خوڕەم سوڵتان

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
Hürrem Haseki Sultan
خرم سلطان
لەدایکبوون ئالێکساندرا ئاناستاسیا لیسۆوسکا
١٥٠٠ی زایینی
ڕۆھاتین، پۆڵەندا
مەرگ ١٥٥٨ی زایینی
کۆشکی تۆپکاپی، ئەستەمبوڵ
شوێنی گۆڕ مزگەوتی سولەیمانیە، ئەستەمبوڵ
نەژاد ئۆکرانیایی
ئایین سەرەتای ژیان: مەسیحییەت، دواتر ئیسلام
ھاوسەر سولەیمان قانوونی
یار سولەیمان قانوونی
منداڵەکان سەلیمی دووەم


خوڕەم خاسەگی سوڵتان (١٥٠٠ - ١٥٥٨) بە ناوی ڕاستەقینەی ڕۆکسێنێلا یان ئەلێکساندرا لیسۆفسکا ژنی تاقانەی سوڵتان سولەیمان قانونی و دایکی سەلیمی دووەم.[١] خوڕەم سوڵتان یەکێک بوو لە بەھێزترین ژنانی دەرباری عوسمانی، ئەو ڕۆڵێکی گرینگی ھەبوو لە سیاسەت و بەڕێوەبەرایەتی ئیمپراتۆری و ئەم دەسەڵاتەی لە لایەن شووەکەیەوە بە دەست ھێنا بوو. بە ھۆی ئەوە کە دایکی وەلیعەھدی (جێنشینی پاوشا) دەرباری عوسمانی بوو، پێیان دەگوت خاسەگی سوڵتان. ئەو بە ڕەگەز خەڵکی وڵاتی ئۆکرانیا و ناوچەی رۆھتانیا بووە.


ناو[دەستکاری]

لە زمانە ئەورووپاییەکاندا لە خوڕەم سەڵتان بە ڕۆکسێلانا (Roxelana) ناو براوە، لە دەرباری عوسمانی پێی وتراوە خوڕەم(لە ڕیشەی فارسی و بە واتای کەسێکی شۆخ و شەنگ). لە عەرەبیدا پێی وتراوە کەریمە (بە عەرەبی: كريمة) کە بە واتای خانمی خاون ڕێزە.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

پەیکەری خوڕەم سوڵتان لە ئۆکرانیا.

سەبارەت بە ڕۆژانی سەرەتایی ژیانی خوڕەم سوڵتان سەرچاوەگەلێکی باش لە بەردەستدا نییە. بەڵام ھەر ئەوەندە زانراوە کە بە پێی نووسراوەکانی شاعرێکی پۆڵەندایی بە ناوی "ساموێل تواردۆوسکی"، خوڕەم دەبێ کچی کەشەیەکی ئۆرتۆدۆکسی ئۆکرانییایی بێت.[٢][٣][٤] شوێنی لە دایک بوونی ئەو شارستانی ڕۆھاتین لە ٦٨ کیلۆمەتری باشووریی-ڕۆژھەڵاتی شاری لڤیڤ بووە کە ھەر لەم شارەدا و لە یەکێک لە تاڵانکردنەکانی تاتارەکانی کریمە بۆ سەر ئەم شارستانە بە دیل(ئەسیر) گیرا و بۆ مامەڵەی دیلەکان سەرەتا بردرا بۆ شارێک لە ناوچەی کریمەی ئۆکرانیا بە ناوی کەففا و دواتر بەرەو شاری ئیستەنبوڵ، پایتەختی ئیمپراتۆری عوسمانی، بردرا و ھەر لەوێ بوو کە بۆ حەرەمخانەی سوڵتان ھەڵبژێردرا.[٥][٦]

ژیان لەگەڵ سوڵتان[دەستکاری]

خوڕەم دوای ئەوە کە چووە نێو حەرەمخانە، زۆر زوو کەوتە بەر چاوی سوڵتان و ھەر ئەمەش بوو بە ھۆی بەخێڵی کردنی دیکەی ژنانی حەرەمخانە. خوڕەم ببوو بە گرینگترین حەریفی ماھیدەوران سوڵتان و دواتریس ببو بە خۆشەویسترین ھاوسەری سوڵتان سولەیمان و ژنی فەرمی و قانوونی ئەو. خوڕەم لە ساڵی ١٥٢١ دا یەکەمین کوڕی خۆی بە ناوی "محەممەد" (کە لە ساڵی ١٥٤٣ کۆچی دوایی کرد) ھاوردە دنیا، دوای محەممەد، لە ساڵی ١٥٢٤ سەلیمی بوو کە دواتر بە ناوی سەلیمی دووەم بوو بە سوڵتانی عوسمانی. کاتێک کە سەلیم لە دایک بوو، ماھیدەوران زۆر نیگەران بوو، بە ھۆی ئەوە کە ئیتر تەنھا کەسێک لە حەرەمخانە کوڕی لە سوڵتان بووە نەما.[٧] ئەم ڕکابەرییەی نێوان ئەم دوو ژنە لە دەرباری عوسمانیدا لە لایەن ئایشێ حەفسە سوڵتان کە دایکی سوڵتان سولەیمان بوو، بەرگری لێ دەکرا،[٨] بەڵام لە ساڵی ١٥٣٤ و دوای کۆچی دوایی ئەو ململانێی نێوان ئەو دوو ژنە ئاگری گرت و زۆرجار بۆ یەکتریان تێ وەشان، کار کێشای بەو جێگەی کە ماھیدەوران چەپۆکی وەشان لە خوڕەم (وا دەردەکەوێت کە ویستوویەتی دەموچاوی خوڕەم بسووتینێت) و سوڵتان سولەیمان بەم کارەی زانی و ماھیدەورانی لە کۆشکی حکوومەت دەر کرد و ڕەوانە بوو بۆ ناوەندی ویلایەتی "مانیسا"، لای کوڕەکەی شازادە موستەفا.

دوای ئەم ڕووداوانە، ئیتر خوڕەم ببوو بە خاتوونی یەکەمی دەربار و کەس پێی نەدەوێرا. بە ھۆی ئەوە کە سەردەمی حکوومەتی سوڵتان سولەیمان زۆر درێژخایین ببوو، ململانێ لە نێوان کوڕەکانی ئەودا بۆ جێگری ئەو تەواو زۆر ببوو، یەکێک لە بەھێزترین ئەم کوڕانە، موستەفا(کوڕی ماھیدەوران) بوو. لە بەر ئەوە کە خوڕەم بتوانیت کوڕەکەی خۆی بکات بە جێگری سوڵتان لەگەڵ ڕوستەم پاشا(سەرۆک وەزیرانی دەربار) ببوو بە ھەڤاڵ و تێدەکۆشان بۆ لەناوبردنی موستەفا. خوڕەم و ڕوستەم، موستەفایان بە ھەوڵدان بۆ بنیاد دانانی شۆڕش تاوانبار کرد و کاتێک لە ساڵی ١٥٥٣ کە سوڵتان سولەیمان دەیویست ھیرش بکاتە سەر دەوڵەتی سەفەوی، موستەفای لە بەر ترس لە سەرھەڵدان لە کاتی شەڕی ئێران، کوشت.[٩]

وا بڕوا کراوە کە خوڕەم ئەو کاتەی کە دەیویست شوو بکات بە سوڵتان سولەیمان دەبوایە بھاتایەتە سەر ئایینی ئیسلام، کە بەم کارە دڵی سوڵتانی زۆر خۆشحاڵ کرد و ئەویش لەبەر ئەم کارە، خوڕەمی لە دیلی ڕزگار کرد و کردی بە خاتوونێکی ئازاد. دوای ئەمە خوڕەم لەگەڵ سوڵتان ھاوجێیی نەدەکرد و دەیوت کە لە ئایینە تازەکەی دا ھاوجێیی کردن لەگەڵ پیاوی نامەحرەم ڕێگەی پێ نەدراوە، سوڵتانیش بۆ سێ شەو خۆی ڕاگرت و نەچووە لای خوڕەم، بەڵام دوای ئەم ماوەیە، زەماوەندی لەگەڵ کرد و بە شەرعی بوون بە ھاوسەری یەک.[ژێدەر پێویستە]


نامەی خوڕەم بۆ پاشای پۆڵەندا

خوڕەم کاریگەریێکی ئەفسووناوی لە سەر سوڵتان بوو. ئەو دایکی پێنج کەس لە چواردە کەس منداڵی سوڵتان بوو و دواتر لە دیلی ڕزگار کرا و بە شەرعی بوو بە ژنی سوڵتان کە ئەمە لە سەردەمی ئۆرھان غازیەوە بۆ یەکەمین جار بوو کە سوڵتانێکی عوسمانی بە شەرعی ژنی دەھێنا. ئەم پێشکەوتنەی خوڕەم لە دەربار ئەوەندە بەر دەوام بوو ھەتاکوو یەکێک لە کوڕەکانی خوڕەم بە ناوی سەلیم بوو بە جێگری سوڵتان سولەیمان. ھەروەھا خوڕەم ببوو بە ڕاوێژکاری سوڵتان سولەیمان و لە زۆر کاروباری دەرەوەی وڵات و سیاسەتەکانی ناوخۆدا ڕاوێژکاری سوڵتانی دەکرد.[١٠] لە سەردەمی ژیانی خوڕەم، ئیمپراتۆری عوسمانی لەگەڵ ناوچە پۆڵەندایینشینەکاندا لە ئاسایشدا بوو.

خێرخوازی[دەستکاری]

حەمامی تورکی بنیادنراوە لەلایەن خوڕەم سوڵتان
مستەراوەکەی خوڕەم سوڵتان لە تەنیشتی مزگەوتی سولەیمانییە

جگە لەو کارە سیاسیانە کە خوڕەم بەشداری تێیدا دەکرد، ئەو چەندین پڕۆژەی ھەرە گەورەی بیناسازی لە مەککەەوە ھەتا ئورشەلیم بەڕێوە برد. ئەو مزگەوتێک، دوو دانە خوێندنگەی قورئانی(مەدرەسە)، فەوارەیەک و نەخۆشخانەیەکی ژنانی لە نزیک بازاڕی دیلفرۆشان(بەردەفرۆشان) لە ئەستەمبوڵ دروست کرد. ئەو مەستەراوێکی لە نزیکی مزگەوتی ھاجیا سۆفیا بۆ خزمەتگوزاری موسوڵمانان دروست کرد. لە ساڵی ١٥٥٢ لە ئورشەلیم چێشخانەیەک دروست کرا بۆ خۆراکدانی ھەژاران و فەقیران کە ناوی حەسەکی سوڵتان ئیمرات بوو.

یەکێک لە بەرھەمەکانی خوڕەم کە ھەتا ئەوڕۆش شوێنەواری ھەر ماوە، گوڵدووریەکانی (بە فارسی: گلدوزی) ئەوە کە بە دیاری ھەنێردراوە بۆ پاشاکانی وڵاتانی دراوسێ وەکوو ئێران و پەڵەندا.

کۆچی دوایی[دەستکاری]

خوڕەم سوڵتان لە ١٥ی نیسانی ساڵی (ئەیپریل) ١٥٥٨ کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی سولەیمانیە لە شاری ئەستەمبول بە خاک سپێردرا.[١١]

میرات[دەستکاری]

خوڕەم خاسەگی سوڵتان یان ڕۆکسێنێلا(ئەو ناوەی کە لە ئەورووپا پێی ناسراوە) خانمێکی زۆر بەناوبانگە لە تورکیا و ئەورووپا و چیرۆکی ژیانی زۆر جار بووەتە دەسمایە بۆ کاری ھونەری نگارکێشان، موسیقانووسان (سیمفۆنی ژمارە ٦٣ی جۆزێف ھایدن)، ئۆپرانووسان(وەکوو دێنیس سیکینسکی)، شانۆ و چەندین ڕۆمان کە زۆربەیان لە لایەن نووسرانی ئۆکرانیاییەوە نووسراون بەڵام ھەندێک کەس لە سەر زمانگەلی ئینگلیزی و ئاڵمانی و فەڕانسەوییش لە سەر ئەو چیرۆک و ڕۆمانیان نووسیوە.

لە ساڵی ٢٠٠٧دا موسڵمانانی یەکێک لە شارەکانی ناوچەی کریمە بە ناوی "ماریۆپۆل" لە وڵاتی ئۆکرانیا مزگەوتێکیان بە ناوی ڕۆکسێنیلا کردەوە بۆ ڕێز گرتن و مانەوەی ناوی خوڕەم.

لە تورکیا دەرھێنەرێک بە ناوی "موحتەشەم یوزیل" زنجیرە درامایەکی لە سەر بەسەرھاتەکانی ژیانی خوڕەم ساز کرد کە تێیدا مەریەم سەحرا ئوزەرلی ڕۆڵی خوڕەمی ھەبووە.

گالەری وێنە[دەستکاری]

گشت ئەو تابلۆیانەی کە لێرەدا ھێنراون خەیاڵین:




ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. http://web.archive.org/web/20060615093437/www.4dw.net/royalark/Turkey/turkey4.htm
  2. The Speech of Ibrahim at the Coronation of Maximilian II, Thomas Conley, Rhetorica: A Journal of the History of Rhetoric, Vol. 20, No. 3 (Summer 2002), 266.
  3. Kemal H. Karpat, Studies on Ottoman Social and Political History: Selected Articles and Essays, (Brill, 2002), 756.
  4. http://books.google.com/books?id=_BXNakNnZ7AC&pg=PT39&dq=Mistresses:+A+History+of+the+Other+Woman+Roxelana+Orthodox+priest&hl=en&sa=X&ei=nX7gULnrFcy_2QXIu4D4CA&ved=0CDoQ6AEwAA
  5. http://books.google.com/books?id=_BXNakNnZ7AC&pg=PT39&dq=Mistresses:+A+History+of+the+Other+Woman+Roxelana+Orthodox+priest&hl=en&sa=X&ei=nX7gULnrFcy_2QXIu4D4CA&ved=0CDoQ6AEwAA
  6. The Speech of Ibrahim at the Coronation of Maximilian II, Thomas Conley, Rhetorica: A Journal of the History of Rhetoric, 266.
  7. http://www.practicalturkish.com/encyclopedia-h.html
  8. Selçuk Aksin Somel: Historical Dictionary of the Ottoman Empire, Oxford, 2003, ISBN 0-8108-4332-3, p. 123
  9. Lord Kinross: The Ottoman Centuries, (Trans. by Nilifer Epçeli) Altın Kitaplar, İstanbul, 2008, ISBN 978-975-21-0955-1 p. 233.
  10. http://www.iudergi.com/tr/index.php/tarih/article/download/3733/3385
  11. Öztuna, Yılmaz (1978). "Şehzade Mustafa". İstanbul: Ötüken Yayınevi. ISBN 975-437-141-5.