بەردی گورچیلە

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
بەردی گورچیلە

بەردی گورچیلە بریتی لە نیشتوونی ڕەق و بچووکی کانزایی و خوێی ترشی لە بەشی ناوەوەی گورچیلەکاندایە. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو ماددانەی کە دەبنە ھۆی دروست کردنی بەردی گوڕچیلە، ڕۆن دەبن لە میزدا. کاتێک میز چڕ دەبێتەوە، ئەو کات کانزاکان دەبن بە کریستال و بەیەکەوە دەنووسێن و ڕەق دەبن. ئەنجامەکی دروست بوونی بەردی گورچیلەیە. زۆربەی بەردە گورچیلەیەکان لە کالیسیۆم پێکھاتوون.

نیشانەکان[دەستکاری]

شوێنی ئێشی گورچیلە

تاکوو بەردی گورچیلە نەجووڵێت و نەیێتە خوارەوە ھەست بە ھەبوونی ناکریت. لە کاتی ھاتنە خوارەوەیدا ڕەنگە ئەم نیشانانەی خوارەوە ڕووبدەن:

  • ئازار لە تەنیشتەکانی پشت "کەلەکە" خوار پەراسووەکان.
  • گۆڕان لە توندی ژانەکە، لەوانەیە بۆ ٢٠ خولەک تاکوو ٦٠ خولەک بخایەنێت.
  • ژانەکە لە پشتەوە دەداتەوە بەشی خوارەوەی زگ و بنی زگ.
  • بوونی خوێن لە نێو میز یان لێڵ بوونی میز.
  • ئازار لە کاتی میزکردن.
  • ھێڵنج و ڕشانەوە.
  • تا و لەرز ھەندێک جار.

ھۆکاری دروست بوون[دەستکاری]

بەردی گورچیلە کاتێک دروست دەبێت کە پێکھاتەکانی ناو میز (شلە و چەندین جۆری کانزا و ترشەکان) لە ھاوسەنگی لابدەن.[١][٢] کاتێک ئەمە ڕوودەدات دەبێتە ھۆی ئەوەی میز جۆرە ماددەی کریستاڵ دروستکەر (وەک کالیسیۆم و ترشی یوریکی) لە خۆ بگرێت بەشێوەیەکی ئەوەندە زۆر کە شلەی میز ناتوانێت ڕۆنیان بکات. ئەو کێشانەی کە کار دەکەن لە فرمانی گورچیلەکەکان دەکەن لە مژین و فڕێدانی کالیسیۆم و ماددەکانی تر، ئەوا بارێک دروست دەکەن بۆ ئەوەی بەردی گوڕچیلە دروست ببێت. ھۆکاری ئەمەش لەوانەیە بۆماوە بێت، یاخود لەوانیە کێشەی ڕیخۆڵە بێت، لەوانەیە خۆراکی یان ھەندێک لە دەرمانەکان بێت.

زۆر جار باوە بەردی گورچیلە یەک ھۆکاری تەواوی نیە، بەڵکوو چەندین ھۆکاری ھەیە.

مەترسی بەردی گورچیلە[دەستکاری]

کەم خواردنەوەی شلە (ئاو)؛ ئەگەر بە شێوەیەکی پێویست ئاو نەنۆشریتەوە ئەوا میز چڕدەبێتەوە بەمەش مەترسی دروست بوونی بەرد زیاتر دەبێت. مێژووی خێزانی، ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزانێک بەردی گورچیلەیان ھەبیت ئەوا دیکەی ئەندامانی ئەو خیزانە لە مەترسیدان. ھەروەھا ئەگەر کەسیک بەردێکی ھەیە ئەوا ئەگەری دروست بوونی بەردی تریشی ھەیە. تەمەن و ڕەگەز، زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی بەردی گورچیلە دەبن لە تەمەنی نێوان ٢٠ بۆ ٧٠ ساڵیدان. ڕەگەزی نێر زیاتر لەبارن بۆ تووشبوون. خۆراک، خۆراکی پڕ لە پرۆتین و سۆدیۆم، ھەروەھا کەم کالیسیۆم، مەترسی دروست بوونی بەردی گورچیلە زیاد دەکەن.

خۆپاراستن[دەستکاری]

زۆر خواردنەوەی ئاو. زیاتر لە ١٤ پەرداخ ئاو یاخود ٣٫٣ لیتر لە شلەمەنی. لە کەش و ھەوای گەرم زیاتریش پێویستە.

ئەگەر بەردی کەسیک لە جۆری کالیسیۆم ئۆگزالەیتی بیت، ئەوا پزیشکان بەباش دەزانن ئەو جۆرە خواردنانە بەشێوەی زۆر توند کەم بکرێتەوە کە دەوڵەمەندن لە ئۆگزالەیت، وەک ڕێواس، چەوەندەر، پاقلە، کەلەم، سپێناغ، پەتاتەی شیرین، کونجی و باوی.

دەرمان[دەستکاری]

بەردی گورچیلە بە چەندین جۆر چارەسەر دەکرێت. یەکێک لە ئەم شێوازانە خواردنەوەی شلەی زۆرە تاکوو بەردەکە بۆ خۆی بجووڵێت و دەر بێت. شێوازێکی دیکە نەشتەرگەریە کە لە ساڵانی سەدەی بیست و یەکەمدا کەمتر ئەنجام ئەدرێت. شێوازێ کە ئەمڕۆ بە کار دەبرێت بەم جۆرەیە کە بە بێ باز کردنی زگی نەخۆشی تووشبوو بە بەردی گورچیلە، لە ڕێگای میزبۆریەوە دەچەنە نیو میزەڕۆ و لەوێ بەردەکە بە شەپۆلی ئەلیکترۆمەگنیتیک دەشکێنن، بەم جۆرە بە کەمترین ئازار، بەردی گورچیلە چارەسەر دەبیت.

سەرچاوە[دەستکاری]

www.pzishk.com

  1. http://www.merckmanuals.com/home/sec12/ch148/ch148a.html
  2. http://dx.doi.org/10.1093%2Foxfordjournals.aje.a008734