زەریای مردوو
Coordinates: 31°20′N 35°30′E / 31.333°N 35.5°E
زەریای مردوو (بە عەرەبی: البحر الميت، بە عیبری: יָם הַמֶּלַח)، کە ھەروەھا بە زەریای خوێ -ش ناسرواە، زەریاچەیەکە لەنێوان ئوردون و ئیسرائیلدا ھەڵکەوتووە. ڕووی ئەم زەریاچەیە و کەنارەکانی ٤٢٢ مەتر لە ئاستی زەریا نزمترن و بەم بۆنەوە وەکوو نەویترین وشکانییەکانی ڕووی زەوی دێنە ئەژمار. زەریای مردوو ٣٧٨ مەتر قووڵە و بە ٣٣،٧% سوێرییەوە سوێرترین کۆمای ئاوییە لە جیھاندا. ئاوەکەی ئەوەندە سوێرە کە ژیان تێیدا بۆ زۆربەی گیانداران ئەستەم و دەستنەداوە، ھەر بۆیە بە "مردوو" ناو نراوە. ئەڵبەت بەتەواوی مردوو نییە، جۆرە باکتریاگەلێک ھەن کە دەتوانن لەو ئاوەدا بژین. ھەروەھا سوێریی ئاوەکە وای لێ دەکا لە ئاوی تازە قورستر بێ و مرۆڤ بەئاسانی و بەبێ ھەوڵی زۆر بتوانێ بەسەر ئاوەکەدا پاڵ کەوێ. ئەم تایبەتمەندییەی ھەر ساڵە گەشتیاران لە سەرانسەری جیھانەوە بۆ سەیرانی زەریای مردوو ڕادەکێشێ.