لڤین (کۆوار)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە لڤین (گۆڤار)ەوە ڕەوانە کراوە)
گۆڤاری لڤین
Lvin Magazine
سەرنووسەر ئەحمەد میرە
دەستەی نووسەران ژیار محەممەد ، ڕاوێژ کامەران ، هێمن باقر ، سۆرانی مامە حەمە (فەخری)
وێنەگران ژیار محەممەد ، ڕاوێژ کامەران
بوارەکان سیاسەت ، کۆمەڵایەتی
٧ ڕۆژ جارێک
کۆمپانیا کۆمپانیای لڤین پرێس
وڵات  عێراق
شوێن سلێمانی - گەڕەکی عەلی ناجی
زمان کوردی
ماڵپەڕ http://www.lvinpress.com

گۆڤاری لڤین گۆڤارێکی سەربەخۆ و ئازاد و ئەھلییە، پشت بە داھاتی خۆی دەبەستێت لە ڕێگەی بەشداریکردن لە پڕۆسەی بەرھەمھێنان و قازانجەوە. جەختیش لەسەر بەدواداچوونی ڕووداو و گۆڕانکارییەکان دەکاتەوە و گەیاندنی زانیاریی ورد و دروست بە شێوەیەکی بێلایەن و بە پەیڕەوکردن لە بنەماکانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی، بە ئامانجی بەشداریکردن لە پڕۆسەی کامڵکردنی چەمکی (ھاوڵاتیبوون) و چەسپاندنی سیستەمێکی دیموکراسی و شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە دەوڵەتی و حکومی و تایبەتییەکاندا.

لڤین خاوەنی ھیچ ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت نییە و بەشێکیش نابێت لە گومانەکانی ھیچ ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت. کارەکەی ئەوەیە بە خەڵک بڵێت چی ھەیە، ھەرگیز بە خەڵک ناڵێت چی بکەن.

لە ساڵی ٢٠٠٩ ستافی گۆڤاری لڤین ھەڵسان بە دامەزراندنی دامەزراوەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ناوی لڤین و گۆڤاری لڤین بووە بەشێک لە دامەزراوەکە. دامەزراوەی لڤین سەرەڕای گۆڤاری لڤین، گۆڤاری لڤینی نوێ و پێگەی لڤینیش دەگرێتەوە.

سەرەتای دامەزراندن[دەستکاری]

لە سەرەتادا دەرکردنی گۆڤاری لڤین پڕۆژەی کۆمەڵێک گەنجی ڕۆژنامەنووس بوو بە ھاوکاری سەنتەری چالاکی لاوان لە شاری سلێمانی دەردەچوو. گۆڤاری لڤین بابەتی گشتی و ھەمەڕەنگی بڵاودەکردەوە لە بوارەکانی (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ھونەری، ئەدەبی، زانستی ...ھتد) و مانگانە لە سەرجەم کوردستان بڵاودەکرایەوە لە شارەکانی (ھەولێر، دھۆک، سلێمانی).

یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٢ مانگانە بە تیراژی ٢٠٠٠ دانە دەردەچوو و بەشێوەیەکی سنوردار بڵاودەکرایەوە، بەڵام لە سەرەتای دەرچوونییەوە توانی سەرنجی خوێنەرانی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ھەر زوو خوێنەرێکی زۆر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، ئەمەش بووە ھۆی بەرزبوونەوەی تیراژی گۆڤارەکە، تا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٥دا تیراژی گۆڤارەکە لە ١٥٠٠٠ دانە دانە تێپەڕی و لە شارەکانی (ھەولێر و دھۆک و کەرکووک و سلێمانی) بڵاو دەکرێتەوە و توانی وێب سایتێکی تایبەت بەخۆی دابنێت بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکان و ھەواڵی ڕۆژانە.

دواتر تیراژی گۆڤارەکە بەرز بۆوە بۆ ٢٠٠٠٠ دانە. لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ دوو ژمارەی لە مانگێکدا لێ دەردەچوو، پاشان سێ ژمارەی لە مانگێکدا لێ دەردەچوو و ئێستا ١٠ ڕۆژ جارێک ژمارەیەکی نوێی بڵاو دەکرێتەوە، لە مانگەکانی سەرەتای ٢٠٠٩وە تاوەکو ئێستا بە تیراژی ٢٥٠٠٠ دانە وبە شێوەیەکی یەکجار بڵاو لە سەرجەم بازاڕ و شار و شارۆچکەکانی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.

لڤین لە ماوەی کارکردنیدا بەھۆی بابەت و ناوەڕۆکە بەپێزەکانیاوە چەندین جار لە یەکەم ڕۆژی دەرچوونیدا ژمارەی لە بازاردا نەماوە و بووەتە ھۆی ئەوەی جارێکی تر لەچاپ بدرێتەوە یان بەشێوەیەکی نایاسایی ئەو ژمارە کەمانەی لەبازاردا ماوە لەلایەن کتێبفرۆشەکانەوە نرخیان بۆ ١٠ ھێندە بەرزکراوەتەوە.

لە ڕاپرسییەکاندا[دەستکاری]

لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە گۆڤاری لڤین ڕێچکەیەکی تایبەتی خۆی وەرگرت لەناو ڕۆژنامەگەری کوردی و ھەموو بابەتەکانی تایبەتکرد بە بابەتی سیاسی و بووە پێشەنگی گۆڤاری کوردی لە بواری لێکۆڵینەوە و دیمانەی سیاسی و توانی لە چەندین ڕاپرسیدا بە پلەی یەکەم بێت، لە ساڵی ٢٠٠٧ گۆڤاری لڤین، لە ڕاپرسییەکی بەشی میدیای ڕێکخراوی ICSPی ئەمریکی بە پڕخوێنەرترین گۆڤاری کوردستان دەرچوو. لە دوایین ڕاپرسیدا کە ڕێکخراوی کوردستان بۆ پرسیە سیاسییەکان ئەنجامی داوە و لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە، گۆڤاری لڤین وەکو ڕاستگۆترین گۆڤاری کوردستان دەرچووە.

ئامانج و بنەمای کار[دەستکاری]

گۆڤاری لڤین بە شێوەیەکی گشتی لە خزمەتی ئەم ئامانجانەی خوارەوەدایە و پەیڕەوی لەم بنەمایانە دەکات:

  • دروستبوون و گەشەپێدانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و ئازاد لە کوردستاندا.
  • بڵاوکردنەوەی زانیاری ورد و دروست لەبارەی ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەوە کە پەیوەندییان بە ژیانی ھاوڵاتیانەوە ھەیە.
  • پابەندبوون و پارێزگاریکردن لە ستراتیژی نەتەوەیی گەلی کوردستان لە ھەر شوێنێکی دونیادا بێت، بەبێ تێوەگلانی بە بیری شۆڤێنیزم.
  • دروستکردنی ئەوپەڕی ڕادەی شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی ئیدارە و سیاسەتدا لە ھەرێمی کوردستان.
  • چاودێریکردنی دامەزراوە دەوڵەتی و حکومییەکان لە ئاست ئەو ئەرکانەی دەکەوێتە ئەستۆیان بەرامبەر بە ھاوڵاتیان.
  • بەرجەستەکردنی بەھاکانی دیموکراسی و مرۆڤسالاری و فراوانکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ.
  • ھۆشیارکردنەوەی جەماوەر لە ھەموو ئەو شتانەی کە دەبنە مەترسی بۆ سەر سیستەمی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و بەھەدەردانی سامانی نەتەوەیی.
  • پابەندبوون بە بنەماو پرەنسیپەکانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانییەوە، بەتایبەتی بەندەکانی بەڵێننامەی شەرەفی ڕۆژنامەوانی، کە گۆڤاری لڤین وەک پەیڕەوی تایبەتی خۆی، قبوڵی کردووە.

لقەکانی لڤین[دەستکاری]

گۆڤاری لڤین کەتایبەت کراوە بە بواری سیاسی چەندین گۆڤاری بچووکی تری تایبەت بە بواری تری لێکەوتووە لەوانە

  • لڤینی نوێ
  • زانستی نوێ

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوە[دەستکاری]

  1. لڤینپرێس، دەربارە

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]