حەسەن قزڵجی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
حەسەن قزڵجی
لەدایکبوون١٥ی ئەیلوولی ١٩١٤
قزڵجە
بۆکان
مەرگ٢٨ی ئەیلوولی ١٩٨٥
ھۆکاری مەرگسێدارە
شوێنی گۆڕنادیار
نەتەوەکورد
پیشەنووسەر
وەرگێڕ
ڕۆژنامەوان
سیاسەتوان
کارە ناودارەکان
پێکەنینی گەدا
بەرامبەر(ەکان)پەھلەوی
کۆماری ئیسلامیی ئێران

حەسەن قزڵجی (بە کوردیی باکووری: Hesen Qizilcî) (١٥ی ئەیلوولی ١٩١٤ لە بۆکان - ٢٨ی ئەیلوولی ١٩٨٥ لە تاران) نووسەر، وەرگێڕ، سیاسەتوان و ڕۆژنامەوانێکی کورد بوو. ھەر چەشنە خوێندنەوەیەک بۆ ڕەوتی ئەدەبی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بێ پەنابردن بۆ بەرھەمە ئەدەبییەکانی قزڵجی و ڕۆڵی لەو پانتایییەدا، بەتایبەت چیرۆکی کوردی، مەحاڵە. قزڵجی وەرگێڕ و ئەدیب و زمانزانێکی لێھاتوو بووە. دەیان بابەتی ئەدەبی لە زمانەکانی فارسی، تورکی، بولگاری و عەرەبی وەرگێڕاوەتە سەر کوردی؛ ھەروەھا چەندین بابەتی زمانەوانی بڵاو کردووەتەوە. قزڵجی ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە بوارەکانی: چیرۆک، وتار، ڕەخنە، لێکۆڵینەوە، زمانەوانی و وەرگێڕان.[١]

ژیاننامە[دەستکاری]

حەسەن قزڵجی لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار لە شاری بۆکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن. سەرەتا لە لای باوکی (مەلا عەلی) و سەید حوسەین باغڵووجە دواتر لە لای مەلا ئەحمەد فەوزی و مەلا ئەحمەد تورجانیزادە خوێندوویەتی. پاش چەند ساڵ خوێندن بووەتە فەرمانداری شاری مەھاباد. زۆربەی لایەنەکانی ژیانی ئەم بلیمەتە شاراوەن؛ جۆری ژیانی تایبەتی و سیاسی و کاری نھێنی و دەیان ساڵ ڕاوەدوونران و ئاوارەیی و لە ئاکامیشدا گیران و شەھیدبوون، پەردەیەکی نادیاریان بەسەردا کشاوە. حەسەن قزڵجی یەکێک بووە لەو پیاوانەی ڕۆڵێکی ڕووناکبیری و ڕامیاریی باشی بووە لە کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی قازی محەممەد. لە ھەڕەتی لاوەتیدا لە ساڵی ١٩٤٢ لەگەڵ چەند کەسی ئازادیخواز و ڕووناکبیری تر، لەژێر باوی نھێنیی «ژیر» پەیوەندی کردووە بە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان.[٢]

ڕۆژنامەی ھەڵاڵە، بۆکان

ئەم نووسەرە لە گۆڤارەکانی "کوردستان"، "ئاوات" و ھەڵاڵە نووسینەکانی بڵاو کراونەتەوە. ھەروەھا سەرنووسەر و بەڕێوەبەری گۆڤاری وێژەیی و ڕامیاریی گشتیی (ھەڵاڵە) بووە کە لە ساڵی ١٩٤٦ لە بۆکان و لەژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا دەردەچوو. قزڵجی پاش کۆماری کوردستان وەک زۆربەی نیشتمانپەروەران بە ناچاری پەڕیوە بووە و لە باشووری کوردستان جێگیر بووە. سەرەڕای ژیانی نھێنی و چەرمەسەری درێژەی بە نووسین داوە و لە بڵاوکراوەکانی "ھیوا"، "ڕۆژی نوێ"، "نووسەری کورد" و (بەیان) دا بابەتەکانی بڵاو کردووەتەوە. ئەم تێکۆشەرە لە ساڵی ١٩٥٣بە بیانوی ئەوی خەڵکی عێراق نییە، لەلایەن ڕژیمی بەعسەوە تەسلیم بە ئێران کراوەتەوە، بەڵام لە دەرفەتێکدا خۆی لە دەستی پۆلیسی ئێران ڕزگار کردووە و خۆی گەیاندووەتە شاری ھەڵەبجە و لەوێ نیشتەجێ بووە. پاشان چووەتە لای ھەژار موکریانی لە بەغدا و لەوێشڕا بۆ وڵاتی بولگاریا؛ لەوێ لە ڕادیۆی پەیکی ئێران بووەتە بێژەری ھەواڵی ڕامیاری بە زمانی کوردی. پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتیی ئێران، لە ڕیزەکانی حیزبی توودەی ئێران، وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەڵک (مردم) کە بە کوردی دەردەچوو، کاری کردووە. ساڵی ١٩٨٣ حەسەن قزڵجی دەستبەسەر کراوە و خراوەتە زیندان. حەسەن قزڵجی ئەو کاتەی لە بەندیخانە دەستگیر کراوە، تەمەنی ٧٠ ساڵ بووە و پاش ئەوەی ١٠ مانگ لەژێر شکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە، لە ڕۆژی ٢٨ی ئەیلوولی ١٩٨٥ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دراوە و لەژێر چاودێریی حکوومەت تەرمەکەی لە گۆڕستانی بەھەشتی زارای تاران لە شوێنێکی نادیار بە خاک ئەسپێردراوە.[٣] حەسەن قزڵجی ھاوڕێی نزیکی ھەژار و عەبدولڕەحمان زەبیحی بووە و داوی ئاوارەبوونیان پێکەوە نەھامەتی و چەرمەسەرییەکی زۆریان چێشتووە؛ ھەژار موکریانی لە کتێبی چێشتی مجێوردا بە خۆیانی وتووە: سێ تفەنگدار.[٤]

شێوازی نووسین[دەستکاری]

قزڵجی زمانەوان و شارەزای ھەموو زار و بن زارەکانی زمانی کوردی بووە؛ زۆربەی نووسینەکانی قزڵجی بە موکریانین، بەڵام بە ھەورامی و ئەردەڵانییشی نووسیوە. چیرۆکەکانی شیرن، ساکار و ڕەوان نووسراون و قەڵەمەکەی چەکێک بووە بۆ شۆڕشی چینایەتی و ئاوابوون لە گزیر و دەرەبەگایەتی. ژن لە چیرۆکەکانی قزڵجیدا دەوری ھەیە بەڵام تەنیا لە یەک داستاندا قارەمانی سەرەکییە. ھەروەھا وەکوو کەسایەتییەکی ئازادیخواز باس لە کوردستان و داگیرکەرانیشی لەیاد نەبردووە.[٥]

بەشێک لە بەرھەمەکان[دەستکاری]

بەرھەمی چاپکراو[دەستکاری]

  • ئاشتیخوازیی لادێیی و پەیمانی دوولایی لە نووسینی: حەسەن قزڵجی و عەبدولڕەحمان زەبیحی، بەغدا ١٩٥٩
  • پێکەنینی گەدا

بەرھەمی چاپنەکراو[دەستکاری]

  • تیۆریی ئەدەبی وەرگێڕان لە بولگارییەوە
  • زاراوەی سیاسی کۆمەڵایەتی (وەرگێڕان)
  • کورتە چیرۆکەکانی ئەنگیل کارالچیڤ وەرگێڕان لە بولگارییەوە

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Wrya. "نەمر مامۆستا حەسەن قزڵجی". ناوەندی | نەمران.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ ferman. "حەسەنی قزڵچی نووسەرو چیڕۆکنووسی نەمر". regaykurdistan.com (بە عەرەبی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ١٩ی ئابی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "حەسەن قزڵجی". www.khaktv.net.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ چێشتی مجێور، ھەژار موکریانی، ٢٠١٣
  5. ^ "بۆ یادی نووسەری ڕئالیست، بیرمەندی ھزرڤان "حەسەن قزڵجی !"…. ڕەشاد- مستەفا سوڵتانی – Dengekan" (بە کوردی).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]