ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی
ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی، (بە زمانی یۆنانی Βασιλεία τῶν Ρωμαίων)، ئیمپڕاتۆڕییەتێکی مێژووییە پایتەختەکەی قوستەنتینە (بیزەنتە) بوو، بە فەڕمی پێی ئەووترا ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵاتی، وشەی بێزەنتی مێژوونوسی ئاڵمانی (هیرۆنیمۆس وۆڵف) داینا لە ساڵی ١٥٥٧ و فەڕەنسییەکان بڵاوییان کردەوە لە سەدەی ١٨دا وەک ئاماژەدان بە ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی ڕۆژهەڵاتی، ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی زیاتر لە ١١ سەدە بەردەوام بوو هەتا ساڵی ١٤٥٣ز لەسەر دەستی سوڵتان محەمەد فاتیحی عوسمانی فەتحی قوستەنتینیە کرا و بەمەش ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی کۆتایی پێهات.
ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی ڕێگە کاروانە بازرگانییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوابوو، لە پێش وەفاتی ئیمپڕاتۆر تیۆدیسیۆس لە کاتی دابەشبوونی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانیدا ناوچەکانی ئەنادۆڵی لە ئاسیا ئەگرتەوە لەگەڵ یۆنان و دوورگەکانی دەریای ئیجە و ئەرمینیا و ئاسیای بچووک و سووریا و میسڕ و برقە، و کاتێک ئیمپڕاتۆر جەستنیان عەرشی گرتە دەست دەستی کرد بە یەکخستنەوەی ئیمپڕاتۆڕییەتی ڕۆمانی گەورە جارێکی تر، لە نزیکەی ماوەی سی ساڵدا توانی باکووری ئەفریقا و باشووری ئیسپانیا و هەرێمی دلماشیا و ئیتالیا بگرێت هاوکات دەستی گرت بەسەر دوورگەکانی دەریای ناوەڕاستدا و بەوەش دەریای ناوەڕاست جارێکی تر بوویەوە بە دەریایەکی ڕۆمانی.