دیموکراسیی ئازاد

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

دیموکراسی ئازاد شێوەیەکە لە شێوەکانی دیموکراسی نوێنەران کە تیایدا توانای نوێنەری ھەڵبژێردراو لە کارلێکردن لە سەر دەسەڵاتی بڕیار وەرگرتن ملکەچی دەسەڵاتی یاسایە و بە ھۆی دەستورەوە کە جەخت لەسەر پاراستنی ماف و ئازادیەکانی تاک و کۆ دەکات ھەموار کراوە (و ھەروەھا بە دیموکراسی دەستوری یاخود لیبراڵیزمی دەستوری ناو دەبرێت) و کۆت و بەند دەخاتە سەر ئەو ئاستەی کە پێویستە ویستی زۆرینە بسەپێنرێ.

ئەم ماف و ئازادیانە مافی بوونی دادگاییکردنێکی رەوا و مافی موڵکایەتی تایبەت و نھێنێتی کەسێتی و یەکسانی لەبەردەم یاسا و ئازادی قسەکردن و کۆمبوون و ئایین لەخۆ دەگرێ. ئەم مافانەش لە دیموکراسی ئازاددا (کە بە "مافە ئازادەکانیش" ناودەبرێن) ھەندێ جار دەستور زامنیان دەکات یاخود بە ھۆی یاسایەکی نیشتیمانی یاخود تایبەتدا دێنە کایەوە کە ئەمەش دەسەڵات بە جۆرەھا دامەزراوی مەدەنی بۆ بەرێوەبردن و پاراستنی ئەم مافانە دەدات. ھەروەھا سیستەمە دیموکراسیە ئازادەکان بە سینگ فراوان و فرەلایەنی ناسراون: کە تیایدا جۆرەھا راوبۆچونی سیاسی و کۆمەڵایەتی – تەنانەت ئەوانەی بە توندڕۆ و زێدەڕۆ دەژمێردرێن- بوونیان ھەیە و رکابەری یەکتری دەکەن بۆ وەدەستھێنانی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنەمایەکی دیموکراسیدا.

ھەروەھا دیموکراسی ئازاد بە لێبوردەیی و فرەلایەنی ناسراوە، دید و بۆچونی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر لێک جیاواز بیر و بۆچونە توندڕۆ و زیادڕۆکانیش لە دیموکراسی ئازاددا بواریان ھەیە پێکەوە بژین و بە پێی بنەما دیموکراسیەکان دەسەڵاتی سیاسی وەدەست بھێنن. لە دیموکراسی ئازاددا بە شێوەیەکی خولی ھەلڕَبژاردن ئەنجام دەدرێن کە تیایاندا گروپەکان بە جیاوازی دیدە سیاسیەکانیان ھەلی وەدەستھێنانی دەسەڵاتی سیاسیان بۆ دەڕەخسێت.

تایبەتمەندیەکانی دیموکراسی ئازاد[دەستکاری]

ئەمانەی خوارەوە تایبەتمەندیەکانی دیموکراسیی ئازادن:

  • دەستورێک کە دەسەڵاتەکانی حکومەت سنوردار دەکات
  • مافی جیھانی دەنگدان کە بە ھۆیەوە ھەموو ھاووڵاتیەکی پێگەیشتوو مافی ھەیە دەنگ بدات بە بێ جیاوازی لەسەر بنەماکانی نەژادی، رەگەزی یان خاوەندارێتی سامان
  • ئازادی ئایین
  • ئازادی رادەربڕین، قسەکردنیش دەگرێتەوە
  • ئازادی رۆژنامەوانی و گەیشتن بە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی زانیاری
  • ئازادی دامەزراندنی کۆمەڵە و ئەنجومەنەکان
  • یەکسانی لەبەردەم یاسا و دادگایی رەوا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی یاسادا
  • مافی سامانی تایبەتی
  • دادگای سەربەخۆ و بوونی ھەل بۆ پیاھەڵچونەوەی بڕیارەکانی دادگە
  • سیستەمێکی کۆت و بەند و ھاوسەنگی لە نێوان لقەکانی حکومەتدا

رەخنە[دەستکاری]

رەخنەگران دەڵێن دیموکراسی ئازاد بە ەیچ جۆرێک نە دیموکراسیە و نە ئازادە. ھەروەھا دەڵێن دیموکراسی ئازاد رێز لە بنەمای زۆرینە ناگرێت (تەنھا ئەو کاتە نەبێ کە ھاووڵاتیان داوایان لێدەکرێت نوێنەرەکانیان ھەڵبژێرن) و، ھەروەھا گوایە کە (ئازادی) ئەو دیموکراسیە لەلایەن دەستور یان بڕیاری پێشینە (لە بەریتانیا) لەلایەن نەوەی پێشوو کۆت و بەند کراوە. ھەروەھا دەڵێن بێبەشکردنی ھاووڵاتیان لە مافی دەنگدان لەسەر ھەموو پرسەکان (بەتایبەتی ھەندێ مەسەلەی گرنگی وەک: چوونە جەنگ، ھەموارکردنە دەستوریەکان یان رەتکردنەوەی دەستور ... ەتد)، دیموکراسی ئازاد بەرەو ئاقاری حوکمی کەمینە دەبات. نەیارانی سەرمایەدارەکان، کە مارکسیەکان و سۆشیالیستیەکان و گێرەشێوێنیەکان دەگرێتەوە دەڵێن دیموکراسی ئازاد بەشێکی تەواوکاری سیستەمی سەرمایەداریە و لەسەر بنەمای چینایەتی دامەزراوەو دیموکراسی تەواو یاخود بەشداربووانە نییە. بە گوتەی ئەوان دیموکراسی ئازاد بریتیە لە دیموکراسی بۆرژوا کە تیایدا تەنھا خەڵکی دەوڵەمەند حوکم دەکەن. لەبەرئەوە دیموکراسییەکی نایەکسانیە و بوون و کارکردنی بە شێویەک وەبەرھێنانی ئابووری ئاسان بکات. ھەندێکیش دەڵێن کەوا تەنھا (دیموکراسیەتی لیبڕاڵی)یە دەتوانێت ئازادیەکانی تاک مسۆگەر بکات بۆ ھاووڵاتیانی و رێگا بگرێت لە گەشەسەندن بەرەو دکتاتۆریەت. لەم سۆنگەیەوە، حوکمی زۆرینەیەکی توندڕەو بەرەو چەوساندنەوەی کەمایەتیەکان دەڕوات. یەکێک لە دیاردە گرنگەکانی دیموکراسیەتی نوێنەرایەتی، ھەرچۆنێک بێت، ئەو راستیەیە کەوا دەسەڵاتی راستەقینە لە راستیدا تارادەیەک بەدەست دەستەیەکی نوێنەرایەتی بچوکەوەیە. دەسەڵاتەکە ھەرچۆنێک بێت لەلایەن زۆرینەوە بەرێوەدەچێت، بەڵام لە راستیدا بریتیە لە گروپێکی بچوکی ھەڵبژێردراو لەسەر بناغەیەکی جەماوەری.

کۆمەڵگەی کراوە[دەستکاری]

(دیموکراسیەتی لیبڕاڵی) بەھەمان شێوە رێگایەکە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگە کراوەکەی (کارل پۆپەر Karl Popper)، ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا تاک رێگای پێدراوە چارەنووسی خۆی ھەڵبژێرێت، بە پێچەوانەی ئەوەی لەسەری سەپێندرابێت، ھەروەھا کۆمەڵگا و سەرکردایەتیەکشی دەتواندرێت بگۆڕدرێن لە رێگەی گفتوگۆکردنەوە. دیموکراسیە لیبڕالیخوازەکان بەتەواوی بە شێوەیەکی سادە سەیری کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن وەک باشترین رێگا بۆ رازی کردنی ئارەزووە تایبەتی و کلتوری و ھاوبەشیەکانی کەمایەتیەکان (بەھەمان شێوە زۆرینەش). بە شێوەیەکی دیموکراسی، پشتگیری کردنی ھونەر و کۆمەڵگە تایبەتەکان و یەکێتیە وەرزشیەکان و یان یەکێتیەکانی تر لە ناو کۆمەڵگەی مەدەنیدا، لەلایەن ئەوانەوە بە پشتگیریکردنی ئارەزووەکانی زۆرینە دێتەبەرچاو، جا ئەوە بە ئارەزووی دانەرانی سیاسەتەکان بێت یان بە ئارەزوویان نەبێت.

پەیوەندی لەگەڵ دیموکراسیەتی ناراستەوخۆ[دەستکاری]

(دیموکراسیەتە لیبڕاڵی)یەکان بریتین لە دیموکراسیەتە نوێنەرایەتیەکان. ھەندێک لەو دیموکراسیانە چەند سیستەمێکی پاشکۆیی راپرسی ھەیە تا توانایەک بدرێت بە دەنگدەران تا دەسەڵاتیان ببێت بەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی ھەڵبژێردراوی یاسادانان یان بەلای کەم دروستکردنی بڕیار لە رێگەی راپرسی گشتی بەبێ ئەوەی بوار بدەنە ئەنجومەنی یاسادانان قسەی یەکلاکەرەوە بکات لەو بڕیارەدا. سویسراو ئۆروگوای لەو وڵاتە دیموکراسیە لیبڕاڵیە کەمانەن کە سیستەمێکی نوێنەرایەتیان ھەیە گرێدراوە لەگەڵ راپرسی گشتی. وڵاتانی تر لەسیستەمی سیاسیاندا لە پلەیەکی نزمتر راپرسی بەکاردێنن. زیادکردنی پرۆسەی راپرسی لە سیستەمێکی سیاسیدا لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ رێگەگرتن لە پەرەسەندنی دیموکراسیەتێکی لیبڕاڵی بەرەو حوکمێکی کەمینە. زانایانی سیاسەت بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵە زانیاریەکی رێکدانراوی تایبەت بەکاردێنن بۆ پێوانی ئەوەی تاچەند وڵاتێک دیموکراسە یان نا، یاخود چەندە نزیک و دوورە لە دیموکراسی. ئەم کۆمەڵە زانیاریانەش ئەمانەن: کۆمەڵە زانیاری دەوڵەت(Polity Data) و ھەروەھا کۆمەڵە زانیاری کۆشکی ئازادی (Freedom House Data). بەپێ ی کۆمەڵە زانیاری کۆشکی ئازادی، ھەر نەتەوەیەک بە کۆی گشتی چوار خاڵ یان زیاتر تۆمار بکات ئەوا بە دیموکراسیەتێکی دەنگپێدراو لە قەڵەم دەدرێت، وەھەر نەتەوەیەکیش دوو خاڵ و نیو یان زیاتر تۆمار بکات ئەوا بە دیموکراسی لیبڕاڵی دادەندرێت.

ئەو وڵاتانەی خوارەوە بە ھەردوو پێوەر نموونەی دیموکراسی لیبڕاڵین: ئوستراڵیا – کەنەدا – وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا – ئایسلەند – ھندستان – ژاپۆن – نیوزیلەند – فلپیین – نەرویج – بەرازیل – وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.