جێناوی خۆیی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جێناوی خۆیی، جێناوێکی ھاوبەشە لە نێوان ھەر شەش کەسی تاک و کۆدا. ئەم جێناوەش واتای خۆییەتی و خاوەنییەتی دەگەیەنێت و کاتێک جێناوە کەسییە لکاوەکانی دەخرێتە سەر دەبێتە جێناوێکی لێکدراو وەک (خۆم، خۆت، خۆی، خۆمان، خۆتان، خۆیان).

جۆر و شێوەکانی جێناوی خۆیی[دەستکاری]

لەڕێزمانی کوردیدا ئەم جێناوە چەند شێوەیەکی ھەیە:

  • خۆ: نموونە:

بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم
بەنان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
                                                (بێکەس)

  • خوە: نموونە:

ھەم ئەھلی نەزەر نەێین کو کورمانج
ئیشقی نەکرن ژ بۆ خوە ئارمانج
                                                (خانی)

  • زۆر جاریش لەشێوەی «خود»دا بەکاردێت:

نموونە:

ھەر کەسێ ئیزھاری دانایی بکات و مەقسەدی
خود پەسەندی بێ، یەقین ئیزھاری نادانی دەکا

بەکاربردنی جێناوی خۆیی[دەستکاری]

جێناوی خۆیی لە دووباردا بەکاردێت:

  1. بۆ جەختکردنی[١] ناو یان جێناو، وەک:

ئەو خۆی نامەی نووسی.
کە لێرەدا جێناوی (خۆ) بۆ جەخترکردنی جێناوی (ئەو) بەکارھاتووە و ئەگەر بۆ ئەو مەبەستە نەبووایە دەمانتوانی بڵێین:
ئەو نامەی نووسی.

  1. کاتێک ئەگەر (بکەر) و (بەرکار) ی ڕستەکە یەک بن ئەوا دەتوانین جێناوی خۆیی بەکاربێنین، وەک:

من خۆم خۆمم بەچەقۆ بریندار کرد.

لەم ڕستەیەدا بکەر و بەرکار یەک کەسن و چونکە (خۆ) وەک بەرکار بەکارھاتووە، بۆیە نەبوونی لەڕستەدا پێویستە، بەلابردنیشی ڕستەکە دەشێوێت.

ئاڵۆزیی بەکارھێنان[دەستکاری]

  1. ئەگەر جێناوی کەسیی سەربەخۆ لەڕستەدا لەگەڵ جێناوی (خۆ) بەکارھات و بکەری ڕستەکە بوو، وەک:

من خۆم نانم خوارد

ئەوا لەم بارەدا سێ جێناو لەڕستەیەکدا کۆ دەبنەوە، دووانی سەربەخۆ (من، خۆ) و یەکێکی لکاویش (م). کۆبوونەوەی ئەم سێ جێناوەش لەیەک ڕستەدا پێویست نییە، بۆیە زۆر ڕەوایە ھەردوو جێناوە سەبەخۆیەکان لاببەین و بڵێین:
نانم خوارد.

ئینجا ئەگەر مەبەستمان جەختکردن و دڵنیاکردنی جێناوە سەربەخۆیەکە بێت ئەوا بۆمان ھەیە بڵێین (من نانم خوارد)، بۆ زۆرتر جەختکردنیش لەپلەی سێیەمدا جێناوە خۆییەکە دەخەینە ڕستەکەوە و دەیکەین بە:
من خۆم نانم خوارد.

  1. لەشێوەزاری کرمانجی ژوورودا جێناوی (خۆ-خوە) بەتەنیا بەکاردێت و جێناوی لکاوی ناخرێتە سەر، ئەم جێناوەش:
    1. ئەگەر بکەر یان نیھاد یان جێگری بکەر بوو، ئەوا پێشگری (ب) ی دەخرێتە پێش، وەک:

ئەز ب خۆ ھاتم = من خۆم ھاتم.
من ب خۆ دیت = من خۆم دیتم.
ئەو ب خۆ نەزانە = ئەو خۆی نەزانە.

    1. بەڵام ئەگەر بەرکار بوو ئەوا ئەم (ب) ـەی پێشگرە وەرناگیرێت و پێویست پێی نابێت، وەک:

من خۆ شوشت = من خۆم شوشت.
تە خۆ ھاڤێت = تۆ خۆت ھاویشت.
وێ خۆ کوشت = ئەو خۆی کوشت.

  1. (خۆ) دەکرێ بە تەنیا و بەبێ ھیچ زییادەیەک بەکاربێت، وەک:

خۆ بەخۆ دانیشتبووین = ئەم خۆ ب خۆ ڕوونیشتبووین.
دەشکرێ لەگەڵ جێناوە لکاوەکانی دەستەی یەکەم و دووەمیش بەکاربێت، وەک:
خۆم دەچم بۆ بازاڕ. (م جێناوی لکاوی دەستەی یەکەمە)
ئەم پیاوانە خۆیین. (ن جێناوی لکاوی دەستەی دووەمە)
ھەروەھا ھەندێ جار دوو جێناوی دەستەی یەکەم لەدووی یەکتر دێن و دەخرێتە سەر (خۆ)، وەک:
خۆ'ت'م لێ مەکە بە بلیمەت (ت.م).
یان جێناوێکی دەستەی یەکەم و یەکێکی دەستەی دووەم لە دووی یەکتر دەخرێنە سەر (خۆ)، وەک:
ئەو کوڕانە برادەری خۆمن (خۆمانن). (م، ن) (مان، ن)

  1. جێناوی (خۆ) لە بەکارھێناندا تەواوی ئەرکەکانی ناو دەبینێت و دەبێتە: بکەر، بەرکار، نیھاد، تەواوکەری بەیاریدەی، دیارخەری ناو، تەاوکەری کاری ناتەواو، جێگری بکەر.
  2. جێناوی (خۆ) لەڕووی ڕەگەز و ژمارە و دۆخەوە بێ لایەنە، بۆ نموونە:

ئازادی کوڕێ خۆ نەھینایە. (نێر)
نازدارێ خۆ ئامادەکریە. (مێ)

  1. ھەر کاتێک (خۆ) بە پەیڤی ترەوە، ئاڵا، پەیڤی ناسادە (داڕێژراو) و (لێکدراو) درووست دەکات، وەک:

داڕێژراو: (خۆیەتیی، خۆیی، لەخۆوە، بەخۆ)
لێکدراو: (خۆ پەسەند، خۆکوژ، خۆویست)

  1. زۆرجار جێناوی لکاو دەخرێتە سەر (خۆ) و پێوەی دەلکێت، جا پێوە لکانەکە لەبەشی پێشەوە یان دوواوە بێت، ئەوا مۆرفێمی (ش، یش) ی پەیوەندیی وەردەگرێت، وەک:

خۆشم، خۆشت، خۆشی-خۆشمان، خۆشتان، خۆشییان.
||| خۆمیش، خۆتیش، خۆشیی-خۆمانیش، خۆتانیش، خۆیانیش.

  1. جێناوی (خۆ) ئەگەر جێناوێکی دەستەی یەکەمی پێوەلکاو ئەوا لەگەڵ کاری تێپەڕ و کاری تێنەپەڕیشدا دھێتە بەکارھێنان، وەک:

خۆمان خانووەکەمان فرۆشت. (تێپەڕ)
خۆیان بەپێ ھاتنەوە. (تێنەپەڕ) بەڵام ئەگەر دوو جێناوی دەستەی یەکەمی پێوە بلکێت، ئەوا تەنیا لەگەڵ کاری تێپەڕدا بەکاردێت، وەک:
زەوییەکەی خۆمانمان فرۆشت.
پەڕتووکەکەی خۆمت پێشکەش دەکەم.

  1. زۆرجار بۆ زۆرتر دڵنیاکردن وجەختکردن و چەسپاندن، (خود) دەخرێتە پێش (خۆ)، بۆ نموونە دەکرێ بڵێین:

کارەکە بەخودی خۆت ئەنجام بدە. کە لێرەدا (خود) تەنیا ھەر بۆ جوختکردن ھاتووە و لابردنی ھیچ زیانێکی ئەوتۆ بە چەمکی ڕستەکە ناگەیەنێت.

تێبینییەکان[دەستکاری]

  1. ^ تەوکیدکردن

سەرچاوەکان[دەستکاری]