بازنە (ئەندازە)
لە ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
بازنە شێوەیەکی سادەیە لە ئەندازەی ئیقلیدسیدا بریتی لە ھەموو ئەو خاڵانەی سەر ڕووتەختێک کە دوورییان لە خاڵێکی دیاریکراوەوە یەکسانە. بەو خاڵە دەوترێ ناوەند؛ بە مەودای خاڵەکانی بازنە لە ناوەندیشەوە دەوترێ نیوەتیرە.
بازنەکان کەوانەگەلی داخراوی سادەن کە ڕووتەخت دەکەنە دوو ناوچەی ناوەوە و دەرەوە. لە کاربردی ھەرڕۆژەدا، زاراوەی "بازنە" دەکرێ بۆ ئاماژە بە ھەرکام لە سنووری شێوەکە (پێی دەوترێ چێوە یان کەمەرە) یان گشت شێوەکە بریتی لە ناوەوەشی، ببردرێتە کار. بەڵام، لە کاربردی بەرتەسکی تەکنیکیدا، "بازنە" تەنیا ئاماژە بە چێوەکە دەدا، لە حاڵێکا بە ناوەوەی بازنەکە دەوترێ پەپکە یان دیسک.