ئەندازیاریی کیمیا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ستوونی بەشکردن

ئەندازیاریی کیمیا (بە ئینگلیزی: Chemical engineering) بەشێکی ئەندازیارییە کە بنچینەکانی کیمیا، فیزیا، بیرکاری، بایۆلۆجی و ئابووری بەکاردەھێنێت بۆ بەکارھێنان، بەرھەم ھێنان، گواستنەوە، و گواستنەوەی کیمیایەکان، مادەکان و وزە. ئەندازیارێکی کیمیا دیزاینی پلانتێکی گەورە دەکات کە ماددە کیمیایەکان، مادە خاوەکان، خانە زیندووەکان، مایکرۆئۆرگانیسمەکان، و وزە دەگۆڕێ بۆ بەرھەمی سوودمەند بۆ خەڵک.

ئەندازیارانی کیمیا لە چەندەھا بەشی پلانت دیزاین و ئیشپێکردن کە پەیوەستن بە سەلامەتی و رەچاوی ژینگەیی و دیزاینی پرۆسەو و شیکارکردنیان و کۆنترۆل کردن و کارلێکەکان تێوەدەگلێن.

مێژوو[دەستکاری]

دەرکەوتنی ئەندازیاریی کیمیا لەگەڵ گەشەسەندنی کارپێکردنی یەکەکان بوو، کە بە بنچینەی چەمکی ئەندازیاریی کیمیا دادەنرێت. زۆربەی نووسەر و مێژوونوسان کۆکن لەسەر ئەوەی جۆرج داڤیس داھێنەری چەمکی کارپێکردنی یەکەکانە، ئەگەر ھەویش نەبێت، زۆر بە باشی پەرەی پێداوە. جۆرج داڤیس چەندەھا وانەی لەسەر کارپێکردنی یەکەکان لە زانکۆی تەکنیکی مانچستەر وتەوە لە ساڵی ١٨٨٧، کە وا دادەنرێت سەرەتای دەرکەوتنی ئەندازیاریی کیمیا بووە. سێ ساڵ پاش وانەکانی داڤیس، ھێنری ئیدوارد ئارمسترۆنگ وانەی کۆرسی ئەندازیاری کیمیای گوتەوە لە پەیمانگای سیتی ئان گیلدس ئۆف لەندەن. کۆرسەکەی ئارمسترۆنگ شکەستی ھێنا بەھۆی ئەوەی دەرچوانی ئەو کاتەی بەشی ئەندازیاری کیمیا، سەرنجی سەرکارەکانی ڕانەکێشا بۆ ئەوەی کاریان بدەنێ. خاوەن کارەکانی ئەوکات پێیان باشتر بوو لەجیاتی ئەندازیارێکی کیمیا، کار بدەن بە کیماگەر و ئەندازیاری میکانیکەکان. ئەو زانکۆیانەی وەک پەیمانگای ماسەچوتس بۆ تەکنەلۆژیا لە ئەمریکا، زانکۆی ئۆوینس لە مانچستەر و زانکۆی لەندەن، ھەمان حاڵەتیان تووشبوو.

جۆرج داڤیس

لەسەرەتای ١٨٨٨، لویس م. نۆرتن وانەی ئەندازیاری کیمیای دەووتەوە لە پ.م. ت کە بە یەکەم کۆلێژی ئەندازیاری کیمیا دادەنرێت لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. کۆرسەکەی نۆرتن ھاوچەرخ و زیاتر نزیک بوو لە کۆرسەکەی ئارمسترۆنگ. ھەردوو کۆرسەکە، بەھەرحاڵ، بە سادەیی بابەتەکانی زانستی کیمیا و ئەندازیاریان لکاندبوو بەیەکەوە لەگەڵ دیزاینی بەرھەم.

بەرەوپێشچوونی پاراستن و مەترسی[دەستکاری]

نیگەرانیەکان سەبارەت بە پاراستن و کاریگەریە ژینگەیەکانی کارگە کیمیاویەکان لەو ماوەی پەرەسەندنی ئەندازیاری کیمیادا زیادی کرد. کارەساتی دڵتەزێنی فلیکسبۆرۆ لە ساڵی ١٩٧٥ لە شانشینی یەکگرتووی بەڕیتانیا کە بووە ھۆی مردنی ٢٨ کەس، ھەروەھا زیانێکی یەکجار زۆر بەر پلانتەکە کەوت و سێ گوندی نزیک پلانتەکە زیانیان بەرکەوت. بە ھەمان شێوە کارەساتی دڵتەزێنی بۆپال لە ھیندستان لە ساڵی ١٩٨٤ لە ھیندستان کە بووە ھۆی مردنی ٤٠٠٠ کەس. ئەو ڕووداوەنەی سەرەوە و کۆمەڵێک ڕووداوی ھاوشێوە کە ڕوویانداوە، کاری کردە سەر ئەو بازرگانی و پیشەیە کە زیاتر گرنگی بدەن بە پاراستنی پیشەسازی و پاراستنی ژینگە. لە وەڵامدا، سەندیکای ئەندازیارانی کیمیا داوای کرد کە کۆرسی پاراستن ببێتەو وانەیەک لە زانکۆکان و کۆلێژەکانی پەیوەست بە ئەندازیاری کیمیا لە ساڵی ١٩٨٢.

دیزاینی پلانت و دروستکردنی[دەستکاری]

ئەندازیارانی کیمیا لە جیھان و لە کوردستانیش، کۆمپیوتەر بەکاردەھێنن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی سیستەمی ئۆتۆماتیکی لە پلانتەکان، کە زۆرجار ئەو ئەندازیارانە بە ئەندازیاری کارپێکەر ناودەبرێن

دیزاینی ئەندازیاری کیمیا ئەمانە دەگرێتەوە: درووستکردنی پلانت، وردەکاری و شیکردنەوەی ئابووریانەی پایلۆت پلانت، پلانتی نوێ یان چاکردنی پلانتی کۆن. ئەندازیارانی دیزاین وەک ڕاوێژکار کار دەکەن، کە دەبێ دیزاینەکانیان مەرجی خاوەن پلانتەکە جێبەجێ بکات. دیزاینیش بە کۆمەڵێک ھۆکار سنووردار دەبێ وەک بودجە، یاساکانی حکوومەتی ئەو شوێنەی پلانتەکەی لێ دروست دەکرێت و یاساکانی سەلامەتی. ئەو سێ ھۆکارە و ھۆکارگەلی دیکە وادەکەن کە دیزاینەر زیرەکانە بتوانێت ماددە و کەلووپەلی بەکارھێنراو ھەڵبژێرێت.

بەشەکانی ئەندازیاریی کیمیا[دەستکاری]

  • ئەندازیاریی غاز
  • ئەندازیاریی ھاندەر (کاتالیست)
  • ئەندازیاریی داڕشتنی بار و دۆخ
  • ئەندازیاریی دەرمانسازی
  • ئەندازیاریی جیاکردنەوە
  • ئەندازیاریی پێترۆکیمیایی
  • ئەندازیاریی پۆلیمەر

سەرچاوەکان[دەستکاری]