیش دووبارە وێنەیان کێشاوەتەوە. لە نەوەدەکانی سەدەی پانزەھەمدا، لیۆناردۆ ئیدی بە «نیگارکێشی ئاسمانی» ناسرابوو.

ئەو کوالێتیانەی کەوا لە تابلۆکانی لیۆناردۆ دەکات کە دانسقە دەربکەوێت، بریتین لە بەکارھێنانی بیرۆکە و ڕێگەی نوێ بۆ ڕەنگکردن و ھەبوونی زانیاری تەواو لەسەر توێکاریی، ڕووناکی، ڕووەکناسی، زەوی ناسی و حەز کردنی بەزانستی ھەڵسەنگاندنی کەسایەتی لە ڕێی خوێندنی زمانی جەستە و شێوازی بەکارھێنانی ھەستەکان بۆ دەربڕین، ھەروەھا بەکارھێنانی نوێگەری لە پیشاندانیشێوەی مرۆڤ لە داڕشتن بەبەکارھێنانی خوازەی (ھێمایی) و بەکارھێنانی پلەکاری وردی تۆنەکان.

ئەم ھەموو کوالێتیانە بەیەکەوە لە تابلۆکانی مۆنالیزا (Mona Lisa) و کۆتا ژەم (The Last Supper) و بەردە بێگەردەکان (Virgin of the rocks) بە دیار دەکەوێسەرەتای کارەکانی

لیۆناردۆ دوای کێشانی تابلۆی تەعمیدی مەسیح (Baptism of Christ) بە ھاوکاری ڤێرۆکیۆVerrocchio)) توانی سەرنجی خەڵک بۆ خۆی ڕابکێشیت، دوو لە تابلۆکانی لیۆناردۆ لە گەلەری ڤێرۆکیۆ بە دیاردەکەوێ کە ھەردووکیان لە تابلۆی موژدەن (Annunciations)، تابلۆی موژدە یەکێکە لە کارە تەواو بووەکانی لیۆناردۆ.

یەکێک لە تابلۆکان بچووکە، درێژییەکەی ٥٩ سانتیمەترە و بەرزییەکەشی ١٤ سانتیمەترە، لۆرینزۆ دی کریدی (Lorenzo di credi) توانی ئەم تابلۆیە بە قەبارەیەکی گەورەتر دروست بکات، ئەمەش وای کرد لەتابلۆکەی لیۆناردۆ جیاوازتر دەربکەوێ. تابلۆکەی دووەم زۆر لە تابلۆی یەکەم گەورەترە کە درێژییەکەی دەکاتە ٢١٧ سانتیمەترە. لیۆناردۆ لە ھەردوو تابلۆکەدا ھاوشێوەی دوو تابلۆ بەناوبانگەکەی فرا ئەنگلیکۆ (Fra Angelico) ڕێکخستنی یاسایی بەکارھێناوە، دەربارەی ھەمان بابەتە کە تێیدا حەزرەتی مریەم کڕنوش بۆ لای ڕاست دەبات و فریشتەیەکیش لە لای چەپەوە بە جلێکی بریسکەدار و بە چەپکێک لە گولشرە و باڵە بەرزکراوەکانی لێی نزیک دەبێتەوە.

لە تابلۆ بچووکەکەدا ماری چاوی خۆی سوڕاندووە و و دەستی لە ناو دەستییەتی کە ئەوەش بە واتای ملکەچ کردن بۆ ویستی خودا دێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە تابلۆ گەورەکە وا دەردەکەوێت کە کچێک لە خوێندنەوە ڕاوەستابێ بەھۆی ھاتنی پەیامنێرێکی لەناکاو، کچەکە پەنجەی خستۆتە سەردێڕی ناو کتێبی بابلەکەی بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی ڕاوەستانی خوێندنەوەی، وە دەستێکیشی بەشێوەیەک بەرزکردۆتەوە کە مانای سڵاو کردن یاخود شۆکبوون دەگەیەنێت، وا دەردەکەوێ کە ئەم ئافرەتە گەنجە بە متمانەوە ڕازی ببێت بە ڕۆڵی خۆی وەک دایکێکی خودایی. لەم تابلۆیە لیۆناردۆ ڕووە مرۆڤایەتییەکەی حەزرەتی مریەم و ڕۆڵی مرۆڤایەتی لە بەرجەستەبوونی خودا پیشان دەدات

تابلۆکانی ١٤٨٠کان[دەستکاری]

لە ساڵی ھەزار و ھەشتسەدەکان، لیۆناردۆ دوو نوێنەرایەتی وەرگرت و دەستی بە کارێکی نوێ کرد کە لە، بەڵام دوو لە کارەکانی بە ناتەواوی بە جێ مایەوە، سێیەمیشیان ماوەیەکی زۆری خایاند بە شێوەیەک کە ببوە ھۆی درووستبوونی دانوستانێکی دوور و درێژ دەربارەی کاتی تەواو بوون و پارەدانی.

(Saint Jerome in the wilderness یەکێکە لە تابلۆ تەواونەکراوەکانی لیۆناردۆ، کە پەیوەندی بە ماوەیەکی سەختی ژیانییەوە ھەیە، ھەروەکو لە پەڕاوی بیرەوەرییەکانی خۆیدا لە بارەیەوە دواوە و دەڵێت: (وامزانی فێری ژیان دەبووم، بەڵام دەرکەوت کە تەنھا فێری مردن دەبووم). ھەرچەندە دەست پێکردنی تابلۆکە ئاوا ئاسان نەبوو، بەڵام لە ڕووی پێکھاتەکەی دیارودەگمەنە، لە ناوەڕاستی وێنەکەدا جیرۆم وەک کەسێکی پەشیمان دەردەکەوێت کە تێیدا بە شێوەیەکی نیمچە لاکێشە کڕنۆشی بردووە و قۆڵیکیشی بۆ دەرەوەی تابلۆکە درێژ کردۆتەوە و بە چاوە زەقەکانی سەیری ئاڕاستەی پێچەوانە دەکات.

ھەروەھا لە بەردەم خۆشیدا شێرێک لە کەلێنی خوارەوەی وێنەکە دەردەکەوێت کە لەش و کلکی دوو ھێندە پێچاو پێچ کردۆتەوە، تایبەتمەندییەکی دیاری تری وێنەکە بریتییە لە ھەبوونی وشکانییەکی پڕ لە بەردی سەروولێژ کە وێنەی سێبەری ھەیە، J. Wasserman پەیوەندی نێوان لێکۆڵینەوەکانی لیۆناردۆ دەربارەی شیکردنەوەی لەش و ئەم تابلۆیە دیاریدەکات[٥]

شێوەی پێکھاتە و دیمەنی سرووشتی و کێشەی تاکەکەسی بە شێوەیەکی بوێرانە لە کارەھونەرییە تەواونەکراوەکەی لیۆناردۆ «خۆشەویستی سیحربازان» Adoration of Magi دەردەکەوێت، تابلۆکە لە ڕووی پێکھاتەوە ئاڵۆزە و قەبارەکەشی ٢٥٠×٢٥٠ سانتیمەترە. لیۆناردۆ چەندین وێنە ی کێشاوە و ئامادەکاریشی دەربارەی ھیڵە وێرانبووەکانی تەلارسازییە کۆنەکان خوێندووە، ئەمەش یەکێکە لە بنچینەکان. لە ساڵی ١٤٨٢ لیۆناردۆ لە سەر داواکاری لۆرینزۆ دی مێدیجی Lorenzo de’ Medici ڕۆیشت بۆ میلان بۆ ئەوەی لەگەڵ لۆدۆڤیکۆ سفۆرزا Ludovico Sforza کاربکەن، ھەر بۆیەش تابلۆکەی بە ناتەواوی مایەوە.

سێیەمین لە کارە گرنگەکانی لیۆناردۆی ئەم سەردەمە تابلۆی (بەردە بێگردەکان) ە، کە بە ھاوکاری برایانی دی پرایدسde Predis تەواو کرابوو، ئەم تابلۆیە لە میلان بۆ کۆمەڵگەی ئاینی (پەتی بێگەرد) ڕاسپێردرابوو بە مەبەستی پڕکردنەوەی تابلۆ ئالۆزەکانی پشت میحراب، لیۆناردۆ بریاری کێشانی وێنەیەکی خەیاڵی دەربارەی ساتی منداڵی مەسیح دا کە لە وێنەکەدا یەحیای لە ئاوھەڵکێشاوە، لە خزمەتی فریشتەیەکدا دەردەکەوێ کە لە سەر ڕێگەیدا بۆ میسر چاوی بە خیزانێکی پیرۆز دەکەوێت.[٦]

تابلۆکە جوانییەکی سەیری ھەیە، کە تێیدا ھەموو کارەکتەرە جوانەکان لە ناو دیمەنێکی جوانی بەردە بەربووەوەکان و ئاوە خولاوەکان کڕنوش بۆ خۆشەویستی مەسیحی ساوا دەبەن، ھەرچەندە تابلۆکە تا ڕادەیەک گەورەیە، قەبارەکەی نزیکەی ٢٥٠*١٢٠ سانتیمەرە بەڵام ھێشتا بەقەد تابلۆ داواکراوەکەی monks of of st Donato ئاڵۆز نییە، لە جیاتی بوونی پەنجا شێوە تابلۆکە تەنھا پێنج شێوە لە خۆ دەگرێت و لە جیاتی ھەبوونی وردەکاری تەلارسازی، تابلۆکە دیمەنی بەردەڵانی ھەیە، لە ڕاستیدا دوو جۆری ئەم تابلۆیە تەواوکرا، یەکێکیان لە پەرستگەی کۆمەڵگەی ئاینی دانرا، لیۆناردۆ ئەوی تریشیانی بردە فەڕەنسا، تا سەدەی داھاتوو ھیچکام لە براکان تابلۆکانی خۆیان وەرنەگرتۆتەوە و ھیچکام لە دی پرایدسەکان پارەی خۆیان وەرنەگرتۆتەوە.[٧]

تابلۆکانی ١٤٩٠کان[دەستکاری]

تابلۆی کۆتا ژەم بەناوبانگترین تابلۆی لیۆناردۆیە کە بەرھەمی ساڵی (١٤٩٠)ەکانە و بۆ دێری سەرمێزی Santa Maria della Grazie لە میلان درووست کرابوو، ئەم تابلۆیە باسی کۆتا ژەمی لیۆناردۆ لەگەڵ شاگردەکانی دەکات پێش دەستگیرکردنی و مردنی. تابلۆکە لە ڕووی ماناوە زۆر شت پیشان دەدات، بۆ نمونە ئەو کاتە نیشان دەدات کە حەزرەتی مەسیح دەڵیت: (یەکێک لە ئێوە ھەر خیانەتم لێدەکات) و ئەو ترسە پیشاندەدات کە بە ھۆی ئەم وتەیەی مەسیحەوە درووست بووە.[٨]

مەتۆ بەندیلۆی ڕۆماننووس لە کاتی کارکردندا تێبینی لیۆناردۆی دەکرد، گوتی کە ڕۆژ ھەبوو لیۆناردۆ بە بێ وەستان و پشوو وەرگرتن بۆ نانخواردن لە شەوەوە ھەتا بەیانی خەریکی وێنە کێشان بوو، پاشانیش بۆ سێ یان چوار ڕۆژ لە وێنە کێشان دەوەستا، مەتۆ بەندیلۆ بەردەوام بوو لە بەشوێن کەوتنی لیۆناردۆ، ئەمەش شتێک بوو سەرۆکی دەزگای پەرستگەکە لێی تێنەدەگەیشت، ھەربۆیە لیۆناردۆ داوای لە لودۆڤیجۆ کرد کە دەربارەی ئەم بابەتە شتێک بکات.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Vasari, Boltraffio, Castiglione, "Anonimo" Gaddiano, Berensen, Taine, Fuseli, Rio, Bortolon.
  2. ^ John Lichfield, The Moving of the Mona Lisa ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., The Independent, 2005-04-02 (accessed 2012-03-09)
  3. ^ Vitruvian Man is referred to as "iconic" at the following websites and many others:Vitruvian Man, Fine Art Classics ٩ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., Key Images in the History of Science; Curiosity and difference; The Guardian: The Real da Vinci Code
  4. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 29ی Mayی 2011. Retrieved 19ی Augustی 2013. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help) ٢٩ی ئایاری ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ "Louvre exhibit has most da Vinci paintings ever assembled". Aleteia. 1 December 2019. Retrieved 1 December 2019.
  6. ^ Nicholl, Charles (2005). Leonardo da Vinci: Flights of the Mind (1st ed.). Penguin. p. 502. ISBN 978-0-14-029681-5.
  7. ^ Heaton, Mary Margaret (1874), Leonardo da Vinci and his works, Kessinger Publishing, Whitefish, MT, 2004, p.  204: "The skeleton, which measured five feet eight inches, accords with the height of Leonardo da Vinci. The skull might have served for the model of the portrait Leonardo drew of himself in red chalk a few years before his death."
  8. ^ Italie, Hillel (7 January 2018). "NonFiction: Biography honors 'fun, joyous' sides of genius da Vinci". Richmond Times-Dispatch. Associated Press. p. G6.