ئیبراھیم پاشای بابان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ئیبراهیم پاشای بابانەوە ڕەوانە کراوە)

ئیبراهیم پاشای بابان کوڕی ئەحمەد پاشای کوڕی سڵێمان پاشای بابان، یەکێکە لە میرە ھەرە بەناوبانگەکانی میرنشینی بابان و گەورەترین بەرھەمیشی دروستکردنی شاری سلێمانییە. ئیبراهیم پاشا شازادەیەکی ئازاو جوامێر بووە، لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا شارەزاییەکی تەواوی ھەبووە. بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی لە شاری بەغداد بەسەر بردووە، لەبەر ئەوە حەزی لە ژیانی شارستانی بووە، ھەر بۆیە لە ناو کاربەدەستانی ویلایەتی بەغدادا خۆشەویست و بەڕێز بوو.ئەو سەردەمەی مێژووی میرنشینی بابان، سەردەمی ناکۆکی نێوان میرەکانی بابان و دەستێوەردانی ڕۆم و عەجەم بوو لە کاروباری میرنشینەکەدا، بۆیە زوو زوو میرەکان دەگۆڕدران.

پەیکەرسازی ئیبراھیم پاشا، لە شاری سلێمانی

سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن: پاش ئەوەی کە لە نیوەی دووەمی سەدەی ھەژدەدا مەحموود پاشای بابان وڵاتی بەجێھێشت، والی بەغدا کە ناوی سڵێمان پاشا بوو، ئیبراھیم پاشای برازای مەحمود پاشای کرد بە فەرمانڕەوای بابان. یەکەمین ئیشی ئیبراھیم پاشا دوای دەستبەکاربوونی ئەوەبوو لە نزیک گوندی مەڵکەندی و لە نزیک ئەو سەرایەی کە ساڵی ١٧٧٥ مەحموود پاشا دروستی کرد بوو، بناغەی شارێکی ھاوچەرخی دامەزراند و ساڵی ١٧٨٤ ئەو شارەی کە ناوی نرا سلێمانی بوو بە پایتەختی میرنشینی بابان.

ئیبراھیم پاشای بابان، جگە لەو خزمەتە گەورەیەش، ھەمیشە ھەوڵی ئاوەدانکردنەوەو چەسپاندنی ئاسایشی داوە و توانی بە بێ شەڕ و ھەڵا، دەسەڵاتی بابانەکان بگەیەنێتە خانەقین و زەھا و و قەسری شیرین. بەڵام ڕووداوە ئاڵۆزەکان و بەرژەوەندی ھێزە دەسەڵاتدارەکان ھەمیشە دژی ئەوە بوون ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتی باباندا جێگیرببێت و چەند جارێک ئەم پاشا خێرخوازەیان لەسەر کار لابرد و دووبارە کردیانەوە بە فەرمانڕەوای میرنشینی بابان.

ساڵی ١٧٩٦ کاتێک کە ئیبراھیم پاشا بە خۆی و لەشکرەکەیەوە بۆ یارمەتیدانی والی عوسمانی چووبوونە ناوچەی سنجار، ئیبراهیم پاشا لە نزیک شاری موسڵ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لە نزیک مەرقەدی حەزرەتی یونس بەخاکسپێردرا.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوە[دەستکاری]