سمکۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە سمکۆی شکاکەوە ڕەوانە کراوە)
ئیسماعیل ئاغای شکاک

ئیسماعیل ئاغای شکاک
لەدایکبوون١ی کانوونی دووەمی ١٨٨٧
مەرگ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٣٠
نەتەوەکورد
پیشەسیاسەتوان
ئایینئیسلام، سوننە

ئیسماعیل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆی شکاک (لەدایکبوو ١٨٨٧ – مردووی ١٩٣٠) شۆڕشگێڕێکی کوردی ڕێبەری ھۆزی شکاک بوو کە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژاوای گۆلی ورمێی لە حکوومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە.[١]

ژیان[دەستکاری]

سمکۆ ناوی ئیسماعیلە و کوڕی محەممەد پاشای کوڕی عەلی خانی کوڕی ئیسماعیل ئاغای شکاکە و بنەماڵەکەیان لە مێژەوە گەورە و دەسەڵاتداری خێڵی شکاک بوون. سمکۆ ساڵی ١٨٨٧ لەدایک بووە و پاش مردنی باوکی و جەعفەر ئاغای برای، سەرکردایەتی شکاکی گرتووەتە دەست و لەدوای شەڕی جیھانی یەکەمەوە دەستی بە گرتنی ناوچەکانی قەراغی گۆلی ورمێ کردوە. ھەرچەندە لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیھانیدا سمکۆ لە ھیچ چالاکییەکی سیاسی بەشداری نەکردبوو، بەڵام ھێزەکانی ڕووسیا گرتیان و دووریان خستەوە بۆ شاری تبلیس و دواتر ئازادیان کرد بەو مەرجەی لە شاری خۆی دابنیشێ و ھیچ ھەڵوێستێک دژی ڕووسەکان نەنوێنێت.

شۆڕشی سمکۆ[دەستکاری]

کە جەنگی جیھانی یەکەم کۆتایی ھات سمکۆ وەک سەرکردەیەکی سیاسی ناوی دەرکرد و لەپێناو دامەزراندنی ئیدارەیەکی کوردیدا ساڵی ١٩١٩ شۆڕشی بەرپاکرد و گەلێ ناوچەی گرنگی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ساڵی ١٩٢١ لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکی گەورەی ھێزەکانی حکوومەتی ئێراندا سمکۆ ناچار بوو پاشەکشێ بکات و پەنا بەرێتە بە تورکیا. ساڵی ١٩٢٤ بە بڕیارێکی لێبوردن گەڕایەوە ئێران و ساڵی ١٩٢٦ جارێکی تر شۆڕشی بەرپاکردەوە. بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەکەی تێکشکاو ماوەیەک لە تورکیادا بە دەستبەسەری مایەوە. پاش ئازادکردنی گەڕایەوە ئێران و ساڵی ١٩٣٠ بە پیلانێکی کاربەدەستانی ئێران لە شاری شنۆ کوژرا، بەمەش شۆڕشەکەی شکاک کۆتایی ھات کە یازدە ساڵ درێژەی کێشابوو.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ C. Dahlman, "The Political Geography of Kurdistan", Eurasian Geography and Economics, pp. 271-299, No.4, Vol.43, 2002. p.283
  2. ^ ژیانی شەھید سمایل خانی شکاک-ماڵپەڕی قادرزادە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، سەردانی ٢٩-٧-٢٠١٠[بەستەری مردوو]