ئازادیی دەربڕین

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

ئازادیی دەربڕین یان ئازادیی قسەکردن (بە ئینگلیزی: Freedom of Speech، بە عەرەبی: حرية التعبير) زۆربەی جار بە چەمکێکی جەوھەریی دادەنرێت لە دیموکراسیەتە لیبراڵیخوازە نوێکاندا، کە تیایاندا ئازادیی قسەکردن وەک قەدەغەکار و بەرگرێک رەچاودەکرێت بۆ نەھێشتنی سانسۆڕ و چاودێری. مافی ئازادیی قسەکردن لەژێر سایەی یاسای نێودەوڵەتیدا زامنکراوە لە رێگەی چەندین ھۆکاری تایبەت بە مافەکانی مرۆڤەوە، و بە شێوەیەکی بەرچاویش ئەمە لە مادەی ٩ی جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و مادەی ١٠ی پەیماننامەی ئەوڕووپی لەسەر مافەکانی مرۆڤدا ھاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا کەموکوڕییەکان لە واری جێبەجێکردندا لە زۆر لە وڵاتاندا ھەر بە چارەسەرنەکراوی دەمێننەوە. زاراوەی ھاوتای ئەم زاراوەیەش کە ئازادی رادەربڕینە ھەندێک جار بە زاراوەیەکی باشتر ڕەچاو دەکرێت وەک لە ئازادیی قسەکردن چونکە ئازادیی قسەکردن تێیدا مەبەست تەنھا قسەکردنی زارەکی نییە، بەڵام ئەم مافە بەم شێوەیە لێکدەدرێتەوە کە پارێزگاری لەھەموو کردارێکی گەڕان و وەرگرتن، و گواستنەوەی زانیاری و بیرۆکەکان بکات، بە چاوپۆشین لەو ناوەندانەی کە بەکاردەھێنرێن بۆ ئەنجامدانی ئەم کردارانە لە رێگەیانەوە.

مافی ئازادی ڕادەربڕین مافێکی بەڕەڵا نییە؛ ھێشتا حکوومەتەکان ڕەنگە ھەندێک جۆری زیانبەخشی ڕادەربڕین بە قەدەغەکراو ڕەچاوبەکەن. لە ژێر سایەی یاسای نێودەوڵەتی، سنووردارکردنەکان بۆ سەر ئازادیی قسەکردن پێویستە بگونجێن لەگەڵ تاقیکردنەوەیەکی سێ بەشی توندا و تێیدا دەربچن. پێویستە ئەو سنوردارکردنانە بە یاسا پاڵپشتی بکرێن، و بەدوای بەدەستھێنانی ئامانجێکەوە دانرابن کە ئامانجێکی ڕەوا بێت، و پێویست بێت (واتە بە بەراورد گونجاو بێت) بۆ بەدەستھێنانی ئەم ئامانجە. لە نێو ئەو ئامانجانەش کە بە ڕەوا دادەنرێن بریتین لە پارێزگاریکردن لە ماف و ئابڕوومەندی کەسانی تر (رێگەنەدان بە ناوزڕاندن)، و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی و شیرازەی سیستەمی گشتی، و تەندروستی گشتی و ڕەوشتە گشتییەکان. بەشێوەیەکی گشتی ئازادیی ڕادەربڕێن وەک ڕێسای بنچینەیی دانی پیدادەنرێت و سنوردارکردنەکانیش وەک ھەڵاوێردراو لەو ڕێسایە ڕەچاودەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، گوێڕایەڵی و جێبەجێکردنی ئەو ڕێسایە شتێکە زۆربەی جار کەموکوڕی تێدایە و بەتەواوی ئەنجامنادرێت.

پێشینەی مێژوویی[دەستکاری]

یەکەم جار یاسای مۆدێڕن لە بارەی ئازادیی قسەکردن و دەسپێڕِاگەیشتنی خەڵکی گشتی بە زانیارییەکان لە شانشینی سویدی لە ساڵی ١٧٦٦ دامەزرا. لێرەشدا بەزۆری سوپاسەکە بۆ ھەوڵەکانی فەیلەسووفی فینلەندی ئەندێرس چیدێنەس (بە ئینگلیزی: Anders Chydenius) دەگەڕێتەوە. ئەم فەیلەسووفە لیبێڕاڵیەکی لاساییکەر بوو، کە بانگەشەی بۆ بازرگانیی ئازاد و ئازادی زانیارییەکان دەکرد بۆ ئەوەی کەناڵێکی دروستی پێدانەوەی زانیاریەکان دابینبکرێت بۆ پرۆسەی یاسادانان و بڕیاردان لەسەر دابەشکردن و تەرخانکردنی سەرچاوەکان دەرامەتیەکان.

پێویست بە بوونی ھیچ بەڵگەیەک نییە کە ھەر جۆرێکی دیاریکراوی ئازادیی نووسین و لەچاپدان یەکێکە لە بەھێزترین شورەکانی مانەوە و پارێزگاریکردن بۆ رێکخستنی ئازادانەی دەوڵەت، کە بەبێ ئەوە، دەوڵەتان زانیاریی تەواویان لەبەردەست نابێت بۆ داڕشتنی یاسا باشەکان، و ئەم دادپەروەریە بەخشراوەش ناواندرێت چاوەدێریبخرێتەسەر، و تەنانەت خەڵکی فەرمانڕەوایی کراویش نازانن کە پێداویستیەکانی یاسا چین، و سنوورەکانی مافی حکوومەت چین، و بەرپرسیاریەتی خۆشیان نازانن وەک فەرمانڕەوایی کراو. و بەبێ ئەوە پەروەردە و رەفتاری باش لەناودەچن، و توندو تیژی و پێشێلکاری لە بیرۆکە و قسە و شێوازەکانی رەفتارکردن بەدەردەکەون، و تاریکی سەراپای ئاسمانی ئازادییەکانمان لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا دادەپۆشێت[١]

فەیلەسوف ئەلێکس دو توکوێڤیلێ (بە ئینگلیزی:Alexis de Tocqueville) (١٨٠٥-١٨٥٩) تێبینی ئەوەی کرد کە ڕەنگە خەڵک دوودڵ بن لە قسەکردن بە ئازادی؛ نەوەک لە ترسی ئازاردانیان لەلایەن حکومەتەوە. بەڵکو لەبەر درووستبوونی فشاری کۆمەڵایەتی زۆر لەسەریان. کاتێک کە تاکەکەسێک بۆچوونێک ڕادەگەیەنێت کە باو و بە دڵی جەماوەر نییە، ڕەنگە ئەو کەسە ڕووبەڕووی قێز و ڕەقلێبوونەوەی کۆمەڵگاکەی خۆی ببێتەوە. تەنانەت لەوانەیە بکەوێتە ژێر شەپۆڵی توندوتیژی پەرچەکردارەکانیشەوە. لە کاتێکدا ئەم جۆرە سەرکپکردنەوەی ئازادیی قسەکردن (سەرکپکردنی کۆمەڵایەتی) وەلاوەنانی زۆر گرانترە لە سەرکپکردنەکانی حکومەت بۆ ئازادیی قسەکردن.

پرسیار لەسەر ئەوە ھەیە کە ئایا بەڕاستی ئەمە دەکەوێتە نێو چوارچێوەی ئازادیی قسەکردنەوە، کە بەشێوەیەکی ئاسایی وەک ئازادبوونێکی مەدەنیانە یان ئازادبوون لە کردارەکانی حکومەت رەچاودەکرێن.

تیئۆریاکانی قسەکردنی ئازاد[دەستکاری]

تێڕوانینی گشتی[دەستکاری]

گرنگە کە لە پاساوە تیئۆرییە جۆراوجۆرەکان بۆ ئازادیی قسەکردن تێبگەین ئەگەر بمانەوێت تێڕوانینێک لەبارەی سرووشتی ڕاستەقینەی چەمک و سنوورە عەقلانییەکانی ئازادیی قسەکردن درووستبکەین. بەشێکی پاساوی قسەکردنی ئازاد بریتییە لە گریمانەی لیبێڕاڵی گشتی یان گریمانەی لیبێڕاڵیانە لە دژی ناچارکردنی تاکەکەسەکان و دوورخستنەوەیان لەو رێگەیەی کە بۆ خۆیان حەزیان لێیە بژین و لەوەی کە بۆ خۆیان دەیانەوێت ئەنجامی بدەن. بەھەرحاڵ، ژمارەیەک لە پاساوی زیاتر ڕوون و دیاریکراوتر ھەن کە بە شێوەیەکی بەربڵاو وەک پاساو بۆ ئازادیی قسەکردن پێشنیارکراون.

بۆ نمونە، دادوەری دادگای باڵای کەنەدا، ماک لاچلان (بە ئینگلیزی: McLachlan) لە بارەی قسەکردنێک کە ڕق و کینە دەرببڕێت، ئەم دەرەنجامانەی خوارەوەی دەستنیشانکردووە:

  • قسەکردنی ئازاد دەبێتە ھۆی پەرەپێدانی «ھاتنەناوەوەی ئازادانەی ئەو بیرۆکانەی کە زۆر گرنگ و بنچینەیین بۆ دیموکراسییەتی سیاسی و دەزگا و دامەزراوە دیموکراتییەکان» و تواناکانی دەوڵەت پێوەند و سنووردار دەکات لە پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی تر،
  • قسەکردنی ئازاد دەبێتە ھۆی برەودان بە ھێنانە کایەوەی بازاڕێک بۆ بیرۆکەکان کە لەرووی نموونە ھێنانەوە نەوەک لەڕووی ناونان و دەستنیشانکردنەوە گەڕان بە دوای ڕاستیەکان لەخۆوە دەگرێت،
  • ئازادیی قسەکردن لە ڕووی خودی سرووشتی شتەکە وەک ھۆکارێک بۆ خۆ بە واقعیکردنی قسەکەر و گوێگر شتێکی گرنگ و بە نرخە.
  • ئازادیی قسەکردن بوە بەھۆی ئەو مەترسیانەی لە حکومەتێکی باش دەکەوێتەوە ئەگەر بێت و ڕێگە بە کپکردنەوەکانی بدات بۆ ئازادی قسەکردن پاساوی بۆ ھێنراوەتەوە.

لەوانەیە ئەم جۆرە پاساوانە تێکەڵ بەیەک ببن. ھەموویان بەیەکەوە، پاساوێک دروستدەکەن کە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر قەبووڵدەکرێت بۆ داننان بە ئازادیی قسەکردن وەک ئازادیەکی بنچینەیی سیاسی و مەدەنی.

دەکرێت بە شێوەیەکی ورد لە ڕێگەی جیاوازەوە ھەریەک لەم پاساوانە ڕوونبکرێنەوە و ڕەنگە پێویست بکات ھەندێکیان ڕادەی لێھاتووییان تاقیبکرێتەوە. دەکرێت پاساوی یەکەم و چوارەم لەگەڵ یەک دابنرێن بەو پێیەی کە پاساوی دیموکراتیانەن، یان جۆرە پاساوێکن کە پەیوەندیدارن بە خود فەرمانڕەواییکردنەوە. ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ ڕووەکانی ڕۆڵی سیایانەی قسەکردنی ئازاد لە کۆمەڵگای دیموکراتیدا. پاساوی دووەم پەیوەندیدارە بە ئاشکراکردنی ڕاستیەکان. پاساوی چوارەمیش زۆر بە توندی پەیوەندیدارە بە بەھا ئازادیخوازیە (لیبێڕالیە) گشتییەکان بەڵام جەخت لەسەر گرنگیەتی تایبەتی زمان، و ھێمابازی و نوێنەرایەتیکردن بۆ ژیان و سەربەخۆییمان دەکاتەوە.

ئەم شیکاریانەش ژمارەیەک دەرئەنجام پێشنیار دەکەن:

  1. بەڵگەی بە ھێز و تێکەڵ بەیەک ھەن بۆ قسەکردنی ئازاد وەک بنەمایەکی سیاسی سەرەکی لە ھەر دیموکراسییەتێکی لیبێڕاڵیدا.
  2. ھەرچۆنێک بێت، قسەکردنی ئازاد چەمکێکی رەھا و سادە نییە بەڵکوو ئازادییەکە کە لە ڕێگەی بەھای قووڵترەوە رەوایەتی خۆی وەردەگرێت.
  3. ئەم بەھایانەی کە لە پاساوە جۆراوجۆرەکاندا دەردەکەون بۆ قسەکردنی ئازاد، ڕەنگە بە ھەمان ھێزی ھاوشێوە نەتواندرێت بچەسپێندرێن بەسەر ھەموو جۆرەکانی قسەکردن و ھەموو جۆرە بارودۆخێکدا.

خود فەرمانڕەواییکردن[دەستکاری]

ئازادیی قسەکردن زۆر گرنگە لە ھەموو دیموکراسییەتێکدا، چونکە گفتوگۆی کراوەی نێوان پاڵێوراوان لەبەردەمی خەڵک شتێکی بنچینەییە بۆ دەنگدەران تا بتوانن بڕیاری خۆیان بدەن لە ماوەی ھەڵبژاردنەکاندا. ھەر لە رێگەی قسەکردنەوەیە کە خەڵک دەتوانن کاریگەرییان بەسەر بژارەکانی حکومەتەکەیانەوە ھەبێت لە دەستنیشانکردنی پلانە سیاسییەکاندا. ھەروەھا، کارمەندە گشتیەکان لە ڕێگەی ئەو رەخنانەوە بەرپرسیاردەکرێن کە لێیان دەگیرێت و ڕێگە خۆشدەکەن بۆ لەسەر کارلادان و دانانی کەسانی تر لە شوێنیان. دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان دان بە توانای ڕەخنەگرتن لە حکومەت و بەرپرسانی حکومەت دادەنێت بەم شێوەیەی کە «جەوھەری یەکەم ھەموارکردن بووە» نییۆیۆرک تایمز ڤ. سوولیڤان (بە ئینگلیزی: New York Times v. Sullivan). بەڵام ئەوەش دیاریدەکات «گەرەنتییەکانی قسەکردن و ڕۆژنامەوانی تەنھا پەیوەست نین بە ڕادەربڕینی سیاسی یان باسکردنی کاروباری گشتی کە بنچینەیین بۆ بوونی حکومەتێکی ساخلەم.»

ھەندێک پێیان وایە کاتێک کە خەڵک لە دەرخستنی ناکۆکییەکانیان دەسڵەمێنەوە ئەمە لەبەر ئەوەیە کە لە سزادان و تۆڵەکردنەوە دەترسن، لەو کاتەش حکومەت وەڵامی داواکارییەکانیان ناداتەوە کە ئەوان داوای نەکن، کەواتە حکومەت کەمتر لەبەرامبەر کردارەکانی خۆیدا بەرپرسیار دەبێت. بەرگریکاران بۆ ھێنانەکایەوەی حکومەتێکی ئازاد زۆربەی جار پێیان وایە کە ئەمە ھۆکاری سەرەکییە کە وادەکات حکومەت قسەکردنی ئازاد سەرکوتبکاتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە لێپرسینەوە بە دوور بگرێت.

ھەرچۆنێک بێت، ڕەنگە بووترێت کە ھەندێک لە پێوەندەکانی سەر ئازادیی قسەکردن دەکرێت بوونیان ھەبێت و بگونجێن لەگەڵ دیموکراسییەت یان تەنانەت بگرە پێویستیش بن بۆ پاراستنی دیموکراسییەت.

ئاشکراکردنی راستی[دەستکاری]

پاساوێکی کلاسیکیانە بۆ پارێزگاریکردن لە ئازادیی قسەکردن وەک مافێکی بنچینەیی ئەوەیە کە ئەم مافە شتێکی سەرەکی و پێویستە بۆ ئاشکراکردنی راستی. ئەم پاساوە بەتایبەتی پەیوەندیدارە بە فەیلەسووفی بەڕیتانی، جان ستوارت میڵ (بە ئینگلیزی: John Stuart Mill). دادوەر ئۆلیڤێر وێندێل ھۆڵمز (بە ئینگلیزی: Oliver Wendell Holmes) نووسیویەتی:

باشترین تاقیکردنەوە بۆ راستی بریتیە لە ھێزی بیرۆکەکان لە کێبڕکێکردن بۆ بەدەستھێنانی رەزامەندی لە بازاڕی بیرۆکەکاندا، و راستیش تاکە زەمینەیە بۆ ئەو بیرۆکانە کە بتوانن لەسەری خواستەکانیان بە سەلامەتی بەجێبگەیەنن[٢]

ھەروەھا دادوەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ھۆڵمز (بە ئینگلیزی: Holmes) بوو کە ئەو خوازە بە ھێزەی «بازاڕی بیرۆکەکانی» ورووژاند و ھێنایە کایەوە.

ئەم پاساوەی بازاڕی بیرۆکەکان بۆ ئازادیی قسەکردن لەلایەن پسپۆڕانەوە رەخنەی لێگیراوە لەسەر بنەمای ئەوەی کە، کارێکی ھەڵەیە ھەموو بیرۆکەکان بێنە ناو ئەو بازاڕەوە، ھەتاوەکوو ئەگەر بێنە ناو بازاڕەکەشەوە، ڕەنگە ھەندێک لە بیرۆکەکان ھەندێک بیرۆکەی تر وەلاوەبنێن تەنھا لەبەر ئەوەی ئەو بیرۆکانە لەلایەن سەرچاوەی باڵاترەوە بڵاودەکرێنەوەو ھێزی زیاتریان دەبێت.

ھەروەھا بازاڕی بیرۆکەکان لەبەر ئەو گریمانەیەی کە دەڵێت لەکۆتاییدا ڕاستی ھەر بەسەر ناڕاستیدا سەردەکەوێت ڕەخنەی لێدەگیرێت. شتێکی بینراوە بە درێژایی مێژوو کە خەڵک ڕەنگە بە گوێرەی سۆز و ھەستەکانیان پاڵبنرێن و کاردانەوەیان ھەبێت نەوەک لە ڕێگەی عەقڵیانەوە، تەنانەت ئەگەر واشبێت کە راستی لە کۆتاییدا ھەر بە دەر بکەوێت، تا ئەو کات ئەوا زەرەری زۆر گەورە روویداوە لەو ماوەیەی تا راستییەکە ئاشکرا دەبێت. ھەرچۆنێک بێت، تەنانەت ئەگەر ئەم لایەنە لاوازانەی بازاڕی بیرۆکەکان دانیان پیادابنرێت؛ ئەوا لایەنگرانی ئەو تیئۆریایە دەڵێن گۆڕینەوەی ئەم بیرۆکەیە بۆ گەڕان بە دوای ڕاستییەکان بە دیاریکردنی ڕاستییەکان لەلایەن حکومەت و چاودێریکردنی ناڕاستییەتی شتێکی خراپترە.

ئالان ھۆرس لە کتێبەکەیدا (قسەکردنی ئازاد) (١٩٩٨)، دەڵێت بەکارھێنانی خوازەی بازاڕی بیرۆکەکان شتێکی ھەڵخەڵەتێنەرە. ئەو دەڵێت پاساوی پارێزگاریکردنی کلاسیکییانەی «میل» بۆ ئازادیی قسەکردن لە کتێبەکەیدا بە ناوی لەبارەی ئازادی (بە ئینگلیزی: On Liberty) ھەڵناستێت بە پێشخستن و ھێنانە کایەوەی بیرۆکەی بازاڕ (کە دواتر لەلایەن ھۆلمزەوە ئەم بیرۆکەیە دەناسرێنرێت) بەڵکوو بە شێوەیەکی سەرەکی داوای ئازادی پێشکەوتن و گفتوگۆکردنی بیرۆکەکان دەکات لە گەڕانیاندا بە دوای ڕاستییەکان یان لە تێگەیشتنیاندا بۆ ڕاستییەکان. لە داڕشتنی ئەم بەڵگەیە، ھۆرس دەڵێت میل (Mill) کۆمەڵگا وەک شتێک کە زیاتر لە سیمینارێکی ئەکادێمی بەرز بکات، وێنە دەگرێت نەوەک بازاڕێک بۆ بیرۆکەکان. ئەمەش پێویستبوونی ستانداردە نەنووسراوەکان بۆ ڕەفتارکردن و کارلێککردن لە خۆوەدەگرێت، کە لە ناویشیاندا چەند پلەیەکی زێرگرتنی دوو لایەنانە ھەبێت. ئەمەش ڕەنگە بە باشی ئەو جۆرە قسانە سنورداربکات کە پاساوی پارێزگاریلێکردنیان ھەیە.

رێگەیەکی تر بۆ داڕشتنەوەی ئەم خاڵە بریتیە لەوەی کە دان بە بانگەشەکەی میل دابنێین کە ھەندێک جۆری ئازادیی قسەکردن پێویستن لەبەر زەرورەتی عەقلانییانە. ئەمەش دەکرێت پاڵپشتی ئەو پێویستیە بانگەشە بۆکراوە بکات کە داوای پاراستنی بیرۆکە ناجەماوەریە مومکنەکان دەکات. ھەرچۆنێک بێت، دەکرێت ئەو کات ئەمەشی بخرێتە سەر کە ئەوە مەرج نییە ببێتە ھۆی ئەوەی کە ڕێژەیەکی بەرفراوانی قسەکردن، لە نێویشیاندا قسە تانە و تەشەر و سوکایەتیپێکەرەکان، پێویست بێت ھەمان پارێزگاری ھاوشێوەیان پێشکەشبکرێت.

وەک ئەوەی میل دایڕشتووە، ئەم پاساوە بەھەمان شێوە دەکرێت بەو چاوە سەیر بکرێت کە نوخبەویە، لەبەر ئەوەی قسە و دەربڕینە بچووکەکان زیاتر سەرەنجی بیرمەندەکان بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن. ھەرچۆنێک بێت، ھەندێک بۆچوون و ھەست ھەن کە تیایاندا بریتیە لەوەی ئەم پاساوە فراوانتر بکرێتەوە بۆ ئەو دیوی قسەی ئەو کەسانەی کە خەریکی بەدواگەڕانی ھزری بەرتەسکن، وەک زانایان و توێژەرەوە ئەکادێمییەکان. بە مانایەک لە مانایەکان ئەمە تێکەڵدەبێتەوە لەگەڵ ئەو پاساوانەی لەسەر بنەمای سەربەخۆیی دامەزراون، ئەگەر بێت و لەسەر بنەمای پەیوەندیبوون بە پێویستبوونی دەروونناسییانەی تاکەکان بۆ گەڕان بە دوای راستییەکان و تێگەیشتنیان شیبکرێنەوە. بە مانایەکی تر، ڕەنگە ئەمە بەرفراوانتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری بۆ ئەو ئەدەب و ھونەرانەش بگرێتەخۆ کە داوایەکیان بۆ ھەندێک جۆری بەھا کۆمەڵایەتییەکان ھەیە.

پێشخستنی سەربەخۆیی[دەستکاری]

بۆچونی تر ھەیە کە دەڵێ ئازادیی قسەکردن لایەنێکی گرنگی کەسایەتی و سەربەخۆیی مرۆڤە. بۆ نمونە گوتراوە کە خۆپیشاندانی سیاسی جۆرێکە لە جۆرەکانی خۆناساندن و خۆناسین تەنانەت ئەگەر خۆپیشاندەر بزانێ کە خۆپیشاندانەکەی بێسوودە. ئەم بیرۆکەیە ڕێگە بۆ بۆچونێکی تر خۆش دەکات کە بانگەشە بۆ پاراستنی چاڵاکییەکانی گوزارشتکردن کە مۆرکی سیاسی ئاشکرایان پێوە دیار نییە و وەک ھونەری تەجریدی و مۆسیقا و سەماکردن بۆ سەربەخۆیی کەسێتی ژیاری نین.

چونکە پاراستنی ئازادیی قسەکردن یارمەتی پرۆسەی سیاسی دەدات و گەڕان بەدوای راستییەکان پێش دەخات بۆیە گرنگی بەھاکانی گوزارشتکردن باشتر دیار دەکات. «جستس تۆرگورد مارشاڵ» نوسی:

<> یەکەم ھەموارکردنی (دەستوری ئەمەریکا) تەنھا پێداویستییەکانی سیاسەت دابین ناکات، بەڵکو پێویستییەکانی ڕۆحی مرۆڤیش – ئەو رۆحەی داوا دەکات گوزارشت لە خۆی بکات <> ئەم بۆچونە جاری وا ھەیە زیاتر پەرەی پێدەدرێت بە ھۆی ئاماژەکردن بە گرنگی گەیاندنی ھزر و بیرە ڕەسەنەکانیان و بەھای داھێنان کە لە وێژە و ەونەر و چەندین ڕێگەی تر گوزارشتی لێدەکرێت. پرسەکە لێرەدا ئەوەیە کە پێویستە ئێمە چۆن لەگەڵ تاکەکانی تر وەک بونێکی سایکۆلۆژی و ئەخلاقی رەفتار بکەین ئەو تاکانە کە پێویستیان بە گوزارشت لەخۆکردن و خۆناساندن ھەیە. رەخنەگرانی ئەم بۆچونە دەڵێن کە ەیچ ھۆیەکی زکماکی بۆ ئەوەی ئازادیی قسەکردن ببێتە مافێکی سەرەکی ئەگەر لەگەڵ جۆرەھا چاڵاکی تر بەراوردی بکەین کە رەنگە ئەو چاڵاکیانە بە بەشێک لە سەربەخۆیی یاخود پەرەپێدانی خۆناساندن دادەنرێن.

پەرەپێدانی سینگ فراوانی[دەستکاری]

راڤەکردنێکی تر ھەیە لەبارەی ئازادیی قسەکردن کە دەڵێ ئەو ئازادیە تەاوکەری سینگ فراوانییە کە ھەندێ کەس پێیان وایە کە پێویستە ببێتە بەھایەکی بنچینەیی کۆمەڵگا. پرۆفیسۆر لی بولینگەر یەکێ لە داکۆکیکارانی ئەم بۆچونەیە و لەمبارەیەوە دەڵێ: <> پرەنسیپی ئازادیی قسەکردن کردارێکی تایبەتی لەگەڵدایە کە بریتیە لە تەرخانکردنی لایەنێکی کارلێکردنی کۆمەڵایەتی بۆ دان بەخۆگرتن، کە مەبەستەکەی پەرەپێدان و پیشاندانی توانایەکی کۆمەڵایەتییە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ھەست و سۆزانەی بەھۆی کۆمەڵێک ڕووبەڕووبونەوەی کۆمەڵایەتی دێنە ئاراوە. <> پرەنسیپی ئازادیی قسەکردن نیگەرانییەکی تری لەگەڵدایە ئەویش کەمتر نییە لە یارمەتیدان لە ھێڵکاریکردنی "کەسایەتییە ھزریەکەی کۆمەڵگا". مەبەست لەو بۆچونەش ئەوەیە کە سینگ فراوانی بەھایەکی داواکراوە ئەگەر بنچینەیی نەبێ و پاراستنی قسەکردنی نەناسیش خۆی لە خۆیدا کردارێکی سینگ فراوانییە. ئەمجۆرە سینگ فراوانییەش وەک نمونەیەکە کە ھانی بوونی سینگ فراوانی زیاتر دەدات لە کۆمەڵگادا. بەڵام رەخنەگران دەڵێن کە کۆمەڵگا نابێ بۆ نمونە لە بەرامبەر ئەو تاکانەی داکۆکی لە گەیاندنی زیانی گەورە و تەنانەت جینۆساید بە خەڵک سینگ فراوان بێ. ڕێگە گرتن لەمجۆرە زیانانە وەک ڕەخنەگران دەڵێن، گرنگترە لەوەی سینگ فراوان بین، لە بەرامبەری ئەو کەسانەی بانگەشە بۆ گەیاندنی ئەو زیانانە دەکەن.

کۆت و بەندەکانی سەر ئازادیی قسەکردن[دەستکاری]

جۆرەھا دەستەی حاکم و کۆنترۆڵکار، یاخود بەھێز لە زۆر شوێنی جیھان ھەوڵیاندا بیر و ڕای جەماوەر یا خەڵکانی تر بگۆڕن، بە ھۆی کردارێک کە بەڕاستی بەرژەوەندی یەک لایەن دەپارێزێ. ئەم ھەوڵە بۆ سەپاندنی شێوەیەک لە شێوەکانی کۆنترۆڵ بە ھۆی کۆنترۆڵکردنی پەیوەندیکردن مێژووی ھەیە و بە تێر و تەسەلی لە لایەن میشێل فوکۆ تیئۆریای بۆ دانراوە. زۆر کەس ئەو ھەوڵانەی کۆنترۆلکردنی مشتومڕ بە ھێرش بۆ سەر ئازادیی قسەکردن دادەنێن و نموونەکانی کە دەیھێنن لەمبارەیەوە ئەمانەن:

ئینتەرنێت[دەستکاری]

پەرەسەندنی ئینتەرنێت ھەلی نوێی بۆ وەدیھێنانی ئازادیی قسەکردن ھێنایە کایەوە، بە ھۆی بەکارھێنانی چەند شێوازێک کە پشت بە ڕێکارەکانی یاسایی نابەستنەوە. ناوی خواستراو و پەناگەی زانیاریەکان (وەک Freenet) بوار بە ئازادیی قسەکردن دەدەن، نەخاسمە تەکنۆلۆژیاکە گەرەنتی ئەوە دەکات، کە بابەتە نوسراوەکان لا نابرێن (سانسۆر ناکرێن). ئەو سایتانەی لە ھەندێ وڵات دەکەونە ژێر سانسۆڕی حکومەت دووبارە لە سێرڤەری وڵاتانی تر مێوان دەکرێن بە بێ ئەوجۆرە سانسۆڕانە. چونکە وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەمترین کۆت و بەندی حکومەتی لەسەر ئازادیی قسەکردندا ھەیە، بۆیە زۆربەی ئەو سایتانەی لە وڵاتانی دی سانسۆر دەکرێن، لەسەر سێرڤەرێکی ئەمەریکی ئینتەرنێت دووبارە میوان دەکرێن و، بەم شێوەیە لە سانسۆڕ نەجاتیان دەبێ و بەردەوامی بە خزمەتەکانیان بۆ جەماوەرەکانیان دەدەن. ئەمەش حاڵەتی سایتەکانی نوێ نازییەکان (بە ئینگلیزی: neo-nazi) و سایتەکانی ترە کە بانگەشەی ڕق لێبوونی ڕەگەزی دەکەن، چونکە ئەو سایتانە لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوڕووپی قەدەغەکراون. پێویستە ئەوەش بگوترێت کە حکومەتی ئەمەریکا ھەوڵی دا چەند جۆرێکی دیاریکراوی کردار و قسەکردن لەسەر ئینتەرنێت بە یاسا رێکبخات. دامەزراوەی سنووری ئەلیکترۆنی (بە ئینگلیزی: The Electric Frontier Foundation) رێکخراوێکە کار لە پێناوی پاراستنی ئازادیی قسەکردن لەسەر ئینتەرنێت دەکات. حکومەتی چین توانیویەتی پێشکەوتووترین جۆر و شێوازی سانسۆڕکردنی ئینتەرنێت دابھێنی بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری لە بارەی بابەتی ھەستناکی وەک ڕووداوەکەی گۆڕەپانی تیان ئان مینی ساڵی ١٩٨٩ و فالون گۆنگ و تیبەت و تایوان و کڵتووری ڕووتی (پۆڕنۆگرافی) و دیموکراسی. ھەر لەمبارەیەوە چین داوای یارمەتی لە ھەندێ کۆمپانیای ئەمەریکی وەک کۆمپانیای MSN کە زۆرجار لە لایەن بەکارھێنەرەکانیەوە رەخنەیان لە بارەی ڕێگرتن لە ئازادی قسەکردن لێگیراوە.

وتەی ناوداران[دەستکاری]

  • من لەگەڵ رای تۆ کۆک نیم بەڵام گیانیشم دەکەمە قوربانی، بۆ پاراستنی مافت لە گوزارشتکردنی ئەو رایەت[٣]
  • ئەگەر ئازادی لە ھەموو کاتێکدا ھیچ مانایەکی ھەبێ مانای ئەوەیە ئەو بۆچونە بە خەڵک بڵێی کە نایانەوێ گوێبیستی بن.[٤]
  • ... کاتێک بەراوردی بکەین لەگەڵ سەرکوتکردنی پشێوی ھەموو پرسەکانی تر، نوقمی بێ بایەخی دەبن. پشێویکار (بە ئینگلیزی: anarchist) دوژمنی مرۆڤایەتییە، دوژمنی ھەموو مرۆڤایەتییە و، تاوانی لە ھەموو تاوانێکی گەورەترە. ھیچ کۆچبەرێک بواری بۆ نییە بێتە کەنارەکانمان ئەگەر پشێویکار بێ وھیچ ڕۆژنامەیەک چ لێرە بڵاو بکرێت یا لە ھەندەران نابێ لەم وڵاتە دابەش بکرێت ئەگەر بانگەشە بۆ بیری پشێوی بکات.[٥]
  • پرەنسیپی بیروڕای ئازاد مانای ئەوە نییە کە ئازادیەکە بۆ ئەو کەسانەیە کە لەگەڵ بیر و ڕای ئێمە کۆکن بەڵکو بۆ ئەو بیر و ڕایانە کە ڕقمان لێیە.[٦]
  • گۆبڵز پشتیوانی لە ئازادیی قسەکردن دەکرد دەربارەی ئەو بوچونانەی لەگەڵیان کۆک بوو و ھەروەھا ستالینیش. ئەگەر ئێوە لەگەڵ ئازادیی قسەکردنن کەواتە دەبێ پشتیوانی لە ئازادیی قسەکردن بکەن لەبارەی ئەو ڕایانەی ئێوە لەگەڵیان کۆک نین. چونکە بە پێچەوانە ئێوە لەگەڵ ئازادیی قسەکردن نین".[٧]
  • ... ھەر بیر و رایەک کپ بکرێت ئەو بیر و ڕایە ڕەنگە و، بێگومان دڵنیاین کە ڕاستە. ڕەتکردنی ئەم ڕاستیەش مانای ئەوەیە خۆمان بە پاکیزە دادەنێین.[٨]
  • لە دەوڵەتێکی ئازاددا زمانیش دەبێ ئازاد بێ.[٩]
  • خەڵکی پڕ و پووچ! قەت جارێک ئەو ئازادیانەی ھەیانە بەکار ناھێنن، بەڵکو داوای ئەو ئازادیانە دەکەن کە نییانە، ئەوان ئازادی بیرکردنەوەیان ھەیە کەچی داوای ئازادیی قسەکردن دەکەن.[١٠]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. یاداشتنامەی چیدینەس لەبارەی یاسای ئازادی زانیاریەکان وەرگیراوە
  2. وەرگیراوە لە Abrams v
  3. ئیڤلین بیتریس ھۆڵ کە لەو ژێر ناوی س. ج. تالینتایر لە ساڵی ١٩٠٦، بەڵام ئەم قسەیە بە ناوی ڤۆڵتێر بڵاوکراوە کە تالیتایر ژیاننامەی بۆ نوسیوە
  4. جۆرج ئۆروێڵ
  5. تیۆدۆر رۆزفڵت، ١٩٠٨
  6. ئۆلیڤەر ویندڵ ھۆڵمز دادوەری دادگەی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ١٩٢٩
  7. نۆم چۆمسکی لە کتێبەکەی دروستکردنی قایلبوون: نۆم چۆمسکی و میدیاکان ١٩٩٢
  8. جۆن ستیوارت میڵ لە کتێبی لەبارەی ئازادی ١٨٩٥
  9. ئیراسمۆس، فێرکردنی شازادەیەکی مەسیحی (١٥١٦)
  10. سۆرن کیرکگارد، دیابسالماتا ئیزەر (١٨٤٣)