جۆن ستیوارت میلل

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
(John Stuart Mill (1806 – 1873

جۆن ستیوارت میلل (John Stuart Mill (1806 – 1873 زۆربەی تەمەنی کارمەند بووە لە کۆمپانیای ڕۆژھەڵات- ھیند و چەند ساڵێکیش سەرۆکی ئەم کۆمپانیایە بووە. لە ساڵی 1860 دا ئەندامی ژێرخانی ئینگلیزی بووە و نوێنەرایەتی سیاسەتێکی لیبەڕالی دەکرد بە تایبەتی لە بواری دەستووردانان و فێرکاریدا.

میلل بە پلەی یەکەم لە چەند بوارێکدا نووسەرێکی چالاک بوو. لە بواری لۆژیک، تیۆریی زانیار، ئاکارناسی Ethics و ئابووری سیاسیدا تاوێکی زۆری ھەبوو. بەرھەمە سیاسییەکانی میلل فرەوان و سەنگینن، بۆ نموونە لە ئازادی سیاسی، مافی سیاسی، حوکومڕانیی نوێنەرەکی و دۆزی ژنان، دواوە.


سوودخوازەتی[دەستکاری]

میلل وەک فەیلەسوفێک بە پەیڕەوی سوودخوازەتی Utilitarianism و ئەزموونگەری Empiricism دادەنرێ. بە نۆڕینی میلل ھەموو زانیارێک، تەنانەت ئەوەی سەربە لۆژیک و ماتماتیکە، لە ڕێی ئەزموونەوە پەیدا دەکرێ نەک لە ڕێی تێفکرین و ڕامانەوە.

سوودخوازەتی دەڵێ کردەوەی چاک ئەوەیە خۆشیھێن بێت نەک تەنیا بۆ تاکەکەس، بەڵکوو بۆ ھەموو مرۆڤایەتی. میلل بەوەی خۆشیی بەرز و نزم لە یەک جودا دەکاتەوە خۆی لە سوودخوازانی دیکە دادەبڕێ، لای ئەم: خۆشیی زگتێری لەو خۆشییە نزمترە کە لە کۆپلەیەک شیعر یان مۆسیقا پەیدا دەبێ. ئەم سوودخوازەتییە چاککراوە تاوێکی بنەڕەتیی ھەیە تەنانەت لە تێڕوانینی سیاسیی میلل - دا. لەو بەرھەمانەی میلل کە بۆ ھەڵسەنگاندنی نۆڕینە سیاسییەکەی خۆی بایەخدارە، ئەمانەن:

- «بنەماکانی ئابووریی سیاسی» (Principles of Political Economy (1848

- «دەربارەی ئازادی» (On Liberty (1859 لە ئازادیی سیاسی دەدوێ و برەوی زۆرە.

- «چەند تێبینییەک دەربارەی حوکومڕانیی نوێنەرەکی» (Consideration on Representative Government (1861

- «بیرەوەرییەکانم» (Autobiography (1873.


لیبەڕالیزمی سیاسی و لیبەڕالیزمی ئابووری[دەستکاری]

لیبەڕالیزم بەگشتی دوو شاڕێبازی ھەیە: لیبەڕالیزمی سیاسی و لیبەڕالیزمی ئابووری (سەرمایەدارەتی - کاپیتالیزم). باوەڕ بەوەی ئازادیی ئابووری پیرۆزە ھەر لە سەردەمی ئادەم سمیتەوە گرێ درابوو بە تیۆرییەکی پێشکەوتووی ئابوورییەوە.

جۆن ستیوارت میلل شانوێنەری لیبەڕالیزمی جڤاکییە. ئەم ڕێبازەی لێبەڕالیزم، بە مەبەستی چارەسەری ھەژاری و نەداریی چینی کرێکاران، چەند جۆرێک دەست تێوەردانی دەوڵەت دەسەلمێنێت، دژ بە پاوان (مۆنۆپۆل) ی ئابووری دەوستێت و ڕێ گرتن لە ڕکابەریی ئازاد ناسەلمێنێت.

میلل لیبەڕالیزمی سیاسی لە لیبەڕالیزمی ئابووری جودا دەکاتەوە. لە On Liberty دا دەڵێ:[١]

«ھەر وەک چۆن بنەمای ئازادیی تاک بەشێک نییە لە باوەڕی سەربە بازرگانیی ئازاد، ھەروەھا زۆربەی ئەو دۆزانەی لەوانەیە لە سنووری ئەو باوەڕەدا پەیدا بن، سەربە ئازادیی تاک نین، وەک ئەوەی تا چ ڕادەیەک ڕێگە بدرێ بەوەی چاودێریی دەوڵەتی ھەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە ساختەکاری بگیرێ، یان تا چ ڕادەیەک دەبێ کاربەخشان ناچار بکرێن چارە بۆ دۆزی خاوێنی کارگە و سەلامەتی کرێکارانی پیشەی خەتەرناک بدۆزنەوە. ئەم دۆزانە لە سنووری بواری ئازادیی تاک دەخشێن بەڵام تەنیا لەو مەودایەدا کە، وەک لە ھەموو بوارێکی دیکەی ھەلومەرج وێکچوودا، وا چاکترە ڕێگە بدرێ خەڵک خۆی کاری خۆی جێبەجێ بکات نەک زۆریان لێ بکرێ. ئەوجا ئەگەر ھۆی لەباریش ھەبوو بۆ چاودێری کردنیان بۆ مەبەستی لەو بابەتانە، ئەوا لە ڕووی باوەڕەوە کارێکی ناجۆر نییە».


فراژووتنی مێژووکرد[دەستکاری]

میلل دەربارەی فراژووتنی مێژووکرد سنوورێکی ئاشکرا لە نێوان تێڕوانینی خۆی و بۆچوونەکانی سەدەی ھەژدەیەمدا، دەکێشێ و جەخت لەسەر دەروونی مرۆڤ دەکات - لە ئەنجامدا ھەموو کارەکە دێتەوە سەر ئەوەی گەشە بە دەروونی مرۆڤ بدرێت – میلل دەڵێ:[٢]

«لە دەروونی مرۆڤدا جۆرە ناڕێکییەک ھەیە لە ئاست بەرەوپێشچوونی شیاو کارێک دەکات چەند بابەتێک پێش بابەتی دیکە بکەون، حکوومەت و ڕێبەرانی فیکری گەل دەتوانن ئەو ناڕێکییە تا ڕادەیەک بگۆڕن بەڵام مەودای گۆڕینەکەیان بێسنوور ئاواڵە نییە».


ئازادی و شێوازەکانی حوکومڕانی[دەستکاری]

میلل سەنگێکی سەربەخۆ دەدات بە ھەلو‌مەرجی سیاسی. گوتەکانی میلل لەم بوارەدا – بە تایبەتی لە Considerations on Representative Government – تێروتەسەل و پڕ لە ڕا و بۆچوونن و نۆرەیەکی یەکجار گەورەیان لە گفتوگۆی سیاسیی داھاتوودا بینی. میلل کە دێتە سەر باسی ئازادیی سیاسی، بێ پێچوپەنا لە سەنگی فراژووتنی گیانەکی دەدوێ. ئازادیی دەربڕین جێگیر نابێ لە نێو «جڤاتی دواکەوتووی وەھادا کە سەرلەبەری گەل تێیدا ناڕسکاو بێت‌».

بە نۆڕینی میلل، دێمۆکراتیی نوێنەرەکی مەترسیی گەورەی تێدایە. چینی کرێکاران لە نێو ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە دەبنە زۆرینە. ئەمەش گرفتی گەورەی بە دەمەوەیە: دەشێ ڕای گشتی ھەڵبژێر نابەھرەمەند دەرچێ و پاڵێوراوی نابەھرەمەند بۆ پەرلەمان و... ھتد پێشکەش بکات. بەڵام تەگەرەی گەورە لەوەدایە ئەم چینە وەک چین بێتە پێش و بەرژەوەندی چینایەتیی خۆی پێش بەرژەوەندی گشت جڤات بخاتەوە. دوور نییە چینگۆڕکێ ڕوو بدات.


پەراوێز[دەستکاری]

  1. «ڕێگوزەری بیری سیاسی»: ١٩٠
  2. «ڕێگوزەری بیری سیاسی»: ١٩١


سەرچاوە[دەستکاری]

Från Platon till kommunismens fall - De politiska idéernas historia. Sven-Eric Liedman. «ڕێگوزەری بیری سیاسی»


بەستەری دەرەکی‌[دەستکاری]

(WorldCat catalog