شانامە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شانامە

شانامە یان شاھنامە (بە فارسی: شاھنامە، بە واتای کتێبی پاشاکان) ھەڵبەستێکی پاڵەوانییە کە شاعیری ئێرانی ئەبوولقاسم فیردەوسی لەنێوان ساڵەکانی ٩٧٧ ھەتا ١٠١٠ی زایینی نووسیویەتی و ھەڵبەستی پاڵەوانیی نەتەوەیی وڵاتەکانی ئێران، ئەفغانستان و تاجیکستان بە ئەژمار دێت. شانامە لە نزیکەی ٥٠ ھەزار بەیت پێکھاتووە و یەکێک لە درێژترین ھەڵبەستە پاڵەوانییەکانی جیھان بە ئەژمار دێت. شانامە زۆرتر سەبارەت بە ئوستوورەکانە و تا ڕادەیەکیش سەبارەت بە ڕابردووی ئمپراتووریی پارسەکان لە کاتی خوڵقاندنی جیھان ھەتا سەرکەوتنی موسڵمانەکان لە سەدەی ھەفتەم باس دەکات. لە وڵاتەکانی ئێران، ئەفغانستان و تاجیکستان، کە لەژێری کاریگەریی وێژەی فارسیدان ئەم ھەڵبەستە پاڵەوانییە جێگای بەرزێکی ھەیە.

ئەم کتێبە لە زمان و وێژەی فارسیدا جێگای گرینگێکی ھەیە و لە ژماری شاکارەکانی وێژەی فارسی بە ئەژمار دێت.

شانامە سەبارەت بە ژیان و پیشە و ئایینی ئێرانیانی بەر لە ئیسلامە. شانامە باسی پاشایانی ئێرانی لە کەیۆمەرسەوە ھەتا یەزدگەردی ساسانیی تێدایە. ھەر وەھا سەرچاوەیەکی مێژووییە بۆ ناسینی فەرھەنگی ئێرانیانی پێش ئیسلام. فیردەوسی، بە وتەی خۆی دەور و بەر سی ساڵی سەرفی نووسینی شانامە کردووە. شێعرەکانی شانامە بە گەلێک زمان وەکوو کوردی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، ڕووسی، تورکی، عەرەبی وەرگێڕدراوە.

وەرگێڕانی کوردی[دەستکاری]

سدیق سەفیزادە وەرگێڕانێک لە شانامەی ‌فیردەوسی بە زمانی کوردی و شێوەزاری سۆرانی کردووە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن پەخشانگەی پەرتەوبەیان لە شاری سنە بە چاپ گەیشتووە.

ڕەزا ھمەتیار ھەڵبەستوانی خەڵکی سنەیش وەرگێڕانێکی دیکە لە شانامەی فیردەوسی بە زمانی کوردی کردووە کە تابەئێستاکە تەنیا بەرگی یەکەمی بە چاپ گەیشتووە.

ھەروەھا سەید ئیسماعیل شاھۆیی (شاھۆ موکریانی) شانامەی فیردەوسی بە زمانی کوردی و شێوەزاری سۆرانی وەرگێڕاندووە.

وەرگێڕانێکی دیکەش لە شانامە بە دەستی سیاوەش لوتفیکار بە کوردیی باشووری و زاری ئیلامی کراوەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن پەخشانگەی زاگروو لە شاری ئیلام چاپ کراوەتەوە.[١]

ئەم چوار وەرگێڕانە بجگە لە شانامە کوردییەکانە کە بە زمانی کوردی و بە تایبەت کوردیی گۆرانی لە درێژای چەندین سەدە بەدوای ئیسلام ھونراونەتەوە و بڕێک لەوانە لەژێری کاریگەریی شانامەی فیردەوسیدا بوونەتەوە.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "پەردەلادان لەسەر کۆمەڵێکی ١٨ بەرگە لە وەرگێڕانی کوردیی چیرۆکەکانی شانامە بە شێعر لە ئیلامدا" (بە فارسی). کوردپرێس. ١٨ی ئایاری ٢٠٢١. Retrieved 19ی Mayی 2021. {{cite news}}: Check date values in: |accessdate= و |date= (help)
  2. ^ "ھەڵبەستوانێکی مەھابادی «شانامە»ی فیردەوسی بە زمانی کوردی وەردەگێڕێت" (بە فارسی). کوردپرێس. ٢٠ی نیسانی ٢٠٢١. Retrieved 19ی Mayی 2021. {{cite news}}: Check date values in: |accessdate= و |date= (help)