بۆبی چاڵتۆن

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
بۆبی چاڵتۆن لە ئێستادا

پێرست

بۆبی چاڵتۆن [دەستکاری]

ئه‌کرێت بڵێین سێر بۆبی چاڵتۆن به‌ناوبانگترین یاریزانی ئینگلیزیه‌ له‌ مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا ، له‌ ساڵی ١٩٥٨ له‌ لێواره‌کانی مه‌رگ گه‌ڕایه‌وه‌ کاتێک له‌ کاره‌ساتێکی هێڵی ئاسمانی له‌ میونخ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر ڕزگاری بوو له‌ ساڵانی دوای ئه‌وه‌ وه‌کو یه‌کێک له‌ پرشنگدارترین یاریزانه‌کانی جیهان ناوی خۆی تۆمارکرد و تاوه‌کو ته‌مه‌نی ٣٩ ساڵی درێژه‌ی به‌ یاریکردن دا .. بۆبی ئه‌فسانه‌یه‌کی بێ وێنه‌ی مێژووی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد و هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را یه‌ و له‌ ساڵی ١٩٦٦جامی جیهانی بۆ وڵاته‌که‌ی به‌ده‌ست هێنا.له‌ ژیانی وه‌رزشی خۆی به‌ یاریزانێکی خاوه‌ن ته‌کتیکی به‌رز و جوڵه‌ی خێرا ناسرابوو ، ئێستاش وه‌کو یه‌کێک له‌ که‌سایه‌تیه‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌کانی ئینگلاند ته‌ماشاده‌کرێت.

بیۆگرافی [دەستکاری]

ئه‌م که‌ڵه‌ یاریزانه‌ ناوی ته‌واوی ڕۆبه‌رت چارڵتۆنه‌ و له‌ ١١ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ١٩٣٧ ئاشینگتۆن وڵاتی ئینگلته‌را له‌ دایک بووه‌ ، ئێستا ته‌مه‌نی ٧٣ ساڵه‌ و هێشتا له‌ ژیاندا ماوه‌ . له‌ یاریگای تایبه‌ت به‌ خلیسکانی سه‌ربه‌فر له‌ مانچسته‌ر بۆ یه‌که‌مجار چاوی به‌ نۆرما بۆڵ ده‌که‌وێت و له‌ ١٩٦١ ژیانی هاوسه‌ری پێکده‌هێنن و دوو کچیان هه‌یه‌ به‌ ناوه‌کانی سوزانی و ئه‌ندریا.

ڕۆبه‌رت له‌ ساڵی ٢٠٠٧ ژیان نامه‌ی خۆی بڵاوکرده‌وه‌ ، له‌ به‌شێکی سه‌رنج ڕاکێشدا باسی له‌وه‌کردبوو که‌ ناکۆکیه‌کی دوور و درێژی له‌گه‌ڵ براکه‌ی جاک هه‌یه‌ و زۆر به‌ ده‌گمه‌ن قسه‌ ده‌که‌ن و سه‌ره‌تای ئه‌م ناکۆکیه‌ش ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ناکۆکی نێوان بوک و خه‌سوو واته‌ نۆرمای هاوسه‌ری بۆبی و دایکی بۆبی سیسیێ ، دوای ئه‌و ڕووداوه‌ بۆبی له‌ دایکی جیا ده‌بێته‌وه‌ و له‌ ساڵی ١٩٩٢ ه‌وه‌ چاڵتۆن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک چاوی به‌ دایکی ناکه‌وێته‌وه‌ تاکاتی مردنی دایکی له‌ ته‌مه‌نی ٨٣ ساڵیدا له‌ ساڵی ١٩٩٦ گیانی سپارد . وه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٨ جاکی برای خه‌ڵاتی که‌سایه‌تی وه‌رزشی یه‌که‌می بی بی سی به‌خشی به‌ ڕۆبه‌رت و ئیتر له‌و کاته‌وه‌ دوای ساڵانێکی درێژ ناکۆکی بوونه‌وه‌ به‌ دوو براکه‌ی جاران.

ڕۆبه‌رت پێش خۆی هه‌ر چوار مامه‌که‌ی ستان و جاک و جۆرج و جیمی و وه‌ ئامۆزای دایکی جاکی مێلبرن و براکه‌ی جاک گشتیان یاریزانی تۆپی پێی پیشه‌گه‌ربوون ، بۆیه‌ ئاسایی بوو ئه‌ویش ببێته‌ یاریزان به‌ڵام که‌س پێشبینی نه‌ده‌کرد نه‌ک ته‌نیا ببێته‌ باشترین یاریزانی بنه‌ماڵه‌که‌ به‌ڵکو ببێته‌ باشترین یاریزان له‌ مێژووی تۆپی پێی ئینگلیزی.

دەستپێکی ژیانی وەرزشی [دەستکاری]

چاڵتۆن له‌ ته‌مه‌نی ١٦ ساڵیدا وله‌ مانگی دووی ساڵی ١٩٥٣ چووه‌ ڕیزی تیپی ئیست نۆرثه‌مبێرلاند که‌ ئه‌و یانه‌یه‌ بریتی بوو له‌ هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له‌ یاریزانه‌ به‌تواناکانی قوتابخانه‌کانی مانچسته‌ر و له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد جۆی ئامسترۆنگ سه‌رپه‌رشتی ده‌کرا و دواتریش نه‌ک ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی مانچسته‌ر به‌ڵکو بانگهێشتکرا بۆ هه‌ڵبژارده‌ی قوتابخانه‌کانی ئینگلته‌را ، ئامسترۆنگ سه‌رسام بوو به‌ ئاستی هه‌ربۆیه‌ له‌ ساڵی داهاتوو واته‌ له‌ ١٩٥٤ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد گرێبه‌ستێکیان له‌گه‌ڵ واژووکرد و له‌ ساڵی ١٩٥٦ بووه‌ یه‌کێک له‌ ناسراوترین یاریزانه‌کانی ” بێسبی به‌یبی ” .

که‌ ” بێسبی به‌یبی ” پڕۆژه‌یه‌کی یانه‌ی مان یونایتد بوو له‌لایه‌ن ڕاهێنه‌ری ئه‌فسانه‌یی ئینگلیزی مات بێسبی به‌ڕێوه‌ده‌برا ، کاری بێسبی ئه‌وه‌ بوو به‌هره‌مه‌نده‌ لاوه‌کانی شاره‌که‌ کۆ بکاته‌وه‌ و تیپێکی به‌هێزی لێ پێبکهێنێت بۆ مسۆگه‌رکردنی داهاتووی یانه‌ی مانچسته‌ر یوناید ، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانیه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد و تاوه‌کوی ساڵی ١٩٦٠ به‌رده‌وام بوو.


کارەساتی شاری میونخ [دەستکاری]

له‌ ساڵی ١٩٥٨ دوای به‌سه‌ربردنی دوو وه‌رزی زۆر سه‌رکه‌وتوو له‌گه‌ڵ تیپی یه‌که‌می یانه‌ی مانچسته‌ر ، له‌ یه‌کێک له‌ یاریه‌کانی یانه‌که‌ کاتێک سه‌رکه‌وتنیان به‌سه‌ر یانه‌ی ڕێد ستار بلگراد به‌ده‌ست هێنا له‌ جامی ئه‌وروپا و به‌ فڕۆکه‌ به‌ره‌و میونخ که‌وتنه‌ ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه‌ به‌ زویی بگه‌نه‌وه‌ ئینگلته‌را و خۆیان بۆ خولی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ بکه‌ن ، له‌ ئاسماندا به‌هۆی خراپی که‌ش و هه‌وا فڕۆکه‌که‌ زۆر به‌ سه‌ختی توانی بنیشێته‌وه‌ و له‌ ڕێڕه‌وی خۆی لایدا ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاگری تێ به‌ربێت و و له‌کۆی ٤٤ سه‌رنشینی فڕۆکه‌که‌ که‌ پێکهاتبوون له‌ یاریزان و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی کارگێڕی ڕۆژنامه‌نووس و کارمه‌ندانی فرۆکه‌که‌ ٢٣یان گیانیان له‌ده‌ست دا و له‌ نێویاندا تۆمی تایلۆر و داڤید پیگ له‌ به‌رپرسانی یانه‌که‌ و یاریزان و هاوڕێی بۆبی دێنس ڤیۆلێت ، بۆبی خۆی ته‌نیا شکان له‌ سه‌ری هه‌بوو له‌گه‌ڵ خراپی باری ده‌روونی به‌ڵام یه‌که‌م که‌س بوو له‌ برینداره‌کان که‌ نه‌خۆشخانه‌ی جێهێشت و له‌و کاته‌دا ته‌مه‌نی ٢٠ ساڵ بوو ، دوای ئه‌و ڕووداوه‌ یانه‌که‌ی بێبسی هه‌رگیز خۆی نه‌گرته‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ . تاوه‌کو دواتر بێسبی هه‌ستا به‌ دروستکردنی یانه‌یه‌کی تازه‌ و به‌ چه‌ندین یاریزانی تازه‌وه‌ له‌ نێویاندا بۆبێ چاڵتۆن و جۆرج بێست که‌ هه‌ردووکیان له‌ ناودارترین یاریزانه‌کانی مێژووی وڵاته‌که‌یانن ، دواتر چاڵتۆن له‌ ژیان نامه‌که‌ی خۆیدا باسی له‌وه‌کرد که‌ ئه‌و ڕوووداوه‌ هه‌رگیز له‌ یاده‌وه‌ری ناسڕێته‌وه‌ و هه‌میشه‌ یادی هاوڕێکانی ده‌کاته‌وه‌.

یانەی مانچستەر یونایتد [دەستکاری]

وه‌ک وتمان ژیانی پیشه‌گه‌ری له‌گه‌ڵ مانچسته‌ر یونایتد له‌ ساڵی ١٩٥٦ ده‌ستی پێکرد کاتێک ته‌مه‌نی ته‌نیا ١٨ ساڵ بوو ، دوای ته‌نیا وه‌رزێک و له‌ ته‌مه‌نی ١٩ ساڵی بووه‌ یاریزانی سه‌ره‌کی شه‌یتانه‌ سووره‌کان و مانه‌وه‌ی له‌و یانه‌یه‌ درێژه‌ی کێشا بۆ ماوه‌ی ١٩ساڵ ( ١٩٥٤-١٩٧٣) .. له‌و ماوه‌یه‌دا ٧٥٤ یاری بۆ ئه‌و یانه‌یه‌ ئه‌نجامدا و ٢٣٩ گۆڵی بۆ تۆمارکرد و ١٢ نازناوی جۆراوجۆری بۆ به‌ده‌ست هێنا.

لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕا [دەستکاری]

بۆبی له‌ ١٩-٤-١٩٥٨ ئاگادارکرایه‌وه‌ بانگهێشتکراوه‌ بۆ ڕیزه‌کانی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را بۆ یاری به‌رامبه‌ر سکۆتله‌ندا له‌ جامی به‌ریتانیای گه‌وره‌ که‌ ئه‌م بانگهێشتکردنه‌ کاروانێکی دوور و درێژی ئه‌م یاریزانه‌ی لێکه‌وته‌وه‌ به‌ ده‌یان ژماره‌ی پێوانه‌یی و نازناوه‌وه‌ . له‌ یه‌که‌م یاریدا به‌رامبه‌ر سکۆتله‌ندا به‌ ئه‌نجامی ٤-٠ سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا و له‌ یه‌که‌م یاری خۆی بۆبی یه‌که‌م گۆڵی تۆمارکرد ، دوای ئه‌وه‌ بۆ زۆربه‌ی یاریه‌ دۆستانه‌کانی ئینگلته‌را بانگهێشتکرا و یه‌که‌م پاڵه‌وانێتی فه‌رمیش که‌ بۆبی به‌خۆیه‌وه‌ بینی بانگهێشتکردنی بوو بۆ پاڵاوتنه‌کانی جامی جیهانی ١٩٦٢ له‌ ١٩٦٠ که‌ یه‌که‌م یاری به‌رامبه‌ر لۆکسه‌مبۆرگ بوو وه‌ له‌و یاریه‌دا توانی هاتریک تۆماربکات.

له‌ جامی جیهانی ١٩٦٢ بانگهێشتکرا و له‌ یاری به‌رامبه‌ر ئه‌رژه‌نتین توانی گۆڵێک تۆماربکات له‌و یاریه‌ی ئینگلته‌را ٣-١ سه‌رکه‌وت به‌سه‌ر ئه‌رژه‌نتین ، ئه‌و گۆڵه‌ش ٢٥هه‌مین گۆڵی بۆبی بوو له‌ ٣٨هه‌مین یاری نێوده‌وڵه‌تی خۆی به‌ڵام دواتر له‌ چاره‌گی کۆتایی پاڵه‌وانێتیه‌که‌ ئینگلته‌را دۆڕا به‌ به‌ڕازیل و ماڵئاواییکرد .

له‌ ساڵی ١٩٦٦ خۆی و براکه‌ی جاک و هاوڕێیانی جامی جیهانیان بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را به‌ده‌ست هێنا کاتێک له‌ یاری کۆتاییدا به‌ ئه‌نجامی ٤-٢ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا که‌ له‌و کاته‌دا ئه‌ڵمانیا قه‌یسه‌ر فرانز پیکنپاوه‌ر سه‌رکردایه‌تی ده‌کرد . یاریزانه‌که‌مان له‌و پاڵه‌وانێتیه‌دا سێ گۆڵی تۆمارکرد که‌ یه‌کێکیان به‌رامبه‌ر مه‌کسیک و دووانیان به‌رامبه‌ر پرتوگال بوو

ئەفسانەی ئنگلیز بۆبی چاڵتۆن

وازهێنان لەیاری [دەستکاری]

پێش ئه‌وه‌ی باسی جامی جیهانی ١٩٧٠ بکه‌ین ، ئه‌بێت باسی ئه‌و ڕووداوه‌ بکه‌ین که‌ پێش چه‌ند ڕۆژێک له‌ ده‌ستپێکردنی پاڵه‌وانێتیه‌که‌ بۆبی چاڵتۆن و هاوڕێکه‌ی بۆبی مور تۆمه‌تبارکران به‌ دزی له‌ دوکانێکی گه‌وهه‌ر فرۆش ، مور بۆ ماوه‌ی چوار ڕۆژ ده‌ستگیرکرا و دواتر به‌ ئازادکردنی مه‌رجدار ئازادکرا به‌ڵام چاڵتۆن ده‌ستگیرنه‌کرا.

له‌ جامی جیهانی ساڵی ١٩٧٠ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه‌ ٣٣ ساڵ به‌ڵام چاڵتۆن له‌ قۆناغی یه‌که‌م به‌شداری له‌ هه‌رسێ یاریه‌که‌دا کرد که‌ ئینگلته‌را له‌ دوانیان سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا ، دواتر ئینگلته‌را گه‌یشته‌ قۆناغی هه‌شت و له‌وێ دووباره‌ ڕوبه‌ڕووی ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا بووه‌وه‌ ، چاڵتۆن و هاوڕێیانی پیکنپاوه‌ر و گێرد موله‌ر یان تووشی شۆک کرد کاتێک دوو گۆڵی له‌سه‌ریه‌کیان تۆمارکرد به‌ڵام دوای ئه‌و گۆله‌ فرانز پیکنپاوه‌ر گۆڵێکی تۆمارکرد و یوی سیله‌ر گۆلێ به‌رامبه‌ری بۆ ئه‌ڵمانیا هێنا و گێرد موله‌ر سێهه‌م گۆلیشی بۆ وڵاته‌که‌ی تۆمارکرد و ئینگلته‌ره‌یان خسته‌ ده‌ره‌وه‌ی پاڵه‌وانێتیه‌که‌ ، که‌ ئه‌و یاریه‌ دواین یاری چاڵتۆن بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را .سێر بۆبی چاڵتۆن له‌ ماوه‌ی ساڵانی ١٩٥٨-١٩٧٠ دا ١٠٦ یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را تۆمارکردووه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا ٤٩ گۆڵی تۆمارکردووه‌. بۆب چواره‌م یاریزانه‌ که‌ زۆرترین یاری بۆ ئینگلته‌را ئه‌نجام دابێت دوای بۆبی مور و ده‌یڤد بێکهام و پیته‌ر شیلتۆن.

ساڵانی دوای مان یونایتد [دەستکاری]

بۆبی چاڵتۆن دوای ساڵی ١٩٧٣ دوای ئه‌وه‌ی هه‌مووشتێکی له‌گه‌ڵ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد برده‌وه‌ به‌هۆی هه‌ڵکشانی ته‌مه‌نی که‌ گه‌یشتبووه‌ ٣٦ ساڵ بڕیاریدا که‌مێک پشوو به‌ خۆی بدات و بچێته‌ یانه‌یه‌ک که‌ فشاری که‌متری له‌سه‌ربێت ، هه‌ربۆیه‌ دوای وه‌رزی ١٩٧٣ ڕوویکرده‌ یانه‌ی پریستۆن نۆرث ئیند و وه‌کو یاریزان و به‌ڕێوبه‌ر له‌و یانه‌یه‌ ده‌ست به‌کاربوو وه‌ هاوڕێکه‌شی له‌یانه‌ی مانچسته‌ر نۆبی سیتلز له‌گه‌ڵ خۆی برده‌ یانه‌ تازه‌که‌ و ئه‌ویش وه‌کو یاریزان و ڕاهێنه‌ر ده‌ستبه‌کاربوو ، به‌ڵام له‌ وه‌رزێک زیاتر له‌وێ هه‌ڵی نه‌کرد و له‌ کۆتایی ١٩٧٤ ئه‌و یانه‌شی جێهێشت که‌ ٣٨ یاری بۆ ئه‌نجامدا و ١٢ گۆلی تۆمارکرد

له‌ وه‌رزی دوای ئه‌وه‌ ڕوویکرده‌ واته‌رفۆرد یونایتد و له‌ ٣١ یاریدا ١٨ گۆڵی تۆمارکرد ، ئه‌کرێت بوترێت واته‌رفۆرد دواین یانه‌ی بۆبی بوو وه‌کو یاریزانی پیشه‌گه‌ر چوونکه‌ ئه‌و یانانه‌ی که‌ دواتر ڕووی تێکردن ته‌نها وه‌کو ڕێزلێنان بۆ یه‌ک یاری به‌شداری له‌گه‌ڵ کردوون له‌ یاریه‌ دۆستانه‌کان که‌ ئه‌وانیش یانه‌کانی نیوکاسڵ و شیپێرد و بانگکۆر و بلاکتاون ستی بوون.

جگە لە تۆپی پێ چاڵتۆن کاری تریش دەکات

کارەکانی تری [دەستکاری]

وه‌ک وتمان بۆبی له‌ ریزی پریستۆن جگه‌ له‌ یاریزان ، به‌ڕێوبه‌ریش بوو له‌و یانه‌یه‌ ، دواتریش بووه‌ به‌ڕێوبه‌ری یانه‌ی ویگان ئه‌تله‌تیک له‌ ساڵی ١٩٨٣ به‌ڵام له‌وێش زۆر نه‌مایه‌وه‌ . کاره‌کانی دوای ئه‌وه‌ی بریتی بوو له‌ کاری بازرگانی و هه‌ستا به‌ دروستکردنی چه‌ند بازارێکی گۆشتفرۆشی و زێره‌نگری و گه‌شتکردن ، به‌ڵام نه‌یتوانی له‌ تۆپی پێ دووربکه‌وێته‌وه‌ و چه‌ند قوتابخانه‌یه‌کی تۆپی پێی له‌ ئینگلته‌را و ئه‌مریکا و که‌نه‌دا و ئوستراڵیا و چین کرده‌وه‌.

له‌ ساڵی ١٩٨٤ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد بانگهێشتی کرد بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کارگێری یانه‌که‌یان له‌لایه‌ک به‌هۆی ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ی پێشکه‌ش به‌ مانچسته‌ری کردبوو وه‌ له‌لایه‌کی تریش بۆ جێگرتنه‌وه‌ی مات بێسبی که‌ کۆچی دوایی کرد یانه‌که‌ پیویستی به‌ ناوێکی گه‌وره‌بوو له‌ ئه‌نجومه‌نی کارگێری .

وه‌هه‌روه‌ها یارمه‌تیه‌کی زۆری یانه‌که‌ی و وڵاته‌که‌یداوه‌ له‌سه‌ر ئاستی کێبڕکێ جیهانیه‌کان وه‌کو وه‌رگرتنی شه‌ره‌فی میوانداریکردی یاریه‌کانی ئۆلۆمپیات له‌ ١٩٩٦ و ٢٠٠٠ له‌ شاری مانچسته‌ر و که‌یسی ئینگلته‌را بۆ میوانداریکردنی جامی جیهانی ٢٠٠٦ هه‌رجه‌نده‌ سه‌رکه‌وتوونه‌بوو به‌ڵام سه‌رکه‌وتوووبون له‌ وه‌رگرتنی شه‌ره‌فی میوانداری کردنی یاریه‌کانی ئۆلۆمپیاتی ساڵی ٢٠١٢ له‌ له‌نده‌ن… چاڵتۆن خاوه‌نی چه‌ند ده‌زگایه‌کی خێرخوازیشه‌ دژی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ و ده‌زگای خێرخوازی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین.

دەستکەوتەکانی لەگەڵ هەڵبژاردە [دەستکاری]

- له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را :

  • نازناوی جامی جیهانی ١٩٦٦
  • نازناوی پاڵه‌وانێتی به‌ریتانیای گه‌وره‌ : ١٩٥٨ ، ١٩٥٩ ، ١٩٦٠ ، ١٩٦١ ، ١٩٦٤ ، ١٩٦٥ ، ١٩٦٦ ، ١٩٦٨ ، ١٩٦٩ ، ١٩٧٠
  • پاڵه‌وانێتی به‌ریتانیای گه‌وره‌ ساڵانه‌ به‌رێوه‌ده‌چوو بۆ هه‌ر چوار وڵاته‌که‌ی به‌ریتانیا (ئینگلته‌را و سکۆتله‌ندا و وێڵز و ئیرله‌ندای باکور) له‌ ساڵی ١٨٨٤ بۆ یه‌که‌مجار ئه‌نجامدرا و تا ساڵی ١٩٨٤ درێژه‌ی هه‌بوو ، ئینگلته‌را زۆرترین جار بۆته‌ پاڵه‌وان که‌ ٥٤ جاره‌.


دەستکەوتەکانی لەگەڵ مان یونایتد [دەستکاری]

له‌گه‌ڵ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد
  • خولی ئینگلیزی پله‌ یه‌ک (٣جار): ١٩٥٦-١٩٥٧، ١٩٦٤-١٩٦٥ ، ١٩٦٦-١٩٦٧
  • جامی ئینگلته‌را (١جار): ١٩٦٢-١٩٦٣
  • جامی ئه‌وروپا (١جار) : ١٩٦٧-١٩٦٨
  • جامی قه‌ڵغانی خێرخوازی ( ٤جار) : ١٩٥٦ ، ١٩٥٧ ، ١٩٦٥ ، ١٩٦٧
  • جامی لاوانی ئینگلته‌را( ٣ جار) : ١٩٥٣-١٩٥٤ ، ١٩٥٤-١٩٥٥ ، ١٩٥٥-١٩٥٦.

گشت نازناوە تاکەکەسیەکان [دەستکاری]

  • خه‌ڵاتی تۆپی زێرینی جامی جیهانی ١٩٦٦
  • پێکهاته‌ی نمونه‌یی جامی جیهانی ١٩٦٦ و ١٩٧٠
  • پێکهاته‌ی نمونه‌یی هه‌میشه‌ی جیهان : ١٩٩٤
  • باشترین ١٠٠ : ٢٠٠٤ – باشترین ١٠٠ یاریزانی زیندووه‌ له‌لایه‌ن ئه‌فسانه‌ی به‌ڕازیلی پێلی وه‌ دانراوه‌
  • باشترین پاڵه‌وانه‌ به‌ناوبانگه‌کانی فیفا : ١٩٩٨
  • ڕاپرسی جوبیلی ئاڵتونی ویفا : ٢٠٠٤
  • خه‌ڵاتی سه‌رۆکی ویفا :٢٠٠٩
  • باشترین یاریزانی ئه‌وروپای ساڵ: ١٩٦٦ ، له‌ ١٩٦٧ و ١٩٦٨ دووه‌م بووه‌
  • خه‌ڵاتی یه‌کێتی نوسه‌رانی تۆپی پێ: ١٩٦٦ . یه‌کێتی نوسه‌رانی تۆپی پێ له‌ ساڵی ١٩٤٧ چه‌ند ڕۆژنامه‌نووسێکی وه‌رزشی ئینگلیزی دایان مه‌زراند
  • خه‌ڵاتی ستایشی یه‌کێتی نوسه‌رانی تۆپی پێ : ١٩٨٩
  • خه‌ڵاتی یه‌کێتی یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌کانی مێریت : ١٩٧٤
  • پێکهاته‌ی نمونه‌یی یه‌کێتی یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌کانی مێریتی سه‌ده‌ : ٢٠٠٧
  • ١٠٠ ئه‌فسانه‌ له‌ مێژووی خولی ئینگلیزی :١٩٩٨
  • خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی سه‌ده‌ له‌لایه‌ن فرانس فوتباڵ : ١٩٩٩
  • باشترین ١٠٠ یاریزان له‌ جامی جیهانیه‌کان له‌لایه‌ن فرانس فوتباڵ : ١٩٩٤
  • خه‌ڵاتی ڤێنێردی ئیتاڵی بۆ باشترین ١٠٠ یاریزانی هه‌میشه‌یی :١٩٩٧
  • خه‌ڵاتی پلاکاری به‌ڕازیلی بۆ باشترین ١٠٠ یاریزانی هه‌میشه‌یی :١٩٩٩
  • خه‌ڵاتی پلاکاری به‌ڕازیلی بۆ باشترین ١٠٠ یاریزان له‌ جامی جیهانیه‌کان : ٢٠٠٥
  • باشترین ١٠٠ یاریزانی هه‌میشه‌یی AFS :٢٠٠٧
  • باشترین یاریزانه‌کانی تۆپی پێ له‌ سه‌ده‌ی٢٠ : ١٩٩٩
  • باشترین ٥٠ یاریزانی جیهانی IFFHS
  • باشترین ١٠٠ یاریزانی سه‌ده‌ IFFHS
  • باشترین یاریزانی سه‌ده‌ی ٢٠ له‌ ئینگلته‌را IFFHS
  • پێکهاته‌ی نمونه‌یی کارلینگ له‌ ئینگلته‌را : ١٩٩٩
  • پێکهاته‌ی نمونه‌یی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌رای ڕۆژنامه‌ی گاردیان له‌ سه‌ده‌ی ٢٠: ٢٠٠٠
  • پێکهاته‌ی نمونه‌یی هه‌میشه‌یی ئینگلته‌را له‌لایه‌ن هانده‌رانه‌وه‌ : ٢٠٠٢
  • باشترین پێکهاته‌ی نمونه‌یی ئینگلته‌را له‌لایه‌ن گروپی ئاڵای سه‌وز: ١٩٩٦
  • باشترین یاریزانی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌ی تایمز :٢٠٠٩
  • باشترین یاریزانی هه‌میشه‌یی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد  : ٢٠٠٧
  • گۆڵکاری یه‌که‌م له‌ مێژووی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را : ٤٩ گۆڵ
  • گۆڵکاری یه‌که‌م له‌ مێژووی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد : ٢٤٩ گۆڵ
  • خه‌ڵاتی که‌سایه‌تی ساڵ له‌لایه‌ن بی بی سی :٢٠٠٨
  • خه‌ڵاتی که‌سایه‌تی ساڵ له‌لایه‌ن بی بی سی : به‌ پله‌ی دووه‌م ١٩٥٨ و ١٩٥٩
  • هۆڵی یاریزانه‌ ناوداره‌کانی ئینگلته‌را : ٢٠٠٢
  • سه‌رۆکی مۆزه‌خانه‌ی تۆپی پێی ئینگلته‌را
  • بڕیارده‌ری OBE : ١٩٦٩
  • ئه‌سپ سواره‌کانی باکیلۆر : ١٩٩٤
  • ئازادیخوازی شاری مانچسته‌ر : ١٩٩٩

سەرچاوە [دەستکاری]

  • ویکیپیدیای ئینگلیزی
  • ماڵپەڕی یاریگای وەرزشی