سەربەستکار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سەربەستکار (بە ئنگلیسی: freelancer، یان freelance worker، یا freelance) بە کەسێک دەگوترێت خۆی خۆی دامەزرانددووە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ئازاد کار دەکات، و بۆ ماوەیەکی درێژ پابەند نییە بە خاوەنکار یان دامەزرێنەرەوە.

ئەو بوارانەی کە سەربەستکاری تێدا زۆر باوە بریتین لە ڕۆژنامەوانی، بڵاوکردنەوەی پرتووک، بڵاوکردنەوەی گۆڤار، و شێوازەکانی دیکەی نووسین، پێداچوونەوەی دەق، ھەڵەگری، باشترسازی، ڕیزبەندی (ئیندێکسینگ)، نووسینی ڕێکلام(کۆپی‌ڕایتینگ)، بەرنامەنووسینی کۆمپیۆتری، دارێژشتنی گرافیکی، ڕاوێژکاری و وەرگێڕان.

کاسبی و کاری سەربەستکاری زۆر جۆراوجۆرە. ھەندێکیان پێویستی بەوە ھەیە کە لەگەڵ کلایەنت یان کڕیار گرێبەست واژۆ بکرێت، لە حاڵێک دا کە لە ھەندێ جۆری دیکە دا کارەکان تەنیا بە گرێبەستی زارەکی دەکرێت. لەوانەیە ھەندێ لە سەربەستکاران بەراوردێکی نووسراوە لە خەرجیەکان، ماوەی کار و شێوازی کار پێشکەش بە کلایەنت بکەن و داوای بڕێک پێشپارەی لێ بکەن.

ئەو پارەی کە دەدرێت بە سەربەستکار ھەروەک سروشتی کارەکە زۆر جۆراوجۆرە. سەربەستکار ڕەنگە بە پێی ڕۆژ، کاتژمێر، خولەک، لاپەڕە، وشە، کۆی پرۆژە پارەی خۆی بستێنێت. ئاساییانە ھەدوو لا لە سەر نرخێک ڕێک دەکەون. بۆ نموونە لە بواری وەرگێڕان دا باوترین نرخەکان بریتین لە وشە، کاتژمێر، خولەک و کەمینە. واتە بۆ ھەر وشەیەک، کاتژمێرێکی کارکردن یان ھتد نرخێک دیاری دەکرێت. یان بە پێی ڕێکەوتن دەگوترێت کە بۆ ھەر کارێک ھەر ئەندازە بچووک بێت لانی کەم ئەوەندە پارە دەستێنرێت، واتە ھیچ کارێک نابێت لەو بڕە دیاری کراوە پارەی بۆ تەرخان بکرێت. بەم بڕە دەگوترێت نرخی کەمینە یان مینیمۆم.

ھەندێ لە سەربەستکاران بە جێگەی نرخی دیاریکراو، شێوازی نرخدانان بەپێی بەھا و مەزنی کارەکە بە کار دێنن واتە کارەکە چەندە لای خاوەنکار گرینگە. بەپێی ڕەسمی سەربەستکاری، لەوانەیە ھەموو پارەکە یان لەسەدێکی لە پێشەوە بدرێت، یان ھەموو پاش تەواوبوونی کارەکە بدرێت. لە ھەندێ پرۆژەی دژوار دا لەوانەیە بە پێی گرێبەست پلانێکی پارەدان دابنرێت بۆ ئەوەی بە پێی دەسکەوتی پرۆژەکە و ڕادەی ئەنجامدانی سەرکەتوانەی بە پێی ھەندێ پێوەری دیاریکراو پارە بە ئەنجامدەر بدرێت.