ئەینار ئاف ڤیرسێن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەینار ئاف ڤیرسێن

ئەینار ئاف ڤیرسێن (بە سوێدی: Einar af Wirsén – ١٨٧٥-١٩٤٦) ئەفسەر و دیپلۆماتێکی سوێدییە لە ساڵانی جەنگی جیھانیی یەکەمدا لە ستەنبوول ئەتەشێی سەربازیی بووە.

دۆزی ویلایەتی مووسڵ =[دەستکاری]

ڤیرسێن لە نێوان ٢٥-١٩٢٤ کرایە دەمڕاستی ئەو لیژنەیەی «کۆمکاری وەڵاتان» League of Nations پێکیھێنابوو بۆ یەکلاکردنەوەی «دۆزینەوەی ویلایەتی مووسڵ»[١] واتە بۆ دابەشێنی کوردستان عوسمانی و داپچرانی باشووری کوردستان لە تورکیا ئەو سەردەمە بۆ دەوڵەتی عیراق تازەدەستکردی بریتانیا.

یاداشتەکانی ئاشتی و جەنگ =[دەستکاری]

ڤیرسێن بیرەوەرییەکانی خۆی دەربارەی ساڵانی جەنگی یەکەمی جیھانی لە کتێبی «یاداشتەکانی ئاشتی و جەنگ» (Minnen från fred och krig (Bonniers, 1942 تۆمار دەکات و لەو کتێبەدا چاپتەرێکی تایبەت بە ناوی «کوشتنی میللەتێک» Mordet på en nation تەرخان دەکات بۆ کوشتاری ئەرمەن.

لە دەستپێکی ئەو چاپتەرەدا ڤیرسێن دەنووسێت:[٢] «کوشتنی میللەتێک» و بەم وشانە دەست پێ دەکات:

«یەکەم ساڵی من لە تورکیا تراژێدییەکی مەزن ڕووی دا کە یەکێکە لە ڕووداوە ھەرە ترسناکەکانی مێژووی جیھان. مەبەستم داڕمانی ئەرمەنە».

دەربارەی کورد و کوشتاری ئەرمەن[دەستکاری]

کاتێکیش دەگاتە سەر باسی کورد و کوشتاری ئەرمەن فیرسێن دەڵێت[٣]::

ناشێ سەرلەبەری گەلی تورک تاوانبار بکەین بەوەی ڕووی دا. ئەمان گەلێکی خۆش ماک و سینگفرەوانن و چ دڕییەکیان لێ دیار نییە زێدەتر بێت لەوەی لە گەلانی دیکەی خۆرھەڵاتدا ھەیە. جار ھەبووە، دانیشتوانی تورک تەواو خۆبوردە ھەموو ھەوڵی خۆی داوە بۆ کەم کردنەوەی خەمی ترسناکی ئەو خەڵکە ڕاگوێزراوە. تەنانەت والی ھەبووە، بۆ نموونە Rhami Bey ی والیی Smyrna (ئیزمیر) کە کەسایەتییەکی زۆر سەرڕاست بوو، فەرمانی حکوومەتی نەسەلماند بە ڕاگواستنی خەڵک. گشت ئەو تاوانە ئەستۆی حکوومەتی «تورکی جەوان» و کارمەندەکانی دەگرێتەوە. لەشکر و ژەندرمە بێ ھیچ بیر کردنەوەیەک فەرمانیان جێبەجێ دەکرد. بەڵام دانیشتوانی کوردی بێفەرھەنگیش،[٤] کە بە ڕێگری دەژین، بەرپرسایەتیی گەورەیان لە ئەستۆیە لەوەی بەو جۆرە ترسناکە ڕاگواستنەکانیان جێبەجێ دەکرد.

ڤیرسێن بەگشتی – نەک ھەر لە باسی ئەو کوشتارەدا - زبر و درشت لە میللەتی کورد دەدوێت. ھەر بۆ نموونە بڕوانە بیرەوەرییەکانی، لاپەڕە ١٧٧-١٧٨.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Falkman «ھەشتەوانەی دیپلۆماسی»: ٥٩
  2. ^ Einar af Wirsén, Minnen från fred och krig (Bonniers, 1942):220
  3. ^ Wirsén: 226
  4. ^ فیرسێن ڕێک «دانیشتوانی کوردی بێفەرھەنگ» ”den ociviliserade kurdiska befolkningen” بەکار دەھێنێت. دەشکرێ وشەی ociviliserad بە «ژیاربەدەر»، «کێوی»، «ناشارستان»... ھتد تەرجەمە بکرێت.