سۆنۆگرافی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەی سۆنۆگرافی تۆل، حەفتەی ١٢، بە ئێکۆگرافی مناڵدان

سۆنۆگرافی یا ئێکۆگرافی یەکێک لە شێوەکانی وێنەگری پزیشکییە کە لە سەر بنەمای شەپۆلەکانی ژووردەدنگ بۆ وێناندنی شانەکانی ژێر پێست (وەک: ماسوولکە، ڕەفیسکە و ئەندامەکانی ناوەوەی لەش) و زیانەکانیان داڕێژراوە.
سۆنۆگرافی لە دووگیانیدا گرنگی زۆری ھەیە. ئەمڕۆکە سۆنۆگرافی لە چارەسەری نەخۆشییەکانیشدا دەوری ھەیە.

پێکھاتەی ناو[دەستکاری]

وشەی سۆنۆگرافی لە دوو وشەی sono واتە دەنگ و graphic واتە وێناندن و نەخشاندن پێک ھاتووە. (پێشنیار:دەنگوێنی)
ultrasound لە ultra واتە«ژوور» یا«ئەولا» و sound واتە دەنگ پێک ھاتووە. (ژوور دەنگ)

مێژوو[دەستکاری]

لە ساڵی ١٨٧٦ زایینی، سێر فرانسیس گۆڵتن شەپۆلەکانی ژووردەنگی دۆزییەوە. لە شەڕی جیھانی یەکەمدا وڵاتی بریتانیا بۆ بەرگری لە نوقم کردنی کەشتییەکانی لە لایەن ژێردەریاییەکانی ئەڵمانەوە لە باکووری ئۆقیانووسی ئاتلانتیک، ئامێرێکی بە ناوی دەنگدۆز (سۆنەر) داھێنا کە بە یارمەتی شەپۆلەکانی دەنگ ژێردەریاییەکانی دەدۆزییەوە. ئەم ئامێرە شەپۆلەکانی ژووردەنگی بەرھەم دەھێنا، ئەم تەکنیکە لە شەڕی جیھانی دووھەمدا گوورا و لە پیشەسازیدا ڕەنگی داوە، لەم ئامێرە بۆ دۆزینەوە و دەرخستنی شوێنی کانزاکان کەڵکیان وەردەگرت. سەرکەوتنی ئەم تەکنیکە لە شەڕ و پیشەسازیدا بووە ھۆی ڕەنگدانەوەی لە زانستی پزیشکی و بە پەلە جێی خۆی لە ناسینەوەی ئازارەکانی ناوەوەی لەش کردەوە.

ڕەوتی گۆڕانکاری و گەشە[دەستکاری]

یەکەمین ئامێری بەرھەمھێنی شەپۆلەکانی ژووردەنگ لە پزیشکیدا، لە ساڵی ١٩٣٧ ز. لە سەر دەستی دوسیک دروست بوو و لە سەر مێشکی مرۆڤ تاقی کرایەوە. ئەگەرچی ژووردەنگ لە سەرەتادا بۆ دەسنیشان کردنی ھێڵی ناوەڕاستی مێشک بوو، بەڵام ئەمڕۆکە وەک شێوەیەکی کارامە لە ناسینەوە و چارەسەر کردنی نەخۆشییەکان بەکار دێت و ڕۆژبەڕۆژ لە گۆڕان و بەرەوپێشچووندایە.

ئەگەرچی سۆنۆگرافی لە باری ھەرزانی، سەلامەتی، ئەملاولا کردنی ئاسان و ھەلی زیندەوێنەی زۆرتر لە چاو شێوەکانی تری وێنەگری پزیشکی سەرترە، بەڵام ئامارەکانی ساڵی ٢٠٠٠ پیشانیان داوە کە لە پێشدا سیتی سکەن(CT) و ئێم ئاڕ ئای و پاشان وێنەگری ناوکی بەتایبەت پێت (PET) زۆرتر بەکار ھاتوو. ھۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سنووردار بوونی شەپۆلەکانی ژووردەنگ لە ناسینەوەی ئەندامەکاندا، وەک:

  • شەپۆلەکانی ژووردەنگ ناتوانن لە ئێسک، گاز و ھەوا تێپەڕن و ھەڵدەگەڕێنەوە. کەوابوو سۆنۆگرافی شێوەیەکی باش نییە بۆ وێنەگرتن لە سینگ، ڕیخۆڵە و گەدە
  • گازەکانی نێو ڕیخۆڵە، وێنەی ئەندامەکانی تر (وەک پەنکریاس و ئائۆرت) دەشێوێنێ.
  • شەپۆلەکانی ژووردەنگ لە ئەندامەکاندا ڕوو لە کزی دەنێن و دەبنە ھۆی کێشە لە سۆنۆگرافی دڵ لە کەسانی قەڵەودا.

شەپۆلەکانی ژووردەنگ[دەستکاری]

شەپۆلەکانی ژووردەنگ، لە خێزانی شەپۆلە میکانیەکانن کە فرێکانسیان یەکجار زۆرتر لە ئاستی ژنەوایی مرۆڤە. گوێی مرۆڤ دەتوانێ ئەو شەپۆلانە ببیستێ کە لە نێوان ٢٠ و ٢٠٠٠٠ھێرتزدایە.
ھەموو شەپۆلێک (دەنگ یان ژووردەنگ) بە ھۆی جۆرێک ھەڵشێوانی میکانیکی لە گاز، شلە یان بەستوو دروست دەبێ کە بە خێراییەکی یەکجۆر بەرەو دەر دەبزوێ. لە ھەناردنی شەپۆلی میکانیکیدا، ماک جێبەجێ نابێ. ئەگەر ئاراستەی لەرەی وردیلەکان لەچاو ئاراستەی بڵاوبوونەی دەنگ، قیتەکی بوو، ئەوە شەپۆلی پانەکییە کە زۆرتر لە بەستووەکاندا ڕوودەدات و ئەگەر ئاراستەی لەرە ڕێکی ئاراستەی بڵاوبوونەی دەنگ بێ، شەپۆلی درێژەکییە.
لە پزیشکیدا شەپۆلەکانی نێوان ٢ تا٢٠ مێگاھێرتز بەکار دەچن. شەپۆلی ژوور ئەم ڕادەیە لە تاقیگاکانی زانستی بەکار دەبرێن.

شێوەکانی بەرھەم ھێنانی شەپۆلەکانی ژووردەنگ[دەستکاری]

  • شێوەی پیزۆ ئێلێکتریسیتە
  • شێوەی مەگنێتۆ ستریکشن

کاربردی شەپۆلەکانی ژووردەنگ[دەستکاری]

  • ناسینەوەی نەخۆشییەکان
  • ئەندازە گرتنی نەرمەشانەکان لە ددانپزیشکی
  • فیزیۆتراپی: بۆ شکاندنی ئازار و ھەوی شانەکان
  1. کاربردی گەرمایی
  2. مایکرۆ ماساجی میکانیکی

مەترسییەکانی ژووردەنگ[دەستکاری]

  • سووتان
  • پچڕانی کرۆمۆسۆم
  • چاڵ کردن

بڕوانە[دەستکاری]

سەرچاوە[دەستکاری]