ئێدوارد بەرنشتاین

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ئێدوارد بەرنشتاین
لەدایکبوون ٦ی کانوونی دووەمی ١٨٥٠
مەرگ ١٨ی کانووی یەکەمی ١٩٣٢
نەتەوە ئاڵمانی
پیشە ڕامیاریزان

ئێدوارد بەرنشتاین (١٨٥٠-١٩٣٢) بەرچاوترین کەسایەتی نێو سۆسیالدیموکراسی مۆدێرنە کە خۆی سیاسەتوان، ئەندامی پاڕڵمان و کارمەندێکی بانک بوو لە ئاڵمان. دە پەیوەندی کێشەی نێوان مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکان و لێنینیستەکاندا لەمەڕ بزووتنەوەی نێونەتەوەیی کرێکاران لە دەستپێکی سەدەی ١٩دا، ئێدوارد ئاماژە بە ھێزێک دەکا بزوێنەر دەڕەوتی سۆسیالیستی کە دەبێ لەسەر بنەمایەک بە بایخی سەلماو دە پەیوەندی دەگەڵ عەداڵەتی کۆمەڵایەتیدا کە بتوانێ ئەژمارێکی لە ڕادە بەدەر لە خەڵک ھان بدا بە مەبەستی ڕێفۆڕمێکی ھێمنانە دە کۆمەڵگادا. ئەوەش تەنیا لە ڕێگای ئاشتەوایی و دوور لە توندوتیژی و دیموکراتانەوە‌ دەکرێ مسۆگر بێ.

بەرنشتاین‌ ھەر چەشنە شۆڕشێکی بە پێی توندوتیژی و دیکتاتۆری کە ڕەخسێنەری دامەزراندنی کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای بایخەکانی سوسیالیزم بێ ڕەتدەکاتەوە. ئەو لەمەڕ پێداگری شەخسی خۆی لەمەڕ ئاڵوگۆڕ دە کۆمەلگادا دەڵێ: «گەشە دە کۆمەلگادا بە پێی ھەڵسوکەو‌تی دڵخوازانەی مرۆڤەکانە» ئەوەش شتێکە نامۆ دەگەڵ مێژووی فەلسەفەی توونەدەتەبیاتی مارکسیسمی ئۆرتۆدۆکس، سەرکەوتوویی سوسیالیزم دە «دابینکردنی پێداویستییەکانی مێژووییدا» دەزانێ.

ژیان[دەستکاری]

ئێدوارد بەرنشتاین لە دایکبووی ٦ ژانوییەی ١٨٥٠ لە بەڕلین و ١٨ دێسامبری ساڵی ١٩٣٢ ش دەمرێ و ‌فەیلەسووفێکی سۆسیالیست و ئەندامی پاڕڵمانی ئاڵمان بووە.

بەرنشتاین خۆی لە پێشدا مارکسیست بووە بەڵام دوایە لەو ئیدۆئۆلۆژییە شۆڕشگێڕییە دوور دەکەوێتەوە و دەبتە ‌بناخەدانەری شتێک کە دوایە دوو کەرت بوونی جەبھەی سۆسیالیستی بە سۆسیالدیموکراسی و کۆمۆنیستی لێدەکەوێتەوە. بەرنشتاین و زۆربەی ئەوانی دیکەش دە ئینترناسیونالی دووھەمدا لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دەکرێ بە ڕێفۆرم کۆمەڵگای ھەنووکە(مەوجوود) بەرەو سۆسیالیزم ببردرێ. ھەندێک وتاری ڕۆژنامەی نێئوزیت مارکسیست بوونی بەرنشتاین دەباتە ژێر پرسیار و بۆچوونەکەی بە ھی رێفۆرمیستێک دادەنێ کەمەبەستی خۆگونجاندن‌ دەگەڵ بۆرژوازی پێوە دیارە کە ئەوەش بەرەو ڕووی ھەڵوێستی توندی ڕۆزا لوکزامبۆرگ و کارڵ لیبکنێخت دەبێتەوە. دە کتێبی «ھەلومەرجی سۆسیالیستی و ئەرکی سۆسیالدیموکراسی»دا وەک ئەندامێکی پاڕڵمان ڕەخنە لە ماتریالیزمی مێژوویی کارڵ مارکس دەگرێ و ماتریالیزمی مێژوویییەکی نوێ کە بە «ماتریالیزمی مێژوویی دووانە» ناسراوە پێشنیار دەکا.

ڕۆزا لوکزامبۆرگ وتارێکی ڕەخنەگرانە لە سەر ناوەرۆکی کتێبەکەی بەرنشتاین دەنووسێ بە ناوی «ڕیفۆرمی کۆمەڵگا یان شۆڕش؟» کە ڕووی قسەکانی بەر لە ھەموو شت دە بۆچوونی بەرنشتاین لەمەڕ دیموکراسییە .ئەوڕۆ ئەو شێوە ڕێفۆڕمە دە سوسیالیزمدا بە رویزیونیسم ناسراوە چونکوو بە ئاڵوگۆر دە بۆچوونە بنەمایییەکانی ئیدئۆلۆژی مارکسیسم دادەنرێ.

ئەوەی کە زۆرتر بەرنشتاین بەو‌ ھۆیەوە کەوتۆتە ژێر ڕەخنە کە ھەڵوێستی لەمەڕ مارکسیسم کە ئیدئۆلۆژی خۆیشی نەبووە، نییە بەڵکوو ھەڵوێستی ئەو وەک ئەندامێکی پاڕڵمان لەمەڕ بەشداریکردنی ئاڵمان دە شەڕی ھەووەلی جیھانیدایە . ئەغڵەب ئەو بە دەستی پشت پیلانگێڕی کوشتنی ئێبێرت و شەیدمان دەزانن.

بەرنشتاین دە دواییدا لە ھەڵوێستی خۆی لە مەڕ شەڕ پاشگەز دەبێتەوە و تێوەگلانی دە گیران و کوژرانی کارڵ لیەبکنیخت و ڕۆزا لوکزامبۆرگ ڕێبەری بزووتنەوەی کۆماریخوازی وێینمار بە فەرمی ڕەتدەکاتەوە. ئێدوارد بەرنشتاین ئەوڕۆ بە بناخەدانەریێکی گەورەی سۆسیالدیموکراسی ئورووپایە دەناسرێ .