شیعری نوێی کوردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شیعری نوێی کوردی چەشنێک لە شیعری تازەگەڕانە و لە بەرامبەری شیعری کۆنی کوردییە.

ئاشکرایە وەکوو ھەموو نەتەوەکانی دونیا، لە کوردستانیشدا، شیعر ئامرازێک بووە بۆ دەربڕینی ھەست و ھزر و بیری کۆمەڵگا. زۆرترین بەرھەمی ئەدەبی نەتەوەکەمان بێگومان شیعرە کە سەرەتا ھەر لە سەر عەرووزی عەرەبی نووسراوە و بە کێش و سەرواوە بەستراوە. بەرەبەرە ناسینی ئەدەبیاتی گەلانی دیکەی جیھان و گۆڕینی ڕوانگەی شاعیران بۆتە ھاندەرەێ بۆ ئەوەی شیعر لەو شێوازی کلاسیکە بێتە دەرەوە و بەرەو نوێ بوون ھەنگاو بنێ. ئەم توێژینەوە ئەیەوێ باس لە سەر شیعری نوێی کوردی بکا.

شێعر دەنگێکە لە سەرچاوەی ناخی شاعیرەوە ھەڵدە قووڵێت و ئەرکە سەرەکییەکانی خۆیی بیر دێنێتەوە. ئەوە شیعرە لێ ناگەڕێ شاعیر چاو لە ناپاکی و تاوان بپۆشێت. شیعر غەزاڵی گوتەنی:ھەندێک جار لە قورئان کاریگەرترە، دەشێت ھەر لە بەر ئەم کارێگەرێتییە بووبێت، گەورە سۆفییان بە شیعر ھەست و بیری خۆیان دەربڕیبێت. (قوڵپی پێکەنین، ل ٥) شیعر پرۆژەیەکی شوڕشگێڕانەیە و مەبەستی گۆڕانی سیمای دونیایە. شیعر مرۆڤێکی یاخییە کە قەد لە بەرامبەر پاوەنی یاسا سەردانانەوێنێ و ھیچ یاسایەکی ئەم جیھانە ناتوانێ بیبەستێتەوە. (لە شاخەوە تا شار، ل١٧) شیعر بەرگەی ئەوە ناگرێت لەناو بازنەی پێناسەیەکدا گیری بدەین، ئەگەرچی قابیلی ئەوەیە وەسف کرێت، بەلام زەحمەتە پێناسەیەکی جێگیری بۆ داڕێژرێت.. مەرجیش نییە تەنھا شاعیرەکان بۆیان ھەبێت قسە لە شیعر بکەن، دەکرێ شاعیرێک گوێ لە خوێنەرێکی شیعر بگرێت بۆ ئەوەی لە شیعر تێبگات، چونکە بۆ خۆی شیعر نووسین وەکو گوڵچاندن وایە، مەرج نییە ھیچ زانیاریەکت لەبارەی گوڵەوە ھەبێت، مەرج ئەوەیە حەزت لە گوڵ بێت.. مەرج نییە بزانیت ئەو گوڵە بە زمانەکانی تر ناوی چییە، بەلام لەوانەیە بتوانیت گوڵێکی جوان بڕوێنیت، کە سیسیش بوو غەم دڵت داگیر بکات و بۆشی بگریت، ئەوە شیعر نووسینە. تەواو وەکو ئەو منداڵەی لە ھەناوی ژنێکدا دروست دەبێت، پێش ئەوەی بینیبێتی عاشقی دەبێت.. کە لەھەناویشی دێتە دەرێ ھێندەی تر خۆشی دەوێت، چونکە پارچەیەکە لە خۆی، تەنھا شیعرە لە توانایدایە بە بەرزیی شاخەکان ئازار لە خۆیدا کۆکاتەوە و بە قووڵیی دەریاکان بەختەوەری و خۆشبەختییش لە خۆیدا چڕکاتەوە شیعر بەرھەمێکی ئیبداعی ئینسانییە کە مومکین نییە یەک پێناسەی لەقاڵبدراو قبوڵ بکات، لەوەتەی مرۆڤ دەرکی بە شیعر کردووە ھەتا ئەمڕۆ ھەوڵی پێناسەکردنی شیعر دراوە، بە شاعیرەکان خۆشیانەوە، بەلام ھەتا ئێستا پێناسەیەک نییە کە بەگشتی شاعیران و رەخنەگران و شیعر دۆستان کۆک بن لەسەری. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شیعر بۆ خۆی ئیبداعێکی رۆحیی تایبەتە بەو کەسەوە کە دەینووسێت، ھەر شاعیرە و ھەر ئەزموونە تایبەتمەندیی خۆی ھەیە. ئەوەشی وتراوە لەبارەیەوە تێگەیشتن و وردکردنەوەی تاکە کەسییە و نابێتە بنەمایەک بۆ کۆکردنەوە و یەکخستنی ھەموو پێناسەکان و دەرچوون بە یەک پێناسە کە دەقا و دەق پێناسەی شیعر بکات. جیاوازیی نێوان شیعر و پەخشانیش ئەوەیە شیعر لەوپەڕی عاشقبووندا لەدایک دەبێت، پەخشان لە حاڵەتی ئازارە رۆحییەکەوە دروست دەبێت. رەنگە ئەمە لەلای زۆر شاعیر بە پێچەوانەوە بێت، رەنگە ھەر باوەڕیشیان بەم بیردۆزە نەبێت، ئەمەشە نھێنی ئەوەی کە شیعر یەک لێکدانەوە و پێناسە ھەڵناگرێت.

شیعر: فۆرمی شیعری[دەستکاری]

فۆڕمی شیعری لە وێژەی کوردیا چوار فۆرم و قاڵبی جیاوازمان ھەیە:

شیعری وتاری یا بەیت[دەستکاری]

بەیت گەنجێکی ھێژا و سامانێکی گەورەی زەوق و چێشکەی ھۆزەکەمانە. ھەر لە بەر ئەمە " باسیل نیکیتین" ئەڵێ:"فۆلکلۆری کوردی ئەوەندە پڕ و بەرز و خێرۆمەندە کە ھۆزەکانی تری ھاوسێی کوردیش کەڵکیان لێ وەرگرتووە و کەوتوونە ژێر تەئسیریەوە." ئەم شیعرە زۆرتر باسی رووداوە مێژوویەکانی کورد ئەکا و یا خۆی بەو مەبەستانە خەریک ئەکا کە لە ناو کورددا جێی رێز و خۆشەویستین، وەک بەیتی "دەمدەم"، "شێخی سەنعان"و ھتد. لە بەیتی کوردییا شوێنی زانستی بێگانە بەر چاو ناکەوێ، سووژە و ناوەڕۆکەکان تەواو کوردین. لە بەر ئەمە بەیت بە ناوی فۆلکلۆر باس کراوە. بەیت نیشان دەری گۆرانی ژیانی کوردە لە شێوەی ئاژەڵداری تا ئەگاتە پەیدا بوونی ئەمیران و بنەماڵە ئەشرافە کوردەکان. بەیت ھەرگیز باسی ژیانی شارنشینی کورد ناکا. بەیت وەک ناوەڕۆکەی لە قاڵبیشا تەواو کوردیە لە بەیتا شێوەی عەرووزی گرینگ نیە تەنیا ئاھەنگی وشە گرینگەو بەس.

شیعری ھیجایی[دەستکاری]

شێوەی ھیجایی بە چەشنێکی سەربەخۆ پاش شێوەی بەیت ھاتۆتە ناو وێژەی کوردییەوە.

شیعری عەرووزی[دەستکاری]

شیعری عەرووزی بێ ئەوە بتوانێ لە ناوی ھەوای کۆمەڵا بژی و لە ناو باغچەی ھەناوی گشتیا بڕوێ لە کۆشکی ئەمیرانا ئەپشکوێ. شێوەی عەرووزی لە پێشا نەبوو و کاتێ ھاتە ناو وێژەی کوردییەوە کە زیاتر لە ھەزار ساڵ بوو لە وێژەی ھاوسێکانی کوردا جێگیر ببوو. ھەر چەن شاعیری باشی وەکوو پیرە مێرد و نالی توانیویانا لە شیوەی عەرووزیا باسی ژیانی راستەقینەی کوردەواری بکەن بەڵام ئەم شێوە دوور بووە لە خەلک و زیاتر لە ناو ئەمیرانا و میرنشینە کانا باو بووە و لە کێشەکانی خەڵک دوور کەوتۆتەوە و ئیتر خەڵک زۆر لێی تێنەگێشتوون و زۆر جار بە ھۆی پا بەست بوون بەو شێوەی عەرووزیە شاعیر وشەی بێگانەی زۆری کردۆتە ناو شێعرەکەیەوا.

شیعری نوێ[دەستکاری]

مێژووی شیعری نوێ[دەستکاری]

دەربارەی مەسەلەی سەرتای نوێکردنەوەی شیعری کوردی زۆر کەس پێیان وایە پیرە مێرد و شیخ نووری شێخ سالح پێش لە گۆران ھەوڵیان داوە بۆ نوێکردن و ئەرکێکی زۆریان کێشاوە، بەڵام خاوەنی رێبازێکی تایبەت نە بوون. بەڵام ئەوەی کە روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە گۆران بنچینەی نوێکردنەوەی شیعری کوردی دانا و لە مەڵبەندی تێگەیشتن و قووڵی و خویندنەوە و زانینەوە کەوتە داھێنان و ئێستاش سایە و سێبەری کارتێ کردن و بەردەوامی لە سەر دونیای شیعری کوردی ھەر ماوە و ھەر ھەیە. گۆڕینی شیعری کوردی لای گۆران لەم چەن خاڵەی خوارەوە دەر دەکەوێ:(کاروانی شیعری نوێی کوردی، ل٩)

  1. بەکارھێنانی کێشی پەنجەی خۆماڵی لە شیعردا و وردە وردە خۆ دزینەوە لە کێشی عەرووزی
  2. یەکێیتی بابەت
  3. خۆ نەبەستنەوەی زۆر بە قافیە و ھێنان و بردنی بەپێی مەبەست
  4. وێنەگرتنی ھونەرمەندانەی ھەر تابلۆیەک
  5. تەماشاکردنی بایەخی ھونەر بۆ ھونەر
  6. دەرخستنی جوانی سروشت و ئافرەت لە ڕیزی پێشەوە
  7. پەنابردنە بەر سروشت و حەز کردن لە شتی ساکار
  8. شێوازی داھێنەرانە لە شیعردا
  9. تەڕ و پاراوی زمان و بە کار ھێنانی وشەی ئاوازدار و ڕەوان
  10. ڕوونی واتا و مەبەستی شاعیرانە و گوێدان بە وێنەی سەربەخۆ و تێکڕا وێنەی ھونەری گشتی شیعر (کاروانی شیعری نوێی کوردی، ل٣٣)

شیعری نوێ چ شیعرێکە؟[دەستکاری]

شیعری نوێ بەرھەمی مانای باڵا، وێنەی جوان و خەیاڵی بەپیتە، بەڵام گرنگ پێکەوە گونجاندنی ئەو رەگەزانەیە چونکە شیعری نوی کۆمەڵێک زانیاری، وێنە، بیر و بۆچوونی پچڕ پچڕ نییە، بەڵکوو پێکھێنەرەکانی ھێندە توندوتۆڵ یەکیان گرتووە، مەحاڵە لە یەکدی جیا بکرێنەوە و ھەموو پێکەوە شیعرەکە تەواو دەکەن. لە شیعری نەوەکانی پێشوودا شابەیت، کرۆکی مەبەست، لووتکە و قوفڵی کۆتایی لە دێڕێکدا خۆیان دەنوێنن، بەڵام شیعری نوێ دەکرێت ھیچ کام لەو ڕەگەزانەشی تێدا نەبێت و پشت بە وێنە. مۆسیقای ناوەوە و گەشەکردنی سروشتی ببەستێت. شیعری نوێ ئاسۆی بەرینە، بەردەوام لە گەشەکردندایە و ھەموو ڕۆژێک، ڕۆژی لە دایکبوونیەتی، شاعیری نوێخواز سەرقاڵی سەرکێشی، تێپەڕاندن و دۆزینەوەی وڵاتە نوێیکانە. لە شیعری نوێدا شوێنە سپی و نەنووسراوەکانی لاپەڕکەیش وەک وشە و دێڕەکان بەشێکن لە دەقەکە، ڕستە شیعرییەکان بۆشاییەکان ئەدوێنن و وشەکان شوێنە سپییەکان دەھێننە گۆ. شاعیر وشەو دێڕە نەگوتراوەکان بۆ سەلیقەی خوێنەر جێ دەھێڵێت. شیعری کۆن بۆ ڕآگرتنی کێش یان ھێنانەوەی سەروا ھانای بۆ ناو کار دەبرد، شیعری نوێ پەنا بۆ تەکنیکی سڕینەوە دەبات ناوکار وشە زیادەکانە، سڕینەوە، وشە نەنووسراوەکانە، ئەوانەی خوێنەر پێشبینیان دەکات. شیعری نوێ بۆ خوێندەنەوەو لێ ڕامان دەنووسرێت، شیعری دێرین بۆ گوێگرتن و ستران دەنووسرا. کێش یەکێکە لە مەرجەکانی نەزم نەک شیعر. کێش چوارچێوەیە، قەفەزە، ئیقاع (ریتم) خوێنە بە لەشی دەقەکەدا دەگەڕێت، کێش کورتی و درێژییەکەی، بەرزی و نزمییەکەی پێشەکی دیاری کراون، ئیقاع بەپێی باری دەروونی شاعیر لە گۆڕاندایە و لە ئەنجامی چۆنیەتی پێکەوە ڕێکخستنی وشە و پیتەکانەوە دێتە گۆڕێ. کێش ھاوارە، ئیقاع دەنگدانەوەیە. شێعر دەچێت کێشی نەبێت بەڵام ھەموو نووسێنێک ئیقاعی ھەیە. شیعری نوێ ئیقاعی مەبەستە نەک کێش. (قولپی پێکەنین) بوارە کانی شیعری نوێی کوردی شیعر نوێنەری بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ھونەری و تەنانەت ئابووری وڵاتەکەیە. رۆلەکانی کۆمەڵگای کوردەواریش چاویان بە شەڕ و ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەیی پشکوتووە، کە وایە زۆر سروشتییە شیعرەکانیان شوڕشگێرانە بووبێت و کەسانێ وەکوو لەتیف ھەڵمەت و شێرکۆ و پە شێوی تیا ھەڵکەوتبێ. زۆربەی شیعری کوردی تا ساڵی ٢٠٠٠ شیعری شوڕش و خەباتە، شیعری نەفرەت لە زۆردار و داگیرکەر، شیعری ئاوارەیی و زیندان، لە ھەمان کاتدا شیعری خۆشەویستی.

شیعری خۆشەویستی و دڵداری[دەستکاری]

لە ئەدەبی ھەموو نەتەوەکانی دونیادا بەشێکی گەورە لە بابەتی شیعرەکانیان دڵداری و خۆشەویستییە. کە واتە شیعری کوردیش وەک شیعری ھەموو نەتەوەکانی تر ئوقرە و ئارامی بە دڵداری دێت و ھیچی تر. باس لە دڵداری فێنکیەک بە گیانی دەبەخشێ و ھێزی بە پێز دەکا بۆ پەڕاندنەوەی گەلی داماوی ژێر چەپۆک و داگیرکەر.

شیعری نیشتمانی و نەتەوەیی[دەستکاری]

نیشتمان پاژێک لە وجوودی ھەر کەسەو چ ئێستا و چ پێشتر گراویەکی تایبەت لە نێوان مرۆڤ و نیشتماندا بووە. ئەم گراوییە لە دوو بەشا دەنوێندرێ: سروشتی کوردستان: لە شیعری نوێی کوردیدا تاراوگە دیاردەیەکی داسەپاوە، شاعیر لە وڵات ڕاودەنرێ، ھۆی ڕاونانەکەشی بەرگری لە وڵاتەکەیەتی. کە وایە شاعیر بەم پێداھەڵگوتنە چەن ئامانجی ھەیە: گەیاندنی ئەو سووکایەتییە بە ویژدانە بیدارەکانی دونیا، ترساندنی داگیرکەر، بزواندنی رۆڵەکانی نیشتمان و لە ئەنجامدا ئەھوەن کردنەوەی داخی دڵ. شیعری شوڕش: ئەم بەشە لە شیعری نەتەوەیی بەشێکی زۆر لە شیعری نوێی کوردی ساڵانی پاش شەڕی جیھانیی یەکەم تا نەوەدەکان ئەگریتە بەر. بزاڤە جۆربەجۆرەکانی کورد لە گەشەو سەرھەڵدانن و کورد خەریکە خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم شیعرە خۆی لە چەند ڕەھەند دایە: بەخەبەر کردنی گەڵێکی خەو لێکەوتوو و بێ ئاگا، ناساندن و نواندنی روومەتی ناحەز و دزیوی داگیرکەر بە جەماوە، شیعری یەکیەتی.

شیعر و براکوژی[دەستکاری]

لە نەوەدەکانا کە دیوی براکوژی خەریک بوو یەکەیەکە رۆڵەکانی گەلی ھەڵدەلووشی و دەیەویست جارێکی تر جەرگی دایکی نیشتمان ببڕێ و گیانی بێنێتەوە سۆ و ئاواتی سەدان ساڵەی بنێژێ، شیعر سەنگەری خۆی گۆڕی و ئەمجار رووی کردە براکوژی و کۆمەڵگای لە ھەڵدێرگای نەمان گەڕانەوە.

شیعر و ژن[دەستکاری]

بارودۆخی ژن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەت گەلێک جێگای رامانە. ئەگەر [شەڕی براکوژی] ١٠٠٠٠پیاوی کردە قوربانی، دەسەڵاتی پیاو سالار لە ماوەی ١٥ ساڵ تا ٢٠٠٧ زۆرتر لە ٣٠٠٠٠ ژنی بە تاوانی ئابڕوو کردۆتە قوربانی حەزەکانی خۆی. ئەم تاوانانە فیمینیزمی کوردی ھێناوەتە ئاراوە و بەشێکی شیعری نوێی بە خۆی تەرخان داوە.

شیعر و خەباتی کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

شیعر ئەم جارەش باشترین ڕێنوێن و ڕێنمایە. شیعرە کە بە زێڕی دەسەڵات نافریوێ و رێبازی بەرنادا، نابەرامبەرییە کۆمەڵایەتییەکان داخێکی گرانن بە سەر دڵی شیعردا. شیعر بۆ ھێور کردنەوەی ئەم داخە لە ھیچ ھەوڵێک ناوەستێ و ڕوو لە ئاسۆی گەیشتن بە وڵاتێکی دیموکراتیک باری قورسی کۆمەڵ لە کۆڵ دەنێ و لە رۆیشتن ناوەستێ.(لە شاخەوە تا شار)

عەبدوڵڵا گۆرانی ڕچە شکێن[دەستکاری]

عەبدوڵڵا سلێمان ناسراو بە گۆران (١٩٠٤–١٩٦٢) شاعیر و ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسیی کورد بوو. لە ھەڵەبجە لەدایکبووە و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگە سەرەتاییەکانی ئەو ناوچەیەدا مامۆستا بووە. پاشان چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی دەست پێ دەکات و چەند جار دەخرێتە بەندیخانە. لە ١٩٥٢ەوە تا کۆتایی ژیانی لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا وتار و بابەتی دەنووسی و چەند کتێبی ھۆنراوەشی نووسیوە. گرینگیی گۆران لەوەدایە کە یەکەم شاعیری نوێی کوردە کە شێوازی عەرووزیی عەرەبی لە شیعری کوردیدا لابردووە و بە شێوازی فولکلۆری کوردی ھۆنراوەی نووسیوە. گۆران بە باوکی شیعری نوێی کوردی دێتە ئەژمار. ناوی عەبدوڵڵا بەگە و کوڕی سلێمان بەگی کوڕی عەبدوڵڵا بەگە. باوک و باپیریشی لە ھۆنراوە و وێژەدا بەھرەیان ھەبووە. بنەماڵەی باپیری لە بەگزادەی «میران بەگی» لە ناوچەی مەریوان بوون. پاشان ڕوودەکەنە ھەڵەبجە چونکە خۆیان بە جاف زانیوە و لەوێ جێگر ئەبن. گۆران لە ساڵی ١٩٠٤ یان لە ١٩٠٥دا لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. لای باوکی قورئان و سەرەتای خوێندنی خوێندووە. پاشانیش لە مزگەوتی پاشای ھەڵەبجە بووە بە فەقێ. لە دوا ساڵەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم و سەرەتای ھاتنی ئینگلیزدا، بۆ ماوەیەک ھەڵەبجە چۆڵ دەبێت و خەڵک ڕوودەکەنە لادێکانی دەوروپشت. ماڵی باوکی گۆرانیش لە بەھاری ١٩١٩ەوە تا پاییزی ئەو ساڵە ڕوودەکەن چەمی بیارە و لەوێ لە باخێکدا ھەوار دەخەون و بۆ پایز ئەگەرێنەوە بۆ ھەڵەبجە. کە یەکەم قوتابخانەی زمانی تورک لە ھەڵەبجە دانرا، بۆ پۆلی یەکەم وەرگیراوە. وەک گۆران خۆی گێڕاویەتەوە چوونی بۆ قوتابخانە پچڕپچڕ بووە. پۆلی چوارەمی لە سەردەمی داگیرکرانی ھەڵەبجەدا لەلایەن ئینگلیزەوە تەواو کردووە. لە ١٩١٩دا سلێمان بەگی باوکی گۆران کۆچی دوایی دەکات. پاشان لە ١٩٢١دا موحەممەد بەگی برای، بە ھاندانی مستەفا سائیب، لەگەڵ عەبولواحید نووریی خاڵۆزایدا دەیاننێرێت بۆ قوتابجانەی عیلمییەی کەرکووک بۆ خوێندن. بەڵام ھەر لەو ساڵەدا موحەممەد بەگی برایشی دەکوژرێ. ئیتر گۆران کەسی وەھای نامێنێ گوزەرانی خوێندنی خۆی و ژیانی دایکی ببات بەڕێوە، لەبەرئەوە دەست لە خوێندن ھەڵئەگرێت و لە ساڵی ١٩٢٢ەوە تا ساڵی ١٩٢٥ گەلێ دەست تەنگی ئەچێژێ. گۆران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٥دا بە مامۆستایی لە قوتابخانەی ھەڵەبجە دامەزراوە و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە. پاش ١٩٣٧ ماوەیەک بێکار ئەمێنیتە و دواییش بە یارمەتیی تۆفیق وەھبی گوێزراوەتەوە بۆ دایەرەی ئەشغاڵ بەشی «کاروباری ڕێگاوبان» و تا گیرانی یەکەمی لە ١٩٥١دا لەو بەشەدا ئەمێنێتەوە. لەو بەینەدا چەند ساڵێک لەگەڵ چەند ڕۆشنبیرێکی تری کورددا دەچێ بۆ یافا لە فەلەستین و لە ئێستگەی ڕادیۆی ڕۆژھەڵاتی نزیک بە مەبەستی بەشداری لە خەباتدا لە دژی فاشیزم، بەشی کوردستان دەکەنەوە. لە تشرینی دووەمی ١٩٥٢دا لە بەندیخانەی یەکەمی دێتەدەر و دەچێ بۆ سلێمانی و دەبێ بە بەرپرسی ڕۆژنامەی ژین. تا ئەیلوولی ١٩٥٤ لەسەر ئەم کارە ئەمێنێتەوە. لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٤دا بۆ جاری دووھەم لەگەڵ کۆمەڵێ لە ئاشتی خوازانی سلێمانی دەگیرێ و فەرمانی ساڵێ بەند و ساڵێ خستنە ژێر چاودێریی پۆلیسی بەسەردا ئەدرێ. ماوەی بەندکردنەکەی لە سلێمانی، کەرکووک، کوت، بەعقووبەو نوگرە سەلمان و ماوەی چاودێرییەکەشی لە بەدرە بەسەردەبا. لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٥٦ دا ئەم فەرمانی بەندکردنەی تەواو دەکات و ئازاد دەکرێت و دەچێتە بەغدا و چەند ڕۆژێک لەوێ لە یەکێک لە پڕوژە میریەکانی خانوودا ئەبێت بە چاوەشی کرێکار. کاتێک کە ئیسرائیل ھێرش دەباتە سەر میسر، دوای ڕاس بوونەوەی عەرەبەکان لە ئیسرائیل، بڕێک لە کوردەکانیش بە ناوی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵیان پەیمانی برایەتی دەبەسن. گۆرانیش لەوانەی و دەیگرن و لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٥٦دا دادگای عورفی لە کەرکووک فەرمانی سێ ساڵ بەندی بە بارمتە دانانی ھەزار دیناری کاتی دەسەپێنێت بەسەریدا، ئەویش بەوەی کە تا سێ ساڵ ورتەوی لە دەم دەرنەیەت و کردەوەی وای لێ نەوەشێتەوە میری پێی دڵگران ببێ. گۆران نە ھەزار دینارەکەی ئەبێ و ئە ئەشیەوێ گفتی وەھا بە میری بدات، بۆیە ئەخرێتەوە بەندیخانە و تا ١٠ی ئابی ١٩٥٨ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەممووز لە زینداندا ئازاد دەکرێت. گۆران ئەم ماوەیەی لە بەندیخانەی کەرکووک و بەعقووبە بەسەربردووە. پاش بەربوونی لە زیندان ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و پاش ئەوە بە ماوەیەک لەگەڵ شاندێکی میللی سەر لە یەکێتیی سۆڤیەت و چین و کۆریای باکوور ئەدا. لە سەرەتای ١٩٥٩دا سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق ئەگرێتە دەست و بە ناوی بەیان دەردەکات. لە ئیسکانی سلێمانیش دایدەمەزرێنێت و تا ناوەڕاستی ١٩٦٠ کاری تێدا دەکات. ئەنجا بەبیانووی ئەوەوە کە گوایە بێپرس کاری بەجێھێشتووە - کار بەجێھێشتنەکەی بۆ چوون بووە بۆ شەقڵاوە بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی دووھەمی مامۆستایانی کورددا - لەسەر کار لای دەبەن. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٠دا دێتە بەغدا و ئە بێ بە یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بەشی کوردیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا و بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی. یەکەمین کۆمەڵە شێعری گۆران بە ناوی «بەھەشت و یادگار» لە ١٩٥٠ لەسەر ئەرکی عەلائەدینی سەجادی لە بەغدا لە چاپ دراوە. ناوەڕۆکی ئەم بەشی دیوانەی ھەروەکو خۆی لە سەرەتای کۆمەڵە شێعرێکیدا ئاماژەی پێ کردووە «سەرانسەر لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە» و مامۆستا پێشکەشی دەکات بەو «شۆخ و نازدارانە کە جوانییان وەک تێغ نابڕێ، وەک چرا پێش چاو ڕووناک ئەکاتەوە». لە ساڵی ١٩٥٤دا لە چاپخانەی ژین قەسیدە درێژەکەی «پەیامی کورد بۆ میھرەجانی چوارەمی گەنجان و قوتابییان لە بوخاریست» لە چاپ دەدات. لە ١٩٥٨دا گۆران بەنیاز بووە کۆمەڵەشێعرێک بە ناوی «سروشت و دەروون» لە چاپ دا کە دوای خستنە ژێر چاپی تەواوی نەکرد کە پاشان لە لایەن «ھۆگر» ی کوڕی و براکانی لە ١٩٦٨دا بە ناوی «سروشت و دەروون لە گەڵ ئۆپەرێتی ئەنجامی یاران» لە چاپ دراوە. گۆران زۆر باش ئاگاداری نوێ بوونەوەی ئەدەبیاتی گەلانی تر وەک تورک و ئینگلیزی بووە چون نەویستووە لە ئەدەبیاتی ڕۆژ دوور کەوێتەوە دەستی داوەتە وەرگێڕان. گۆران یەکەم شاعیری کورد بووە کە شێوازی کۆنی عەرووزی بەلا دەنێت و شیعری کوردی دەگەڕێنێتەوە بۆ شێوازی ھیجای کوردی. باوڕی وابووە کە ئەبێت شێعری کوردی لە عەرووزەوە بگرێتەوە بۆ سەر کێشی پەنجە (ھیجا) ی کوردی. ئەو کێشەی کە فلکلۆری کوردی و شیعری ھەورامی لە سەردەمی ئەردەڵانییەکان پی ھۆنراوەتەوە. ھەر لەم بارەوە دوای شیکردنەوەی مانای شیعر لە زمان چەند ناوداری جیھانی، پاشان ئەلێت: «.. بە دروستیش سەرنج بدەین ئەبینین، کە لە گشت زمانەکانی رووی زەویدا شیعرێک، بە شیعر دانرابێ و پشتاوپشت ھەتا ئێستا بە جێ ھێڵرابێ ھەر ئەو شیعرانەن، کە بەپێی تایبەتێتی و پێوانەی نەتەوەی عائیدی خۆیان وەزنێک تایبەتییان ھەیە. تەنانەت قافیەش لەناو ھەندێ نەتەوەدا بە پێویستی بنجی (ئەسڵی) دائەنرێ بۆ شیعر، ئەگەرچی شیعری ئەم نەتەوانە ھەرگیز وەک ھی ئەوانی تر نەیتوانیوە بە کێوی ناوبانگی ئیتاتیکی بە ناوی شیعری پەخشانەوە، ناو بە ناو ئایا بخوێنینەوە.» ئەو نوێ خوازیە دەبێت بە ھۆی ئاڵگوڕێکی نوێ لە دنیای ئێستای شیعری کوردیدا. گۆران بێجگە لە شیعر دەستێکی بەرزیشی لە بواری پەخشاندا بووە. پەخشانی گۆران ڕەنگدانەوەی سەردەمی ژیانی خۆیەتی و خۆیشی بەردەوام نەبووە لە سەریان و لە ڕاستیدا ئەو گرنگییەی بە شیعرەکانی داوە و ھەوڵی تازە کردنەوەی تێدا داوە بەو شێوەیە لە پەخشانەکاندا کاری نەکردووە. لە کاتی ژیانیدا سێ دیوانە شیعری «بەھەشت و یادگار» و «فرمێسک و ھونەر» و «پەیامی کورد» ھەروەھا لە ١٩٥٣ و ١٩٦١دا ھەڵبژاردەیەکی چیرۆکی بێگانە و ھێندێ سەرنجی رەخنەگرانەی بە چاپ گەیاندووە بەڵام گۆران زۆر بە ئاوات بوو تا پێش مەرگی دیوانە شێعرەکەی لە چاپ بدرێت. لە ١٩٧٨ لیژنەیەک پێکھاتوو لە محەممەدی مەلا کەریم، دوکتۆر عێزەدین مستەفا، کاکەی فەلاح، حەمەکەریم فەتحوڵڵا، جەلال دەباغ و ھۆگر گۆران و ھێرۆ گۆران و ئەژی گۆران بۆ کۆ کردنەوەی بەرھەم و شێعرەکانی کە زۆربەی لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانی دەرەوە و ناوەوەی عێراق بڵاو کرابوونەوە، وەک گۆڤاری ھاوار لە سووریا و ڕۆژنامەی ژیانەوە و دەنگی داس و ژین و ئازادی و گۆڤاری گەلاوێژ و دەنگی گێتی تازە و ھیوا و شەفەق و بەیان و بڵێسە و رووناھی و نامیلکەی دیاریی لاوان و یادگاری لاوانی عێراق ئەکەونە تەقالادان و بەم بۆنەیەوە ئاگاداری و بانگەوازێک بو ئەدەب دوستان لە ڕۆژنامەی «بیری نوێ» ژمارەی ٢٧٧ و «پاشکۆی عێراق» ژمارەکانی ١٢و١٣ بڵاو ئەکەنەوە. لە ئاکامدا دیوانەکەی لە ساڵی ١٩٨٠ ئەکەۆیتە بەر چاوی خوێنەران و ھۆگرانی شێعری کوردی. لە سەرەتای ١٩٦٢دا دەردەکەوێ کە گەدەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە. نەشتەرگەرێکی سەرکەوتووی لە بەغدا بۆ دەکرێ بەڵام پاش وادە. پاش ئەو نەشتەرگەرییە لە نیساندا ئەچێ بۆ مۆسکۆ و سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆری بەرڤیخە بەسەر دەبا و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ ئێراق. پاش گەڕانەوەی بە ماوەیەکی کەم نەخۆشییەکەی سەرھەڵدەداتەوە. لەبەر ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ لە جێدا ئەکەوێ. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٢ ژیانی کۆتایی پێدێت. بەرھەمەکان:

  • بەھەشت و یادگار، بەغدا، ١٩٥٠
  • فرمێسک و ھونەر، بەغدا، ١٩٦٨
  • سروشت و دەروون، سلێمانی، ١٩٦٩
  • لاوک و پەیام، سلێمانی، ١٩٦٩
  • دیوانی گۆران، بەغدا، ١٩٨٠ (دیوانی گۆران) نمونەی شیعری گۆران

پاییز! پاییز
بووکی پرچ زەرد
من مات تۆ زیز
ھەردوو ھاودەرد
من فرمێسکم، تۆ بارانت
من ھەناسەم، تۆ بای ساردت
من خەم، تۆ ھەوری گریانت
دوایی نایە دادم دادت
پایز پایز
پایز! پایز!
شان و مل رووت
من مات، تۆ زیز
ھەردووکمان جووت
ھەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین
ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگرین
پۆلی باڵدار ئەفرێ بگرین
بگرین… بگرین… چاومان نەسڕین
ھەرگیز، ھەرگیز

ئیمپراتۆری شیعری دونیا شێرکۆ بێکەس[دەستکاری]

شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەس و لە ساڵی ١٩٤٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ١٩٨٦ وڵاتی عێراقی بە جێھێشت. لە ساڵەکانی ١٩٨٧–١٩٩٢ لە وڵاتی سوید بووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان. شێرکۆ بێکەس بە یەکێ لە شاعیرە نوێخوازەکانی ھاوچەرخی کورد دادەنرێت. ژیانی شێرکۆ ئاوێنەیەکە لە خەبات و خۆشەویستی. بە وتەی سەید عەلی ساڵحی (شاعیری مەزنی فارس)، شێرکۆ ئیمپراتۆری شیعری دونیایە.

بەرھەمەکانی: کازیوە، دەربەندی پەپوولە، بەردە قارەمان و مامە یارە، من تینویتیم بە گڕ ئەشکێ، ژن و باران، کەژاوەی گریان، دوو سروودی کێویلە. ھەڵۆ و… لە ساڵی ١٩٨٧ خەڵاتی جیھانی «توخولسکی» (خەڵاتی ئەدەبی) لە سوێد وەرگرتووە. شیعرەکانی بە زۆر زمانی دونیا وەکوو: ئاڵمانی، فەرانسی، ئیتاڵی، سوێدی، عەرەبی، فارسی و… وەرگێڕاودراون. ھەندێک لە شیعرەکانی کراون بە وانەی قوتابخانەی چەند وڵاتێک. شیعری نوێی کوردی بە گۆران دەسی پێکرد و بە شێرکۆ گێشتە لووتکە.

نموونەی شیعری شێرکۆ

ئاوی شیعر

من ھەندێ جار
کە ئاو لە وشەم ئەبڕدرێ و
ئەبمە کاغەزێکی قاقڕ.
کارێزکەنی خەیاڵم
دائەھێڵمە ناو قووڵایی مێژوومەوە،
خەم ھەڵکەنێ و
خەم ھەڵکەنێ
تا ئەگاتە ئاوی شیعر.

سوارە ئیلخانیزادە (باوکی شیعری نوێی رۆژھەڵات)[دەستکاری]

کاکە سوارە کوڕی ئەحمەد ئاغای ئیلخانی زادە لە ساڵی ١٩٣٧ لە دێی تورجان له بەشی ناوەندی سەقز لە دایک بووە. پاش ساڵێک لە گوندی قەرەگوێز نیشتە جێ دەبن. سوارە خوێندنی سەرەتایی لە لای ماموستای تایبەتی دەست پێ کردووە و پاشان لە بۆکان و تەورێز درێژەی بە خوێندن داوە و لە زانستگای تاران بڕوانامەی لە بواری مافدا وەرگرتووە. شێعر و نووسراوەکانی لە گۆڤارە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێرانسخن و کوردستاندا چاپ کراون، ئەوجا لە بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دامەزراوە و بۆتە بەرپرسی بەرنامەی تاپۆ و بوومەلێڵ. لەو ڕێگایەوە بەشێک لە جوانترین شاکارەکانی ئەدەبیاتی کوردی بە دەنگێکی گەرم و شێوەیکی وەستایانە بڵاوکردۆتەوە، ئەوەش لە کات و زەمانێکدا کە چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەر شتێک بە زمانی کوردی زیندان و جەزرەبەی لە دوا بووە. لە شەوەزەنگی بێ دەنگی دا لە رۆژھەڵاتی کوردستان شێعرو پەخشانەکانی بە تایبەت لە ناو لاوەکاندا بیروھزر دروست دەکا! «خەوە بەردینە، شار، کچی بەیان» ئەسکەندەر شاخی ھەیە، کەویار“ تاکە شێعرو پەخشانی بەناوبانگن، شانۆنامەی “ سەیدەوان“ و لێکۆڵینەوەکانی لە مەڕ ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت ئەدەبیاتی زارەکی کوردی لە تەک شێعرەکانی فارسی دا ھێزوتوانای شاعیر و نووسەر و رۆشنبیرێک دەنووینن کە جێگای ھەردەم سەوز دەمێنێ. تاپۆ و بوومەلێڵ لە تاران و رۆژێک لە رۆژان لە بەغدا دوو پروگرامی بەپێز و ڕەنگین بوون کە لە ھەر دووک لا باشترین دەنگەکانی شێعرو ئەدەبیاتی کوردیان بڵاو دەکردەوە، لەوێ کوردستان موکریانی و عەبدوڵڵا پەشێودەنگیان ھەڵدەبڕی، لێرەش عەلی حەسەنیانی و فاتح شێخولئیسلامی! سوارە ئیلخانی زادە (سوارە), عەلی حەسەنیانی (ھاوار) و فاتح شێخولئیسلامی (چاوە) سێ کوچکەی شێعری نوێی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان پێکدەھێنن و ئەوانە لە گەڵ عومەر سوڵتانی (وەفا) مەیدانی شێعری کوردییان پان و بەرینتر و ڕەنگینتر کرد! سوارە بە منداڵی دووچاری نەخۆشی دەبێ و پاش سێ ساڵ لە جێگاداکەوتن، ژیان لە ئامێز دەگرێتەوە، بەڵام ژان لە ھەموو ساڵەکانی ژیانیدا لە گەڵی گەورە دەبێ! زیندان و زیندانبانەکانی ڕژیمیش لەشی تێک دەشکێنن، ھەتا سەرئەنجام لە نێوان ڕێگای ئێدارەی ڕادیۆ و تەلەوزیۆن و ماڵەکەیدا لە لایەن ھاوکارێکی خۆیەوە بەر ماشێن دەدرێ و چەند رۆژ پاشان لە زستانی ١٣٥٤(١٩٧٥) دوادەمەکانی ژیانی تەواو دەکا و بەرە و بۆکان دەیگەڕێننەوە و لە گومبەزی گوندی fa:حمامیان-حەمامیان لە سەر بەرزاییکی وەک نالەشکێنە بەخاکی دەسپێرن، زیرەک و سوارە لە سەر دوو بەرزاییەوە دەڕواننە یەک. سوارەی ژین کورت بە تەمەن درێژی لە ناو فەرھەنگ و ئەدەبیاتدا دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەدەبیاتی گەلەکەی خۆیدا. ئەوەش بگوترێ تاقانە کوڕی سوارە لە تەمەنێکی کورتدا لە ھولەند دڵی لە وەستان دەکەوێ وداستانێکی تراژیک وەک سەیدەوان بە چەشنێکی تر لە یاددا دروست دەکا. ژیانی ڕێڕەوانی شێعری نوێی کوردی خۆی رۆمانێکی دڵتەزین دەنوێنێ, دوای سوارە، عەلی حەسەنیانی لە پاش ژیانێکی پڕ ئازار لە ھەندەران دڵی لە وەستان دەکەوێ و تەرمەکەی خاکی دانمارک دیگرێتە خۆی. “چاوە“ش کە زەمانێک دەنگی ھەڵدەبڕی و بۆ ھەموو کوردستان ھاواری دەکرد: “ فەرشی ماڵەکەم پڕی خشت وخاڵ و ڕاتەکاندنی گەرەکە“, ئەمرۆ ھەر چوار سووچی فەرشی ماڵەکەی بەرداوە و ڕەنگە ئاوڕ لێ دانەوەش لای گران بێ، وەفاش پاش ئازارێکی چەند ساڵە ژیانی کۆتایی پێھات. نموونەی شیعری سوارە شار

گوڵم!
دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
ئەڵێم بە جامێ ئاوی کانیاوی دێ یەکەم
عیلاجی کەم کوڵی دڵی پڕم، لە دەردی ئینتیزارەکەت
وەڕەز بوو گیانی من لە شار و ھاڕە ھاڕی ئەو
لە ڕۆژی چڵکن و نەخۆش و تاو ویاوی شەو
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
لە شاری چاو لەبەر چرای نیئۆن شەوارەکەت
بڕۆمە دێ کە مانگە شەو بزێتە ناو بزەم
چلۆن بژیم لە شارەکەت
کە پڕ بە دڵ دژی گزەم؟!
لە شارەکەت، کە ڕەمزی ئاسن و منارەیە
مەلی ئەوین غەوارەیە
ئەڵێی لە دەوری دەست و پێم
ئەوەی کە تێل و تان و ڕایەڵە، کەلەپچەیە
ئەوەی کە پەیکەرە میسالی داوەڵە
ئەوەی کە دارە تێلە، مەزھەری قەنارەیە
لە شارەکەت کە مەندی دووکەڵە
کە دێتە دەر لە ماڵی دەوڵەمەند
وە تیشکی بێ گوناھی خۆرەتاو ئەخاتە بەند
لە ھەر شەقام و کووچەیەک شەپۆڕی شینە
دێ بەرەو دڵم
دەستی گەرمی ئاشنا نییە کە ئەیگوشم
دەستی چێوییە
لەشارەکەت زەلیلە شێر
باوی ڕێویە
بە ھەر نیگایەکو بەتایەکە
ئەڵێم برۆم لە شارەکەت
گوڵم، ھەرێمی زۆنگ و زەل
چلۆن ئەبیتە جاڕە گوڵ
لە شاری تۆ، لە شاری قۆندەرەی دراو
شارەکەت
ئاسکە جوانەکەم
تەسکە بۆ ئەوین و بۆ خەفەت ھەراو
کێ لە شاری تۆ لە شاری قاتڵی ھەژار
گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟
منێ کە گۆچی تاوی گەرمی بەردەوارەکەی عەشیرەتم
بە دارەتەرمی کووچە تەنگەکانی شارەکەت رانەھاتووە لەشم
بناری پڕ بەھاری دێ
رەنگی سوور و شین ئەدا
لە شیعر و عاتیفەی گەشم
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم.

ژیلا حوسێنی[دەستکاری]

لەڕۆژی(٣١ی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٤٣ی ھەتاوی) لەشاری سەقز لەڕۆژھەڵاتی کوردستان، لەبنەماڵەیەکی ئایینی سەربەشێخانی دۆزەغەرە لەدایکبوەو لەگەرمەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا لەساڵەکانی ٥٧بەدواوە، بەتەمەنێکی کەمەوە زۆر زوو تێکەڵ بەدنیای ژیانی ھاوبەشی ماڵ‌و منداڵ‌و ماڵداری بووە، سەرەڕای ئەوانەش بەردەوام لەکۆڕو کۆبوونەوە ئەدەبی‌و فەرھەنگییەکاندا ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە بەتایبەت لەئەنجومەنەکانی شاری سنەو سەقز کە دوایین چالاکی لەشاری سەقز بەوتارێکی ئەدەبی‌و توێژینەوە لەکۆنگرەی مەولەوی کوردا بەشداری چالاکانەی ھەبووەو ھەروەھا بۆ کۆنگرەی فەرزانەگان کە لەشاری سنە بەڕێوەچووە، ڕوانگەی نوێخوازیانەی سوارەی ئیلخانی زادەی لەوتارێکی تێروتەسەلدا ئامادەکردبوو کە ئەوکات لەکاتی بەڕێوەچوونی سمینارەکە، جێگەی ژیلا بەگوڵ نەخشێنرابوو، بەڵام ھاوڕێیەکی ژیلا بەناوی کلسومی عوسمان پوور، بەچاوی پڕ فرمێسکاوییەوە وتارەکەی ژیلای پێشکەش بەبەشداربوان کرد.

ئەو خاتوونە ناسکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لەڕۆژی (٦/٧/١٣٧٥ھەتاوی) ھاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەیدا کەدەیانویست بچنە شاری تاران بۆ سەردانی شاعیری ناوداری کورد (شێرکۆ بێکەس)، لەڕێگەدا تووشی کارەساتی وەرگەڕانی ئوتۆمبێل بوون، بەوھۆیەشەوە ژیلای شاعیر بەتەمەنێکی کەم‌و کارامەی (٣٢) ساڵیەوە لەگەڵ کچە تەمەن کورتەکەی بەناوی (ژینۆ) گیانیان لەدەستداو لەگۆڕستانی دۆزەغەرە لەڕۆژھەڵاتی شاری سەقز لەتەنیشت باوو باپیرانی بەخاک سپێردرا. بەرھەمەکانی: گەشەی ئەوین، قەڵای راز.

نموونەی شیعری

مامۆستا

دەستم بگرەو بمبەو بڕۆ
ئێرە شوێنێکی دڵ تەنگە
زۆر جی ماوین، کات درەنگە
خەمی کەل و پەلت نەبێ
ئەمە سەرم بیگرەو بڕۆ
جانتای وشەی ڕەنگاو ڕەنگە
چیت پێداوم. پەرۆشی دانە و دوانیانم
وا خەریکە کاڵ ئەبنەوە
دەخیلت بم فریام کەوە
درنجی خەم ھەناسەکانم ئەبژێرێ
ناھومێدی دەرکەی ئازارم لێ ئەدات
ئەوا سەرم ئیسگەی حەوانەوە و تێفکرینی خۆی ون ئەکات
دەبێ و بمبە
نامۆیی و خەم لە ئەندێشەم بتارێنە
بارانی تیشک و ڕووناکی
بەسەر کێڵگەی تینووی مێشکما ببارێنە
دەبێ گیانە وەک ئاوێنەی باڵانما
سیمای ڕەشی نەزانینم پێ بنوێنە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ئامێدیان، فەخرەدین. لە شاخەوە تا شار (شیعری نوێی کوردی). سلێمانی:ئازادی،
  • ئیلخانی زادە، سوارە. تاپۆ و بوومەڵێڵ. تاران: پانیز، ١٣٧٩ی ھەتاوی.
  • ئیلخانی زادە، سوارە. خەوەبەردینە. ئوروومیە: سەلاحەددینی ئەیوبی، ١٣٧٢ ی ھەتاوی.
  • حوسێنی، ژیلا. قەڵای راز. تاران:بۆرەکەیی، ١٣٧٧ی ھەتاوی.
  • حەسەن، حەمە سەعید. قوڵپی پێکەنین. ھەولێر:ئاراز، ٢٠٠٤.
  • قادر، حەمە ئەمین (کاکەی فەللاح). کاروانی شیعری نوێی کوردی. بەغداد: حسام، ١٩٨٠.
  • گۆران، عەبدوڵڵا. دیوانی گۆران. تاران:پانیز، ١٣٨٤ی ھەتاوی.
  • ماڵپەڕی: www.knew.com
  • ماڵپەڕی: www.wikipedia.com
  • ماڵپەڕی: www.motalleb.blogfa.com