فریدریش ھۆڵدەرلین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
فریدریش ھۆڵدرلین

یۆھان کریستیان فریدریش ھۆڵدرلین (٢٠ی ئازاری ١٧٧٠ - ٧ی ئایاری ١٨٤٣) بە یەکێک لەناودارترین شاعیرە بەناوبانگەکانی مێژووی ئەدەبی ئەڵمانی دەژمێردرێت. لە ٢٠ی ئازاری ١٧٧٠ لەدایک بووە و، لەچەند قوتابخانەیەکی ئایینی وانەی خوێندووە. لەسەر خواستی دایکی کە ئافرەتێکی ئایین پەروەر بووە، ساڵی ١٧٨٨ پەیوەندیی کردووە بە پەیمانگای ئایینیی شاری تۆبنگن بۆ خوێندنی زانستی لاھووت، بەڵام زۆر پەیوەست نەبووە بە خوێندن و خووی داوەتە خویندنەوەی بابەتی وێژەیی.

ھۆڵدرلین وازی لە وتاربێژیی ئایینی ھێناوە و وەکو مامۆستای تایبەتی بژێویی ژیانی خۆی پەیدا کردووە. لەساڵی ١٧٩٦، وەکوو مامۆستای تایبەتی لە ماڵی یاکوب گۆنتارد لە شاری فرانکفورت کاری کردووە و حەزی لە زۆزێت گۆنتاردی دایکی قوتابییەکەی خۆی کردووە و لەچیرۆکەکانیدا بەرجەستەی کردووە، بەڵام دوای ئەوەی پەیوەندیەکەیان ئاشکرا بووە، ناچار بووە ئەو ماڵە بەجێ بھێڵێت.

ھۆڵدرلین لە شیعرەکانیدا ستایشی نمونەی مرۆڤایەتیی ئەغریق و جوانی و خۆشەویستی و ئازادی و ھاوڕێیەتی دەکات و، ناوەڕۆکی نووسینە شیعریەکانی لە سروشت و جوانی پێک ھاتووە، لەسەر ڕێبازی شیعری کلاسیکی بووە و، تێکەڵکێشی لە نێوان خواوەند و مرۆڤ و سرووشتدا کردووە، بەڵام کارەکانی تاکوو سەدەی بیستەمین ھیچ بایەخێکیان پێ نەدراوە.

دوای ئەوەی زۆزێت گۆنتاردی خۆشەویستەکەی مردووە، فریدرش ھۆڵدرلین تووشی نەخۆشیی دەمارگیری بووە و بردوویانە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تۆبینگن و دەستنیشانی نەخۆشیەکەیان کردووە بە نەخۆشیی مێشک و ھەتاکوو دوا ساتەکانی ژیانیشی دارتاشێک گرتوویەتیە ئەستۆی خۆی و شوێن و، ڕێی لەسەر دەریای نیکار بۆ دابین کردووە کە دواتر ناوی لێنراوە بورجی ھۆڵدرلین. لە ٧ی ئایاری ١٨٤٣ کۆچی دواییی کردووە.

سەرچاوە[دەستکاری]