ئەحمەد ڕازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەحمەد ڕازی

لەدایکبوون٢١ی نیسانی ١٩٦٤
مەرگ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ (٥٦ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگکۆڤید ١٩
نەتەوەعەرەب
پیشەیاریزانی تۆپی پێی
ئایینموسڵمان


ئەحمەد ڕازی ھمەیش (لەدایکبووی ٢١ی نیسانی ١٩٦٤–مردووی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠) یاریزانێکی تۆپی پێی عێراقی بوو.

ژیان[دەستکاری]

ئەحمەد ڕازی یەکێک بوو لە بەناوبانگترین یاریزانەکانی سەردەمی زێڕینی تۆپی پێی عێراق، سەرەتا لەگەڵ یانەی زەورا دەستی بەیاریکردن کردووە وەکو ھێرشبەر ناوبانگی دەرکرووە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٣ لە جامی فەڵەستین بۆ گەنجان سەرەتای ناو پەیداکردنی بووە لە وڵاتە عەرەبییەکان.

ئەحمەد ڕازی لەگەڵ ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق یاری کردووە و بەھۆی گۆڵە جوانەکانییەوە عێراقی گەیاندووە بە قۆناغی کۆتایی جامی جیھانی، ھەروەھا ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە بردنەوەی عێراق لەجامی کەنداو بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٨٨ کە نازناوی گۆڵکەری جامەکەی بەدەستھێناوە و ھەر لەھەمان ساڵیش نازناوی باشترین یاریزانی لە ئاسیا بەدەستھێناوە، ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە لە نەوەدەکاندا و دوا یاریشی لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر بە پاکستان بووە لە ساڵی ١٩٩٧.

ئەحمەد ڕازی لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ ساڵی ١٩٩٦ بۆ یانەی قەتەری یاری کردووە و ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لەو یانەیەدا و لەماوەی ژیانی یاریکردنیدا ١٢٥ یاری لەسەر ئاستی عێراق کردووە و زیاتر لە ١٠٠ گۆڵی تۆمارکردووە و لە ساڵی ١٩٨٨ وازی لەیاریکردن ھێناوە و بووەتە ڕاھێنەری یانەکانی عێراق.

ئەحمەد ڕازی یەکەم یاریزان بووە لە مێژووی عێراقدا لەجامی جیھانی گۆڵ تۆماربکات دژ بە بەلجیکا و دووەم گۆڵکەری تیپی عێراق کە ٦٥ گۆڵی بۆ تیپەکەی تۆمارکردووە و بەیەکەم گۆڵکەریش دەژمێردرێت لە تیپی گەنجانی عێراق و ١٧ گۆڵی بۆ ئەو تیپە تۆمارکردووە.

لەخولەکانی کەنداویشدا نازناوی گۆڵکەری جامی کەنداوی بەدەستھێناوە و ھەروەھا نازناوی یاریزانی سەدەی لەعێراقدا وەرگرتووە و بەباشترین یاریزانی تۆپی پێی ئاسیا ناوی دەرکردووە.

کاری سیاسی[دەستکاری]

ئەحمەد ڕازی لە ساڵانی دواییدا بووەتە سیاسەتمەدارێکی عێراقی و لە ساڵی ٢٠٠٨ وەکو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی بەرەی تەوافوقی عێراقی ھەڵبژێردراوە و بووەتە ئەندامی لیژنەی وەرزش و لاوانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دواتر بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لەسەر لیستی عێراقییە کە ئەیاد عەلاوی سەرۆکایەتی دەکات.

ژیانی خێزانی[دەستکاری]

ئەحمەد ڕازی خێزاندار بووە و سێ کچ ھەبوو بە ناوەکانی ھیا و تالا و لانا، و کوڕێکی ھەیە بەناوی فەیسەڵ.[ژێدەر پێویستە]

مردن[دەستکاری]

ڕازی لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، نیشانەکانی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ دەرکەوت، و لە ٢١ی حوزەیران بەھۆی نەخۆشییەکەوە گیانی لەدەستدا.[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ سۆما ئەحمەد (لە ڕێکەوتی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠). ئەستێرەی پێشووی ھەڵبژاردەی عێراق، ئەحمەد ڕازی بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠.
  2. ^ ویکیپیدیای عەرەبی.