ئاموون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئاموون

ئاموون، خواوەندی رۆژ و با و بەپیتی (بەروبووم) ە، یەکێکە لە خواوەندە سەرەکییەکان لە میتیۆلۆژیای میسری کۆندا، ناوەکەشی بەواتای "شاراوە" دێت. گرانە بزانرێت کە ناوەکەی چۆن خوێندراوەتەوە یان گووتراوە وەکوو خۆی، چونکە نووسینی میسڕییە کۆنەکان کە ھیرۆگلیفی بووە، پیتە بێ دەنگەکانی تێدا بەکارھاتووە، بۆیە ناوەکەی بە "أمن" نووسراوە، بۆیە ئەشێت بە "ئەمین"یش خوێندرابێتەوە.

لاھووتگەری[دەستکاری]

پەرستنی ئامون (و ئامنرەع دواتر) و ئایینی پەیوەندیدار پێیانەوە لە ئاڵۆزترین تیۆلۆژیاکانی میسری کۆنە. لەبەرزترین وێنەکانیدا، ئامنرەع خواوەندێکی شاراوە بووە وەک چۆن ناوەکەی ھەمان واتا دەگەیەنێت، بەڵام لاھووتییانە؛ تەنھا خواوەندەکە شاراوە نەبووە، بەڵکو ناوەکەی و شێوەشی نەتوانراوە درکییان پێ بکرێت. لەچەند وشەیەکی تردا؛ ئەو ئاڵۆزیی و تەمومژەی دەوریی ئاموونی داوە بەھۆی کامڵیی رەھایەوەیەتی، لەمەشدا لەھەموو خواوەندەکانی تر میسڕی کۆن جیاوازتر بووە. پیرۆزیی ئەو بەجۆرێک بووە کە ھەمیشە جودا بووە لە گەردوونی درووستکراو. پەیوەند بووە بە ھەواوە بۆیە ھێزێکی شاراوەی ھەبووە، ئەمەش ئەوەی بۆ ئاسان کرد کە وەک خواوەندێکی بەرز، بەرزبێتەوە.

ئاموون، خۆی بە درووستکەری خۆی داناوە، (گەرچی قوتابخانەی ھرمۆپۆلیس (ئەشمۆنین/شمۆن/خیمنۆ) ی لاھووتیی وەک یەکێک لە خواوەندەکانی ئەگدود دایناوە، کە لەوێدا وەک ثامون ناسراوە)، ھەروەھا توانای نوێبوونەوە و دووبارە درووستکردنەوەی خۆی ھەیە کە ئەو توانایەی بە خۆگۆڕین بۆ مار و کاژ فڕێدان نوێنراوە، لەگەڵ ئەمانەشدا ھەر بە جیاواز مایەوە لە خەڵک و سەربەخۆ و تەنیا لێیان.

بەیەکگرتنی لەگەڵ رەع، خواوەندی رۆژ، ئاموون لەخەڵک ئاشکرا بوو و دەبینرا، بۆیە ئامنرەعی لەخۆیدا کۆکردەوە وەک وەرگرتنی سیفەتەکانی ھەردوو خواوەند: کە خۆی وەک ئاموون شاراوە و ئاڵۆز و جودا بوو لەگەردوون، و وەکوو رەعیش دیار و ئاشکرا و پەیڕەوکەری ژیانی رۆژانە بوو. بەھەمان لۆژیک پەیوەندیی لەگەڵ ماعت ھەبوو، کە خواوەندیی یەکسانیی و دادپەوەریی بووە لە گەردووندا.

سرووشتی نادیاری ئاموون، یەکگرتنی ئەوی لەگەڵ خواوەندەکانی تر ئاسان کرد. لە تەیبە، ئاموون لەگەڵ مۆنتۆ یەکی گرت، کە خواوەندێکی کۆن بوو، پاشان لەگەڵ رەع یەکییان گرت، ئەمەش رێگەکەی بۆ یەکگرتن لەگەڵ ئەوانەی تریش خۆشتر کرد، دواتر بەناوی ئامنرەعئەتۆم و ئامنرەعمۆنتۆ و ئامنرەعحوراختی و مینئامن ناسران. لێرەوە ئەوە تێبینیی دەکرێت کە ئاموون بەمەبەستی درووستکردنی خواوەندێکی نوێ یەکی نەدەگرت لەگەڵ ئەوانی تر، بەڵکو بۆ یەککردنی توانای خودایی بوو.

لەمیانەی پەرستنی ئاموون-رەع دا، ئایینی میسڕی گەلێک نزیک بووەوە لە یەکتاپەرستیی و یەکگرتن، بەجۆرێک کە خواوەندەکانی تر تەنھا رووپۆشێک بوون بۆ تواناکانی. بەکورتیی، ئەو بوو بە بەرزترین خواوەند و خواوەندێکی تاک و تەنھا.

ژنەکەی ھەندێ جار بە ئاموونت ناوبراوە، یاخوودە شێوەی مێینەی ناوی ئاموون، بەڵام زۆرینەی جار بەناوی مووتەوە ناسراوە، ھەروەھا سەری مرۆڤێکی ھەبووە کە جووتە تاجێکی لەسەردا بوو، کوڕەکەشیان خۆنسوو بووە، پێکەوە سییانەیی تەیبەیان پێک ھێناوە.

ھەندێک چوونەتە لای ئاموون وەک خواوەندێکی نوێی رێژەیی لە ئایینی میسڕی کۆندا، کە لە تەیبە (کە کۆنترین پەستگاکانی لەوێیە) کە دۆکۆمێنت نەکرابوو ھەتا دەستپێکردنی خێزانی یانزدەھەمی میسڕ، بەڵام لەڕاستیدا باسکراوە لە متۆن ئەھرامدا کە ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پادشا ئوناس، کۆتاکەس لە خێزانی پێنجەمی میسڕ، کە وەک سونبولێک بۆ ھێزی درووستکەر دادەنرێت.

پێشبینیی دەکرێت کە پەرستنی ئاموون لە ھرمۆپۆلیسەوە دەستی پێکرد بێت یاخود بڵێین لەسەرەتادا خواوەنێکی خۆماڵیی بووە لە تەیبە، لەو کاتەدا کە ئەو شارۆچکەیە ھێشتا زۆر گرنگییەکی ئەوتۆی نەبووە.