حوسێن حوزنی موکریانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە حوسین حوزنی موکریانیەوە ڕەوانە کراوە)
سەید حوسێن حوزنی موکریانی

لەدایکبوون١٨٨٣
مەرگ١٩٤٧
شوێنی دۆزینەی تەرمھەولێر
نەتەوەکورد
پیشەمێژوونووس و ڕۆژنامەنووس


سەید حوسێن عەبدوللەتیف ناسراو بە حوسێن حوزنی موکریانی و داماو (١٨٨٣ لە سەقز، ئێران – ١٩٤٧ لە بەغدا، عێراق) بە یەکەم مێژوونووسی کورد دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا، لەم پێناوەدا بۆماوەی پازدە ساڵ بە ھەموو توانایەکییەوە ھەوڵی داوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری مێژوویی سەبارەت بە مێژووی گەلی کوردە کە بە زمانەکانی عەرەبی و ھیندی و تورکی و فارسی و فەڕەنسی و ڕووسیدا ھەبوون لەو کاتەدا، لەبەرئەوەی خۆی شارەزایییەکی باشی لەم زمانانەدا ھەبووە ھەر لەم زمانانەشەوە گەلێک نوسراوی بە پێزی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی.

ژیاننامە[دەستکاری]

حوسێن حوزنی موکریانی ساڵی ١٨٨٣ زایینی لە گوندی بوغدەکەندی سەر بە شاری سەقز ھاتووەتە دۆنیاوە و منداڵی خۆی لە ئینچکە و بوغدەکەندی بە سەر بردووە.[١] بە بڕوای ھەژار، حوزنی لە گوندی ئینچکەی سەر بە تورجان لە بەشی ناوەندی شاری سەقز لەدایک بووە.

حوزنی موکریانی خوێندنی لە حوجرەی مزگەوتەکان دەستی پێ کردووە.

لەبەر لێھاتوویی نەوەستاوە و دەستی کردووە بە ڕۆشنبیرکردنی خودی خۆی لە ڕێگەی ئەو کتێبانەی کە بە زمانەکانی تر ھەبوون لەو سەردەمەدا.

حوسێن حوزنی سەرەتا لای باوکی و خاڵەکانی خوێندوویەتی حوزنی لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا ئاوارە بووە و چەندین وڵاتی دەرەوەی بینیوە وەک ڕووسیا، ئەفغانستان، سووریا، لوبنان، میسر، حیجاز و فەڕەنسا)[٢]

له منداڵیدا باوکی له دەس دا و دایکی چوو بۆ مەهاباد و دووباره شوی کردەوه و کوڕێکی هاورده دونیا که ناوی گیوی موکریانی بوو و ئەو کوڕه برای حوزنی موکریانی بوو.[٣][٤]

حوسێن حوزنی ھەموو کوردستانی بەردەستی ئێران و عوسمانی ئەوسا گەڕاوە و بە مۆرھەڵکەنی بەڕێ چووە. ساڵی ١٩١٥ لە حەڵەب چاپخانەیێکی گچکەی پێکەوە ناوە؛ بۆ بڵاو کردنەوەی ئەدەب و مێژووی کوردی تەرخان کردووە.

شێخ عومەر وەجدی مامۆستای ڕەواقی ئەکراد لە ئەزھەر بۆ مامۆستا حزنی موکریانی نووسیوە، دەڵێ: لە محەممەد عەلی عەونیم بیستووە گوتویە: چاپخانەی حوزنیم لە حەڵەب دیتووە کە ئەدەب و مێژووی کوردی پێ چاپ دەکرد. خەیاڵم بووە بچمە سوێرەک و سەر لە خزمان بدەم؛ بەڵام حوزنی ئەوەندەی کار تێ کردم وازم لە سەفەر ھێنا و گەڕامەوە میسر و بڕیارم دا منیش چاو لەو پیاوە بکەم و خۆم بۆ خزمەتی مێژووی کورد تەرخان بکەم.[٥]

حوسێن حوزنی ساڵی ١٩٢٥ ھاتووەتە ڕەواندز و چاپخانەی زاری کورمانجی دامەزراندووە. ساڵی ١٩٤٣ لە ڕەواندز دوور خراوەتەوە و تا کۆچی کردووە لە بەغدا ژیاوە.

نووسراوەکان[دەستکاری]

حوسێن حوزنی موکریانی، ساڵی وێنەکە نەزانراوە.

حوسێن حوزنی لە ئەستەمبوڵ و حەلەبدا بە نھێنی چەندین گۆڤاری دەرکردووە، وەک (کوردستان، ئارارات، بۆتان، چیاکرمانج، دیاربەکر، سۆران) لە باشووری کوردستانیشدا ساڵی ١٩٢٦ گۆڤاری (زاری کرمانجی) لە ڕەواندز دەرکردووە، لە ساڵی ١٩٣٥یش گۆڤاری ڕووناکیی لە ھەولێر دەرکرد. ھەروەھا لە ساڵی ١٩٤٣ لە بەغدا سەرپەرشتی گۆڤاری (دەنگی گێتی تازە) ی کردووە. جگە لەمانە ٤٠–٥٠ کتێب و یادگاری بە نرخی لەپاش بە جێماوە، حوسێن حوزنی لە ساڵی ١٩٢٦ چیڕۆکی (خۆشی و ترشی) و (مەڕۆکەو بزنۆکە) ی چاپ کردوو.[٢]

ئەم مێژوونووسە لە ماوەی ٣٠ ساڵاندا کە لەم پێناوەدا تەرخانی کردبوو بۆ خزمەتی گەلی کورد خاوەنی ١٧ کتێبی گەورەیە کە یانزە کتێبیان لەسەر مێژووی کوردە.

کتێبەکانی لەسەر مێژووی کوردستان[٥]

  • مێرگەی دڵان
  • خونچەی بەھارستان
  • پێشکەوتن
  • ئاوڕێکی پاشەوە
  • میرانی سۆران
  • کوردستانی موکریان
  • ناودارانی کورد
  • بە کورتی ھەڵکەوتی دێریکی
  • لاپەڕەیەک لە دێریکی کوردستانی موکری

حوسێن حوزنی گەلێک کتێبی تریشی نووسیوە، بەڵام بڵاو نەکراونەوە. ھەروەھا لەسەر گەلێک گۆڤار و ڕۆژنامە سەبارەت بە ئەدەب و مێژووی کورد، شتی نووسیوە.

حوزنی موکریانی زۆر حەزی لە بەخێوکردنی کرمی ئاوریشم و جوانوسیی کردووە و دەستێکی باشیشی لە ھونەری ھەڵکۆلینی سەر بەردو تەختەو وێنەگرتن و مۆرھەڵکەندنیشدا ھەبووە، لە ساڵی ١٩٢٨ دا کتێبێکی دەربارەی بەخیوکردنی کرمی ئاوریشم نوسیوە.[ژێدەر پێویستە]

مردن[دەستکاری]

حوسێن حوزنی موکریانی لە ٢٠ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٤٧دا لە شاری بەغدا مردووە و تەرمەکەی ڕاگوێزراوەتە ھەولێر و ئێستا گۆڕەکەی لە شاری ھەولێرە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ یادی از استاد حزنی مکریانی اولین محقق تاریخ و مبتکر صنعت چاپ کوردستان، روداو سقز، ۱۳۹۸
  2. ^ ئ ا "❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / حوسێن حوزنی موکریانی". www.kurdzhin.net. Retrieved 15ی Februaryی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ یادی از استاد حزنی مکریانی اولین محقق تاریخ و مبتکر صنعت چاپ کوردستان
  4. ^ نگاهی به زندگی استاد «گیو موکریانی»، روزنامه نگار و فرهنگ نویس برجسته کُرد
  5. ^ ئ ا شەرەفنامە؛ میر شەرەفخانی بدلیسی؛ وەرگێڕان: مامۆستا ھەژار؛ ئاراس :چاپی سێھەم ٢٠٠٦ ھەولێر پەڕی چل و پێنج