ستۆیسیزم

لە ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
(ڕەوانەکراوە لە ستۆیسيزم ەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی, گەڕان

ستۆیسیزم (بەئینگلیزی: Stoicism، بەعەرەبی: الرواقية)، وەکوو فەلسەفە، وەکوو ڕەوتێکی زیندووی خاوەن هێڵی دیاریکراو، نزیکەی پێنج سەدە بەردەوام بوو. ستۆیسیزم پێی وایە بەدەر لەعەقڵ هیچ دەسەڵاتێکی بەرزتر بوونی نییە. لەهەڵهێنجانی سەرەنجام لە بۆچوونەوە دەگەینە ئەوەی بنەمای هەرە گرنگ لەفەلەسەفەی ستۆیسیزمدا بریتییە لەوەی؛ جیهان ئەوەیە کە عەقڵ بۆمان دەردەخات. واتە جیهانی سرووشتی، هەموو ڕاستی کەبوونی هەیە. هیچ شتێکی بەرزتر نییە و خودی سرووشتیش ئەو پرەنسیپانە بەڕێوە دەبات کە عەقڵ دەتوانێت پەیان پێبەرێت. ئێمە خودی خۆمان بەشێکین لەسرووشت. ئەو چوارچێوە عەقڵییەی ئێمەی تیا دەژین و هەموو شتێکیشی گرتۆتەوە بریتییە لەوەی بەخودا ناسراوە. بەم جۆرە تێگەیشتنەبێت، خودا لەدەرەوەی جیهان نییە و لێی دابڕاو نییە، بەڵکو هەموو جیهانی تەنیوەتەوە، وەک بگووترێت ئەو عەقڵ و ئاگامەندی جیهانە.

پێرست

[دەستکاری] مێژوو

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەمدا و لەمیانەی ئەمەوەی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی لەچوارچێوەی گریکی هاتە دەرەوە و شێوازی ئینتەرناسیۆناڵی وەرگرت. ئەمە بەکاریگەریی ڕاستەوخۆی داگیرکارییەکانی ئەسکەندەری مەزن ڕوویدا، ئەو کاتەی کە کەلتووری گریکی هەموو شارستانییەتی ناسراوی ئەو سەردەمانەی گرتبۆوە. زۆربەی ستۆیسیستە سەرەتاییەکان خەڵکی سوریا بوون و زۆربەی ئەوانەی دواتریش ڕۆمانی بوون، بەناوبانگترینیان لەو کۆمەڵگە زۆر چینایەتییەدا کۆیلەیەک بووە بەناوی ئیپیکتیتۆس لەگەڵ تزارێکی ڕۆمانی بەناوی مارکۆس ئاوریلیۆس.

پێدەچێت ئەم فێرگەیە زیاتر سەرنجی ترازەکانی بەلای خۆدا راکێشابێت. بەبۆچوونی توێژەرێکی شارەزا هەموو ئەوانەی دوای ئەسکەندەر حوکمیان کردووە، بەتابەتی هەموو ئەو ادشا ناودارانەی یەک بەدوای یەک حوکمیان گرتۆتە دەست لایەنگری ئەم فێرگەیە بوون.

دامەزرێنەری ئەم فێرگەیە زینۆنی ڕەواقی بوو کە خەڵکی کیتیۆن ی قوبڕوس بووە (نابێت ناو ئەم بەهەڵە لەگەڵ زینۆنی خەڵکی ئیلیا تێکەڵ بکرێت، کە یەکێک بووە لە فەیلەسووفەکانی بەر لەسۆکرات).

[دەستکاری] فەلسەفەکە بەگشتی

جگە لەوەی کە لەسەرووتر باسکراوە، بەبڕوای ستۆیسیزم ئێمە وەک مرۆڤ لە سرووشت دانەبڕاوین و هیچ مەملەکەتێکی بەرزتر بوونی نییە. بۆیە ناکرێت باس لەوە بکرێت کە دوای مردن بچین بۆ "شوێنێکی تر"، شوێنیتر بوونی نییە تا بۆی بچین، لەناو سرووشتدا دەتوێینەوە. لەمیانەی ئەو ئیتیکەی لەم باوەڕەوە سەرچاوەی گرت، ستۆیسیزم گەورەترین کاریگەریی و ناوبانگی بۆخۆی مسۆگەر کرد.

لەبەرئەوەی پرەنسیپە عەقڵییەکان سروشت ئاڕاستە دەکەن، کەواتە مەبەستێک بۆ بوونی هەموو شتێک هەیە، کە بەو شێوەیە بێت کە هەیە. ئێمە ناتوانین بیان گۆڕین و ناشبێت ئاواتەخوازی جۆر و شێوازیتر بین بۆیان. هەر لەو ڕوانگەیەوە دەبێت مەرگی تایبەت خۆمان کە لەتراژیدیای تاکەکەس و تایبەت دەچێت، دەبێت زۆر بەلامانەوە ئاسایی و پەسەند بێت. گەر هەستەکانمان دژ ئەو ئەنجامە بن، ئەوا ئەوە هەستەکانمانن کە بەهەڵەداچوون. بەلای ستۆیسیستەکانەوە هەستەکانمان پێوەر و بەهادانەرن و هەروەها سەرچاوەن بۆ زانیاری و هۆکاری فێربوون.[١]

گەر ئێمە هەموو هەستەکانمان بخەینە ژێر دەسەڵاتی عەقڵەوە، ئەو کاتە تەنیا؛ ڕێگا بەپێوانە ڕاست و درووستەکان دەدەین خۆیان بنوێنن. ئەو کاتە ئێمەش لەگەڵ ڕاستی و حەقیقەتی شتەکاندا دەبین بەیەک.

ئەو کەسانەی فەلسەفەی ستۆیسیزمییان بەلاوە پەسەند بووە، زیاتر ئەو کەسانە بوون، کە سەختی و ناخۆشییەکانی ژیانیان بە ئارامی و ڕێزەوە پەسەند کردووە. بەڵام بۆ ئەوانیش ڕۆژی وا هاتۆتە پێشەوە کە نەیانوویستووە بەردەوامبن لەژیاندا. بۆ نموونە لەکاتی هەرەسهێنانی کەسایەتی یان لەکەداربوونی ئابڕوو یان دووچاربوونی نەخۆشیی بێ چارەسەر. لەم بارانەدا، بەلای ئەمانەوە کارێکی عەقڵانییە گەر بەبێ ئازار کۆتایی بەژیانی خۆیان بهێنن. هەڵبەتە زۆر لەلایەنگرانی ئەم فێرگەیە پەیڕەوی ئەمەیان کردووە. زۆر لەناودارانی ستۆیسیزم بەخۆکوشتن کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە. پڕجۆشرین و سەرنجڕاکێشترین بیرۆکەی سیتۆیسیزمی لەنووسینەکانی ستۆیسیستەکانی دواتردا دەردەکەون کە هەموویان بەزمانی لاتینی نووسراون. نوێنەرەی هەرە دیار لێرەدا سینیکا (بەئینگلیزی: Seneca) و مارکۆس ئاوریلیۆسن، ئەمان خۆیان بیرمەندی ڕەسەن نەبوون بەو واتەیەی کە شتی زیادەیان بۆ فێرگەی ستۆیسیزم بەرهەمهێنابێت، بەڵکو شاکارەکانیان وا ڕازاندۆتەوە کە تائێستاش خەڵکی نائەکادیمییش دەیانخوێنێتەوە. گەریەکێک بیەوێت سەرچاوە سەرەتاییەکانی ستۆیسیزم بخوێنێتەوە، دەبێت بەدوای دەقە شاکارەکانی ئەماندا بگەڕێت. [٢]

بەشێوەیەکی گشتی، ئیتیکی ستۆیسیزمی مایەی سەرسوڕمان و ستایشکردن بووە، تەنانەت لەلایەن ئەوانەشەوە کە بەتەواوی لایەنگری ئەم فێرگەیە نین. ئەم ئیتیکە پۆ پراکتیزەکردن ئاسان نییە. بەڵام ڕەنگە خەسڵەتی ئەو ئیتیکانەی شایای ناوەکانیان بن، هەر بەو جۆرە بێت، کارپیکردنیان سەخت بێت.

کاریگەریبوونی ستۆیسیزم بە ئیتیکی مەسیحییەت حاشا هەڵنەگرە. کە لەسەردەمی سینیکا و ئیپیکتیتۆس و مارکۆس ئاوریلیۆسدا دەستی بەبڵاوکردنەوە کردووە. تەنانەت تاڕۆژی ئیمڕۆش وشەی "ستۆیسیست" یان "ستۆیسیزم" زۆر جار بەکاردەهێنرێن. بەتایبەتی لەپیاهەڵدانی نائارەزوومەندانە بۆ واتای: "ڕووبەرووبوونەوەی تەنگژە و شەختی بەبێ بۆڵە گلەیی". بێگوومان لەمڕۆژگارەدا خەڵکانێکی زۆر هەن پەیڕەوی نموونەی ئیتیکێکن، کە زۆر لە ئیتیکی ستۆیسیستەکان دەچێت. گەرچی هەرگیز خۆیان بەئاگامەندییەوە دانیان پێدا نەنابێت.

[دەستکاری] بەکارهێنانی بەهاکانی ستۆیسیزم لە ئەوروپادا

لەبەرئەوەی باشترین قوتابخانەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەم چەند سەدەیەی دوایدا بەرنامەکانیان خوێندنی ئەدەبیاتی لاتینی گرتبوەخۆ، ئەوا ناڕاستەوخۆ چەندین نەوە مرۆڤی خوێندەوار لە ئەوروپا بەشێک لە بەهاکانی ستۆیسیزمیان وەرگرتووە. بۆ نموونە دەستەواژەی بەناوبانگی "Stiff upper lip" بەواتای نەبەزیی یان خۆڕاگریی نموونەیەکە لەبەهاکانی ستۆیسیزم لەپراکتیکدا، کەلەبەرنامە کلاسیکییەکانی قوتابخانە ئینگلیزییەکاندا ڕەگی داکوتاوە. [٣]

[دەستکاری] سەرچاوەکان

  1. پەڕتووکی مێژووی فەلسەفە، لاپەڕە ٨٩
  2. پەڕتووکی مێژووی فەلسەفە، لاپەڕە ٩٠
  3. پەڕتووکی مێژووی فەلسەفە، لاپەڕە ٩١
ئامڕازە تاکەکەسییەکان

شێوەزارەکان
شوێنناوەکان
کردارەکان
ڕێدۆزی
ئامرازدان
بە زمانەکانی تر